فۆڕمی پۆپۆلیستیی لە ھەرێمی كوردستان چۆنه‌ ؟

پۆپۆلیزم.. سیاسه‌ته‌ مه‌ترسیداره‌كه‌

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.07.02 12:48 AM
2630 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

پەروێز مه‌حمود
خوێندكاری سیاسەت و پەیوەندی نێودەوڵەتیی

پۆپۆلیزم، ئەو ئاڕاستە و ڕێبازە مەترسیدارەیە كە تیایدا بایەخی تاك ون دەبێت و ڕاستی دەشێوێنرێت و ئامانجی ڕەخنە بە لارێدا دەبرێت.
وشەكە بە مانای گشتگەرایی یاخود خەڵكگەرایی دێت و خۆی دەبینێتەوە لە بەكارھێنانی ھەموو ئایدۆلۆژیا و ڕێبازێك بۆ ئامانجێك كە زۆر جار ئەو ئامانجە بریتییە لە گەیشتن بە دەسەڵات. 
پۆپۆلیزم ھەر وەك (ژان ڤارنەر میولەر) دەڵێت: ئەو تێگەیشتنەیە لە سیاسەت كە كۆمەڵگا دابەش دەكات بەسەر بەرەیەكی تەواو ئەخلاقی و بێ كەموكورتی كە (خەڵك)ە، ھەروەھا بەرەیەكی تەواو گەندەڵ كە ( دەسەڵاتدار) ە.
پۆپۆلیست ڕەخنە دەگرێت و ھەموو كەم و كورتیەك لە قەبارەی خۆی گەورەتر نیشاندەدات و ھەموو باشیەك كەم بەھا دەكات بەبێ ئەوەی  پێشنیار و پڕۆژەیەكی جێگرەوەی پێبێت، بەبێ ئەوەی پلانی زانستی بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكان ھەبێت، بەڵكو تەنھا ھەستی خەڵك دەجوڵێنێت و لە پێناوی گەشتنیەتی بە دەسەڵات و ئامانجەكەی خۆی.
سەركردە یاخود حیزبی پۆپۆلیست لە خودی خۆیدا خاوەنی ھیچ جۆرە سیستەمێكی بیركردنەوە نییە، بەڵكو لە یەك كاتدا ھەموو ئایدۆلۆژیاكان بەكاردەھێنێت. زۆرجار كەس و لایەنی پۆپۆلیست بڕوای بەوە نیە كە خۆی دەیڵێت بەلام ھەر دەیڵێت ئەویش بۆ كۆكردنەوەی جەماوەر لە چواردەوری خۆی، لێرەشەوەیە كە دەكرێت كەسی پۆپۆلیست لە ھەمان كاتدا ئیسلامییش بێت و چەپیش بێت!

پۆپۆلیزم كۆمەڵگا دابەش دەكات بەسەر بەرەیەكی تەواو ئەخلاقی و بێ كەموكورتى (خەڵك) و بەرەیەكی تەواو گەندەڵ ( دەسەڵاتدار)


تایبەتمەندییەكی گرنگی پۆپۆلیزم بریتییە لەوەی كار دەكات لەسەر زۆرینەیەكی (خەڵك) و دەیانكات بە گژی چینی (دەسەڵاتدار) دا. مادام كەسێك یاخود لایەنێك لە دەسەڵاتدایە ئیدی بێ گومان گەندەڵە و ستەمكارە و لەبەرەی میللەت نییە. گومان دەخاتە سەر ھەموو بڕیار و جوڵەیەكی حكومەت و دەسەڵات و كار دەكات لە سەر نەھێشتنی پردی متمانەی نێوان خەڵك و حكومەت.
بەداخەوە سەركردە و ڕێكخراو و حیزبی پۆپۆلیستی كەمنین لە ھەرێمی كوردستان. 
فۆڕمی پۆپۆلیستی لە ھەرێمی كوردستان فۆڕمێكی زۆر مەترسیدار و بێمانایە، بە شێوازێك كە كەمنین ئەو كەس و لایەنانەی تەنھا لە رێگەی جنێودان و سوكایەتی كردن و بەڵێنی گەورە گەورە و خەیاڵی دوور لە واقعی كوردستان گەشتوونەتە دەسەڵات بەبێ ڕوونكردنەوەی ئەوەی كە چۆن ئەم بەڵێنانە جێبەجێ دەكەن. پاش گەشتنیشیان بە دەسەڵات خۆیان بوونەتەوە بە بەشێك لەو سیستەمە گەندەڵەی ڕەخنەیان لێدەگرت.
مەترسی پۆپۆلیزم لێرە ئەوەیە كە كەسانێكی زۆر بە بیانووی داكۆكیكردن لە مافەكانی خەڵكی ھەژار و ستەملێكراو خۆیان گەیشتنە دەسەڵات و خەڵكەكەش ھەر لە ھەمان بارودۆخی خۆیان مانەوە.

سەركردە پۆپۆلیستەكانی ئێرە نەك تەنھا خەڵكیان فریوداوە بەڵكو ڕێگریش بوون لەوەی خەڵك داواكاری ڕەوای خۆی بگەیەنێت و ھەر خێرا سوار شەپۆلە ناڕەزاییەكان بوون و بە لاڕێدا بردوویانە.

كەسانێكی زۆر بە بیانووی داكۆكیكردن لە مافەكانی خەڵكی ھەژار و ستەملێكراو خۆیان گەیشتنە دەسەڵات و خەڵكەكەش ھەر لە ھەمان بارودۆخی خۆیان مانەوە

 سۆشیاڵ میدیای كوردی پڕە لەو پەیجە سێبەرە پۆپۆلیستانەی كە ھەموو كارەكەیان بریتییە لە سوكایەتی كردن و شێواندنی ڕاستییەكان و جوڵاندنی عاتیفەی خەڵك و بلاوكردنەوەی ھەواڵی ناڕاست.
پۆپۆلیزم لە كوردستان بە جۆرێك بێمانا و دوور لە ئەخلاقە كە لەم سەروبەندی پەتا جیھانیەدا كە دەوڵەتە بەھێزەكانی جیھان بە دەستیەوە دەناڵێنن، كەسانێك و ھەندێك لایەن بە مەبەست پڕوپاگەندەی نەبوونی نەخۆشیەكەیان لە كوردستان بڵاودەكردەوە و متمانەی خەڵكیان بە حكومەت لاواز دەكرد.
چارەسەری دیاردەی پۆپۆلیزم پێویستی بە كاری جدی نوخبەی ڕۆشنبیری و فكرییە لە پێناوی بەرزكردنەوەی ئاستی ھۆشیاری تاكەكانی كۆمەڵگا تا فریوی ھەموو بەلێن و قسەیەكی جوان و ڕازاوە و دوور لە واقع نەخۆن. دەبێت تاك لە دەرەنجامی شوێن كەوتنی سەركردەی پۆپۆلیست ھۆشیار ببێتەوە و ئاشنا ببێت بەوەی ڕێگای دروستی بەدەستھێنانی مافەكانی چیە و كێ خەمخۆری ڕاستەقینەیەتی.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ