ئارامیی و هه‌لى کار و خزمەتی له‌ناوبرد

قوباد تاڵه‌بانی له‌ هه‌ناوی فاشیلترین كابینه‌ی دواى 2003 دا

كه‌مال چۆمانی 2020.07.03 01:05 PM
1241 جار خوێندراوەتەوە

كه‌مال چۆمانی

رۆژنامه‌نووس
توێژەر لە (پەیمانگای تەحریر بۆ لێکۆڵینەوە لە سیاسەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست)

هەڵمەتی هەڵبژاردنی یەکێتیی بۆ هەڵبژاردنی رابردوی هەرێمی کوردستانی عێڕاق بریتی بوو لە: "بۆ.. ئارامی، هەلی کار، خزمەت".
ئەو کابینەیە ئەوەندە ئارامیی و کار و خزمەتەی هەشبوو، لەناوی برد.
قوباد تاڵەبانی لە کابینەوەی رابردوەوە تا ئێستا، شانازییە هەرە گەورەکەی لە حکومەتدا "دامەزراندنی سیستەمی بایۆمەترییە" کە ئەگەر وەک بانگەشەدەکرێ ٥٠ هەزار دوو-موچە و بندیواریشی سڕیبێتەوە، هێشتا دەستکەوتێکی گەورە نییە بۆ جێگری سەرۆک وەزیران کە شانازیی پێوە بکا.
نە ئەوە دەستکەوتێکی گەورەیە تا دڵت پێی خۆش بێ و دەستکەوتی تر لەو حکومەتە بەدەستبێنیت، نە هیچ کەسیش ئامادەیە لە ناو حکومەتێک بێت کە نە حیزبەکەی خۆی دڵیان پێی خۆش بێت و پشتیوانی بن، نە هاوپەیمانەکانیشی لە ناو حکومەتدا رێزی بگرن و پشتیوانیی سادەترین کار و پڕۆژەکانی بن.
راستییەکی تاڵ هەیە، ئەو حکومەت و کابینەیە هی پارتییە، لە ناو پارتییش هی مەسرور بارزانییە حیساب بۆ ئامۆزا و زاواکەشی ناکات کە سەرۆکی هەرێمە. وەک فەرمانبەریش هەندێک بەرپرسی یەکێتیی و گۆڕان لەلایەن پارتییەوە تەعین کراون. بێ پشتیوانیی پارتیی، ناتوانن یەک کاری بچوکیش بکەن. 

قوباد تاڵه‌بانی له‌ حكومه‌تێكدایه‌ ئارامیی و هه‌لى کار و خزمەتی له‌ناوبرد


ئەوەی ئەو کابینەیەشی وا خستە سەر سکەی تاکڕەویی، قبوڵکردنی هەر مەرجێکی پارتیی بوو لە لایەن یەکێتیی و گۆڕانەوە بە هۆی ململانێی یەکتریان و قبوڵکردنی هەر سوکایەتییەکیش تەنها بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە کابینەکە.
ئێستا هەموومان دەزانین ئەو حکومەتە فاشیلترین کابینەی دوای ٢٠٠٣یە، بارزانیی و دەوروبەرەکەشی، خەریکی دامەزراندنی بناغەکانی سیستەمێکی تاكڕەوین کە لە هەناوی سەرۆک وەزیرانەکە ویستی تاکڕەویی داگیریى کردووە.
گۆڕان هێشتا چاوی لە دوو سێ پۆستی ترە، یەکێتییش چەند پارچە و باڵێکە و هەریەکە و لە ئاوازێک دەخوێنێت.
ئەوەی دەتوانێت بە ڕەسمیی فشار لەسەر ئەو حکومەتە دروست بکات، نوێنەرانی یەکێتیین لەناو حکومەتدا، چونکە ئەوان لە حکومەت دەستلەکاربکێشنەوە پارتیی ناچار دەبێت تەسلیمی هەندێک چاکسازیی بێت، بێگومانیش ئەگەر یەکێتیی ئەو چاکسازییە راستەقینانەیان بوێت.
ئەگەر راستە یەکێتیی و گۆڕان چاکسازیی راستەقینەیان دەوێ، ئەوا مەرجەکان بەسەر کابینەی مەسروڕ بارزانییدا دەسەپێنن بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغداد لە چوارچێوەی دەستورەوە.

ئەگەر یەکێتی و گۆڕان چاکسازیی راستەقینەیان دەوێ مەرجەکان بەسەر مەسروڕ بارزانی دەسەپێنن بۆ رێکەوتن لەگەڵ بەغدا

هێندەی من بزانم، قوباد تاڵەبانی و بەشێکی زۆری یەکێتیی و بەشێکی زۆری گۆڕان ئەو رێککەوتنەیان دەوێت، کەچی پارتیی رێگەنادات. هەمووشمان دەزانین بێ رێککەوتن لەگەڵ بەغداد و گۆڕانی ریشەیی، هەرێمی کوردستان هەر رۆژ زیاتر کێشەکانی قوڵ دەبنەوە.
یەکێتیی و گۆڕان، بەتایبەت تریش قوباد تاڵەبانیی و وەزیرەکانی یەکێتیی و گۆڕان، یان دەستلەکاربکێشنەوە و خۆتان یەکلایی بکەنەوە لە ناو خودی حیزبەکانتاندا بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغداد لەسەر بنەمای دەستور و گۆڕانی ریشەیی و ئینجا مەرجەکانتان بەسەر پارتییدا بسەپێنن، یان قبوڵتان بێت خەڵک وەک پارتیی و مەسرور بارزانیی تەماشاتان بکات.
خۆ ئەگەر ئەوەتان نەکرد، نە مێژوو لێتان خۆش دەبێت، نە گەلیش سبەی رۆژێ بەزەیی پێتان دێتەوە.
ئەوەی پێی وابێت ئەو حکومەتە دەتوانێت "هەلی کار و چاکسازیی و ئارامیی و کوردستانێکی بەهێز و ئارامیی" دروست بکات، لە خەوێکی قوڵ دایە، کە تا ئەو رۆژەی میللەت بە شەق هۆشیاریى دەکاتەوە، هۆشیار نابێتەوە.
هەرکەسێک لەگەڵ ئەو حکومەتە بێت بە پاساوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵک و چاکسازیی و رێگرتن لە دروستبونی ململانێی زیاتر، راست ناکا جگە لە بەرژەوەندیی کەسیی خۆیی و ئینجا حیزبەکەی، هیچیتری لە خەیاڵ نییە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ