یاخیبوون یان ملكه‌چیى بۆ ئێران

چاره‌نووسى كازمی پاش تیرۆركردنی هیشام هاشمى

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.07.10 11:48 AM
1286 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

هێمن سه‌عید فه‌ره‌ج

پاش تیرۆركردنی هیشام هاشمی، پسپۆڕ و شارەزای كاروباری ئەمنی عێراق، ئاماژە و هەنگاوەكانی كازمی زیاتر بەو ئاڕاستەیەدان هاشمی بەهۆی بۆچوون و نوسینەكانییەوە تیرۆر نەكرابێت! بەڵكو تیرۆركردنی هاشمی پەیامێكە لە لایەن ئێرانەوە بۆ ئەم دەسەڵاتە نوێیەی عێراق (بەرهەم ساڵح و كازمی) لە لایەك و ئەمریكا لە لایەكی دیكەوه‌، چۆن؟
پاش ئەوەی شەقای شیعی توڕە بوو لە ئێران و هاتنە سەرجادە و ئیدانەی دەستێوەردانەكانی ئێرانیان كرد، ئێران بیری لە گۆڕینی ئەو شێوازەی سیاسەتەكەی كردەوە لە عێراقدا، هەر بۆ ئەوەش خۆی بەدوور گرت لە دانانی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ بۆ عێراق، بەو كارەشی ویستی لە لایەك عێراق لەوە زیاتر دۆخی خراپتر نەبێت، چونكە لە رووی ئابووریەوە عێراق بە بۆری هەناسەی ئێران دادەنرێت تا لە رێگەیەوە كاری بازرگانی ئەنجام بدات.
هەروەها كەمێك دڵی ئەمریكاش رابگرێت بەهۆی درێژكردنەوەی ماوەی گرێبەستی كڕینی سووتەمەنی عێراق لە ئێران.

هاشمی به‌ دۆستی كازمی و نه‌یاری گروپه‌ چه‌كداره‌كان ناسرابوو

لە رووی سیاسیشەوە ئێران لە دوای كوژرانی قاسمی سولەیمانیەوە دڵنیابوویەوە ناتوانێت راستەوخۆ بكەوێتە جەنگی بەرانبەرەوە لەگەڵ ئەمریكا، بۆیە نایەوێت وەك جاران تووندتر لەناو عێراقدا دەستوەردان بكات و ئەمریكا و شەقامی عیراقی لە خۆی تووندتر بكاتەوە.
بۆچی هاشمی؟؟
راستە هاشمی پشتیوانی لە كازمی دەكرد و لە بەرانبەریشدا هێرشی دەكردە سەر گرووپ و میلیشیا شیعیەكان، بەڵام چەندەهای وەك هاشمی هەن و تووندتر و سەختتر دژی ئێران و میلیشیا شیعیەكان دەوەستنەوە، بەڵكو هۆكاری كوشتنەكەی هاشمی نزیكیەكەی بوو لە سەرۆك كۆمار(راوێژكاری سەرۆك كۆمار بەرهەم ساڵح بوو) و سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەم كارەی ئێران بەهه‌مان شێوەی كارەكەی كازمی كە بەرانبەر كەتائیبی حزبوولا ئەنجامیدا وابوو، ئەوەی عەرەب خۆیان پێی دەڵێن(جص نبض) بوو، بەكوردیەكەی واتە تاقیكردنەوەی كازمییە بۆ پەلكێشكردنی بۆ ناو زەلكاوەكە یاخود بەدوور گرتنی لە زەلكاوەكەیە، چوونكە كازمی دەیەوێت بە بڕینی دەستی ئێران لە عێراق ئاسایش بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە و پێگەی خۆی وەك سەرۆك وەزیرانێكی جیاواز بەهێز بكات.

كازمی له‌ ماڵی هیشام هاشمی سه‌ره‌خۆشی له‌ خانه‌واده‌كه‌ى ده‌كات

ئەگەربێت و كازمی بەردەوام بێت لەسەر هەمان سیاسەتی بەرانبەر میلیشیا شیعیەكان ئەوا چەندەها كاری لە شێوەی تیرۆركردنی هاشمی دووبارە دەبێته‌وه‌، تا هەڵگیرسانەوەی دووبارە شەڕی ناوخۆ( كە ئەوەش بە قازانجی كورد دەبێت) دەڕوات، یاخود بەم پەیامەی ئێران سنورێك بۆ كازمی دادەنێت و بە لاوازی دەیهێڵێتەوە.
ئێستا كازمی لەبەردەم دووڕیانێكدایە؛ یەك ئەوەی رازی دەبێت بە سەرۆك وەزیرانێكی لاواز لە هەمانكاتدا دڵخوازی ئێران و پشتگوێخراوی ئەمریكا، یاخود بڕیارە قورسەكە دەدات و دەكەوێتە بەرەی نەیاری سەرسەختی ئێرانییەكان، هەنگاوەكانی كازمی  دوای تیرۆركردنی هاشمی زیاتر بەو ئاراستەیەدان دڵنیایی لە ئەمریكا وەربگرێت بۆ بڕینی دەستی ئێران لە عێراق، دیارە ئەمریكاش چرای سەوزی بۆ هەڵكردووە، لە ئەگەری رووبەڕووبونەوەی گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران، ئەوا ئەمریكا دەیانخاتە لیستی رەشەوە، سەركەوتن و شكستی كازمیش پەیوەست دەبێت بە مانەوە یاخود كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بەیەكجاری لە عێراقدا.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ