کتێبی بیرەوەرییەکانی نووسەر و ڕۆژنامەنووس و پارێزەری کورد موسا عەنتەر (١٩٢٠-١٩٩٢) دەروازەیەکی گرنگە بۆ ئاوڕدانەوە لە بە بەشێکی زۆر لە ڕووداوەکانی سەدەی ڕابردوو لە کوردستان و تورکیا و هەمان کات سەرچاوەیەکیشە بۆ ئاشنابوون بە هەندێک لە کەسایەتییە کوردەکانی کۆتایی چاخی ئیمپراتۆریای عوسمانی و سەردەمی کۆماری تورک. موحەمەد مێهری (لە تورکیا: موحەمەد میهری هیلاڤ) یەکێک لەو کوردانەی ئیستانبوڵ بووە کە پارێزەر و نووسەر و کەسایەتیی گەورەی کورد موسا عەنتەر دۆستایەتی لەگەڵیان هەبووە و لە بیرەرەوەرییە بەنرخەکانیدا ئاوڕی لێیان داوەتەوە. عەنتەر لەبارەی هیلاڤ-ەوە دەنووسێت:
"هەم مامۆستای پێشووی کۆلێژی زانستە ئاینییەکان و هەم پارێزەریش بوو. کوردێکی جەربەزە و زانا و ڕاوچی و شەرەفمەند و بەڕەچەڵەک خەڵکی سلێمانی بوو، بەڵام کرمانجیشی زۆر بە جوانی دەزانی. هێندە زمانی دەزانی، هەستت دەکرد زمانێک نەمابێت هیلاڤ نەیزانێت؛ دەسەڵاتی تەواوی بەسەر عەرەبی و فارسی و تورکی و فەرەنسی و هەموو دیالێکت و شێوەکانی زمانی کوردیدا دەشکا. ئەو سەردەمەی ڕۆژنامەی (دیجلە قایناغی)م دەردەکرد، هیلاڤ حەوت وتاری داپێم. تا مردنیشی لە ساڵی ١٩٥٧ بەردەوام بابەتی بۆ ڕۆژنامەی (ژین) دەنارد کە لە عێراق دەردەچوو."
عەنتەر دەنووسێت هیلاڤ خەڵکی سلێمانی بووە، بەڵام لە ڕاستیدا خەڵکی ناوچەی پاوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەورامی بووە و ناوی "موحەمەد مێهری"یە نەک "موحەمەد میهری" وەک ئەوەی عەنتەر ناوی هێناوە. دیارە دوای پەیڕەوکردنی یاسای پاشناو (ناوی گەورە) لە تورکیا، هیلاڤ بووە بە پاشناوی بنەماڵەی مێهری لەو وڵاتە و منیش لێرە بەدواوە من بە (مێهری- هیلاڤ) ناوی دەبەم. مێهری-هیلاڤ ساڵی ١٨٨٥ لە گوندی (دشە)ی سەر بە پاوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. باوكی ئەو، مەلا عەبدوڵا موفتی، كە لە لایەن موزەفەرەدین شای قاجاڕەوە كراوە بە موفتی كوردستانی رۆژهەڵات، حەوت كوڕی بووە لە سێ ژن، مێھری-هیلاڤ گەورەی ھەموویان، ناوی دایكی خاتوو شاپەسەند و کچی یەکێک لە دەرەبەگەكانی جوانڕۆ بووە. لە ناسنامەی تورکیایی مێهری-هیلاڤ دا شوێنی لە دایکبوونی ئەو بە "ناوچەی سنەی سەر بە موسڵ" دانراوە. پێ دەچێت مێهری-هیلاڤ بەمەبەستی بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی عوسمانی، شوێنی لە دایکبوونی خۆی بەو شێوەیە بە تۆمارکردن دابێت. ئەندامانی بنەماڵەی مێهری-هیلاڤ لەم سەردەمەدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵگری پاشناو (ناوی گەورە)ی موفتیزادەن.
نووسەر و توێژەری کورد سەعید ڤەرۆژ لە کتێبی "موحەمەد مێهری هیلاڤ و کۆڤارا کوردستان"دا کە ساڵی ٢٠١٥ لە ئیستانبوڵ چاپ و بڵاو کراوەتەوە، مێهری-هیلاڤ سەرەتا لە گوندەکەی خۆیان نراوەتە بەر خوێندنی ئاینی و باوکیشی یەکێک لە مامۆستاکانی بووە. پاشان ڕووی لە شاری سنە کردووە و لای زانا ناودارەکانی ئەو شارە درێژەی بە خوێندن داوە. لەوێشەوە چووەتە سەردەشت و لای مەلا قادری سەردەشتی خوێندوویەتی. مێهری-هیلاڤ لە گەشت بەردەوام بووە و لە سەردەشتەوە چووەتە هەوڵیر و دوای ئەوەی بە سەرکەوتوویی خوێندنی زانستە ئاینییەکانی تەواو کردووە، ساڵی ١٩٠٤ لەلایەن مەلا ئەبوبەکرەوە بڕوانامە (إجازه)ی وەرگرتووە. لەوێوە گەڕاوەتەوە بۆ دشە و ماوەیەک بووە بە وتارخوێن و هەمان کات وانەی فەلسەفەیشی گوتووەتەوە. بە هۆی هەبوونی هەندێک ناکۆکی لەگەڵ باوکی، زێدی خۆی بەجێ هێشتووە و ماوەیەک لە سلێمانی نیشتەجێ بووە و لەویشەوە و ڕووی لە شاری وان کردووە و ماوەیەک لە زانستخانە (مەدرەسەی) خۆخۆری ئەو شارە خوێندوویەتی. سەرەتای ئاشنابوونی مێهری-هیلاڤ بە سەعیدی نورسی کوردی (بدیع الزمان) بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە.
مێهری-هیلاڤ سەرەتای ساڵی ١٩١١ لە وانەوە چووەتە ترابزۆن و لەوێشەوە بە کەشتی ڕووی لە ئیستانبوڵ کردووە. لەوێ هەوای بەردەوامبوون لە خوێندن لە کەلـلەی داوە و پەیوەندی بە زانستخانەی فاتیحەوە کردووە. لە ناو ١٥٠ کەسی سەر بە نەتەوە جیاوازەکانی ناو سنووری ئیمپراتۆریای عوسمانیدا کە بۆ وەرگرتن لەو زانستخانەیە چوونەتە تاقیکردنەوەوە، ئەم گەنجە کوردەی خەڵکی پاوە پلەی یەکەمی بە دەست هێناوە و وەرگیراوە و قۆناغەکانی خوێندنی بە سەرکەوتوویی بڕیوە. پاشان بە پشتیوانیی حوسێن حوسنی ئەفەندی داغستانی کە لە زانستخانەی فاتیح مامۆستای خۆی بووە و دواتریش بووە بە غەزووری، وەک مامۆستا لە هەمان زانستخانە دامەزرێندراوە. لێرەدا سەرنج بدەن؛ مامۆستایەکی ناوداری زانستخانەیەکی ئیستانبوڵ کچی خۆی دەدات بە گەنجێکی تاک و تەنیاباڵ کە لە سەرزەمینێکی ترەوە ڕووی لەو شارە کردووە. ئەم ڕووداوە بەڵگەیە بۆ لێهاتوویی و کەسایەتیی بەهێزی مێهری-هیلاڤ و هەروەها نیشانەیە بۆ دووربینی و مرۆڤناسیی مامۆستاکەی. بەو جۆرە مێهری-هێلاڤ و شازیە خاتوونی کچی حوسێن حوسنی ئەفەندی داغستانی ژیانی هاوسەرێتی پێکەوە دەنێن و بە تێپەڕبوونی کات پێنج منداڵیان دەبێت بە ناوەکانی: لامیعە، سوهەیلە، نەجمەدین، سەلاحەدین و لەیلا. هەر لەو ماوەیەدا مێهری-هیلاڤ ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی و ڕۆشنبیرە کوردەکانی ئیستانبوڵ دەناسێت کە ئیسماعیل حەقی بابان یەکێک لەوانە بووە و پەیوەندییەکی بەتین لە نێوانیاندا هەبووە.
کۆمەڵەی هێڤیی فێرخوازانی کورد کە مێهری-هیلاڤ یەکێک لە ئەندامە ناسراوەکانی بووە، ساڵی ١٩١٣ دەست دەکات بە دەرکردنی گۆڤاری "ڕۆژی کورد" کە بە هۆی گوشاری ئتیحاد و تەرەقییەوە تەنیا چوار ژمارەی لێ دەردەچێت. مێهری-هیلاڤ یەکەم وتاری خۆی بە سەردێری "لە تاریکی بۆ ڕووناکی" و بە ناوی خوازراوی "بەنی ئەردەڵانی ئەحمەد حوسێن"ەوە لەو گۆڤارەدا بڵاو دەکاتەوە. سەعید ڤەرۆژ دەنووسێت ماوەیەک پاش ڕاگرتنی گۆڤاری "ڕۆژی کورد" و لە کۆتایی ساڵی ١٩١٣دا گرووپی هێڤی گۆڤارێکی تری بە ناوی "هەتاوی کورد" دەرکردووە. دوو وتاری مێهری-هیلاڤ بە سەردێرەکانی "سەعی بکەن" و "من کوردم، کوردایەتی فەخر و ئیفتیخاری منە" کە بە زمانی کوردی نووسیونی و لە "هەتاوی کورد"دا بڵاو کراونەتەوە، ئێستا لای ڤەرۆژ بەردەستن.
پاش شەڕی یەکەمی جیهانی و لە سەروبەندی شۆڕشی نەهریدا لە ساڵی ١٩١٨ کۆمەڵەی هێڤی و کۆمەڵەی نەشری مەعاریفی کوردی و فیرقەی عەوامی ڕادیکاڵ بە سەرۆکایەتیی رەفعەت مەولانزادە کۆمەڵەی تەعالیی کوردستان دادەمەزرێنن. مێهری-هیلاڤ ئەندامێکی چالاکی ئەو کۆمەڵەیە دەبێت و ئەرکی بەڕێوەبردنی گۆڤاری "کوردستان" وەئەستو دەگرێت. هاوکات وتاری ئەدەبی بۆ گۆڤاری "ژین" دەنووسێت و لەو ڕێیەوە گفتوگۆکانی تایبەت بە زمان و ئەدەبی کوردی دەگەیەنێت بە ئاستێکی باڵاتر. مێهری-هیلاڤ بە هاندانی ئیسماعیل حەقی بابان لە ساڵانی شەڕی گشتیدا لە تورکیا لە کۆلێژی یاسا دەست بە خوێندن دەکات و ساڵی ١٩٢١ لە سەندیکای پارێزەرانی ئیستانبوڵ خۆی ناونووس دەکات.
نووسین و وتارەکانی مێهری-هیلاڤ لە گۆڤارەکانی "ڕۆژی کورد، هەتاوی کورد، ژین، کوردستان"دا خاوەن بەهایەکی گەورەن لە ڕووی مێژووی ئەدەبی کوردییەوە. نووسەر خۆی بە یەکێک لە شاگردانی ئەدەب و هزری نالی زانیوە و لە "مقدمه العرفان"دا لەو بارەیەوە دەڵێت: "منی بێچارە لە مەیدانی هەموو کەسانی خاوەن هزر و بۆچوون و زانست و دنیابینیدا، تاجی ئەدیبانی کورد و ئوستادی تاقانەی دنیای شیعر خوالێخۆشبوو مەلا خدری نالیم بۆ خۆم کرد بە ڕابەر و پێشەنگ."
دوای ئەوەی حکوومەتی ئەنقەرە بە سەرۆکایەتیی کەمال ئەتاتورک دەستی بەسەر ئیستانبوڵدا گرت، دۆخێکی نوێ هاتە ئاراوە، چالاکیی کۆمەڵە کوردییەکان ڕاگیرا و ژمارەیەکی زۆر سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیری کورد ئیستانبوڵیان بەجێ هێشت و ژمارەیەکی تریش خۆیان لەبەر چاوان ون کرد. مێهری-هیلاڤ خۆی شاردەوە تا لە ساڵی ١٩٢٥ دۆزرایەوە و بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران دەستگیر کرا. بەڵام تۆمەتەکەی بەسەردا ساغ نەبووەوە و پاش ماوەیەک ئازاد کرا.
مێهری-هیلاڤ بە کۆمەڵێک ناوی خوازراوی وەک "م. م. م، مێهری، کاکەحەمە، داوەر ئەردەڵانی، زەهاوی زادە، موفتیزادە، عیرفان"ەوە دەیان وتاری لە بواری بابەتەکانی زمان و ئەدەب و فەلسەفە و سیاسەت و کۆمەڵایەتی و کولتووریدا نووسیوە و چوار دانە کتێبیشی نووسیوە و بە چاپ گەیاندووە. ئەو کتێبانەی موحەمەد مێهری کە توێژەر سەعید ڤەرۆژ دەستی پێیان گەیشتووە، ئەمانەن:
1. مقدمه العرفان، نەجمی ئیستیقلال مەتبەعەسی، ئیستانبوڵ ١٩١٨.
2. عیرفان: کویرتچە، تویرکچە، عەراپچە، فارسچە وە فرانسزجە لوغات، ئیستانبوڵ ١٩١٩.
3. فوزولی دیوانندەن (لە دیوانی فزوولییەوە)، ئەم کتێبەی بە ناوی موحەمەد مێهرییەوە نووسیوە و ساڵی ١٩٣٧ لە (ئایدنلک باسم ئێڤی) لە ئیستانبوڵ چاپ کراوە.
4. ئەخلاق یوکسەلیش قایناغی وە موتلولوک ئۆجاغیدر (ڕەوشت سەرچاوەی بەرزی و چاوگی کامەرانییە)، ئەم کتێبەیشی هەر بە ناوی موحەمەد مێهرییەوە نووسیوە و ساڵی ١٩٤٣ لە (ئایدنلک باسم ئێڤی) لە ئیستانبوڵ چاپ کراوە.
موحەممەد مێهری-هیلاڤ پاش بەجێهێشتنی زێدی خۆی ماوەیەکی دوور و درێژ هیچ پەیوەندیەک لە گەڵ کەسوکاری لە ئێران ناگرێت. کاک عابید موفتیزادە کە دەکاتە برازای موحەمەد مێهری-هیلاڤ و دانیشتووی لەندەنە و لە پەیوەند بە ئامادەکردنی ئەم بابەتەدا زانیاریی زۆری پێم دا و هەندێکیش لە وێنەکان هەر ئەو بۆمی نارد، دەڵێت: "تەنانەت من بیستوومە تەنیا یەک خوشکی دایک و باوکیی لە ئێران بووە بەناوی عوزرا خانم کە لە غەمی دووری براکەی نەخۆش کەوتووە و هەر بەو نەخۆشییەش کۆچی دوایی کردووە. موحەمەد مێهری لە گەڵ دووان لە براکانی کە بریتی بوون لە مەلا خالید موفتی و دوکتۆر سدیق موفتیزادە بە نامە لە پەیوەندیدا بووە و زۆربەی نامەکان هەر بە شێعر لە نێوانیاندا نووسراون."
موحەمەد مێهری-هیلاڤ، ئەو پیاوەی کە وەرزشکارێکی چالاک، مەلەوانێکی لێهاتوو، سوارچاکێکی شارەزا، ڕاوچییەکی سەودا، باوکێکی میهرەبان و مرۆڤێکی ڕێزدار و سەنگین بوو، ڕۆژی ٢٧ی ئایاری ساڵی ١٩٥٧ بە هەموو ئەو خەسڵەتە جوانانەوە و لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا لە شاری ئیستانبوڵ ژیانئاوایی کرد.
سەلاحەدین هیلاڤ، کوڕی موحەمەد مێهری-هیلاڤ
پسپۆری فەلسەفە و نووسەر و وەرگێڕ سەلاحەدین هیلاڤ ڕۆژی ١٧ی نیسانی ساڵی ١٩٢٨ لە ئیستانبوڵ لە دایک بووە و ناوی تەواوی عەبدوڵا سەلاحەدین هیلاڤە. کاک عابید موفتیزادە کە دانیشتووی لەندەنە و لە پەیوەند بە ئامادەکردنی ئەم بابەتەدا زانیاریی زۆری پێم دا، دەڵێت مێهری-هیلاڤ بە نووسینی شیعرێک و ناردنی نامەیەک هەواڵی لە دایکبوونی سەلاحەدینی بە کەسوکار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیاندووە و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕیوە:
عەزیزم شاسوارێکە گوزەر کا گەر بە ئەلبورزا
دەکا نووکی سمی ئەسپی لە خارا تووتیا پەیدا
کاک عابید موفتیزادە دەڵێت: "ئەم شیعرە پاشان لە لاپەڕەی یەکەمی هەفتەنامەی 'کوردستان' کە لە ساڵی ١٩٥٩ تا ١٩٦٣ لە تاران دەرچووە بە سەرنووسەری دوکتۆر سدێق موفتیزادە، لە ژێر دروشمی رۆژنامەکەدا کە وێنەی سوارکارێک بووە، نووسراوە."
سەلاحەدین هیلاڤ لە قوتابخانەی سەرەتایی چارشەمبە نراوەتە بەر خوێندن و پاشان لە ناوەندیی قەرەگویمرویک و ئامادەیی کوڕانی ئیستانبوڵ درێژەی بە خوێندن داوە. ساڵی ١٩٤٦ لە بەشی فەلسەفەی کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی ئیستانبوڵ وەرگیراوە و ساڵی ١٩٥٠ خوێندنی تەواو کردووە. ساڵانی ١٩٥٤-١٩٥٨ لە زانکۆی سۆربۆن لە پاریس خوێندوویەتی و پاشان بۆ تورکیا گەڕاوەتەوە.
سەلاحەدین هیلاڤ لە ئیستانبوڵ دەستی داوەتە کاری ڕۆژنامەگەری و وەرگێڕان و ماوەیەکیش لای هەندێک لە وەشانخانەکانی ئیستانبوڵ سەرپەرشتیی فەرهەنگ و ئەنسکلۆپیدیای "بویوک لارۆزێ" و "مەیدان لارۆزێ"ی کردووە کە تا ئەم ڕۆژگارەیش وەک دوو فەرهەنگ و ئەنسکلۆپیدیای بەناوبانگ لە تورکیا چاویان لێ دەکرێت. سەلاحەدین هیلاڤ وتار و توێژینەوەکانی خۆی لە گۆڤار و ڕۆژنامە گەورەکانی ئەو سەردەمەدا، بەتایبەتی لە گۆڤاری "یازکۆ فەلسەفە"دا کە خۆی ماوەیەک سەرنووسەری بووە، بڵاو کردووەتەوە و لە سۆنگەی کولتووری بەرز و شارەزایی زۆرییەوە لە بواری توێژینەوەی ئەدەبی و فەلسەفیدا ناوێکی سەنگینی لە دنیای ئەدەب و فەلسەفەی تورکیدا بەدەست هێناوە. لە بواری وەرگێڕانیشدا کۆمەڵێک کتێبی نووسەرانی هاوچەرخی وەک گارادی و سارتەر و ئەنگلس و شۆپنهاوەری وەرگێڕاوە و بەشێکی زۆر لە زاراوە و دەستەواژە فەلسەفییەکانی ناو زمانی تورکیی هاوچەرخ لە داهێنانی سەلاحەدین هیلاڤن. بۆ نموونە، ئەم یەکەم نووسەرە کە لە زمانی تورکیدا زاراوەی "Yabancılaşma"ی بۆ بیردۆزەی "نامۆبوون-Alienation"ی مارکس داهێناوە و چەمک و دەستەواژە مارکسییەکانی تری وەک شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی "Asya tipi üretim tarzi- Asiatic mode of production" و بەشتکردن "Şeyleşme-Reification"ی هێناوەتە ناو زمانی تورکییەوە. ڕۆڵێکی دیاریشی لەوەدا هەبووە کە لە تورکیا تەنیا وەک سیاسەت نا، بەڵکو وەکو زانست تەماشای فەلسەفەی ڕۆشنگەری و مارکسیزم بکرێت و هەر ئەمیش ڕێخۆشکەر بووە کە ڕەوتی بوونگەرایی "Varoluşçuluk-Existentialism" چ وەک ئەدەب و چ وەک فەلسەفە بێتە ناو تورکیاوە.
کتێبەکانی سەلاحەدین هیلاڤ لە بواری داناندا
• سوریالیزم - Gerçeküstücülük
• مێژووی هزری دیالێکتیک - Diyalektik Düşüncenin Tarihi
• کتێبگەلی دەستی دەربارەی فەلسەفە – Felsefe El Kitapları
• کۆمەڵە وتاری ئەدەبی - Edebiyat Yazıları
• فەلسەفە لە ١٠٠ پرسیاردا - 100 Soruda Felsefe
بەرهەمەکانی سەلاحەدین هیلاڤ لە بواری وەرگێڕاندا چەندین قاتی بەرهەمەکانی وین لە بواری داناندا. هیلاڤ کۆمەڵێک کتێبی زۆری نووسەرانی ناسراوی هاوچەرخی لە بواری فەلسەفە و بوارەکانی پەیوەست بە فەلسەفەدا لە زمانەکانی فەرەنسی و ئینگلیزییەوە بۆ تورکی وەرگێڕاوە. هەندێک لە دیارترین ئەو ناوانەی کە هیلاڤ کتێبەکانیانی وەرگیڕاوە: شۆپنهاوەر، ئۆسکار وایلد، ئیسهاک دۆیچەر، سارتەر، فرۆید، هێنری لێفێڤر، جاروودی، ئەنگلز، میشێل فۆکۆ، موردۆخ، ئیگنازیۆ سۆلین و هتد...
بەلایەنی کەمیشەوە ٣ کتێب دەربارەی سەلاحەدین هیلاڤ بە زمانی تورکی نووسراون و چاپ کراون:
• سەلاحەدین هیلاڤ لە فەلسەفەوە بۆ ئەدەبییات (١٩٢٨-٢٠٠٥)، ئامادەکار: سەلاحەدین بەغداتلی
• ڕێز بۆ سەلاحەدین هیلاڤ، ئامادەکاران دۆگان ئوێزلەم و گویچلو ئاتێشئۆغڵو
• دوو دیمانە لەگەڵ سەلاحەدین هیلاڤ، ئامادەکار: سەلاحەدین بەغداتلی
سەلاحەدین هیلاڤ دوو جار ژیانی هاوسەرێتی پێکەوە ناوە، جاری یەکەم لەگەڵ ئالێڤ ئیپەکجیی خوشکی ئیسماعیل جەم کە لە ١٩٩٧ تا ٢٠٠٢ وەزیری دەرەوەی تورکیا بوو. ئەم هاوسەرگیرییە بە جیابوونەوە کۆتایی هاتووە، بەڵام مێژووی بە یەکگەیشتن و جیابوونەوەی هیلاڤ و ئیپەکجیم دەست نەکەوت. سەلاحەدین هیلاڤ جاری دووەم ساڵی ١٩٦٦ لەگەڵ فەریحا چیغدەم تالوی نەوەی نووسەر و شاعیر و دیپلۆماتی ناسراوی عوسمانی ڕەجاییزادە مەحموود ئەکرەم (١٨٤٧-١٩١٤) ژیانی هاوسەرێتی پێکەوە دەنێت. چیغدەم تالو (١٩٣٩-١٩٨٣) بە دیارترین و ناسراوترین نووسەری شیعری گۆرانیی تورکی لە ساڵانی شەست و حەفتای سەدەی ڕابردوو دادەنرێت. هیلاڤ و چیغدەم پاش ئەوەی لە ساڵی ١٩٦٧ دەبن بە دایک و باوکی کچێک بەناوی زەینەب، ساڵی ١٩٧٢ لە یەکدی جیا دەبنەوە. چیغدەم پاشماوەی ژیانی بۆ نووسینی شیعری گۆرانی تەرخان کرد تا ساڵی ١٩٨٣ بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد.
زەینەب تالوی کچی سەلاحەدین هیلاڤ و چیغدەم تالو لەم سەردەمەدا لە دیاترین ناو و ڕووخسارەکانی دنیای موزیکی تورکییە و وەک دایکی نووسەرێکی گەورە و بەناوبانگی شیعری گۆرانیی تورکییە.
منداڵەکانی تری موحەمەد مێهری-هیلاڤ
بەپێی ئەو سەرچاوانەی کە بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لێیان وەرگرتووە، نەجمەدین هیلاڤی کوڕی موحەمەد مێهری-هیلاڤ لە بیر و بۆچوون و شێوازی ژیاندا تەواو پێچەوانەی سەلاحەدین هیلاڤی برای بووە. نەجمەدین هیلاڤ دەرچووی کۆلێژی بیناسازیی زانکۆی تەکنەلۆژیی ئیستانبوڵ بووە و ساڵانێکی زۆر لە بانکی ناوەندیی تورکیا کاری کردووە. لە پاڵ تورکیدا، زمانەکانی عەرەبی و فارسی و عوسمانی زۆر بە باشی زانیوە و و ئینگلیزی و فەرەنسی و ئەڵمانی و لاتینیش باش تێگەیشتووە. ژیانی زگورتی بۆ خۆی هەڵبژاردووە و بەتەنیا ژیاوە. جگە لە چوونی بۆ کتێبفرۆشییەکانی بایەزید و تونێل و قادیکۆی، زۆربەی کات لە ماڵەوە ماوەتەوە و کتێبی خوێندووەتەوە. زۆری خوێندووەتەوە و خاوەن زانیارییەکی بەرفراوان بووە، بەڵام بە پێچەوانەی سەلاحەدینی برای، ئەم نێوان لەگەڵ نووسیندا نەبووە. بەدەستهێنانی کتێبی کۆن لای کتێبفرۆشییەکان و زەنینی کەمانچە لە ئارەزووە لە پێشەکانی نەجمەدین هیلاڤ بوون. خوولیای خۆشنووسی و هونەری نووسین لەسەر پێستی هەبووە و حەزی لە بەکارهێنانی بەلەمی چارۆکەدار بووە. پاش ئەوەی سەلاحەدین هیلاڤ لە ساڵی ٢٠٠٥ کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی باشیبیوک لە ئیستانبوڵ بە خاک سپێردرا، نەجمەدین هیلاڤ گواستییەوە بۆ خانووەکەی سەلاحەدینی برای لە سوئادیە و تا مردنی لە ساڵی ٢٠١٠ لەوێ ژیا. هێشتا ساڵی لە دایکبوونیم دەست نەکەوتووە.
لامیعە هیلاڤی کچی موحەمەد مێهری-هیلاڤ دوای تەواوکردنی خوێندن چەند ساڵێک لە کۆلێژی کچانی قادیکۆی وانەی جوگرافیای گوتووەتەوە و پاشان بووە بە بەڕێوەبەری هەمان کۆلێژ. سوغرا ئوێنجووی کچی لامیا هیلاڤ وەک سەلاحەدین هیلاڤی خاڵی ڕووی لە دنیای وەرگێڕان کردووە و ڕۆمانی "A Room of One's Own"ی ڤیرجینیا ڤۆلف لەلایەن ئەوەوە بۆ سەر زمانی تورکی وەرگێڕدراوە.
سوهەیلە هیلاڤ لەسەر خواستی باوکی یاسای خوێندووە و بووە بە پارێزەر. عوزرا نورالی کچی سوهەیلە هیلاڤ پێکەوە لەگەڵ سەلاحەدین هیلاڤی خاڵیدا کتێبی "مێژووی هونەر"ی جێرمان بازین-یان لە فەرەنسییەوە بۆ تورکی وەرگیڕاوە.
لەیلا هیلاڤ کە بچووکترین منداڵی موحەمەد مێهری-هیلاڤ بووە، لەگەڵ ڕەحمی سوێنمەزئۆجاکی هونەرمەندی ڕادیۆ و شارەزای موزیک و گۆرانیی سۆفیگەری ژیانی هاوسەرێتی پێکەوە ناوە.
سەرئەنجام
بە خوێندنەوەی ئەم بابەتە زۆر بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت سیاسەتی ئاسیملاسیۆن و بەتورککردن لە تورکیا لە سەد ساڵی ڕابردوودا چۆن وەک ماشێنێکی زەبەلاح کاری کردووە و فرە بێبەزەیییانە میللەت و کولتوورە ناتورکییەکانی لە ناو خۆیدا تواندووەتەوە. وەک لەسەرەوە بۆمان دەرکەوت، موحەمەد مێهری-هیلاڤ خۆی خەمی زمان و ئەدەبی کوردی و داهاتووی میللەتی کوردی لەبەر بووە و لە بواری ڕۆژنامەگەری و کولتوور و سیاسەتی کوردیدا چالاکانە کاری کردووە، لای منداڵ و نەوە و نەوەزاکانی بە هیچ جۆرێک تارمایی وشەکانی کورد و کوردستان بەدی ناکرێت. بنەماڵەی مێهری-هیلاڤ دڵۆپێکە لە دەریای ژمارەی ئەو کوردانەی کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا بوون/کراون بە تورک. کاتێک چاو لە مێژووە و لەو پرۆسەی ئاسیملاسیۆنە دەکەین، باشتر تێدەگەین ئەو کوردانەی کە لە باکوری کوردستان و تورکیا دەژین و تا ئێستا نەبوون/نەکراون بە تورک، لەگەڵ چی مەترسییەکی گەورەدا ڕووبەڕوون!
بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە ئەم لینکانەی خوارەوە (بە زمانی تورکی):
https://www.turkedebiyatcilar.net/selahattin-hilav-kimdir-h…
https://www.kurdistan24.net/…/f9afcd64-1cc6-4772-875b-73f81…
http://teis.yesevi.edu.tr/madde-detay/cigdem-talu
https://www.hurriyet.com.tr/bu-aileyi-tanimayan-bu-ulkeyi-a…
http://navkurd.net/…/miftizadeden-hilava-doenuesen-bir-ail…/
http://zagrosname.com/muhammed-mihri-nin-yasami-ve-eserleri…
https://www.biyografya.com/biyografi/13678
https://www.turkyurdu.com.tr/yazar-yazi.php?id=849