شه‌ڕى ئاو یه‌خه‌ی میسر و سودانى گرتووه‌

حەوزی نیلی شین.. دەستپێکی جەنگی ئاو

شوان جاف 2020.07.18 10:59 PM
2322 جار خوێندراوەتەوە

شوان جاف

به‌كالۆریۆس و دبلۆم له‌ جوگرافیا
بەرێوەبەری ڕێکخراوی خاوێن دۆستی ژینگە
وتەبێژی تۆڕبەندی ئیکۆپۆتامیای نێودەوڵەتی بۆ داکۆکی لە حەوزی ڕووباری دیجلە

نیلی شین یەکێکە لە لقەکانی دابینکاری ئاوی ڕووباری نیل، کە سەرچاوەی ئەم ڕووبارە لە وڵاتی (ئه‌سیوپیا) سەرچاوە دەگرێت بە ڕێژەی (٨٥٪‏) کە ھەڵکەوتەی جوگرافیای دەکەوێتە بانی ئەسیوپی.
(رووباری نیل) یەکێکە لە گەورەترین ڕووبارە تێر ئاوەکانی جیھان کە بە (٩) ووڵاتدا تێدەپەڕێت ( زائیر، رواندا، بۆرۆندی، ئۆگەندا، کینیا، تەنزانیا، ئەسیوپیا، سودان، میسر) نزیکەی (١٠٪‏) ڕووبەری کیشوەری ئەفریقا پێک دێنێت (ئاوزێڵ، حەوز، ڕێڕەو)، ھەرچەندە رێژەی ئاوی ئەم ڕووبارە جێگیر نییە بەھۆی پشت بەستنی رووبارەکە بە ئاستی دابارین و ئەمەش لە ساڵێکەوە بۆ سالێکی تر دەگۆڕێت، ئەگەر سەیری ئاماری ساڵی (١٩١٦-١٩١٧) بکەین رێژەی ئاوی رووبارەکە (١١٩ ملیار/م٣) بووە و لە ساڵی (١٩٨٤-١٩٨٥) نزمترین ئاستی تۆمار کردووە کە رێژەی ئاوەکەی گەشتۆتە (٣٤,٨)ملیار /م٣.
بری زۆری ئاوی ئەم رووبارە لە رێرەوی خۆی و لە بەنداوه‌کاندا بە ھەڵم دەبێت بۆ نموونە تەنھا لە ساڵێکدا لە بەنداوی (سەدی عالی) نزیکەی (١٠ملیار /م٣) ئاو بە شێوەی ھەڵم لەدەست دەچێت بەھۆی بەرزی پلەی گەرمی کیشووری ئەفریقی، ئەوەی کێشەکەی زیاتر کردووە دابارین لە کیشوەرەکەدا لە وەرزی ھاویندا ڕوو دەدا کە ئەمەش ڕێژەی بەھەڵم بوونی چەند ھێندە خێرا تر کردووە.
حەوزی ڕووباری نیل رووبەری (٢،٩٠٠،٠٠٠) کم٢ وە بەشی باکوری رۆژھەڵاتی ئەفریقا دەگرێتەوە، درێژی ئەم ڕووبارە (٦،٧٠٠) کم.

له‌ ڕێى به‌نداوی نه‌هزه‌وه‌ ئه‌سیوپیا هه‌نگاو به‌ره‌و خنكاندنی سودان و میسر ده‌نێ

 

لەم ھەفتەیەدا کێشەی ئاو لە نێوان (ئەسیوپیا و سودان و میسر) پێی خستە قۆناغێکی دیکە، چونکە ئەسیوپیا دەستی کرد بە کۆکردنەوەی ئاو لە بەنداوی (نه‌هزه‌) کە دەکەوێتە نزیکی سنووری ووڵاتی سودان، وە بە دووری (١٠٠کم) لە سەرووی بەنداوی (الروصیرص) لە ناو ئەسیوپیا کە بە یەکێک لە بەنداوە گەورە و پڕ بایەخەکانی حەوزی رووباری نیل دێتە ھەژمار و بۆ توانای دابینکاری ووزە و ئاودێری، بەمەش ئەسیوپیا تۆمەتبار دەکرێت بە پێشێلکاری نێودەوڵەتی یاساکانی ئاو و و رێکەوتنە ئاوییەکانی نێوان ھەر سێ ووڵات.
دامەزاوە ئاوییەکانی ئەسیوپیا لە دوای دەرکەوتنی بایەخی ئاو لە لایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە دەستی بەسەردا گیرا ( لە رووی سیاسی و داراییەوە) بە مەبەستی کۆنترۆل کردنی سەرچاوە ئاوییەکانی ووڵاتانی عه‌رەبی ( لە چوارچێوەی دەست بەسەراگرتنی ئاوی ئەو ووڵاتانەی سەرچاوەی ووڵاتانی عه‌رەبین کە ئەوانیش حەوزی نیل و پرۆژەی گاپ و رووباری دۆلی ئوردن، ئەگەر بزانین ئەم سەرچاوە ئاویانە ٦٠٪‏ ئاوی ووڵاتانی عه‌رەبی دابین دەکەن).
لە کۆتای جەنگی عه‌رەب - ئیسرائیل ١٩٦٧ ئەگەر سەیری چەند ئامارێک بکەین لە نێوان ھەر سێ وڵاتی (ئەسیوپیا، سودان، میسر) ئەوا دەبینین: پێویستی پشتبەستن بەکار ھێنانی ئاوی رووباری نیل بۆ ھەر ووڵاتێک: 
ئەسیوپیا : ١,٨ ملیار /م٣ کەدەکاتە ڕێژەی ٣٪‏ 
سودان : ١٤,٢ ملیار /م٣ کەدەکاتە ڕێژەی ٧٧٪‏ 
میسر : ٥٥,٥ ملیار /م٣ کە دەکاتە ڕێژەی ٩٣٪‏ 
بەرکەوتەی ساڵانەی تاکە کەس بۆ ئاو:
ئەسیوپیا: ١,٤٠٠ م٣ بۆ یەک کەس.
سودان : ١,٠٢٠ م٣ بۆ یەک کەس. 
میسر : ٥٨٩ م٣ بۆ یەک کەس. 
بەکارھێنانی ئاوی نیل بۆ کشتووکاڵ: 
ئەسیوپیا : ٩,٦ ملیار / م٣ 
سودان : ١١,٨ ملیار /م٣ 
میسر : ٥٠ ملیار /م٣ 
بەکارھێنانی ئاوی روباری نیل بۆ پیشەسازیی:
ئەسیوپیا : ٠.٠٥١ ملیار / م٣
سودان : ٠.١٥٠ ملیار /م٣
میسر : ٥.٥ ملیار /م٣ 

به‌نداوی نه‌هزه، پرۆژه‌ زه‌به‌لاحه‌ ئاوییه‌كه‌ی ئه‌سیوپیا

بەکارھێنانی ئاو بۆ پێداویستی ناوماڵ:
ئەسیوپیا : ٠.٨١٠ ملیار / م٣ 
سودان : ٠.٧٢٥ ملیار / م٣ 
میسر: ١٠.٨ ملیار /م٣ 
بەمەش بۆمان ڕوون دەبێتەوە پێداویستی ئاوی ھەریەک لە ووڵاتانی سودان و میسر بۆ ئاوی ڕووباری نیل زۆرترە بە بەراورد لەگەڵ ووڵاتی ئەسیوپیا، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات ھەر ھەنگاوێکی حکومەتی ئەدیسەئه‌بابا بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئاوی ھەنگاوێکە بۆ خنکاندنی ووڵاتانی پاشینەی ئاوی رووباری نیل و دروست کردنی فشارە بۆ زیاتر نزیک بوونەوەی ووڵاتانی باکوری ئەفریقی بۆ ھاوکاری ( سیاسی و ئابووری و ھەواڵگری) دەوڵەتی ئیسرائیل لە بەرامبەر پاراستی کیانی ئیسرائیلی، کە ئه‌م ھاوکێشەیەش دواجار و لە نزیکترین کاتدا لە پرۆژەی (گاپ) دا دووبارە دەبێتەوە لە نێوان ھەرسێ ووڵاتی (تورکیا و سوریا و عێراق) لە حەوزی ھەردوو رووباری ( دیجلە و فورات) دا. 
ئەم کێشەیە دەمانباتەوە ئەو دڕدۆنگیەی لە ساڵانی (١٩٩٩- ٢٠٠٥) روویدا لە نێوان ووڵاتانی حەوزی رووباری نیل ھەریەک لە میسر و سودان، دوو فیرقەی سەربازی مەشق پێکراوی جەنگی دارستانیان دروست کرد کە لە کاتێکدا ھەردوو ووڵات ھیچ رووبەرێکی دارستانی چڕیان نییە ئەمەش ئەسیوپیا بە مەترسی بۆ سەر خۆی و پرۆژە ئاوییەکانی خستە ڕوو، چونکە لقی سەرەکی رووباری نیل دەکەوێتە ئەسیوپیا و ناوچەیەکی دارستان و جەنگەڵە و تاکتیکی سەربازی خۆی ھەیە. 
دواجار ئەم بارودۆخە بە دەستپێکی بەھاری عه‌رەبی لە ساڵی ٢٠١١ کۆتای بە مەترسی سودان و میسر ھێنا لە لایەک و لە لایەکی تر دەرفەتی بە ئەسیوپیا دا بەنداوی نوێ بونیادبنێ لەسەر ڕووباری نیل، کە کۆتا بەنداویش بەناوی (نه‌هزە) یە وەک تحدی بەرامبەر ئەو مەترسی و گەلەکۆمەکیەی ووڵاتانی عه‌رەبی موسوڵمانی ئەفریقی دروستیان کرد پێش بەھاری عه‌رەبی لەسەر ووڵاتانی مه‌سیحی ئەمازیخی ئەفریقی، دواجار بەشکستی گروپی عه‌رەبی کۆتاییھات تا لەدەستدانی دارفۆریش سودان باجی ئەو سەرکێشیەی دا.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ