ئاینده‌ی حزبه‌كه‌ له‌ نێوان حەرەسی قەدیم و حەرەسی جەدید

گۆڕان.. چەقۆیه‌ك بوو کەوته‌ سه‌ر ملى خۆی

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.07.27 01:19 AM
644 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

په‌یكار عوسمان

گۆڕان و ئومێد
گۆڕان بەمانای کەلیمە ئومێدبوو. بەڵام زیادە وەکو نوقسان وایەو گۆڕانیش زیاد لەپێویست ئومێدی هێنا. ئیتر ئەو زیادەیە سەری مایەی خواردو بوو بە نائومێدی.
گۆڕان و پۆپۆلیزم
گۆڕان هاتە سەر دۆخێك هەرچی بوتایە ڕاستبوو. دەی هەر وتنی ڕاستییەکە کافی بوو. حەماسەتبازی و هاشوهوش و مەنتقی قەرەباڵغی هیچ پێویست نەبوو. ئاخر کاتێ ڕاستی ئەخەیتە قوماری عەزەڵات و دەسشکانەوە و جەماوەربازییەوە، ئیتر بۆی هەیە بیدۆڕینیت، ئەگەرچی ڕاستییەکەش لای تۆیە!
گۆڕان و هۆشیاریی
ئەوە راستە کە گۆڕان پلەیەك هۆشیاریی سیاسی ئێمەی بەرزکردەوە. بەڵام بەهۆی ڕەشوسپیکردنی دنیاوە، جارێکی تر، هەر خۆی بووەوە بە ڕێگر لەبەردەم بەرزبوونەوەی هۆشیاریمان. ئاخر ئەویش کرانەوەی نەهێنا، بەڵکو دیسان شتەکانی لە خۆیدا داخست و وتی من فریشتەم و ئەوانیتر شەیتان. دەی ئەمەش هەمان عەقڵە داخراوە کۆنەکەیەو هەر ئەمەشبوو کە پێویستبوو بیگۆڕین!
گۆڕان و دەرفەت
گۆڕان هەلێکی گرنگبوو بۆ هەستانەوەی هەرێم و دەستپێکردنەوەی سەرەتایەکی نوێ. هەر بۆ نمونە ئەگەر بڕێك لە دیدەکانی گۆڕان بخرایەتە چوارچێوەی حکومڕانیمانەوە، ئێستا بەم فەشەلە گەورەیەی حوکمڕانی نەگەیشتین. ئەوەش ڕاست نیە کە مێژوو غەدرمان لێئەکاو دەرفەتمان ناداتێ. ئەوە ڕاستە کە ئێمە خۆمان میلەتێکی دەرفەتکوژین.

گۆڕان زیاد لە پێویست ئومێدی هێنا ئیتر ئەو زیادەیە سەری مایەی خوارد و بوو بە نائومێدیی

گۆڕان و هەماهەنگی
کێشەیەکی گەورەی عەقڵیەتی ئێمە، مەسەلەی تاکڕەوی و هەرخۆم هەرخۆمە. سیاسەتی دروستیش هەماهەنگی و کاری هەمووانە بۆ ئامانجێکی گشتی. هەڵەی گۆڕان ئەوەبوو، کە ئەویش دیسان عەقڵیەتی هەرخۆمی تۆخکردەوەو ئەویش دیسان عەقڵیەتی هەماهەنگی نەهێنا. خۆ گۆڕان ڕێکەوتنی لەگەڵ ئەملاولایا ئەکرد، بەڵام پێشتر ململانێ ی تا ئاستێک لە زبری و توندی بردبوو، کە ئیتر "متامەنە" هەر بەشێ ئیمزاکردنی ڕێکەوتنەکەی ئەکرد، نەك بەشی جێبەجێکردنی! 
گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن
لە سیستەمێکی تەندروستا، حکومەت خۆی سوڵتەیەو موعارەزەش موعارەزەی حکومەتە. بەڵام لای ئێمە سوڵتەی راستەقینە لای حیزب و سەرکردەو بنەماڵەکانە نەك لای حکومەت. دەی گۆڕانیش ئەبوو موعارەزەی ئەو سوڵتەیەی دەرەوەی حکومەتبێ لە بەرژەوەندی دامەزراوەکان، نەك موعارەزەی سەرسەختی کابینەکەی بەرهەم ساڵحبێ، کە ئەیویست جۆرێك لە حکومڕانی تەندروست و  دامەزراوەیی مومارەسە بکات! 
لەڕاستیداو لەو کاتەدا، سەرۆکی حکومەت و گۆڕان، هەردوکیان موعارەزەبوون و هەردوکیان هەمان شتیان ئەویست. کەچی لەبری ئەوەی پشتیوانی یەکبن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی یاساو دامەزراوە، دوژمنانە بەرامبەر یەك وەستابوون لە بەرژەوەندی دەسەڵاتە مافیاییەکانی دەرەوەی یاسا!
گۆڕان و مۆدێل
گۆڕان لەوەدا زێڕی هێنا، کە پەنای نەبرد بۆ مۆدێلی چەکداری. بەڵام لەوەدا خراپی هێنا، کە زۆرجار هەر بە عەقڵی چەك و نەفەسی شەڕ ململانێ ی ئەکرد! خۆ ئەگەر لەبری پەلەپەل و هەنێ خیتابی توندو ئینقیلابیی، خیتابێکی نەرم و نەفەسێکی عەقڵانیی درێژخایەن سەنتەربووایە. ئەکرا گۆڕان مۆدێلێکی تری عەقڵیەتی ئێمە بهێنێ و کۆتایی بە عەقڵە کۆنەبێت کە عەقڵی چەکە. یەعنی لەڕاستیدا، گۆڕان توانی چەك لە شان دانێ، بەڵام نەیتوانی چەك لە عەقڵ دانێ و "لە نەفەسدا" ئەویش هەر مۆدێلی چەكبوو!
گۆڕان و ڕاگەیاندن
ئەبوو گۆڕان، پرۆژەی هۆشیاریی و دەنگی عەقڵ بێت، نەك تەلەفزیۆنێك و دەنگەدەنگێك. ئاخر دەنگی عەقڵ لاسایی ناکرێتەوە، بەڵام دەنگەدەنگ لاسایی ئەکرێتەوەو شتێکی ناپێویستی وەکو "نەوەی نوێ" بەرهەم ئەهێنێ. دەنگی عەقڵ مەبەستم فکرو فەلسەفەو ئایدۆلۆژیا نیە. تەنیا مەبەستم خیتابێکی ئارام و ناحەماسی بۆ دەرەوەو کەمێك لێپرسینەوەو سزاو پاداشتە لەناوەوە. کە ئەمانە هیچیان لە گۆڕاندا، بەڕادەی پێویست نەبوون!  
گۆڕان و ئینساف
ئینجا بەرامبەرەکەت پارتی و یەکێتی بێت و فشاری چەك و پارەو تەزویرو تەداخولاتی ئیقلیمیت لەسەربێ و کولتورێکی ناتەندروستی ململانێ ی سیاسی ئامادەبێ و هۆشیارییەکی کۆڵەواری کۆمەڵگاش لەولاوە وەستابێ.. بە ڕەچاوکردنی ئەوانە، گۆڕان لە هەنگاوی یەکەمیدا، بوونێکی فرە جوانبوو بە هەنێ ناشرینییەوە. ئەکرا لە هەنگاوی دووەمدا هەڵەو ناشرینییەکانی چاکبکات، نەكئەوەی خۆی ببێتە بوونێکی ناشرین! 

گۆڕان توانی چەك لە شان دانێ بەڵام نەیتوانی چەك لە عەقڵ دانێ و لە نەفەسدا هەر مۆدێلی چەك بوو

گۆڕان و پاشەکشێ
بەڵام ڕێك پێچەوانەکەی کراو لەبری ئەوەی هەڵەکان چاكبکەن، بە هەموویان تێیکەوتن و خودی شتەکەیان خراپکرد! 
ئیتر حەرەسی قەدیم شەڕی دەسبەسەراگرتنی حیزب و حەرەسی جەدید هەڵپەی پەرلەمانتاری و وەزیری و هەمووشیان حەملەی کوتلەبازی و شکاندنی یەکتریان دەسپێکردو مەسەلەی میراتی و بنەماڵەش لەولاوە بوەستێ.. بەمانەو بە هەموویان گۆڕانیان لە پرۆژەی گۆڕانکاریی کۆمەڵگاوە گۆڕی بۆ ڕەقەمێك لەپاڵ ڕەقەمەکانی ترو دوکانێك لە پاڵ دوکانەکانی تردا. خۆ ئەگەر خۆیان لەناوەوە خراپیان نەکردیایە، ئەو هێزە هەرگیز بەکاری دەرەوە وای لێ نەئەهات!
گۆڕان و عەقڵی ئێمە
کێشەی عەقڵی ئێمە، ئەوەیە کە پەڕگیرەو حەدی وەسەتی نیە. مەسەلەن سەرەتا گۆڕانی لێئەبێ بە محەمەدی مەهدی و دواتریش گۆڕانی لێئەبێ بە شەیتانی لەعین. لەکاتێکا ئەمە هیچیان وانیەو هەردو تەسەورەکە کاردانەوەی عاتفین و هیچیان کاری عەقڵ نین. دەی گۆڕانیش نەهات عەقڵانیەت بهێنێ کە وەسەتیەت ئەکەوێتە ئەوێوە. بەڵکو ئەویش هەر یاری لەسەر پەتی حەماسەت کردو هەر چەقۆی پەڕگیریی تیژکردەوەو ئێستاش هەمان چەقۆیە کە کەوتۆتە سەر ملی خۆی. 
گۆڕان و تیجارەتی چەمك
وەكچۆن توجاری دین و توجاری کوردایەتی و توجاری شۆڕش و توجاری مافی ژنمان هەیە.. چەمکی گۆڕانیش بەدەرنیە لەم بازرگانییەو هەیە لە پشتی شیعاری گۆڕانکارییەوە هەرهەمان مەعدەنی ئەوانیترەو هەر "نەگۆران" تۆخئەکاتەوە. هەشە لە پشتی بانگەشەی دژایەتی گەندەڵییەوە خەریکی گەندەڵییە. هەشە لە پشتی دژایەتی پارتییەوە خۆی پارتییەکی ترە.. جا ئێمە ئەبێ هۆشیاربین بە جەوهەری چەمکەکان، بۆئەوەی نەکەوینە داوی توجاری چەمکەکان.      
گۆڕان و ئاییندە
گۆڕان وەکو حیزب، ئەشێ لەوە کەوتبێ کە کەرەستەی ئاییندە بێت. بەڵام گۆڕان وەکو فیکرەی (شەفافیەت و نەزاهەت و عەدالەت و دەوڵەتی یاساو ململانێ ی مەدەنی..) ئەمانە بەهاگەلێکی زیندون، کە موڵکی هیچ گروپێك نیەو هی هەموومانەو ئەبێ هەمووشمان کاری بۆبکەین. لەم گۆشەو مانایەشەوە، ئاییندە هەر بۆ گۆڕانکاریە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ