38 ساڵ مانه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات

محه‌مه‌د ڕه‌زا په‌هله‌ویی.. دواهه‌مین ئه‌ڵقه‌ی زنجیره‌ی پاشایه‌تیى ئێران

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.07.28 04:30 PM
2466 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

یادگار عه‌لی ـ قاهیره‌

‫(٤١) ساڵ پێش ئێستا، لە (٢٧ی تەمموزی ١٩٨٠)، (محمد ڕەزا شای پەھلەوی) کۆتا شای ئێران بەنەخۆشی شێرپەنجەی لیمفەگرێ کۆچی دوایی کرد و بەئامادەبونی (ئەنوەر سادات- سەرۆککۆماری میسر)، لەمەراسیمێکی شایستەی سەربازییدا؛ لە(مزگەوتی ڕەفاعی) لەقاھیرە بەخاکسپێردرا.‬
‫(محمد ڕەزا شای پەھلەوی)، لە (٢٦ی ئۆکتۆبەری ١٩١٩) لەتاران لەدایکبوە، دوا شای ئێران بوە، لەگەڵ سەرھەڵدانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران(١٩٧٩)، کۆتایی بەدەسەڵاتی ھاتوە، لەماوەی نێوان( ١٩٤١ - ١٩٧٩) حوکمی ئێرانی کردوە، تەمەنی تەنھا (٢١) ساڵ بو، شوێنی بەباوکی چۆڵکرد و خۆی بەپاشای ئێران ناساند، چونکە بەریتانیەکان و سۆڤیەت لەھەڵوێستی (رەزا شا) کەبێلایەن بو لەجەنگەکەیان لەگەڵ ئەڵمانەکان(جەنگی دووەمی جیھانی)، ڕازینەبون و ئەوانیش؛ بەسوپاوە ھاتبونە ناو خاکی ئێران.‬
‫لە(٢٦ی ئۆکتۆبەری ١٩٦٧) کەدەیکردە ڕۆژی لەدایکبونیشی، (محەمەد ڕەزا شا)، نازناوی (ئیمپراتۆری ئێرانی) لەخۆی نا، کوڕە گەورەی (ڕەزا شا) بو، کەلەنێوان (١٩٢٥ -١٩٤١) حوکمی ئێرانی کرد، نازناوی (شاھەنشا) و (ڕۆشنایی ئارییەکان)ی لەخۆی نابوو.‬

محه‌مه‌د ره‌زاشا 1919 ـ 1980


(محمد ڕەزا شا) لەسویسرا خوێندبوی، ھەروەھا لە ئێرانیش کۆلێجی جەنگی خوێند، کاری لەبواری گۆڕانکاری سیاسی لەنێو حیزبە ئێرانیەکان دەکرد، ھەروەھا کاری لەسەر دامەزراندنی پۆلیسی نھێنی دەکرد، بەوکارانەش؛ نەیارێکی زۆری بۆ دروستبو بو.‬
‫دوای (١٢) ساڵ لەسەر عەرشی سەرۆکایەتی ئێران، دەسەڵاتی حەقیقی (محەمەد رەزا شا) دەرکەوت، لە(چواری فێبرایەری ١٩٤٩) کاتێک سەردانی زانکۆی تارانی کرد، ڕووبەڕوی ھەوڵێکی تیرۆرکردن بوەوە، بەڵام ڕزگاری بو، ئەوکاتە ئێران دوچاری زۆر کێشەگەلێکی سیاسی ببوەوە کەلێکەوتەی جەنگی دووەمی جیھان بون، (محەمەد موسەدەق- سەرۆکوەزیر)، (محەمەد ڕەزا شا)ی ناچارکرد وڵات جێبھێڵێت و بچێتە دەرەوەی ئێران.‬
‫لەمانگی ئابی (١٩٥٣) ەوە ناکۆکیەکانی نێوان سەرۆکوەزیر و شای ئێران دەرکەوت، بارودۆخی سیاسی ئێران بەرەو ئاڵۆزی دەچو،  لە(١٦ی ئابی ھەمان ساڵ) شا سەردانی بەغدادی کرد، دوای مەراسیمی پێشوازی، سەردانی کازمییە، کەربەلا و نەجەفی کرد، لەوێشەوەسەفەری ئیتالیای کرد، بەر لەسەفەرەکەی، دوو بڕیاری دەرکرد، یەکەمیان؛ لادانی سەرۆکوەزیران و دوەمیان؛ دانانی (جەنەراڵ فەزوڵا زاھدی) لەجێگەکەی، کاتێک گەڕایەوە ئێران، کودەتایەکی پێچەوانەی لەدژی سەرۆکوەزیران و بەھاوکاری دەزگای ھەواڵگری ئەمەریکا و بەریتانیا ئەنجامدا، توانی (محەمەد موسەدەق) لەکاربخات و بگەڕێتەوە عەرشی پاشایەتی ئێران(١٩٥٣).‬
‫(محەمەد ڕەزا شا) لە ساڵی (١٩٦٧)ەوە، ھەندێک ھەنگاوی بەناوی (شۆڕشی سپی) دەستپێکرد، بریتی بو لەچاکسازی لەسیستەمی دابەشکردنی زەوی، چاکسازی و گەشەپێدان لەبواری ئابوری، لەکۆتایی شەستەکانیش؛ دەستیکرد بەھەڵمەتی دروستکردنی پۆلیسی نھێنی (ساواک)، زیاتر کاریان سیخوڕی بو بەسەر لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی.‬

ئایه‌توڵا خومه‌ینی زنجیره‌ی 2500 ساڵه‌ی پاشایه‌تی ئێرانی له‌ محه‌مه‌د ره‌زا شادا بچڕاند


‫سیاسەتەکانی (محەمەد رەزا شا) تادەھات پیاوانی ئایینی توڕە دەکرد، لەساڵی (١٩٧٨)، ناڕەزایەتی توند و خۆپیشاندان لەدژی دەستیپێکرد، حوکمی عورفی راگەیاند، بەناچاری و لەژێر فشاری ناڕەزایەتییەکان بۆ جاری دووەم سەفەری دەرەوەی کرد، لەلایەن (ئەنوەر سادات- سەرۆککۆماری ئەوکاتەی میسر) پێشوازیلێکرا، بەوەش شۆڕشی (١٦ی یەنایەری ١٩٧٩) سەرکەوت و  کۆتایی بەدەسەڵاتی پاشایەتی لەئێران ھات و لە(٢٧ی تەمموزی ١٩٨٠)، دوای ماوەیەک گیرۆدەبون بەنەخۆشی شێرپەنجە، (محەمەد ڕەزا شا) لەقاھیرە ماڵئاوایی لەژیان کرد.‬
‫دۆستایەتی نێوان (سادات) و (محەمەد ڕەزا شا) بۆ وەستانی شای ئێران لەپاڵ میسر ھات لە شەڕی ئۆکتۆبەری (١٩٧٣)، کەبەشەڕی نێوان (عەرەب- ئیسرائیل) ناسراوە، سەرباری ئەوەی دۆستی ئەمەریکاش بو، بەڵام (محەمەد ڕەزا شا) بەفڕۆکە ھاوکاری پزیشکی و تیمی پزیشکی ناردە میسر و ڕێگەشی بەفڕین و نیشتنەوەی فڕۆکەکانی سۆڤییەت لەخاکی ئێران دەدا، کاتێک ھاوکاری سەربازییان دەگەیاندە قاھیرە.‬


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ