پێشەنگی گۆرانیبێژانی نه‌وه‌كه‌ی خۆی بوو

بۆچی سەدام هونەرمەند (صباح السهل)ی له‌سێداره‌دا ؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.07.30 12:15 AM
3245 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

سابیر عه‌بدوڵا كه‌ریم

لە ڕۆژی 14ی نیسانی ساڵی (1993) لە دوای كۆتاییهاتنی ئاهەنگێكی گەورە كە ژمارەیەك لە هونەرمەندان و گۆرانیبێژە دیارەكانی عێراق بەشداریان تێدا كرد، بە هۆی پەستبوونی لە هەڵوێست و هەڵسوكەوتی ڕێكخەرانی ئاهەنگەكە، هونەرمەند و گۆرانیبێژی بەناوبانكی عێراق (صباح السهل) هەستا و كەوتە هێرشكردنە سەر سەدام حسێن و دەسەڵاتەكەی.
یەكسەر دوای ماوەیەكی كورت دەستگیریان كردو ڕاپێچی زیندان كرا و دوای تەنها یەك مانگ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا و لە ئایاری (1993)دا لە بەغدا لەسێدارە درا.

ئەو دادگایەی فەرمانەكەی دەركرد دادگایەكی سەر بە دەزگای هەواڵگريی بوو بە سەرۆكایەتی دادوەر (ئیبراهیم سهیل نەجم) و ئەندامێتی دادوەران ڕازی سەعد ئەحمەد و صلاح مهدی كریم بوو، كە لە لایەن دەسەڵاتی دادوەریيەوە رێگەپێدراو بوون و بەم شێوەیە بڕیارەكەیان دەركرد: 
"دادگا سزای لەسێدارەدانی هەتا مردن سەپاند بەسەر تۆمەتبار صباح محسن محمد حسێن السهل بە پێی حوكمی مادەی (225) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ی ساڵی 1969 و دەستبەسەرداگرتنی هەموو ماڵ و سامانی گوستراوە و نەگواستراوەی". 

 

بەمشێوەیە كۆتایی بە ژیانی هونەرمەند صباح السهل هێنرا و بڵاوكردنەوەی هەموو گۆرانیيەكانی لە عێراق قەدەغە كرا.
بڕیاریش درا هەر كەسێك لە كۆڕ و كۆبوونەوەی جەماوەریدا باسی خۆی و بەرهەمەكانی بكات بە پێی یاسا سزا دەدرێت. 

هونەرمەند (صباح السهل) دەنگێكی ڕەسەن و خۆش و تایبەت بوو، لە ساڵی (1946) لە شارۆچكەی (الشطرة)ی پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق لەدایكبووە و پێشەنگی نەوەی خۆی بوو لە ڕیزی هونەرمەندان و گۆرانیبێژانی عێراق.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ