بۆچى‌ به‌رامبه‌ر كوردستان هیچی پێ ناكرێت ؟

كازمى.. عه‌رابێك به‌ ده‌ست ئه‌مریكا و ئێرانه‌وه‌ كه‌ لە تەنکاودا مەلە دەکات

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.07.30 01:00 AM
1723 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

ئــاسـۆ عـه‌بـدولـله‌تیف
کازمی سیمبولی دەوڵەتی مۆدێرن و راقی و دیموکراسی نییە، توخمی یەکەم و عەڕابی ناو دەوڵەتسازییەکی تازەی پۆلیسیی و نهێنگەرای توندە بەدەست ئەمریکا و مەرجەعیەتەوە.
‎مستەفا کازمی، پێگە سیاسییەکەی وەک دەسەڵاتێکی بڕیاردەر و نیمچە رەها خەریکە بەکاردەهێنێت بۆ مەبەستی دیکە لە ژێر پەردەی بنبڕکردنی گەندەڵی و فەوزا و نەهێشتنی میلیشیات و دیسپلینکردنەوەی دەروازە سنوورییەکان و بۆ ئەم مەبەستەش لە بەسڕەوە دەستی بەم جوڵەیە کرد.
ئەم کاراکتەرە تازەیە، بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت خەریکە ئاو بە کۆرەگەی ئاشێکی دووبارەدا دەکات کە پێشتر گەورەکانی قووتدا و کەسانی وەکو قاسمی سولەیمانی و مەهدی موهەندیس نەخشەدانەریی بوون و مالیکی و عەبادی و عامریی و خەزعەلی شاگردانی ئەو ڕێبازەن.
بێزەحمەت با لەو شاگردانەوە دەستپێبکات کە هیچ باوەڕێکیان بە پرەنسیپەکانی ریفۆرم و گۆڕانکاریی و چوونەژێرباریی یاساکان و دەستوور نییە و بینیمان مانگی پێشوو چۆن جوڵەیان بە هێزەکانیان کرد دژی دەستوور و یاساو خودی کازمیش!؟
‎جارێ هەڵبژاردنی ئاسایی لە عێراق ئەوە دوو دەیە، هیچ گۆڕانێکی ڕادیکاڵی دروست نەکرد، ئێستا پرۆسەی هەڵبژاردنەوەی پێشوەختە لە عێراق کە ئەجێندایەکی گوماناویی ئەمریکی ئێرانییە دەبێت چ واقیعێکی نوێ بهێنێتە پێش جگە لە قوڵکردنەوەی ناکۆکیەکانی کورد و شیعە و شیعە و سوننە، کازمی لەبری ئەوەی کار بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی و شکۆی عێراق بکات لە دەستی حەشدی شیعی و سنوربەزاندنی تورکیا و بەهەدەردانی سامانی نیشتیمانی و دابینکردنەوەی سیولەی بانکی و گەراندنەوەی بەها بۆ نەوت و دیناری عێراقی، خەریکی بەهێزکردنی لیستێکی پەڕلەمانییە بۆ خۆی و خولگەکەی چواردەوری، هەمان یارییەکانی پێشوو بە کەمێک دەستکارییەوە.

کازمی سەرەتا وەک فەرمانبەری ئیستیخباراتی دەوڵەت و دواتر وەک کۆدی نهێنی ناو تەوافوقاتێکی سیاسی ژێربەژێر هات

کازمی سەرەتا وەک فەرمانبەری ئیستیخباراتی دەوڵەت و دواتر وەک کۆدی نهێنی ناو تەوافوقاتێکی سیاسی ژێربەژێر هات و دانرا لە سەری سەرەوەی هەڕەمێکی پڕ لە کێشە و ئاریشە، ئێستا دەیەوێت بەو شەرعیەتە دەستکردە شەرعیەتی گەل وەدەست بخات و هەڵبژاردن دوبارە بکاتەوە بۆ ئەوەی پێگەی ئەمنی و سەربازیی و ئابوریی و سیاسی خۆی مێخڕێژ و تەئمین بکات بۆ چەندین ساڵی ئایندە، هەمان ئەو ڕێچکەیەی کە مالیکی گرتیەبەر و ئێستاش خاوەن هێز و میلیشیا و جەبەروتی خۆیەتی و هیچ هێزێک بە کازمیشەوە توانای نییە لێپرسینەوەی لەتەک بکات.
کازمی گەر بیەوێت بەم هەڵبژاردنە لیستی گەورە دروست بکات و تەوافوق و ئیجماعی میللی کورديی تێک بشکێنێت و کورد پەرتەوازە بکات بۆ خاتریی هەندێک دەوڵەت ئەوا هەڵەی مەنهەجی گەورە دەکات، چونکە کوردستان تازە بۆتە یەک پاکێج و جوگرافیا و وابزانم ئاسان نابێ تێکدانی ئەو دیفاکتۆیە.
‎بۆ عێراقیش چ له‌ ئێستا و چ له‌ رابردوو، به‌تایبه‌تی دوای خه‌لافه‌تی راشیدین و دابه‌شبوونی ده‌سه‌ڵاتی دینی و ئاینی عه‌لی كوڕی ئه‌بوتاڵیب و حه‌سه‌ن و حسه‌ین و یه‌زیدی كوڕی موعاویه ‌و ئالوبەیتەکانیان‌، تا موعتەسیم بیلا و موقتەدا سەدر و خودی مستەفا کازمی خۆی، له‌و سه‌رده‌مه‌ی كه‌ عێراق خاوه‌ن حه‌زاره‌تی مێژویی و ده‌ستنووس و مره‌كه‌ب و خوێنده‌واریی و باشترین باخی خورما و دانه‌وێڵه‌ و سامانی سروشتی و وڵاتی دوو رووبار بووه‌، مەزهەب و کەلتوریی شەرقی و دینی بەدەویی کۆنترۆڵی کردوە و نەیهێشتوە هەناسە بدات، لەوکاتەوە جه‌نگ و شمشێر نزیك ده‌كه‌نه‌وه‌ له ‌مل و گه‌ردنی ئه‌م حه‌زاره‌ته ‌و به‌ كوفه‌ و كه‌ربه‌لا تێپه‌ڕیون تا داروالخیلافه‌ی به‌غداد و کوردستان و بۆیە ئاسان نییە هیوایەک هەبێ لەو بەغدادەوە، بەتایبەتی ئەو نەفەسە پۆلیسییەی کازمی کە نەفەسێکی ڕیاکارانە و بێ ستراتیژ و نزیک مەودایە و بە ئاسانی ناتوانێت خۆی لە تەڵزگەکانی مەزهەب و گەمە موخابەراتیەکان قوتار بکات.

کازمی بەم سیحری باڵڕاوەشاندن و فۆتۆگەرییە میدیاییەوە عێراق بەرەو دەوڵەتێکی کراوە و مۆدێلێک لە حوکمی ڕاقی نابات

لەوپەڕی حاڵەتدا ڕۆڵە پۆلیسیەکەی کازمی تا تونێلێک دەڕوات و بەس، ناکرێت مرۆڤ ئەوەندە خەونی لەسەر هەڵچنێت، بەتایبەتی بەرەی دیموکراتخواز و لیبڕاڵ لە عێراق و کوردستان، ئەوانەی دژی دەوڵەتی پۆلیسی و ئیستیبدادی مەرکەزین باشترە دڵیان ئەوەندە خۆش نەکەن بەم هەنگاوانە.
‎کەواتە کازمی بەم سیحری باڵڕاوەشاندن و فۆتۆگەرییە میدیاییەوە عێراق بەرەو دەوڵەتێکی کراوە و مۆدێلێک لە حوکمی ڕاقی نابات، بگرە سەرەتایەکی تاریکە بەرەو حوکمڕانییەکی پۆلیسی و ئیستیخباراتی، کورتکردنەوەی دەستی گەندەڵکاران و کۆتاییهاتنی فەوزای سوپا و میلیشیاکانی حەشد، بە پچرانی پەیوەندی ئێران بە عێراقەوە بەندە کە کازمی ناتوانێ ئەمە بکات و دێت لە تەنکاودا مەلە دەکات، قورسترین کارێک بۆ کازمی کە هەرگیز ناتوانێ دەستی بۆ بەرێت نەهێشتنی بلۆکە ئایدۆلۆژیستە دینی و مەرجەعە مەزهەبیەکانە ئیتر ریفۆرم لە چی و لە کوێی عێراقدا دەکات.
‎ئەو سیحرەی کازمی لە ڕاستیدا کورت مەودایە و ئەجێندایەکی کاتییە و بە ئاسانی هەرس نابێت بۆ عێراق، کازمی گەر چاکسازیی دەوێت پێویستە سەرەتا قاچی ئەقتابەکانی شیعەی عێراقی وەک مالیکی و عامیریی بگرێت و بیانباتە دادگا و بزانم بەرگەی ئەو پێلەقە و هەژمونە دەگرێت؟


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ