تاڵیبان ده‌بێته‌ خه‌نجه‌ری ئه‌مریكا دژی چین ؟

ئەمریکا و تاڵیبان.. هاوپه‌یمانییه‌كی نوێ له‌ ئاسیاى ناوه‌ڕاست

ره‌نج نه‌وزاد 2020.08.11 04:02 PM
602 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

جەنگی ئەفغانستان ماوە درێژترین جەنگی ئەمریکایە لە مێژووی خۆیدا، کە ١٨ ساڵی تێپەڕاند. ئەو جەنگە کاتێک کۆتایی پێدێت، یا ئەمریکا بتوانێت بزوتنەوەی تاڵیبان تەواو بکات، یاخود بگاتە ڕێکەوتن لەگەڵ تاڵیبان و پرۆسەیەکی ئاشتی دەستپێبکەن. 
بزوتنەوەی تاڵبیان ئەستەمە کۆتاییان پێ بێت بە شەڕ، چونکە ئەو بزوتنەوەیە بەشێکی سەرەکی کۆمەڵگای ئەفغانی پێکدەهێنێت نەک تەنها بزوتنەوەیەک بێت و چەن هەزار چەکدارێکی هەبێت. بۆیە ئەمریکا بژاردەی دووەمی هەڵبژارد، کە ڕێکەوتن و پڕۆسەی ئاشتیە.
ڕێکەوتنەکە بە گشتی لەم خاڵانە پێکدێت، کشانەوەی سەربازەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە ماوەیەکی دیاریکراودا، ئازادکردنی هەموو زیندانیکراوەکانی تاڵیبان، کە پێنج هەزارن، لە ئێستا هەموویان ئازاد کراون، دواهەمینیان ٤٠٠ دیل بوون چەن رۆژێک پێش ئێستا ئازادکران، بەوەش ڕێکەوتنەکە هەنگاوێکی گەورە چووە پێشەوە، تاڵیبان بەڵێن دەدات ئەفغانستان نەبێتە وڵاتێک بۆ دژایەتی کردنی ئەمریکا و تاڵیبان لەگەڵ هیچ گروپێک هاوکار نەبێت کە دژی ئەمریکا بن، ئەمریکا سزاکانی سەر تاڵیبان لاببات، پاشان ئەمریکا هەوڵدەدات لەگەڵ تاڵیبان پەیوەندی ئابووری هەبێت و هاوکاری بونیادنانەوەی ئەفغانستان بکات... پرۆسەی ڕیکەوتنەکە هەر لە سەرەتاوە تائێستا، لە قەتەر دانوستان و کۆبوونەوەکانی ئەنجام دەدرێت.
بە کورتی ڕێکەوتنەکە ئەوەیە تاڵبیان بەشداربوویەکی فەرمی و سەرەکی دەسەڵات بێت لە ئەفغانستان و دژایەتی ئەمریکا نەکات، ئەمەش تا ڕادەیەک پەیوەندی ئەمریکامان بیر دەخاتەوە لەگەڵ گروپە ئیسلامیەکان لە کاتی شەڕی سۆڤیەت لە ئەفغانستان! 
هۆکار زۆرە بۆ ڕێکەوتنی ئەمریکا و تاڵیبان؛ جەنگی ئەفغانستان کات ووزەیەکی زۆری ئەمریکای برد، لە ناوخۆی ئەمریکا ناڕەزایەتی زۆرە بەرامبەر بەو جەنگە درێژە، ترەمپ هەر سەرەتا لە کاتی بانگەشەی دەنگدان بەڵێنیدا کۆتایی بەو جەنگە تاقەتپڕۆکێنە بێنێت، ئێستاش کە نزیکە لە هەڵبژاردنەکان، دەیەوێت بەڵێنەکەی بباتە سەر، بۆ ئەوەی بۆ مانگی یانزە ئەمریکیەکان باوەڕیان بە بەڵێنەکانی ئێستای هەبێت و دەنگی پێبدەن. هەرچەن سەرەتای باسکردنی ئەم ڕێکەوتنە بۆ ساڵی ٢٠١١ دەگەڕێتەوە و ئۆباماش هەر خوازیاری کۆتایی هاتنی ئەو جەنگە بوو، بەڵام ئەو کات ڕێکەوتنەکە نەگەیشتە ئەنجام..

بزوتنەوەی تاڵبیان بەشێکی سەرەکی کۆمەڵگای ئەفغانی پێکدەهێنێت

هاوشان لەگەڵ ئەو هۆکارانە، هۆکاری دوورمەودا و ستراتیژی وجیوپۆلەتیکی ئامادەیە، ئەویش پرسی ئاسیایی ناوەڕاستە. ئاسیایی ناوەڕاست (کازغستان، تورکمانستان، تاجیکستان، ئۆزباکستان، قیرغستان) ناوچەیەکی زۆر گرنگە بۆ هەرسێ نەیارەکەی ئەمریکا، چین و روسیا و ئێران.
لە ڕووی مێژوویەوە، ڕووسیا ئاسیایی ناوەڕاست بە بەشێک لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت، بۆ چین ڕێگەیەکی سەرەکی ووشکانیە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و ئەفریقیا، ڕێگا ووشکانیەکانی ڕێگای ئاوریشمی نوێی چینی بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە ئاسیایی ناوەڕاست دەبەستن، بۆ ئێرانیش گرنگیەکی ئابووری و سیاسی گەورەی هەیە، هەر لە سەردەمی ئیمبراتۆریەتی فارسەوە، تا ئەمرۆ، ئاسیایی ناوەڕاست جێگەی بایەخی ئێران بووە.
لە ئێستادا یەکێ لە گرنگیەکانی ئاسیایی ناوەڕاست بۆ چین و رووسیا و ئێران، ئەوەیە کە بە به‌راورد بە ناوچەکانی تر، ئەمریکا کەمتر دەسەڵات و هەژموونی هەیە لە ئاسیایی ناوەڕاست، ئەمریکا لە کاتی جەنگی ئەفغانستان دوو بنکەی سەربازی لەوێ درووست کرد، بەڵام هەر ساڵی ٢٠٠٥ هەردووکی هەڵگرت.
ئەفغانستان تا ڕادەیەک هەر دەکەوێتە ئاسیایی ناوەڕاست، سنووری هەیە لەگەڵ سێ دەوڵەت لەو پێنج دەوڵەتەی ئاسیایی ناوەڕاست (تاجیکستان، ئۆزباکستان، تورکمانستان) هەروەها سنووری هەیە لەگەڵ چین و ئێران و پاکستان.
واتە ئەگەر هەیە ئەمریکا لە ڕێگەی ئەم ڕێکەوتنەی لەگەڵ تاڵیبان، وەک چۆن گرووپە ئیسلامیەکانی بەکارهێنا دژ بە سۆڤیەت لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابووردوو، ئەمجارەش تاڵیبان فەرمی و بەهێز بکاتەوە و بەکاریان بهێنێت بۆ دژایەتی چین و کێشە درووستکردن بۆ ئاسایش و سەقامگیری ڕێگە بازرگانیەکانی، کە زۆربەی هەرە زۆری ڕێگا ووشکانیەکانی ڕێگای ئاوریشم بە ئاسیایی ناوەڕاست و ئێران و پاکستاندا تێدەپەڕێت، هەروەها چین پلانی هەیە ئەفغانستانیش بکاتە ناو چوارچێوەی پڕۆژەی ڕێگاکانی ئاوریشم. 

ئیمزاكردنی رێكه‌وتننامه‌ی ئاشتی نێوان بزوتنەوەی تاڵبیان و ئه‌مریكا ـ قه‌ته‌ر ـ 2020.2.29

لە پاکستان بۆ نموونە، یەکێ لە کێشەکانی ڕێگای ئاوریشمی چینی، بریتییە لە هێرشەکانی گرووپە ئیسلامیە توندڕەوەکان، بۆ ئەوەش چین دەیەوێت سەربازی خۆی بنێرێت بۆ پاراستنی پڕۆژەکەی. ئەگەر تاڵبیان بەهێز بێتەوە، دەتوانێت لە هەموو ناوچەکە، کێشەی ئەمنی گەورە بۆ پڕۆژەکەی چین درووست بکات، ئەمەش بۆ ئەمریکا بەسودد دەبێت، جونکە ئەمریکا ئاسان نییە بە ئاشکرا خۆی بەربەست بۆ پرۆژەکەی چین درووست بکات، بەڵام لەڕێگەی تاڵیبانەوە دەتوانێت بە ناوی دینەوە ئەو شەرە بە وەکالەت بکات، بە تایبەت بۆ گرووپێکی وەک تاڵیبان، چینیەکان کافرن و سەر بە هیچ کام لە ئاینە ئاسمانییەکان نیین، بۆیە ئاسانە جیهادیان لە دژ ڕابگەیەنن یا کێشەیان بۆ درووست بکەن، پرۆژەکەی چین بازرگانی و ئابووریە، لەگەڵ تێکدانی ئاسایش، پرۆژەکەشی تووشی قەیران دەبێت.
لە ڕێکەوتنەکەشدا ئەوەی کە ئاماژەی پێدەکرێت، تەنها ئەوەیە کە تاڵیبان نابێت دژایەتی ئەمریکا بکات، ئاماژە بەوە نەکراوە کە پێویستە تاڵیبان ئاسایشی ناوچەکە تێکنەدات یاخود دژایەتی دەوڵەتانی تر نەکات، بەڵکو تەنها دژایەتی ئەمریکا نەکات.
ئەگەریش زۆرە چەندین خاڵی نهێنی هەبێت لەو ڕێکەوتنەدا سەبارەت بە چین و ڕووسیا و ئێران.
بە کورتی دەکرێت دووبارە ئەمریکا پشت بە تاڵیبان و ئەفغانیەکان ببەستێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارەکەی کە چینە، وەک چۆن ئەو کارەی ئەنجامدا لە کۆتایی حەفتاکان لە دژی نەیارەکەی ئەو کاتی کە سۆڤیەت بوو، شایەنی باسە یەکێ لە گورزە بەهێزەکان کە بەر یەکێتی سۆڤیەت کەوت، بریتی بوو لە شەڕی ئەفغانستان و گرووپە ئیسلامیەکانی ئەوێ، لەوانەیە چین تووشی هەمان سیناریۆ ببێتەوە، ئەفغانستان بەوە ناسراوە کە گۆڕستانی زلهێزەکانە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ