داشێك له‌ نێوان ئه‌مریكا و ئێراندا

كازمی.. دوا دەرفەتی ئەمەریکا و ھەڵسانەوەی عێراق؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.08.11 11:20 AM
525 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

ئه‌بوبه‌كر كاروانى
هاتنە پێشەوەی كازمی بۆ پێگەی كەسی دەسەڵاتداری یەكەمی عێراق، لێكدانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێنا، هەندێ‌ پێیان وایە بە سەرۆك وەزیران بوونی كازمی ئاماژەیە بە بەسەرچوونی قۆناغێك ‌و پێنانە ناو قۆناغێكی نوێوە.
قۆناغێ نەوەیەكی نوێی سیاسەتكارە عێراقیەكان دێنێتە پێشەوە و دەبنە شوێنگرەوەی نەوەی ئێستای سیاسەتكارە تەقلیدی و گەندەڵ ‌و مشەخۆر و مافیاكان، بەڵام بە بیروڕای ئێمە ئەم لێكدانەوە زیاد لە پێویست گەشبینانەیە، تا ڕادەیەك حەز ‌و ئاوات تێكەڵ بە شرۆڤە‌ و بەرەنجامگیرییەكان كراوە، چونكە بەرەنجامی خوێندنەوەیەكی هەمەلایەنە واقیعی مێژوویی ‌و هەنوكەیی عێراق ‌و ئالۆزیەكانی ناوی ‌و كێشەی بە دەوڵەتبوون  لەم وڵاتەدا نییە.
بە حوكمی ئەوەی بەشێ‌ لە كێشەكانی عێراق بونیادین ‌و پەیوەندییان بە پێكهاتن ‌و مێژوو ‌و ناهارمۆنی خودی قەوارەی عێراق‌ و ناسنامە بە زۆر بەیەکەوەلکاو و پەرتبووەكەیەوە هەیە.
لە ڕوویەكی ترەوە مێژووی عێراق پێمان دەڵێت، كە بڕینی قۆناغەكان ‌و بوونی قۆناغێكی راگوزەر، بەو خەسڵەتانەی پێ‌ی دەناسرێتەوە لەم وڵاتەدا هەروا كارێكی سانا نییە، هەر بۆیە زۆرجار دەبینین قۆناغە بە كاتی ‌و راگوزەرە وەسفكراوەكان بوون بە دۆخی ئاسایی ‌و بەردەوام ‌و، كێشەكانیان لە ڕیشەوە چارەسەر نەكردووە بەڵكو كێشەی نوێشیان خستۆتە سەر كێشە و ئاریشەكانی تر ‌و قەوارەی عێراقیان بەرەو هەڵوەشاندنەوە بردووە. 
كازمی ‌و رۆڵە چاوەڕوانكراوەكەشی دەبێت لە چوارچێوەی هەمان سیاقدا بخوێنینەوە، وەك رووداوێكی دابڕاوی سیاسی سەیری نەكەین و داوەری دەربارەی نەكەین، بۆ ئەوەی بنمیچی چاوەڕوانیەكان زیاد لەپێویست لەم كاراكتەرە سیاسیە بەرز نەكەینەوە ‌و هەڵسەنگاندنی هەڵەی بۆ نەكەین‌ و گرەوی هەڵەشی لەسەر نەكەین.
چونكە ئەگەر ئەگەرێكی بەردەمی تا ڕادەیەك سەركەوتن بێت لە ئەنجامدانی هەندێ‌ چاكسازیی ‌و بەدیهێنانی بەشێ‌ لە دروشمەكانی ‌و بەوەش تەوزیفەكانی ناڕەزایی شەقام ‌و پێویستی كۆماری ئیسلامی ئێران بە قازانجی ئەجینداكانی خۆی، ئەوا ئەگەر ‌و سیناریۆیەكی تر شكستخواردنیەتی، چونكە ئەوەی ئەمی هێناوەتە سەر تەختی دەسەڵات تەنها شەقام ‌و گەندەڵی ‌و پێویستی عێراق بە چاكسازیی ‌و بنیاتنانەوە نییە، بەڵكو پێویستی هەریەك لە ئەمریكا ‌و  كۆماری ئیسلامی ئێرانیشە، دەكرێت شەقامیش بە ئاراستەی پێچەوانە دژی بەكار بھێنرێت.

ئه‌وه‌ی كازمی هێنایه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات پێویستی ئه‌مریكا و ئێران بوو

ئەمریكییەكان ‌و بەتایبەتیش كۆماریەكان ‌و ترەمپی پاڵێوراوی سەرۆكایەتیان پێویستیان بە هاتنە پێشەوەی كازمی بوو، بۆ ئەوەی لەڕێی ئەوەوە رێككەوتننامە ستراتیژیە كۆنەكەیان لەگەڵ عێراق نوێ‌ بكەنەوە ‌و وێنای سەركەوتنێكی ئەمریكا ‌و پاشەكشەی نفوزی ئێرانیش لە عێراقدا‌ وێنا بكەن ‌و بەوەش بۆ هەڵبژاردنەكان سوودی لێ وەربگرن. 
یاخود لانیكەم عێراق ‌و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبنە سەرچاوەی نیشاندانی لاوازیان ‌و كاریگەری خراپی بۆ سەر چارەنووسی ترەمپ نەبێت. 
یان ئەگەر بەرژەوەندیان لە زەبر وەشاندن لە ئێران بێت، دۆخە نوێکە بکەن بە پاساو. لە بەرامبەردا ئێرانیەكانیش پێویستیان بە كازمیە و چاو لەو دەستكەوتە مۆلەق‌ و ناستراتیژییەی ئەمریكاییەكان دەپۆشن بەرامبەر بەدیهێنانی بەرژەوەندییە  ئابوریەكانیان لەڕێی مۆڵەتدان بە عێراق بۆ مامەڵە كردن لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران ‌و خستنە دەرەوەی سزا سەپێنراوەكان بەسەر تاراندا.
ئەم لێكتێگەیشتنە ناڕاستەوخۆییەی نێوان تاران و واشنتۆنیش كاتیە، بەرەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا ‌و بژاردە نوێكانی ئێران بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دەركەوتەكانی ئەو قۆناغە كاریگەری راستەوخۆیان بەسەر دۆخی عێراق‌ و چارەنووسی كازمیەوە هەیە.
لە ڕاستیشدا لەگەڵ مانەوەی رژێمی ئێستای ئێران لەسەر دەسەڵات، ئاسان نییە بیر لە عێراقێ‌ بكەینەوە، گۆڕانكاری قوڵ تیایدا ڕوویدابێت ‌و هەژموونی ئەوی بەسەرەوە نەمابێت، گەر ئەم كارە پێویستی بە تەقاندنەوەی گەڕێكی نوێی شەڕی ناوخۆش هەبێت، وەك دوا بژاردە بۆ تێكەڵكردنی كارتەكان ‌و بەسەر یەكدادانی هاوكێشەكان.
خودی شەقامی ناڕازیش كە ڕۆڵی هەبووە لە هێنانە پێشەوەی كازمی ‌و خۆشی وا وێنا دەكات، دەكرێت لەڕێی تەگەرە دروستكردن بۆ سەرۆك وەزیران‌ و شكستپێهێنانی لە بەدەمەوەچوونی خواستە گرنگەكانی ئەوان ‌و دروشمەكانی خۆی،  وە لەباربردنی خەونی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی پاك‌ و بێگەرد ‌و دادپەروەرانە، دژ بە ئەو بە كاربێت‌ و بەوەش ببێت بە كاراكتەرێك لە نێو كاراكتەرەكانی تردا، ئەم ئەگەرەش بە دوور نازانرێت چونكە كازمی  ئێستاشی لەگەڵدا بێت لەژێر رەحمەتی  فراكسیۆنە پەرلەمانییەكان ‌و مێلیشیاكانی هێزە كۆن ‌و نەریتی ‌و گەندەڵیەكانی عێراقدایە. لەوپەڕی باشیدا بەشێ‌ لە گەندەڵەكانیان  یان كەمتر گەندەڵەكانی پشتیوانی لێدەكەن. وەك رێكارێك بۆ بەهێزكردنی پێگەی جەماوەری ‌و هەڵبژاردنی خۆیان ‌و وێنا لە خۆ نیشاندانێ‌ كە لە ریزی ئەو هێزە كۆنانە بێنە دەرەوە کە داوای رۆیشتن ‌و گۆڕەپان چۆڵكردنیان لێدەكرێت.

كازمی ڕەنگە نوێنەرایەتی دواهه‌مین هەوڵی شكستخواردووی چاكسازیی و بیناكردنەوەی عێراق بكات

كەواتە ئەگەر لە روویەكەوە كازمی جێی ئومێد بێت، لە ڕویەكی ترەوە رەنگە نوێنەرایەتی  دوایەمین هەوڵی شكستخواردووی چاكسازی و بیناكردنەوەی عێراق بكات، بە حوكمی ئەوەی عێراق تا ڕادەیەكی زۆر قۆناغی چاكسازیی تێپەڕاندووە ‌و بە كردەوەش هەڵوەشاوەتەوە.
ئەوەی ناهێڵێ‌ بە فەرمی هەڵبوەشێتەوە خاوەن بەرژەوەندییە جیهانی ‌و هەرێمایەتیەكانن، چونكە ئەمریكیەكان لەكاتی خۆیدا ‌و لەسەر حسابی كورد هەمان گرەویان لەسەر عەبادی كرد، گەرچی ئەو نەگەیشت بە دەسەڵات، بە بڕوای ئێمە ئەم گرەوكردنەش مەرج نییە ئامانجەكانی بێنێتەدی، چاوپۆشینی كاتی ئێران ‌و بەشێ‌ لە میلیشیاکان و، نامە بۆ ناردنی لە ئێستادا كە هێڵە سوورەكان نەبەزێنێ‌، جگە لەوەی لە پێشەوە باسمان كرد رەنگە بۆ لەباربردنی دوایەمین ئومێدی ئەمریكیەكان بێت بە چاكسازیی لە عێراقدا.
واتە كۆماری ئیسلامی ئێران ‌و هاوپەیمانەكانی شكستی سەرۆك وەزیرانی ئێستا بكەن بە شكستی ئەمریكا ‌و كۆتاییهێنان بە هەوڵەكانی لە پێناو بیناكردنەوەی عێراق لە دەرەوەی هەژموونی ئەوان ‌و لەسەر بناغەیەكی نوێ‌، تاكە شتێكیش لەباریدا بێت ئەم ئەگەرە لاوازەكان ‌و شانسێكی گەورەتر بدات بە كازمی گۆڕانی رژێمە لە تاران.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ