د. ڕێبوار فەتاح
دەسەڵاتی پارتی - یەکێتی لە نێودەچن؛ ئەمە گومانی تێدا نییە، چەندیان لێ ڕزگار دەبێ و کوردستان چۆن جێدێڵن، جارێ دیار نین، بە هیچ جۆرێك چارەسەری توندوتیژ بۆ کێشەی کورد نییە، هەڵبەت بەردەوام بوونی دەسەڵاتی پارتی - یەکێتی لە گەندەڵی و ناڕەوایدا، کوردستان بەرەو ڕووباری خوێن دەبات، کە گومانی تێدا نییە، سەرانی جووتحزب قوربانیی یەکەمین دەبن، ئەوەش کە دۆخەکە زۆرتر دەشێوێنێ ئەوەیە کە جووتحزب هەڵوێستی توندوتیژ لە داوای ڕەوای گەل وەردەگرن، گرتن و کوشتن، هەڵوێستی دروست نین. چارەسەر چییە ؟ کوردستان بەرەو کوێ ؟
دەکرێ دوو سیناریۆ لەبەرچاو بگیرێ..
یەکەم:
هەموو سەرکردایەتی پارتی - یەکێتی - گۆڕان دەستدەکێشنەوە و جارێکی دی خۆیان هەڵنابژێرنەوە، حکومەتی ئەمڕۆ دەبێ بە کاربەڕێکار و کاتێکی گونجاو بۆ هەڵبژاردن دادەنێ، حکومەتی داهاتوو، لە تەکنۆکرات هەڵدەبژێردرێ.
ئەمە سینارۆیەکی زۆر لاوازە، چونكه پارتی - یەکێتی هەموو کوردستان دەکەن بە قوربانیی خۆیان، شەڕی خۆکوژیی و ڕیفڕاندۆمە سەرەڕۆکە گەواهن.
دووەم:
خەڵکی دەرەوەی جووتحزب، ئێستا خۆیان ڕێكدەخەن و سەرکردایەتی ڕاپەڕینی گەل دەگرنە دەست، هەوڵدەدەن بە کەمترین زیان و دەستتێوەردانی دەرەکی کوردستان لەم قەیرانە سیاسی و ئیدارییە ڕزگار بکەن.
ئەمەیان سينارۆیەکی واقعیە، ئەم گروپە کێن؟ لایەنگرانی پارتی، یەکێتی و گۆڕان، گروپێکن، کە ناڕازین یان تۆراون لە حزبیان، کەسانی ئەم گروپە یان وازیان هێناوە لە حزب، یان ئەندامێتی خۆیان هەڵپەساردووە، گروپی دووەم، کە لەگەڵ ئەمان کۆك بن، کەسانی پیشەمەند و ڕوناکبیرانی دەرەوەی حزبەکانن.
ئەم دوو گروپە کۆدەبنەوە، پڕۆگرامێکی چاکسازیی دەنووسن و دەستدەکەن بەکارکردن، سەرەتای کاریان بە دیبەیتێك دەستپێدەکات، کە سیستمی کوردستانی داهاتوو دادەڕێژێ و پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ گەلانی دراوسێ و وڵاتانی دۆستدا بەیان دەکات، ئەمە کارێکی گران نییە.
هیچ لایەنێك بە گەلی ناڕازیی کوردستان خۆشیەوە نایەوێ کەلێنێکی ئیداریی و سیاسیی بکەوێتە هەرێمى كوردستانەوه
ئەمە هەم کوردستان ئارام دەکاتەوە، هەم بەغداد، و وڵاتانی دراوسێ دڵنیا دەکاتەوە، کە بەرژەوەندی هەموو لایەك دەپارێزێ.
ئەم گروپە، سەرباری پێشڕەوەی ڕیفۆڕمی کوردستان، دەستەیەکی ڕاپەڕێنەر دیاری دەکەن؛ کاری پەیوەندیکردن دەبێ بە وڵاتانی دۆستەوە، کە بەرژەوەندیان لە ڕیفۆڕمێکی ئاشتیانەدایە.
ئەم وڵاتانە زۆربەیان کونسوڵیەتیان لە هەولێرە و دەکرێ گفتوگۆیان دەربارەی گۆڕانکاریی لە کوردستاندا لەگەڵ بکرێ، دیارە نیەتی ئاشتیانەی بزوتنەوەکە یان ڕیفۆڕمەکە پێویستە جەختی لەسەر بکرێتەوە، چونکە هیچ لایەنێك بە گەلی کوردستان خۆشیەوە، نایەوێ کەلێنێکی ئیداریی و سیاسیی بکەوێتە هەرێمەکەوە.
دەبێ هەمیشە جەخت لەوە بکرێتەوە، کە کاری پارتی - یەکێتی لە ڕابردوودا، کوردستانی گەیاندووەتە ئەمڕۆی ناجێگیر و بەردەام بەرەو داهاتوویەکی نادیاریشی دەبات؛ بەردەوامبوونیش لەسەر ئەو جۆرە کارە بە هیچ جۆرێك هاوکاری خاسکردنی باری کوردستان نادات.
ناکرێ و نابێ دەرفەت بدرێ هەرێمێك، بەو هەموو دەرامەتە سروشتی و مرۆیەوە، بەمجۆرەی ئەمڕۆی جووتحزب بەڕێوەبچێ، ڕەنگە تەنیا یەك ڕێچارە لە بەردەم گەلدا مابێتەوە، ئەویش ڕووباری خوێنە، تێگەیشتن لەم ڕووبارە، سەخت نییە، مێژووی عێراق گەواهە، ئەمەش خۆی بناغەی کاری بزوتنەوەکە پتەوتر دەکات لە دیدی جیهانەوە.