خاڵە بەھێز و لاوازەکانی گرێبەستەکە چییە ؟

گرێبەستەکەی دەلتا کریسەنت.. پەیوەندیی ئەمریکا و رۆژاڤا لە سەربازییەوە بۆ ئابوریی

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.09.07 07:00 PM
814 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

د.ئارام ڕەفعەت

مایک پۆمپیو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە ٣٠ی تەموزی ٢٠٢٠ دا  لەبەردەم لیژنەی کاروباری دەرەوەی سێناتی ئەمریکادا رایگەیاند کە کۆمپانییایەکی نەوتی ئەمریکی بەرەزامەندی ئیدارەی ئەمریکا گرێبەستێکی نەوتی لەگەڵ ئیدارەی رۆژاڤا واژۆ کردووە. دواتر ئاشکرا بوو کە کۆمپانییاکە ناوی دەلتا کریسەنت ئینەرژییە. 
زانیاری دەربارەی دەلتا کریسەنت:
چیرۆکی دەلتا کریسەنت سەرنج راکێشە. تەمەنی ئەم کۆمپانییایە تەنھا ساڵێک و چەند مانگە، بەڵام ئەم تەمەنە کورتەی چەندان پەیام و ئاماژەی گرنگ ھەڵدەگرێت. 
 دەلتا کریسەنت (لەمەولا ھەر دەنوسم دەلتا) لە ٨ی ٢ی ٢٠١٩ لە ویلایەتی دیلاوەیری ئەمریکا لەلایەن سێ کەسایەتی خانەنشین دامەزراوە، کە ئەمانەن:
1. جیم رییس، کۆڵۆنێڵی خانەنشین لە ھێزەکانی دەلتا
2. جۆن دۆرییەر، بەرێوەبەری خانە نشین لە کۆمپانییای نەوتی گەڵف ساند. ئەم کۆمپانییایە لەساڵی ٢٠١١ گرێبەستێکی نەوتی ھاوشێوەی ئەم گرێبەستە نەوتییە و بۆ ھەمان ھەرێم لەگەڵ رژێمی ئەسەد واژۆ دەکات و بەھۆی بەھاری عەرەبییەوە ھەڵدەوەشێتەوە.
3. جیم کەین، باڵوێزی پێشوی ئەمریکا لە دانیمارک.
🟡 دامەزراندنی دەلتا ھاوکات بوو لەگەڵ سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر بازرگانی نەوت لەگەڵ سوریا.
🟡دوای مانگێک، لە ئاداری ٢٠١٩، دەلتا یاداشتی لێک تێگەییشتنی لەگەڵ رۆژاڤا واژۆ کرد.
🟡 لە نیسانی ٢٠١٩، ئەمریکا دەلتای لەو سزایانە بەخشی کە خراونەتە سەر سوریا.
🟡 لە مانگی تەموزی ٢٠١٩ دەلتا گرێبەستی مەرجدار لەگەڵ رۆژاڤادا واژۆ کرد.

گرێبەستەکە نیوەی نەوتی رۆژاڤا دەگرێتەوە و تایبەتە بە ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای حەسەکە و کێڵگەکانی دێرەزور ناگرێتەوە


🟡 لە دوای گرێبەستەکە سێ خاوەنەکەی دەلتا ھاتنە باشور و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و پارێزگاری دھۆک دیدارییان کرد.
🟡 لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، دوای بڕیاری کشانەوە لە سوریا، ترەمپ رایگەیاند ھێزەکانمان دەمێننەوە و کۆمپانییایەکی نەوتی کار لەسەر نەوتی باکوری سوریا دەکات.
🟡 لە حوزەیرانی ٢٠٢٠ دەلتا رەزامەندی تەواوی لەسەر گرێبەستەکە کردەوە.
🟡 دوای مانگێک ئیدارەی ترەمپ پشتیوانی خۆی بۆ گرێبەستەکە راگەیاند و بەمەش دەستی دەلتای ئاوەڵا کرد تا گرێبەست لەگەڵ ئیدارەی رۆژاڤا واژۆ بکات.
ناوەرۆکی گرێبەستەکە چییە؟
🟡 گرێبەستەکە بۆ ماوەی ٢٥ ساڵە. گرێبەستەکە نیوەی نەوتی رۆژاڤا دەگرێتەوە و تایبەتە بە ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای حەسەکە و کێڵگەکانی دێرەزور ناگرێتەوە.
🟡 دەلتا گەڕان و پشکنین، نۆژەنکردنەوە، بەرھەم ھێنان، و پاڵاوتن و فرۆشتن لەئەستۆ دەگرێت. دوو پاڵاوگەی بچووک بە گوژمەی ١٥٠ ملیۆن دۆلار دادەمەزرێنێت. 
دەربارەی نەوتی رۆژاڤا و باکوری سوریا:
🟡  نزیکەی ٩٠٪ ی نەوتی سوریا لەژێر دەستی ئیدارەی رۆژاڤا دایە. ئەو ناوچەیەی گرێبەستەکە دەگرێتەوە، لەتوانایدایە ٢٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرھەم بێنێت.

گرێبەستەکە ئەمریکا دڵنیا دەکاتەوە کە ئەسەد و ئێران و روسیا دەستیان بە نەوتى رۆژاڤا و باکوری سوریا ناگات و ئەمەش لەگەڵ سزای قەیسەر کە ئەمریکا بەسەر سوریایدا سەپاندووە دێتەوە

🟡  پێش ٢٠١١ ئەم ناوچەیە ٣٨٠ ھەزار بەرمیلی بەرھەم دێنا،  لە ٢٠١٨ تەنھا ٢٥ ھەزار بەرمیل بەرھەم دێنا.
🟡  نەوتێکی قورسە و ژێرخانی کێڵگە و بیرە نەوتییەکان زۆر سەرەتایی و خراپن.
خاڵە لاوازەکانی گرێبەستەکە:
🟡 ئەم کۆمپانییایە نەناسراوە و تازە دامەزراوە.
🟡 کواڵەتی نەوتەکە باش نییە و داھاتی زۆری نییە. جگەلەوە، کێڵگەکان پێویستییان بە نۆژەنکردنەوەی زۆر و ھێلەکانی گواستنەوە پێویستییان بە دروستکردن ھەیە
🟡بێ رەزامەندی تورکیا یان عێڕاق یان سوریا، ناتوانرێت ئەم نەوتە ھەناردە بکرێت.
🟡 میحوەری ئاستانە: روسیا-تورکیا-ئێران بەتوندی دژی وەستاونەتەوە. رژێمی سوریا و ئۆپۆزسیۆنی سوری لەدژی وەستاونەتەوە.
🟡 لەبەر ئەوەی ئیدارەی رۆژاڤا بەفەرمی نەناسراوە، گرێبەستەکانیش نا فەرمی دەبن.

گرێبەستەکە پەیوەندی نیوان ئەمریکا و رۆژاڤا لە پەیوەندییەکی ئەمنی-سەربازییەوە دەگۆڕێت بۆ پەیوەندی ئابووری

🟡 بەردەوامبوونی کاری دەلتا پەیوەستە بەمانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا.  ترەمپ جێگای متمانە نییە، چارەنووسی ترەمپ دیار نییە و نازانرێت بایدنیش ھەڵوێستی چی دەبێت.
🟡 خێڵە عەرەبەکانی ناوچەکە مەیلییان بەلای گەڕانەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی ئەسەد ھەیە و لەو ماوەیەدا چەندان کاری ئاژاوەگێڕییان ئەنجام داوە.
خاڵە بەھێزەکانی گرێبەستەکە:
🟡 سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتییانەی کاریان لەسەر دەکرێت لە پارێزگای حەسەکە دان کە کورد تێیدا زۆرینەن.
🟡 ھەموو پرۆسەی گرێبەستەکە، نۆژەنکردنەوە، دەرھێنان، دۆزینەوەی کڕیار، فرۆشتن و ھەناردەکردن لە ئۆدەی دەلتا دایە. دەلتا ماوەی ساڵێک کاری لەسەر ئەم پرسە کردووە و بەرپرسانی باشور و توکیای دیوە و پێ دەچێت ساڵێک دواکەوتن بەھۆی تەئمین کردنی ئەم پرۆسەیە بووبێت. 
🟡گرێبەستەکە پەیوەندی نیوان ئەمریکا و رۆژاڤا لە پەیوەندییەکی ئەمنی-سەربازییەوە دەگۆڕێت بۆ پەیوەندی ئابووری. ئەمەش بوار بۆ مانەوەی زیاتری ئەمریکا دەرەخسێنێت.
🟡گرێبەستەکە لەئەساسدا بۆ قازانجی دارایی ئەمریکا و ئەو کۆمپانییایە نییە ھێندەی بۆ پابەندکردنی ئەمریکایە بە مانەوە لە رۆژاڤا. نەوتەکە ھەم خەرجی ھێزەکانی سوریای دیموکرات دابین دەکات و ئەرکی دارایی ئەم ھێزانە لەکۆڵ ئەمریکا دەکاتەوە و ھەم پاساوێکیش دەداتە ترەمپ تا بە دەنگدەرانی بڵێت ئێمە بۆ نەوت لە سوریا دەمێنینەوە.
🟡گرێبەستەکە ئەمریکا دڵنیا دەکاتەوە کە ئەسەد و ئێران و روسیا دەستیان بەو نەوتە راناگات و ئەمەش لەگەڵ سزای قەیسەر، کە ئەمریکا بەسەر سوریایدا سەپاندووە دێتەوە.
🟡 ئیدارەی رۆژاڤا ئیدارەیەکی سەرکەوتووی شەفاف و ناگەندەڵ و کارایە. لەداھاتوویەکی نزیکدا ئەو داھاتە بۆ بەرژەوەندی و گەشە پێدانی رۆژاڤا سودی لێ وەردەگرێت و پرۆژەی خۆسەری ئابووری بەھێز دەکات.
🟡 ھەرچەندە رێژەیەکی کەمی نەوتی جیھان پێک دێنێت، بەڵام، رۆژاڤا دەخاتە سەر نەخشەی وزەی جیھانی.
🟡 بەخشین یان ئیستیسناکردنی دەلتا لە سزاکانی سەر سوریا لە ھەمان کاتدا بەمانای بەخشین و ئسیسنا کردنی ئیدارەی رۆژاڤایە لەو سزایانە.کە ئەمە پێچەوانەی ئەزموونی باشورە لەکاتی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر عێڕاق دوای داگیرکردنی کوێت.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ