مامۆستای زانكۆ
دكتۆرا له مێژووی هاوچهرخ
پسپۆری پهیوهندییهكانی كورد ـ توركیا
سەرەتا و سروشتی پەیوەندیەکانی تورکیا و ئیسرائیل
کاتێک دەوڵەتی ئیسرائیل لە(١٥/٥/١٩٤٨) دامەزرا، تورکیا وەک دەوڵەتێکی زۆرینە مسوڵمان لە(٢٨/٣/١٩٤٩) بەفەرمی دانی پێداناو لەسەر زاری وەزیری دەرەوەی ئەوکات، کە ( نەجمەدین ێداق ) بوو، رایگەیاند:"دەوڵەتی ئیسرائیل راستییەکی واقیعییە". لەساڵی(١٩٥٠) یشەوە پێوەندیی ئابوورییو دیپلۆماسیی لەگەڵدا بەست.
دەستپێکردنی پەیوەندی تورکیاو ئیسرائیل بەکۆبوونەوەیەکی نھێنی نێوان (بن گۆریۆنو عەدنان مەندەرێس) لەساڵی ١٩٥٨ دەستیپێکرد، ئەگەرچی دوای لەسێدارەنی مەندەرێس دوورکەوتنەوەیەک روویدا، بەڵام جارێکی ترو لەساڵی ١٩٦٤ چاوپێکەوتن لەنێوان عیسمەت ئینونو(١٩٣٨- ١٩٥٠)و (لیفی ئەشکوڵ) لەپاریس ئەنجامدرا بۆ زیندووکردنەوەی رێکەوتننامە نھێنییەکە.
ھەروەھا لەساڵانی حەفتاکانیشدا تاڕادەیەک وەک پێویست نەبوو پێوەندییەکانی تورکیاو ئیسرائیل بەھۆی سەرھەڵدانی قەیرانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتو ھەوڵی تورکیا بۆ نزیکبوونەوە لەوڵاتانی عەرەبی خاوەن نەوت لەکەنداو، بەڵام تورکیا ئەو پێوەندییەی نەپچڕاند. لەسەرەتای ھەشتاکانو بەتایبەت دوای کودەتای(١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠)، لەفەرمانگە سیاسییو دیپلۆماسییەکانی تورکیادا، مەسەلەی باسکردن لەدروستکردنەوەی پێوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل بابەتێکی گەرمو قسە لەسەر کراو بوو، بەشێوەیەک لەم نێوەندەدا دوو ئاراستە لەمەڕ ئەو پێوەندییەو سیاسەتی دەوڵەت لەئارادا بوو:
ئاراستەی یەکەم- لەگەڵ پەرەپێدانی ھاریکاریی بوو.
ئاراستەی دووەم- لەگەڵ پچڕاندنی پێوەندیی بوو، یان لانیکەم فشارخستنە سەر دەوڵەت بۆکەمکردنەوەی بۆئاستێکی نزم. بەڵام دواجار بیروڕای ئاراستەی یەکەم کاری پێکراو تاکۆتایی نەوەدەکانیش مایەوەو بەردەوامبوو، بەڵام بەدرێژایی ئەو ماوەیە ئەو پێوەندییە لەژێر کاریگەریی رووداوو پێشھاتە نێودەوڵەتییو ھەرێمییەکاندا گەرمییو ساردیی بەخۆوە بینیوە، بەڵام لەکۆتاییدا بەھاوپەیمانێتییەکی ستراتیژیی کۆتاییھات.
ئەگەرچی دوای کۆدەتای ١٢ ی ئەیلوولی ١٩٨٠ بیروبۆچوون زیاتر لەگەڵ بەھێزکردنەوەی پێوەندییەکان بوو، بەڵام تاساڵانی نەوەدەکان تورکیا بەدڕدۆنگییو ئاگاھییەوە مامەڵەی لەگەڵ ئیسرائیلدا دەکرد، تاوەکو ھاتنەئارای کۆبوونەوەکانی تایبەت بەپرسی پرۆسەی ئاشتیی عەرەب- ئیسرائیل، بەتایبەت:
- کۆبوونەوەی مەدرید لە(تشرینی دووەمی ١٩٩١).
- رێکەوتننامەی ئۆسلۆ لەرۆژی(١٣/٩/١٩٩٣).
- رێکەوتننامەی (وادی عربە) لەرۆژی(٢٤/١٠/١٩٩٤).
جگەلەوەی پێشتریش ھەندێک شت رویاندا بوو، کە لەگەڵ ئەو ھۆکارانەی سەرەوە دڕدۆنگی تورکیای نەھێشت، وەک سەردانی یاسر عەرەفاتی سەرۆکی بەرەی رزگاریخوازیی فەلەستین بۆمیسر لەکانوونی دووەمی ١٩٨٣و باسکردنو بەڕەوا زانینی دامەزراندنی پێوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل. ھەروەھا ھاتنەئارای کەمو کوڕیی پلەبەپلە لەپێوەندییە ئابوورییە قازان بەخشەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی عەرەب، بەتایبەت نزمبوونەوەی نرخی نەوت، بۆیە لەم چوارچێوەیەداو لەساڵی(١٩٨٦) شەوە پێوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل زیندووکردەوە لەگەڵ رێکەوتنی ئاسایشییو سیخوڕییو زانیاریی. ھەروەھا ھەر لەو ساڵەدا ئیمزایان لەسەر بەرنامەیەکی ھاریکاریی نھێنی نێوانیان کرد دەربارەی پەرەپێدانی فڕۆکەی تورکیی لەجۆری ( ئێف- ٤ ) بەبڕی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار. لەحوزەیرانی(١٩٩٢) عەبدولقادر ئاچی وەزیری گەشتیاریی تورکیا، یەکەم گەشتیی دەرەوەی بۆئیسرائیل ئەنجامدا، دوای ٢٧ ساڵ، لەوێ رێکەوتننامەیەکی ھاریکاریی گەشتیاریی لەنێوان ھەردوولا ئیمزاکرد.
دواتر لەنێوەڕاستی تەمموزی ١٩٩٢ سەرۆکی ئیسرائیل (حاییم ھرتزوگ) سەردانی تورکیای کردو لەرۆژانی ( ٨-١١ ی ئابی ١٩٩٣) فەرماندەی چەکی ھەوایی ئیسرائیلیش سەردانێکی نھێنی تورکیای کرد( دوای رۆژێک لەکۆتاییھاتنی سەردانەکە ئاشکرا بوو)، لەمیانەیدا چاوی بەوەزیری بەرگرییو سوپا سالاری تورکیا (دوگان گۆریش) لەگەڵ خاوەنی داوەتنامەکەو فەرماندەی چەکی ھەوایی تورکیا (خالس بورھان) کەوت.
ھەروەھا لەرۆژی (١٤/١١/١٩٩٣)یشدا (حیکمەت چەتین)ی وەزیری دەرەوە سەردانی ئیسرائیلی کردو رێکەوتننامەیەکی تری لەبواری سیاسییو ئابوورییو ھاوکاریی فێرکردن ئیمزاکرد. بایەخی ئەم سەردانە لەوەدابوو، سەردەمێکی نوێ لەپێوەندییەکانی ھەردوو وڵات دەستیپێکرد. ھەروەھا رۆژی ( ٣ ی تشرینی دووەمی ١٩٩٤ )و لەکاتی سەردانی تانسۆ چیللەری سەرۆک وەزیران لەسەر ئاستی بواری ئاسایشیی نێوان ھەردوو وتووێژ کراو رێکەوتننامەیەک ئیمزا کرا، کە لە( ١٢ ) مادە پێکھاتبوو تایبەت بەھاریکاریی ئاڵوگۆڕی زانیاریی بۆ لەنێوبردنی تیرۆر، تێیدا ھاتبوو:
١. لەنێوبردنی بەقاچاخ بردنی مادی ھۆشبەر لەخاکی ھەردوو وڵات.
٢. ئاڵوگۆڕی زانیارییو گرتنەبەری رێو شوێن بۆ پاراستنی ھاوڵاتیان دژی کردەوەی تیرۆریستیی.
٣. ئاڵوگۆڕی شارەزایی راھێنانیی لەسەر ئامرازەکانی لەنێوبردنی تاوان.
لێرەوە پێوەندییەکان پێیاننایە قۆناغێکی نوێوە، بەشێوەیەک بەرەو بەستنی رێکەوتننامەی سیاسییو بازرگانییو سەربازیی ھەنگاوی نا، تاڕادەی ھاتنەئارای ھاوپەیمانێتیی سیاسییو سەربازیی لەنێوانیانداو بەگوێرەی وتەی (ئیسحاق رابین)ی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ئیسرائلی دەسپێکردنی کرداریی رێکەوتنە ئاسایشییو سەربازییەکانی نێوان تورکیاو وڵاتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩٩٤ و ١٩٩٥ لەمیانەی وتوێژەکانی نێوانیان، کە نێوبراو پێشنیازی بەستنی بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا کردووە، بۆیە دواترو راستەوخۆ بەم شێوەیەی لای خوارەوە بەکرداریی دەستیپێکرد:
- رۆژی(٢٣/٢/١٩٩٦) لەکاتی سەردانیی جێگریی سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا(جوبق بر) بۆئیسرائیل، رێکەوتننامەیەکی ھاریکاریی سەربازیی ئیمزاکرد، کەتاڕادەیەک وردەکارییەکەی بەنھێنیی مایەوە.
- رۆژی(٢٨/٨/١٩٩٦) رێکەوتننامەی دووەمی سەربازیی تایبەت بەپرۆژەی نوێکردنەوەی فڕۆکەی فانتۆمی تورکی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئیمزاکرا.
- لەرۆژی(١/١٢/١٩٩٦) رێکەوتننامەی سێیەمی تایبەت بەھەمان پرۆژەو راھێنانو مانۆڕی سەربازیی ھاوبەش ئیمزاکرا.
- لەرۆژی(٨/٤/١٩٩٧) رێکەوتننامەی چوارەمی تایبەت بەخەمڵاندنی مەترسییەکان ئیمزاکرا.
بەگوێَرەی رێکەوتننامەی ھاریکاریی سەربازیی نێوانیان ھەردوولا رێکەوتن لەسەر:
١. ئیسرائیل ٥٦ فڕۆکەی ( ئێف- ٤ )ی تورکیی بەبڕی ٦٠٠ ملیۆن دۆلار نوێ دەکاتەوە.
٢. ئیسرائیل ٤٨ فڕۆکەی ( ئێف- ١٦ )ی تورکیا بەبڕی ١١٠ ملیۆن دۆلار ئەنکەرە نوێ دەکاتەوە.
٣. ئەنکەرە بواری ئاسمانیو بنکە سەربازییەکانی بۆ راھێنانی فڕۆکە ئیسرائیلییەکان دەکاتەوە.
٤. دەزگای سیخوڕیی ئیسرائیلیی زانیاریی وردو درشت پێشکەشی دەزگای سیخوڕی تورکیی دەکات، وردەکاریی جموجولەسەربازییەکانی سوریاو ئێرانو عێراقو، چالاکی ( پارتی کرێکارانی کوردستان PKK ) ی تورکیی لەنێوچەکەدا لەخۆدەگرێت.
٥. ئیسرائیل ھەڵدەستێت بەھاوکاریکردنی فڕۆکەی (ئێف- ٤) بەموشەکی ( بوبای) ی ئیسرائیلی، بۆلێدانی موشەکە رووسییەکان، کە بەقوبروسییە یۆنانییەکانی دەفرۆشێت.
٦. دروستکردنی تانکی(میرکافا)و موشەکی(بوبای)ی ئیسرائلیی بەتورکیا.
٧. ئیسرائیل ھەڵدەستێت بەنوێکردنەوەی تانکی ( ئێم- ٦٠) ی تورکیی.
٨. ئیسرائیل ھەڵدەستێت بەفرۆشتنی رادارو کەرەستەی گوێ ھەڵخستنی ھەستیار بۆ تورکیا بۆ بەکارھێنانی لەسەر سنوورەکان لەگەڵ عێراق، بۆ چاودێریکردنی جموجوڵی چەکدارانی ( پارتی کرێکارانی کوردستان).
٩. ئەنکەرە بیر لەکڕینی فڕۆکەی سیخوڕیکردنی بێفڕواکەوان لەئیسرائیل دەکاتەوە.
١٠. ھاریکاریی لەبواری تەکنەلۆژیی ئاسمانیی، بۆ ھەڵدانی مانگی دەستکردی سەربازیی ھاوبەش، کەکارئاسانی دەکات لەگرێدانی فەرماندەیەتی ئەرکانی تورکیی بەفەرماندەیەتی ئەرکانی ئیسرائیلی راستەوخۆ، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەر بەرەو پێشچوونێکی کتوپڕ لەنێوچەکەدا.
١١. ھەردوولا رێکەوتن لەسەر ئەنجامدانی مانۆڕی ئاوییو ھەواییو وشکانیی ھاوبەش بەشێوەی خولیی.
ماوەی نێوان ( ١٩٩٩- ٢٠٠١ ) پێوەندییەکانی ئیسرائیلو تورکیا چوونە دۆخێکی پێشکەوتووەوە، لەرووی چۆنێتی پێوەندییەکانەوە، چونکە ئیسرائیل لەبواری دروستکردنی مانگی دەستکردی جۆری ئاسۆیی، بەبڕی ٢٧٤ ملیۆن دۆلار لەسەر حسابی تورکیا سودی بینی، تەنھا لەبەرئەوەی تورکیا بەھرەمەند بێت لەبواری ھەواڵگریی وێنەییدا. لەپاش رووداوی یازدەی سێپتەمبەری ٢٠٠١، چەند رێککەوتنێکی نوێ لەنێوان تورکیاو ئیسرائیل لەبواری پرۆژەی پیشەسازیی ھاوبەش واژۆکرا، کە خۆیان لەبەرھەمھێنانی موشەکی دلینە بالستیەو نوێکردنەوەی فڕۆکە ئێف پێنجەکانی تورکیاو ٢٠٠٠ تانکدا دەبینییەوە بۆ تورکیا. پاشتریش بەچوونە سەرکاری پارتی دادو گەشەپێدان لەتورکیا، کە ھەڵگری ئایدیۆلۆژیایەکی ئیسلامیی بوو، لە٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٠٢ توانی %٣٤ دەنگەکانو ٣٦٥ کورسی پەرلەمان مسۆگەر بکاتو توانی بۆ ھەوەڵجار ببێتە فەرمانبەرداری وڵات.