بۆچی ھەڵەبجە و گەرمیانی بۆ زیاد کرا ؟

بیرۆکەی میللیگەرای بە ھەرێمکردن.. تەبلیغاتی شێر بۆ ڕاوکردنی ئاسک

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.09.08 10:31 PM
991 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

ئاسۆ عەبدوللەتیف
لە ڕاستیدا بیرۆکە و پڕۆژەی بە ھەرێمکردن پێش ھەرشت پڕۆژەی سێنتراڵکردنی شارە بە مانا تەقلیدیەکەی و پەراوێزخستنی دووبارەی شارە کەناردەستەکانە، ئەم پڕۆژە چەند بەھێزیش بێت ھێندە کەمخوێنە کە توانای ئەوەی نییە لەسەرپێی خۆی بوەستێ بە حوکمی کۆمەڵێک فاکتەری ناوخۆیی کوردستانی و عێراقی.
پێشتر پڕۆژە نەبوو خەونێک بوو بۆ لامەرکەزیەتی سلێمانی، بۆ شەرعیەتدان بە پرسەکە لە ڕوی زمانەوانیی و داڕشتنی میدیاییەوە ھەڵەبجە و گەرمیانی بۆ زیادکرا، پرسی لامەرکەزیی وەک کارتێکی فشار سوتا و ئێستا بۆتە داواکاری و پڕۆجێکتی ھەرێمی سلێمانی، ئەم کۆنسێپتەش خۆی لە بنەڕەتدا داوایەکی بەرتەسک و شارچی و ئاغاوات و میللیگەرای کۆنە لە بەرگی وشەی مۆدێرنی کەمپەین و ئیمزاو یاسادا، وەک ئەوەی گرفتی ئێمەی کورد لە باشور، زاراوە و سیاقی وشەو زمانەوانی قەبە بێت.
دیارە ئەوانەی ھەڵگری ئەم ھەڵمەتە میدیاییەن ھێشتا دەرک و ئاوەزیان ناگاتە ئەو باوەڕەی کە سیستمی حوکمرانی ھەرێم و پڕۆژە سیاسیەکانی ناویشی، بە یاسا و پڕۆژە بڕیارەکانی پەرلەمانیشەوە بەبێ تەوافوقاتی سیاسی و ڕێککەوتن ئاسان تێناپەڕێ و قۆرخە بۆ یەکێتی و پارتی بەپێی زۆرینەی ڕەھا و ھێز و پاوەری شۆڕشگێڕی، ئیتر ئەوە فاکتێکی زانراوە، ئیتر پرۆژەیەکی وا لە بازاڕگەرمی و مارکێتینگ بۆ مەبەستی دیکە زیاتر ھیچیتر نییە و تەبلیغاتی شێرە بۆ ڕاوکردنی ئاسک.

لامەرکەزیی وەک کارتێکی فشار سوتا و ئێستا بۆتە داواکاری و پڕۆجێکتی ھەرێمی سلێمانی

کاتێک ئەم گروپە باسی ھەرێمی سلێمانی دەکەن دەبێ ئەو دەرک و تێگەشتنە سیاس و ھۆشیارییە گشتیەیان ھەبێت کە ھێشتا ئەو عێراقە فاشیست و شۆڤێنیزمە مەزھەبییە دانی ڕەوای نەناوە بە فیدڕاڵیەتی ھەرێمی کوردستان خۆیدا بەو ھەموو پایە و پاسارەوە، ئیتر چۆن ڕێگە بە ھەرێمێکیتری بچوک دەدات، لەکاتێکدا ھەرێمی بەسرە و ناوەراستی عێراق چەندین ساڵە ئەم دەھۆڵە دەکوتن و بێوەڵام ماونەتەوە و تابێت ئاوی خواردنەوەکەشیان سوێرتر دەبێت.
 ئەو سیناریۆیە دەرھاوێشتە و ململانێیەکی حیزبییە و قوڵایی ستراتیجی و سیاسی نییە، لە لایەکی تر حەق نییە ڕێگە بدرێت سەنگی سیمبولیکیانەی گەرمیانی ئەنفالکراو یان ھەڵەبجەی ڕەمزی قوربانیان بەکاربھێنرێت بۆ ئەم پرسە، ھەڵەبجە چیتر کەرەستەی تاقیگایی نییە بۆ پڕۆژەی شکستخواردووی ئەم گروپ و ئەو حیزب، باش دەزانن ھەڵەبجە چەند ساڵە گیرۆدەی ئەو گەمە و نازناوە میللیگەرا بێتامانەیەو تا دێت بچوکی دەکەنەوە و بەئاستەمیش بۆنی پارێزگای لێنایەت و بەھەر ھۆیەک بێت ناھێڵن پارێزگا بێت لە ڕوی کەینونەی جوگرافی و ئیدارییەوە، دەی ئەو بەھەرێمکردنەش دۆخەکەی ھەڵەبجە خراپتر دەکات و ئەو برادەرانەش باش لەمە تێدەگەن.

ڕقی سیستماتیک لە پشت ھەر پرۆژەیەکەوە بێت دەیکاتە پرۆژەیەکی سادەی نزم

ئەم گروپە دێن سلێمانی دەکەن بە ھەرێمێکی بچوک و دیارە خەیاڵیان بۆ بە سویسراکردنی سلێمانی چوە، پیرۆزە سلێمانی چۆن جوان و زەخرەفە دەکەن، بەڵام بێئاگا لەوەی پرۆژەی فیدراڵیزەکردنی سیاسی کانتۆنات و پارێزگاکان بە بیرو جیھانبینی سیاسی قوڵ و ماستەر پلان و  زەخیرەی گەورە و کەلتوریی و لێبوردەیی و بەرنامەی درێژخایەن و توێژینەوەی زانستی دەکرێت و کردەیەکی ئاسۆیی نییە بە تەنھا و بە میدیایەک و پرێس کۆنفرانس و ڕقلێبونەوە لە بنەماڵە و ھێزێکی دیاریکراو ناچێتە سەر، چونکە ڕقی سیستماتیک لە پشت ھەر پرۆژەیەکەوە بێت دەیکاتە پرۆژەیەکی سادەی نزم و ڕەشۆک و نزم و شار لە مانا زانستیەکەی دوور دەخاتەوە.
پاشان ھێشتا بەشێک لەو کادرە دەستڕۆشتوە ئیدارییە بیرۆکراسیانەی سلێمانی ڕێگە نادەن بەڕێوەبەرایەتییە گەورەکان بدەنەوە دەست ھەڵەبجە، تا لەسەرپێی خۆی بوەستێت، ھێشتا خەون بەو ڕوانگە کلاسیکییە سێنتراڵەوە دەبینن کە ئیمارەتی بابانی لەسەر دروست بوە و دەشیانەوێت بەشێک لە جاف و گۆران و ئیمارەتی شارەزوریش بخەنە سەر ئەو پرۆژەیە، ئەم تایپە دواجار بە چارەسەری موچە و بە جێبەجێکردنی باشترین بەرزەپردو تونێل و بەرزکردنەوەی نرخی شوقە و زەویەکانی تەنھا بۆ سێنتەری سلێمانی کۆتایی دێت و شارەکانی تریش سفر بەدەست، ئاخر یانی چی نرخی یەک شوقە لە سلێمانی بگەیەننە ئاستی نرخی ماڵە مێژوییەکەی پاشا و عادیلەخانم و وەسمان پاشای جاف، ھێشتا پرۆژەیەکی جوتساید بۆ ھەڵەبجە بە شایان نازانن، خەستەخانەکانیش لە ھەڵەبجە دەبێت دوکتۆر و ئەمبوڵانسی سلیمانی ھەبێت، ئەرێ ھەر بە ھێواشی پرسیوتانە کوا نەفەق و خەستەخانە و بەرزەپردیی ھەڵەبجە و گەرمیان، کوا ئەو مەرزە نێودەوڵەتیەی ھەڵەبجە سازان کە بڕیار بوو بیکەنەوە، چۆن ئەم ھەرێمە تازەیەتان پەیوەست نەکردوە بە مەرجی دەروازەیەکی نێودەوڵەتی بۆ ھەڵەبجە، ھێشتا ھەر ئێوە شاری پێنجوێنیش ناخەنە سەر پارێزگای ھەڵەبجە چۆن ڕوانگەی کەلتوریی ھەرێم و فراوانخوازیتان پێشدەخەن؟

ھێشتا ھەڵەبجە بۆنی پارێزگای لێنایەت

ھەڵەبجە ھیچ پێویستی بە ھەرێمێک نییە کە توانستی پاراستنی ژینگە و درەختەکانی نەبێت و ساڵ نییە ئاگری تێبەرنەدرێت بەبێ ھۆکار، ئەم دروشمی بە ھەرێمکردنە تەنانەت لە ڕوی یاساییشەوە مستەوای ئارگیومێنتێکی جددی نییە، پەتای پێش ھەڵبژاردنە بۆ کۆمەڵێک فشاری حیزبی و پراگماتی، بۆیە ھەڵەبجە کە ھێشتا لە ناو فەزای ئیداری و ئورستۆکراتی شاری سلێمانیدایە، سلێمانیش بە ئارەزووی خۆی بچوکی دەکاتەوە تا ئاستی لێکردنەوەی دەشتی شارەزوریش لە جوگرافیاکەی.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ