ڕوسه‌كان ئه‌مجاره‌ش سه‌ودا به‌ كورده‌وه‌ ده‌كه‌ن ؟

ڕوسیا.. ده‌ستپێكردنى یارییەكی نوێ لە سوریا

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر 2020.09.09 03:02 PM
1178 جار خوێندراوەتەوە

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس

به‌شی دووه‌م
لە گەرمەی گۆڕانی ناوچەكە و جموجۆڵی ئەوروپا بۆ رێگریكردن لە زێدەڕۆیی توركیا، روسیاش جموجۆڵی نوێی دەستپێكردووە. بۆ ئەم مەبەستە بڕیارە لەم چەند رۆژە سێرگیێ لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بگاتە دیمەشق.
ئەو جموجۆڵەی روسیا دوو هۆكاری سەرەكی لەپشتە، یەكەمیان پەیوەندی بەو گرێبەستە نەوتیەوە هەیە كە كۆمپانیایەكی ئەمریكی بە ئاگاداریی ئیدارەی ئەمریكا له‌ رۆژاڤا ئه‌نجامی داوه‌، دوومیشیان پەیوەندی بەو گوشارانەی ئەوروپا و ئەمریكاوە هەیە لەسەر توركیا.
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوو مۆسكۆ چەند جموجۆڵێكی نوێی لە سوریا دەستپێكردووە پێدەچێت دەرهاویشتەی دۆخی نوێی ناوچەكە و ناوخۆی سوریا بێت. لەم ماوەیەدا لەژێر چاودێری روسیا هەریەكە لە ئەنجومەنی سوریای دیموكرات و حزبی ئیرادەی گەل رێككەوتنێكیان كرد، ئەو حزبە بەسەرۆكایەتی قەدری جەمیل-ە كوردێكی لەدایكبووی درباسیەیە و بەئۆپۆزسیۆنی ناوخۆ ناودەبرێن. ئەو حزبە لەژێر ركێفی روسیادایە و كۆنە شیوعییەكانی سوریا لەخۆدەگرێت.
هەر لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو سێرگیێ لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی روسیا بە ڕەسمی پێشوازیی لە وەفدێكی رێڤەبەری خۆسەر و ئەنجومەنی سوریای دیموكرات كرد و لە میدیاكان بڵاوكرایەوە، لەپاڵ ئەو پێشوازیەدا وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند پێویستە پەیەدە بەشداری پێبكرێت لە دانوستانەكانی پرۆسەی چارەسەری سوریا كە لە لایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە سەرپەرشتیی دەكرێت! ئەم لێدوانە یەكەمجارە لە لایەن روسیاوە بدرێت و بەدڵنیاییەوە كاردانەوە لە لایەن توركیا و سوریا و تەنانەت لەوانەیە ئەمریكاش دروستبكات.
روسیا بەم هەنگاوانەی ئێستا دەیەوێت چەند ئامانجێك بپێكێت، دەیەوێت لەیەككاتدا فشار لەسەر توركیا و دیمەشق و ئەمریكادا دروستبكات، ئەم یارییە نوێیە هاوكێشە تەقلیدییەكەی ناوچەكە دەخاتە بەردەم واقعێكی نوێ‌.

یارییە نوێیەكه‌ی روسیا هاوكێشە تەقلیدییەكەی ناوچەكە دەخاتە بەردەم واقعێكی نوێ‌

لەگەڵ هەر لێدوانێكی پشتیوانیی روسیا لە كورد، گومان دەكرێت روسیا پیلانێكی دیكەی كڕین و فرۆشتنی كوردی لە سوریا بەدەستەوە بێت، هەروەك لە رابردوو كردویەتی و لەگەڵ هەر لێدوانێكدا دواتر كەوتۆتە گفتوگۆ لەگەڵ توركیا بۆ گۆڕینەوەی دۆز و خاكی كورد بەرامبەر دەستكەوتی سیاسی و ئابوریی. ئەمجارەش بەدوور نازانرێت هەمان سیناریۆكانی رابردوو دووبارە ببێتەوە.
روسەكان بۆ ئەمجارە دەیانەوێ‌ كارتی كورد بە شێوەیەكی دیكە بجوڵێنن، ئەو رێككەوتنەی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات و لێدوانی وەزارەتی دەرەوەی روسیا، ئەمریكییەكان لە سوریا دەخاتە بەردەم واقعێكی نوێ‌ كە پێویستە ئەوانیش هەمان پشتیوانیی كورد بكەن، لە كاتێكدا ئەمریكا پلان و تێگەیشتنی لە بارەی كورد لە سوریا روون نییە و لەبەر توركیا نایانەوێ‌ لە ئێستا قسەیەك بكەن.

لەگەڵ هەر لێدوانێكی پشتیوانیی روسیا لە كورد گومان دەكرێت روسیا پیلانێكی دیكەی كڕین و فرۆشتنی كوردی لە سوریا بەدەستەوە بێت

ئەگەر ئەمریكا هەمان هەڵوێستی روسیا دەرببڕێت ئەوا روبەرووی بەرژەوەندییەكانیان دەبنەوە لەگەڵ توركیا، ئەمەش بۆ ئەمریكا دژو ناكۆك دەبێت كە لەیەككاتدا دۆستی توركیا بن و هاوكات پشتیوانی پەیەدە بكات ببێتە بەشێك لە چارەسەری ئایندەی سوریا! هاوكات ئەو پشتیوانییە لە پەیەدە، فشارێكی راستەوخۆش دەبێت لەسەر توركیا كە پێشتر هەموو هەوڵێكی ئەوەبووە گرنگی بەپەیەدە نەدرێت و دووربخرێتەوە لە گفتوگۆی پرسی چارەسەری سوریا.
هەروەك ئەو رێككەوتنەی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات و حزبی ئیرادەی گەل، فشارێك دەبێت لەسەر رژێمی سوریا بە ئاراستەی دەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ پەیەدە یان هێزەكانی سوریای دیموكرات، چونكە ئەو رێككەوتنە ئاماژەیەك دەبێت بۆ رژێمی سوریا كە روسیا بەدیلی هەیە بۆ ئایندەی دیمەشق جگە لە حزبی بەعس! ئەگەر گفتوگۆی نێوان هەردولا دەستپێبكات، ئەوا بەدڵنیاییەوە جێی نیگەرانی و فشار دەبێت لە لایەك لەسەر ئەمریكا لە لایەكی دیكە لەسەر توركیا.

روسیا: پێویستە پەیەدە بەشداریی پێبكرێت لە دانوستانەكانی پرۆسەی چارەسەری سوریا


ئەوەی پەیوەندی بە توركیاوە هەیە ترسێك دروست دەبێت كە رژێمی سوریا رێككەوتن لەگەڵ كورد دا بكات و بەشێك لە مافەكانیان پێبدات، ئەمەش زۆر كاریگەری دەبێت لەسەر ناوخۆی توركیا و پرسی كورد لە ناوچەكە، كە توركیا بەتەواوی دژە.
ئەوەی پەیوەندی بەئەمریكاشەوە هەیە، ئەمریكییەكان نایانەوێ‌ گفتوگۆیەك لە نێوان كورد و رژێمی دیمەشق بكرێت بەسەرپەرشتی روسیا و بەبێ‌ ئاگاداری ئەمریكا، هەروەك پێشتر دووجار هەوڵی گفتوگۆ دراوە بەڵام ئەمریكییەكان نیگەرانی خۆیان لەو گفتوگۆیانە نەشاردۆتەوە. پێیانوایە بەری رۆژهەڵاتی فورات ناوچەی نفوزی ئەوانە و ئەوانیش دەیپارێزن بۆیە ناكرێت گفتوگۆ لەسەر ئایندەی سوریا و ناوچەكە بكرێت بەبێ‌ ئاگاداری ئەوان. 
خولاسەی كەلام پێدەچێت لەگەڵ گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوەكانی ناوچەكە، روسەكانیش بیانەوێ‌ دەستكەوتێكیان دەستكەوێت و تەكانێكیش بەدۆخی ناوچەكە بدەن. لەو نێوانەدا توركیا ناچار بەسازشكردن بكەن بۆ دەستكەوتی سیاسی و ئابوریی زیاتر. هاوكات ناچاركردنی زیاتری توركیا بۆ نزیك بونەوە لە روسیاو دوركەوتنەوە لە ئەمریكا، نەخاسمە ئەمریكا پشتیوانی لە هەڵوێستی فەرەنسا دەكات بۆ گێڕانەوەی سەروەریی بۆ وڵاتانی ناوچەكە سنوردانان بۆ زێدەڕۆییەكانی توركیا لە ناوچەكە، كە لەچوارچێوەی فشاری ئەوروپا بۆ سەر توركیا دەستی پێكردووە بەهۆی زێدەڕۆیی و داگیركارییەكانی لە عێراق و سنوری ئاوی یۆنان و قوبرس.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ