د.ئارام ڕهفعهت
ریفراندۆم بە کارەسات تەواو بوو. سەرانی ریفراندۆم بەرپرسی سەرەکی ئەو کارەساتەن، بەڵام هەموو تاوانی ئەم کارەساتە ناکەوێتە ئەستۆی ئەوان، هەموو ئەو هێز و لایەن و کەسایەتییانەش بەرپرسییارێتییان دەکەوێتە ئەستۆ کە ئامادەیی ئەوەیان تێدا نەبوو لە نێوان بەرەی رەیفراندۆم و بەرەی "نەخێر" ئەلتەرناتیڤ یان هێڵی سێیەم هەڵبژێرن.
بەندە، یەکێک بووم لەو تاک و تەرا نوسەرانەی کە لە نێوان هەردوو بەرە کارەساتئامێزەکەدا کۆششێکی زۆرم کرد بۆ دروستبوونی هێڵی سێیەم. بۆ ئەو مەبەستە هانام بۆ هەریەک لە گۆڕان و پەکەکە برد. بەڵام هیچ کام لەم دوو بەرەیە نەهاتنە مەیدان و پاسیڤ و پاشکۆ مانەوە.
سەرەنجام دونیای ئێمە بەسەر هەردوو بەرە کارەساتئامێزەکەی ڕیفراندۆم و نەخێرچییەکاندا دابەش بوو.
پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە بۆچی هێڵی سێیەم دروست نەبوو؟
وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نییە و زیاتر توێژینەوەیەکی فراوان دەرەقەتی ئەم پرسیارە دێت. بەڵام لێرەدا دەکرێت چەند سەر چیخێکی خێرا بخرێتە روو:
یەکەم:
نەبوونی هێزێکی نیشتیمانی، کە سەربەخۆیی، وەک دوا ستراتیژ و دوا ئامانجی خۆی تەبەننی کردبێت و بەشێکی ئینێرژی و کار و خەباتی بۆ ئەو ئامانجە ستراتیژییە کەناڵیزە بکات.
دووەم:
زاڵبوونی هەردوو بەرەی ریفراندۆم و نەخێر، هەردوو لایەن دەزگای میدیایی و حیزبی و مرۆیی گەورەیان بۆ قۆرخکردنی فەزای گشتی کوردستان خستبووە گەڕ.
سێیەم:
رۆڵی هێزە هەرێمییەکان لەرێی دەزگا موخابەراتییەکاندا، هەڵبەت لە پشت پەردەوە و بە ناراستەوخۆ ئیدارەی هەردوو کەمپینی بەڵێ و نەخێرییان دەکرد و بەمجۆرە رۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە قۆرغکردنی فەزای کوردی بۆ هەردوو بەرەی بەڵێ و نەخێر. موخابەراتی تورکی، لەرێی پەیامی چەواشەکارانە و بەلارێدا بردن تەقوییەی بەرەی ریفراندۆم و ئیتیلاعاتی ئێرانی و موخابەراتی عێڕاقیش لەرێی کەس و لایەنە جۆراوجۆرەکانەوە خزابوونە ناو بەرەی نەخێر.
چوارەم:
زاڵبوونی پۆپۆلیزم بەهەردوو رەهەندی زاڵکردنی گوتار و رێگا چارە ساکار و رادیکاڵەکانییان لە لایەک و لە لایەکی تریش لەقاڵبدان و تەخوینکردنی هەموو دەنگێکی نارازی و دەستبردن بۆ تیرۆری کەسایەتی. ئەمەش وایکرد کە بوارێک بۆ ئەقڵانییەت و بیرکردنەوەی واقیعی و نیشتیمانی نەمێنێت.
پێنجەم:
نەبوونی نوخبە و توێژی رۆشنبیری دامەزراو، بەمانای، نەبوونی نوخبە و توێژێکی خاوەن روئیا و جیهانبینی جیاواز و باڵاتر لەو ئەقڵییەتەی کە ئیدارەی هەردوو بەرەی بەڵێ و نەخێری دەکرد.
ەم حاڵەتەدا، رۆشنبیر و نوخبە هێندە لەهەوڵی رۆییشتن و خۆ گونجاندن و خۆ وەکیەک لێکردن لەگەڵ شەقام و هێزە پۆپۆلیستییەکاندایە هێندە لە هەوڵی وەستانەوە لە دژی رای گشتی شەقام و تەیار و رەوتە باوە پۆپۆلیستییەکاندا نییە.
هەڵبەت فاکتەرگەلی سەرەکی تریش بۆ غیاب و دروست نەبوونی هێڵی سێیەم رەنگە هەبن و پەییم پێ نەبردبن، بەڵام ئەم پرسە دەسپێکێکی گرنگ و دەوڵەمەند دەبێت بۆ تێگەییشتن نەک هەر لەوەی چی لە سەردەمی ریفراندۆمدا روویدا، بەڵکو تێگەییشتن لەو چەقبەستوویی و بێ ئیومێدی و پەرتەوازەیی و سەر لێشێوانەی ئەمرۆی کۆمەڵگای کوردستانیش.