ڕوون و ئاشکرایە کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا کاریگەریەکی تەواوی کردۆتە سەر هەموو سێکتەر و کایەکانی ژیان (بە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتەوە) لە نێویشیاندا سێکتەر و کایەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵاتی و تەندروستی و پەروەردەیی و گواستنەوە و تەکنەلۆژیا و....هتد، بە جۆرێک کە زۆربەی بابەتەکانی تر پەراوێز خراون و فۆکەسی هەموو چاوەکان خراوەتە سەر دۆزینەوەی ڤاکسین و چۆنیەتی خۆپارێزی و شێوازی ڕووبەڕووبۆنەوەی کۆڕۆنا.
کاریگەریەکە بە جۆرێکە کە دەکرێت زەمەن دابەش بکرێت بەسەر زەمەنی پێش کۆڕۆنا و زەمەنی دوای کۆڕۆنا هەروەها ئەگەرێکی بەهێز هەیە کە پەتای کۆڕۆنا بە کاریگەرترین پەتای مێژووی مرۆڤایەتی بناسێنرێت.
لە کاتێکدا کەمپەینی هەڵبژاردنی هەردوو کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە گەرمەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا بوون کە بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو لە ڕۆژی سێ شەممە (۲۰۲۰/۱۱/۳) ئەنجام بدرێت، ڤایرۆسی کۆڕۆنا خۆی گەیاندە جەستەی تڕەمپ و ڕێڕەوی گرنگی پێدانی خەڵک و میدیای ئەمریکا و جیهانی گۆڕی لە گرنگیدان بە هەڵبژاردنەکانەوە بۆ گرنگیدان بە تەندروستی تڕەمپ، بە جۆرێک کە تەندروستی تڕەمپ وەک تەندروستی سەرۆکی جیهان گرنگی پێدرا، ئەویش بە هۆی پێگە و کاریگەری و لێکەوتەکانی تێکچوونی تەندروستی تڕەمپ (وەک سەرۆکی تاک جەمسەری دونیا) بەسەر بازاڕ و بۆڕسە و ئابوری هەموو جیهان.
دوای مانەوەی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لە نەخۆشخانەی (واڵتەر ڕید) لە مێریلاند، لە ئێستادا (دۆناڵد تڕەمپ) تەندروستی جێگیرە و گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی و لەژێر چاودێری پزیشکیدایە، پێموایە نەخۆشکەوتنی تڕەمپ لەلایەک بە خێر بۆ تڕەمپ شکایەوە، چونکە خەڵکی یار و نەیار هاوسۆزیان بۆ دەربڕی، لەلایەکی تر تاقیکردنەوەیەکی قورس بوو بۆ سیستەمی هەڵبژاردن و سیستەمی سیاسی و ئابووری ئەمریکا چونکە لە ئەگەری مردنی تڕەمپ هەڵبژاردنی ئەمریکا ڕوو بە ڕووی ئاڵۆزی و شڵەژانێکی بێ وێنە دەبوویەوە، بەڵام زاڵبوونی تڕەمپ بەسەر کۆڕۆنادا ئەمریکای لە قەیرانێکی دەستوری بێ وێنەدا دەربازکرد.
سەرکەوتنی تڕەمپ بەسەر کۆڕۆنادا یەکسانە بە سەرکەوتنی تڕەمپ بەسەر جۆ بایدن