بۆچی تورك و عه‌ره‌ب هێنده‌ی كورد شه‌یدای شه‌جه‌ریان نین ؟

خودنامۆیی تاکی کورد.. شەجەریان و سێ حەسەن زیرەکەکە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.10.10 05:06 PM
4604 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

د.ئارام ڕه‌فعه‌ت
بەهەردوو زمانی عەرەبی و تورکی لە تویتەر کنەی شەجەریانم کرد. ئەوانەی بەو دووزمانە لەسەر مەرگی شەجەریانییان نوسیوە، بەسەریەکەوە وەک مشتێک وایە بەرامبەر بە خەرواری ئەوانەی بە کوردی لەسەر مەرگی شەجەریانییان نوسیوە. ئەوانەی کە بەتورکی و عەرەبیش نوسیویانە زیاتر وەک هەواڵ یان بە پەیوەند بە هەواڵی نارەزایەتییەکانی دوێنێی تاران لەکاتی ناشتنی شەجەریاندا نوسراون.
لەخۆم پرسی ماقوڵە لە ٨٠ ملیۆن تورک و ٣٠٠ ملیۆن عەرەب شەجەریان چارەگی پێنج ملیۆن کوردی باشور هەوادار و شەیدا و عاشقی نەبێت؟
ـ ئەگەر پرسەکە مرۆڤ دۆستی و لێبوردەییە و گوێنەدانە بەوەی کە هونەرەکە هی چ زمانێکە دیسان ماقوڵە لەناو ٨٠ ملیۆن تورک و ٣٠٠ ملیۆن عەرەبدا بەقەد باشور مرۆڤدۆست و لێبوردەی نییە؟ مەگەر مۆسیقا زمانی هاوبەشی نێوان نەتەوەکان نییە؟
بەڵی ماقوڵە بۆ نا؟
بەڵام پرسەکە نە پەیوەندی بە جیاوازی نێوان مرۆڤدۆستی و لیبوردەیی کورد لەگەڵ تورک و عەرەبدا هەیە، نە بە پرسی ئەوەی کورد وشیاری ئەوەی هەیە کە مۆسیقا زمانی هاوبەشی گەلانە و عەرەب و تورک نییانە.
ـ  پرسەکە، یان جیاوازییەکەی نێوان کورد لەگەڵ عەرەب و تورک شتێکی ترە.

شه‌جه‌ریان له‌ نێوان دوو مامۆستای ئاینی كورددا

 

کورد سیندرۆمی خودنامۆیی هەیە و عەرەب و تورک و وەک دوو نەتەوەی سەردەست و سەروەر ئەم خودنامۆییەیان نییە.
لە پرسی خودنامۆییدا زیاتر رەهەندە مێژوویی و کەلتورییەکەی دەبینین، بەڵام من لێرەدا تەنها ئاماژەیەکی خێرا بە رەهەندە هونەرییەکە/مۆسیقییەکە بەهەردوو پایە رۆحی و چێژییەکەی مۆسیقا دەکەم.
ـ زۆربەی تاکی کوردی، ئەوانەی عاشق و شەیدای مۆسیقای شەجەریان یان هەر هونەرمەندێکی تری گەلانی سەردەستی ناوچەکەن، فەراغێکی رۆحییان هەیە.
ئەو فەراغە رۆحییەی ئەم تاکە بە لاوک، لاوژە، حەیران، مەقام، هۆرە، سیاچەمانە، لاوژە، بەند، بەیت، هەوا، چەمەرێی کوردی پڕ نابێتەوە. ناچارە بەدوای مۆسیقا و شاکارە بەرزەکانی گەلانی دراوسێدا، لەوانەش شەجەریاندا، وێڵ بێت و ئەم دەنگە سیحراوییەی ئەو مۆسیقا باڵایە تێکەڵ بە خولیا و نۆستالژیا و یادەوەری بێت.
خەلەلی خودنامۆییەکە ئا لێرەدایە. هونەر و مۆسیقای کوردی، وەک هونەر و مۆسیقای نەتەوەیەک، ناتوانێت رۆحی تاکەکانی تێر بکات. ئەم ناتەوانییە لەناو فارس و عەرەب و تورکدا نییە.

ـ لێرەدا چێژ، پایەیەکی تری ئەم دیاردەی خودنامۆییەی تاکی کوردە. مرۆڤ بەقەد وشیاری کۆمەڵایەتی و بە کاریگەری ئەو ژینگەیەی کە تێیدایە چێژەکانی دەگۆڕێن. لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا، راپ و جاز و کلاسیک و گوندنشین و ئارابیست هەرکامێکییان گوێکرێکی هەیە کە بەسەر رەشپێست، هەژار، سپی پێست، پیرەکان،چینی ناوەند و خەڵکی دێهاتیدا دابەش دەبن. هەمان پۆلێنیش بۆ کوردستان راستە. چێژی تاکێکی چینی ناوەند لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر، کەرکوک یان دهۆک هەرگیز هاوتا نییە لە چێژی کۆچەرییەک، یان گوندنشینێکی پەراوێزی هەمان پارێگا.

شه‌جه‌ریان 1940 ـ 2020

ـ لێرەدا پارادۆکسێک هەیە...
لاوکێک، حەیرانێک، سیاچەمانەیەک یان هۆرەیەک رەنگە هەم چێژ و هەم رۆحی گوندنشینێک، یان کۆچەرییەک پڕ پڕ بکات لە ژیان و لە عەشق و لە خۆشەویستی. بەڵام رۆح و چێژی تاکێکی زانکۆیی یان چینی ناوەندی شاری، بە گوێگرتن لە شەجەریان، بلەند ئارسۆز، ئوم کەلسوم یان لەیدی گاگا تێر دەبێت.
ـ دیسانخەلەلی خودنامۆییەکە لێرەدایە.
ئەو تاکەی زانکۆییەی یان چینی ناوەندی شاری هێندەی توانا نییە کە هاوتای چینی ناوەندی عەرەب، فارس، تورک ئەمریکی، داهێنەر و موساهیم بێت لە هونەر و مۆسیقای نەتەوەکەی و بگەیەنێتە ئاستی مۆسیقای ئەوانی تر و وابکات نەک هەر ئەو فەراغە رۆحی و چێژییەی خۆی پربکاتەوە، بەڵکو فەرهەنگێکی نەتەوەیی باڵاش بئافرێنێت.
گەڕانەوە بۆ حەسەن زیرەک
لەپشت ئەو فەراغە رۆحی و ئەم کورتهێنانە چێژییەی هونەری کوردیدا چیرۆکە تاڵەکە هەیە، چیرۆکی ژێردەستەیی. با حەسەن زیرەک بە نموونە وەربگرین.
دەزانن لەسەر ئاستی چێژ و کواڵەتی گۆرانی و دەرەنجامیش ئینسجام لەگەڵ رۆحدا سێ حەسەن زیرەک هەبوون؟
ـ یەکەم حەسەن زیرەکی دەنگبێژ یان زیرەکی باشور.
ئەم سەرەتای دەرکەوتنی وەک گۆرانی بێژ لە باشور و رادیۆی بەغدا. ئەم زیرەکە، دەنگێکی گڕ و مۆسیقایەکی تارادەیەک ناسازی هەیە. لەم قۆناغەدا، زیرەک گەنجە و لەپاڵ کارکردن وەک چایچێتی و شاگردیدا گۆرانی دەڵێت.

سەرەتای دەرکەوتنی حه‌سه‌ن زیره‌ك وەک گۆرانیبێژ له‌ رادیۆی بەغداوه‌ بوو

ـ دووەم حەسەن زیرەکی باڵا
ئەم زیرەکە لەو کاتەوە دەردەکەوێت کە لە رادیۆی کرماشان دادەمەزرێت و لەقەڵ تیپی مۆسیقای کرماشان و ئۆکسترای تاراندا هونەرێکی بەرز و مەزن پێشکەش دەکات. زۆربەی ئەوانەی شەیدای زیرەکن، یان چێژ لە زیرەک دەبینن، شەیدای ئەو هونەرە باڵایەی ئەون کە لەو بڕگە زەمەنییەدا پێشکەشی کرد. لەم قۆناغەدا، زیرەک کامڵە و وەک موچەخۆرێکی ئاسایی رادیۆی کرماشان خەمی بژێوی ژیانی نییە.
ـ  سێیەم حەسەن زیرەکی چاوەش
کە لە رادیۆی کرماشان دەردەکرێت، حەسەن لێرەدا پیرە و توانای کارکردنی کەمدەبێتەوە و ناچارە بۆ بژێوی ژیانی لە زەماوەند و داوەتەکاندا، وەک سەرچاوەیەکی بژێوی، گۆرانی بڵێت و هەر بەهەژاری و بە مەرگێکی گوماناوی سەردەنێتەوە.
پرسیار و وەڵامە تاڵەکە
لە بەرێوەبەری رادیۆی کرماشانی سەردەمی شا دەپرسن بۆچی حەسەن زیرەکتان لە رادیۆکە دەرکرد و موچەکەتان بڕی؟
بەڕێوەبەر بەو پەڕی بێ مۆراڵییەوە دەڵێت ئاخر هەموو گۆرانییەکانیمان پێ تۆمار کرد و چیتر پێویستیمان پێی نەبوو و دەرمان کرد.
حەسەن چەند ساڵێک مووچەیەکی سادەی هەبوو، دونیایەک شاکاری پێشکەش نەتەوەکەی کرد... لەبەرامبەردا شەجەریانیش ٨٠ ساڵ دەوڵەتێکی بەهەموو ئیمکاناتێکەوە لە پاڵپشت بوو، ئەویش دونیایەک شاکاری ئەفسانەیی پێشکەش نەتەوەکەی کرد. جیاوازییەکەش لێرەدایە.
رۆحی زیرەک و شەجەریان شاد️


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ