ئەسیوبیا یەکێکە لە دەوڵەتە گەورەکانی ئەفریقیا کە دەکەوێتە ناوچەی (القرن الأفریقی)، ژمارەی دانیشتووانی زیاد لە سەد ملیۆنە. تا پێش ١٩٩٣ ئەم وڵاتە دەیڕوانییە سەر دەریایی سوور، بەڵام دوای سەربەخۆیی ئەریتیریا، وجیابوونەوەی لە ئەسیوبیا، ئەوا ئەسیوبیا بووە دەوڵەتێکی حەبیس (landlocked).
کەیسی ئەسیوبیا یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە زۆر کەیسی تر لە جیهاندا. ئەم وڵاتە نزیکەی ٨٠ نەتەوە ونزیکەی سەد زمان وشێوەزاری جیاوازی تێدایە. دوو ئاینی سەرەکیان هەیە، مەسیحیەت وئیسلام، لە ٦٦٪ی مەسێحین ولە ناو مەسێحیەکانیش زۆرینە ئەرسەدۆکسن وئەوانی تر کاسۆلیک وپڕۆتستانتن. ئیسلامیش لە٣٠٪ پێکدەههێنێت (بۆچوونێک هەیە پێیوایە موسوڵمانەکان زیاترن ولەوانەیە زۆرینەش بن). لەم ڕووەوە، ئەسیوبیا زیاتر لە دەوڵەتی یۆغسلافیایی جاران دەچێت. هاوکات لە ئەسیوبیا ئاینە لۆکاڵیەکانی ئەفریقیا بوونیان هەیە.
ئەگەر بە تیۆری پێکدادانی شارستانیەتەکانی هێنتینگتۆن لێکدانەوە بۆ ئەسیوبیا بکەین، ئەوا ئەم وڵاتە نوێنەرانی چوار کولتور و شارستانیەت لە خۆ دەگرێت، شارستانیەتی ڕۆژئاوایی (کاسۆلیک وپرۆتستانت) شارستانیەتی ئەرسەدۆکسی وئیسلامی وئەفریقی. بە پێی ئەو تیۆرییە ئەگەری نزیک بریتییە لە ململانێ وجەنگ ودابەشبوونی ئەسیوبیا بۆ چەندین دەوڵەت.
چوار نەتەوەی سەرەکی لە ئەسیوپیا هەیە، ئۆرۆمۆییەکان؛ لە ٤٠٪ی دانیشتوان پێکدەهێنن وزۆرینەن. موسوڵمان ومەسێحین، بەڵام موسوڵمانەکان زۆرینەن. زۆربەی کات ناڕازین لەبەر فەرامۆشکردنیان لەڕووی ئابووری وسیاسی وکولتوریەوە. نەتەوەی ئەمهەرییەکان؛ لە ٢٥٪ی دانیشتووان پێکدەهێنن، زۆرینەی مەسێحین. تا ساڵی ١٩٩٢ زۆربەی کات ئەسیوبیا لە لایەن ئەم نەتەوەیەوە حوکم کراوە، هەر بۆیە زمانی ئەم نەتەوەیە بە زمانی فەرمی ئەسیوبیا دادەنرێت. نەتەوەی تیگراتیەکان؛ لە ٦٪ی دانیشتوانن، زۆرینە مەسێحین، لە دوای ١٩٩٢ەوە ئەسیوبیا حوکم دەکەن وئابووری وڵاتیان کۆنتڕۆڵ کردوە. سۆمالیەکان؛ ٦٪ی دانیشتوانن، زۆرینە موسوڵمانن. ئەمانە زیاتر خۆیان بە سۆماڵی دادەنێن وئەسیوبیا خاکەکەیانی داگیرکردوە ولە سۆماڵی جیاکردونەتەوە. هاوکات چەندین کەمینە ونەتەوەی تر لەو وڵاتەدا دەژین.
ئەسیوبیا لەو وڵاتانەیە کە زۆربەی کات ململانێ وشەڕی ناوخۆی تێدایە، وڵاتی ئەریتیریا بەشێک بوو لە ئەسیوبیا ولێی جیابووەوە. چاوەڕوان دەکرێت ئەم ڕووداوانە دوبارە ببنەوە و هەرێمەکانی تریش داوای سەربەخۆیی بکەن، لە ئێستادا ئەم وڵاتە لە ٩ هەرێم پێکدێت.
ئەسیوبیا وەک زۆر وڵاتی تری ناوچەکە نەیتوانیوە شووناس وبەرژەوەندییەکی هاوبەش بۆ هاووڵاتیانی درووست بکات وگرووپە نەتەوەیی وئاینی ومەزهەبیەکان لە خۆ بگرێت تا هەموو گرووپەکان ڕازی بن بەوەی لە چوارچێوەی وڵاتێکدا بژین. بایەخدانی زۆری حکومەتی ئەسیوبیا بە پڕۆژەی بەنداوی نەهزە، بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو پڕۆژەیە بکاتە ئامرازێک بۆ کۆکردنەوەی گروپە نەتەوەییەکانی ئەسیوپیا وشووناسێکی هاوبەش لە نێوانیاندا درووست بکات.
دوای ناڕەزایەتی وخۆپێشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٨ کە ئۆرۆمیەکان ئەنجامیاندا دژ بە حکومەتی ئەسیوبیا، سەرۆک وەزیرانێکی نوێ دانرا بە ناوی ئابی ئەحمەد. دوای ماوەیەک لە دەستبەکاربوونی، توانی ڕێکەوتننامەی ئاشتی بکات لەگەڵ ئەریتیریا لەسەر کێشەکانی سنوور، لەبەر ئەوەش ئابی ئەحمەد خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێدرا. ئابی ئەحمەد یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئەسیوبیایە کە لە نەتەوەی ئۆرۆمۆیە، باوکی ئابی ئەحمەد موسوڵمانێکی ئۆرۆمۆییە، دایکی مەسێحیەکی ئەمهەرییە، و خێزانەکەشی هەر مەسێحیەکی ئەمهەریە. گوایە خۆشی مەسێحیەکی پرۆتستانتییە.
لە ئێستادا بە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی ئەسیوبیا بە هۆی کۆرۆناوە، کێشەیەکی گەورە کەوتوەتە نێوان حکومەتی فیدرالی ئەسیوبیا و هەرێمی تیگرات. هەرێمی تیگرات بێ گوێدانە حکومەتی فیدراڵ لە هەرێمەکەی خۆیدا هەڵبژاردنی ئەنجامدا و حکومەتی فیدرالیش بە نیازە سزای بخاتە سەر. ئەمەش وای کردوە دیسانەوە مەترسی شەڕی ناوخۆ و داواکردنی سەربەخۆیی لە لایەن ئەو هەرێمەوە سەرهەڵبدات. واتە دووبارە بوونەوەی کەیسی ئەریتیریا و ئەسیوبیا.
ئابی ئەحمەد سەرەتا هیوایەکی گەورەی بەخشی بە زۆرێک لە ئەسیوبیەکان، بە تایبەت بە ئۆرۆمۆییەکان. هاوشێوەی مەستەفا کازمی عێراقی، واخۆی پێشاندەدات کە ئەسیوبیا لە سەرووی هەموو شتێکە و ئەسیوبیایبوون گرنگترین پێوەرە بۆ حوکمداری.
بەڵام ئەم جۆرە گوتارە لەم جۆرە وڵاتە شکستخواردوو وبێ شووناسانەدا، گوتارێکی نا واقعی ولاوازە. چونکە ئەسیوبیایبوون وعێراقیبوون بەهایەکی ئەوەندە گرنگ وجوان وخوازراو نییە کە ئەوە بهێنێت گرووپەکانی ئەو وڵاتانە هەندێ سازش لە شووناسی نەتەوەیی خۆیان بکەن لە پێناو بەدەستهێنانی ئەو بەهایە.
عێراقیبوون و ئەسیوبیایبوون جیاوازە لە سویسرایبوون و بەلجیكیبوون، گرووپە نەتەوەییە جیاوازەکانی بەلجیکا و سویسرا لەبەر ئیمتیاز و تەماحی سویسرایبوون و بەلجیكیبوون دەکرێت هەندێ سازش لە شووناسی نەتەوەیی وسەربەخۆیی بکەن لەبەر بەرژەوەندییەکی گەورە کە ئەویش هاوڵاتیبوونە لە سویسرا و بەلجیکا. بەڵام ئەمە بۆ وڵاتانی وەک عێراق و سودان و سۆماڵ و ئەسیوبیا ڕاست نییە، بۆ نموونە یەکێ لە نەهامەتی و نەگبەتیە گەورەکان کە مرۆڤێک تووشی بێت، بریتییە لەوەی ئەو مرۆڤە هەڵگری پاسپۆرتی عێراقی بێت و هاووڵاتی عێراق و ئەو وڵاتانەی تر بێت.
ڕاستە وڵات هەیە چەندین گروپی نەتەوەیی و ئاینی جیاواز لەخۆدەگرێت ودەتوانن بە ئارامی ژیانی تیا بەسەر بەرن، وەک سویسرا و بەلجیکا. بەڵام ئەوە بە کولتورێکی دیموکرات و سیستەمێکی ئەخلاقی کراوە و ئازاد و بوونی بەرژەوەندییەکی ئابووری و سیاسی گەورە بەدی هاتووە. ناکرێت هیچ کام لەو ئیمتیاز و بەهایانە بوونی نەبێت، بەڵام داوا بکرێت بێ کێشە گرووپە نەتەوەییەکان بەیەکەوە بژێن، بە تایبەت ئەو داواکارییە لە کەمینە نەتەوەییەکان داوایەکی تەواو ستەمکارانەیە. هەر لەبەر ئەوەیە کە شەڕی ناوخۆ وشەڕی نێوان پێکهاتەکان یەکێکە لە نەگۆڕەکانی ئەم وڵاتانەی وەک عێراق و ئەسیوبیا وسۆماڵ وسودان...
شایەنی باسە بە پێی ڕۆژمێری وڵاتی ئەسیوپیا ئێستا ساڵی ۲۰۱۳ یە، چونکە ئەوان تێڕوانینی جیاوازیان بۆ لەدایک بوونی عیسا هەیە، هەروەها لای ئەوان ساڵ لە ۱۳ مانگ پێکدێت و مانگی سیانزە تەنیا لە پێنج ڕۆژ پێکدێت، مانگەکانی تر لە سی ڕۆژ.