یادگار عهلی
خوێندكاری دكتۆرا ـ قاهیره
ئەمەریکا ھۆشداری دەدات کە میسر ھەڕەشەی تەقاندنەوە و خاپورکردنی بەنداوی نەھزەی ئەسیوپی دەکات و کەس ناتوانێت لۆمەی توڕەیی میسرییەکان بکات کە ئەسیوپیا بەھۆی دەستدرێژی بۆ سەر سەرچاوەی ئاوی نیل دروستی کردوە.
[دۆناڵد ترەمپ- سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا]، لەکاتی پەیوەندی تەلەفۆنی بە بۆنەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان: [سودان - ئیسرائیل]، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی سودان و ئیسرائیل، لە بارەی دوا پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە بەنداوی نەھزەی ئەسیوپی قسەی کرد و ھۆشداری توندی بە بەرپرسانی ئەسیوپیادا، وتی: میسر ھەڕەشەی تەقاندنەوەی بەنداوی نەھزە دەکات، کەس ناتوانێت لۆمەی توڕەیی میسرییەکان لە زیادەڕەوی ئەسیوپیا بۆ سەر سەرچاوەی ئاوی نیل بکات.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، ھەنگاوەکانی ئەسیوپیا لەو پرسەدا ڕەتکراوەیە، لە دواساتەکان، لە ڕێککەوتنی سێ لایەنە لەگەڵ میسر و سودان کە ئەمەریکا سەرپەرشتی کردوە کشاوەتەوە. میسر ھەمو مافێکی بۆ پاراستنی بەشە ئاوی خۆی ھەیە.
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، وتیشی: ئەسیوپیا بەردەوام بێت لە سەرەڕۆییەکان، ھانمان دەدات سزای بەسەردا بسەپێنین و بەشێک لە ھاوکارییە مرۆییەکانیشی لێ دەگرینەوە.
ترەمپ باسی لەوەشکرد، ئەسیوپیا سەرقاڵی پێنج ساڵی ڕابردوی میسری بە شۆڕشی ناوخۆیی و ڕوبەروبونەوەی کاری تێکدەرانە لە ناوخۆ قۆستوەتەوە و بەنداوەکەی بنیادناوە.
لای خۆشیەوە، [عەبدوڵا حەمەدۆک- سەرۆکوەزیرانی سودان]، وتی: ئەمەریکا ھەوڵی باشی بۆ رێککەوتن دا، بەڵام ئەسیوپیا لە کۆتاییدا کشایەوە، ئێستا بارودۆخەکە مەترسیدارە، میسر ناتوانێت تا سەر ئەوەی ھەیە قبوڵ بکات و بەنداوەکە دەتەقێنێتەوە، من بەڕاشکاوی ئەوەتان پێدەڵێم: تکایە شتێک بکەن.
لە بەرامبەردا، بەیانی شەممە، [ئابی ئەحمەد- سەرۆک وەزیرانی ئەسیوپیا]، لە بەیاننامەیەکدا؛ وەڵامی وتەکانی [دۆناڵد ترەمپ]ی دایەوە: بەنداوی نەھزە پرسێکی ئەسیوپیە، ئێمە ئەو کارە تەواو دەکەین و مەحاڵ نییە، ھیچ ھێزێک ناتوانێت لە بەدیھینانی پلان و ئامانجەکانمان ڕامان بگرێت، وەکچۆن لە ڕابردو کەس داگیری نەکردین، کەسیش ناتوانێت بۆ داھاتوو حوکممان بکات.