وه‌ستانه‌وه‌ دژ بە هەڵوێستێکی مەبدەئیی حیزبەکەی

قوباد تاڵەبانی.. خولانه‌وه‌ له‌ ناو بازنه‌ی پارتى دا

كه‌مال چۆمانی 2020.11.06 12:24 PM
2103 جار خوێندراوەتەوە

كه‌مال چۆمانی

رۆژنامه‌نووس
توێژەر لە (پەیمانگای تەحریر بۆ لێکۆڵینەوە لە سیاسەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست)

کەی بەرپرسە یەکێتییەکان فێردەبن کە پێویستە خاوەنی دونیابینیی و هێڵی سیاسیی خۆیان بن و دوربکەونەوە لەو هێڵانەی پارتیی دایاندەڕێژێ ؟ بەهێزیی هەر حیزبێک لەوەدایە خۆی خاوەنی بناغەیەکی پتەوی سیاسیی بێت. بەڕاستیی کارەساتە کە دەبینین قوباد تاڵەبانیی ناتوانێت سەرکردایەتیی حیزبەکەی بکات لەناو حکومەتی هەرێمدا و دژایەتیی وەزیرەکانی خۆی دەکات بۆ رازیکردنی دڵی مەسرور بارزانیی و پارتیی.
ئەگەر لە رابردودا قوباد تاڵەبانیی دڵی پارتیی رازیکردبێت و دژی حیزبەکەی بوبێت بە بیانوی ئەوەی حیزبەکەی توندن بەرانبەر ماڵی بارزانیی و جەنابیان ویستویەتی کەسی هێورکەرەوە بێت، ئەوا دەبوایە ئەو روەی خۆی نیشانی مەسرور بارزانییش بدابوایە کە پارتیی دەهۆڵی شەڕ دەکوتێت دژ بە پەکەکە.
بۆ یەکەم جارە وەزیرەکانی یەکێتیی و تەنانەت یەکێتییش هەڵوێستێکی مەبدەئیی نیشاندەدەن بەرانبەر پارتیی، هەڵوێستێکی جدییە بۆ رێگرتن لە شەڕی براکوژی، کەچی قوباد تاڵەبانیی خۆی لە وەزیرەکانی توڕە دەکات لە بەرانبەر هەڵوێستیان بەرانبەر مەسرور بارزانیی. ئاخر پارتیی و مەسرور بارزانیی چۆن نرخ و بەها بۆ جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان و یەکیتیی و گۆڕان و خەڵکی کوردستان دابنێن کاتێک بەرپرسانی یەکێتیی لە چوارچێوەی ئەو بازنەیە دەجوڵێنەوە کە پارتیی بۆیان دیاردەکات.

قوباد تاڵه‌بانى به‌ شوێن سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌كانى مه‌سرور بارزانیدا ده‌ڕوات له‌ حكومه‌تدا

قوباد تاڵەبانی پێویستە خۆی نەکاتە قوربانیی شەڕێکی بەوەکالەتی پارتیی و سیاسەتەکانی پارتیی ئەگەر دەیەوێت بانگەشەی ریفۆرم و حوکمڕانیی تەندروست بکات. هەرکەسێک بیەوێت سیاسەت بکات، ناکرێت لە حکومەت بێت و هیچ حیسابێكیش بۆ حیزبەکەی و لایەنگران و ئەندامانی نەکات.

بەرانبەرەکانی پارتی لە ململانێی سیاسییدا لەرزۆک و ترسنۆک و بەرژەوەندیخوازن

هەرگیز ململانێی سیاسیی بەو مانایە نایەت هێزێک هەرچییەکی ویست ئەنجامیبدات و هێزەکەی تریش هەمو شتێک قبوڵ بکات چونکە هێزی بەرانبەر شەڕ هەڵدەگیرسێنێت و کوردستان وێران دەکات. بەدڵنیایی پارتیی زۆر قازانجی لەوە کردوە کە کەسانی وەک قوباد تاڵەبانیی وا تێبگەیەنێت کە هەرشتێک پارتیی ویستی جێبەجێنەبو، ئەوا پارتیی ئامادەیە شەڕی بۆ هەڵبگیرسێنێت.

قوباد تاڵەبانی ناکرێت لە حکومەت بێت و هیچ حیسابێكیش بۆ حیزبەکەی و لایەنگران و ئەندامانی نەکات

 

لە راستییدا وانییە، ئەوەی وا دەکات پارتیی پارلەمان دابخات و ریفراندۆم بێ گەڕانەوە بۆ ئەوانیدی بکا و رۆژێک دژ بە بەغداد بێت و رۆژێک لەگەڵ ئەل-فەتح هاوپەیمانێتیی بکات و هەرکەسێکیش لەو چوارچێوەیە کارینەکرد تەخوین بکرێت، هۆکارەکەی ئەوەیە بەرانبەرەکانی پارتیی لە ململانێی سیاسییدا لەرزۆک و ترسنۆک و بەرژەوەندیخوازن.
نە گۆڕان و نە یەکێتیی و نە ئیسلامییەکان ناتوانن بەسەرکەوتویی ململانێی پارتیی بکەن کە هێڵی سیاسیی و دونیابینیی خۆیان جیانەکەنەوە و سورنەبن لەسەر بەجێگەیاندن و بەدیهێنانی پەیمانەکانیان. ئەگەر بڕیارە هەموان تەسلیمی پارتیی ببن، بۆچی نابنە بەشێک لە حیزبەکە بۆ ئەوەی هێزی تر دروستببن و ململانێی سیاسیی لە کوردستاندا بکەوێتە خزمەتی سیاسەت و خەڵکی کوردستان؟


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ