ڕێبین ئهحمهد ڕهشید
دوور لەهەموو دەغدەغەیەکی ئایدیۆلۆژی حیزبیی کە بەیاننامەکەی بارزانییم خوێندەوە زانیم مەلا بەشیر لەخۆڕا ڕیشی سپیی خۆی نەخستە مەحەکێکی بێ ئەنجامەوە، ئەم قسەیەی مەلابەشیر کتومت لە قسەی باوکی تاوانبارێک دەچێت کە کوڕەکەی کەتنێکی گەورەی کردووە و هەموو بەڵگەکان شایەدن لەسەری و هەموان چاوەڕێی بڕیار کۆتایی دادوەرەکە دەکەن، بەڵام ئەم باوکە لە دڵسۆزیی خۆی هەڵدەستێتە سەرپێ و دەڵێت جەنابیی قازیی بیکە بەخاتری ڕیشی سپیی من ئەو حوکمە دژی کوڕەکەم دەرمەکە، تا ئەو شوێنەی باوکەکە نەخوێندەوارێک بێ کێشە نییە، کێشەکە ئەوکاتە دەستپێدەکات کە باوکی کوڕەکە خۆێ دادوەر بێت و بەرپرسی دادگاکە بێت و ئەم داوایە بکات.
سوڵح و سەڵاحەت و ڕیشی سپیی زیاتر لە دیوەخان و خوێن خۆشکردندا دەخوات نەک لە دەزگایەکی زادەی حوکمی مەدەنیی و مۆدێرن کە ئەو جێگری سەرۆکەکەیەتی.
بارزانییش لە بەیاننامەکەیدا بەهەمان مێنتاڵیتی لە مومارەسەی سیاسیی و دیموکراسییدا باس لە کەرامەت دەکات و پێی وایە عێراق کەرامەتی کوردستانی ڕوشاندووە و داوا دەکات سەرۆکایەتییەکان بێدەنگ نەبن لەم ڕووشانی کەرامەتە، لەکاتێکدا ئەوەی ڕووی داوە جوڵەیەکی تەواو زۆرینەییە و خۆیان لە کوردستان چ یاسایەکیان بوێت تێیدەپەڕێنن پێی، ئتر نە خەنجەرە و نە چەقۆ و نە لەپشتدان.
دونیای سیاسیی نوێ جیاواز لە دونیاکەی پێش خۆی کە زیاتر بە دونیای دیوەخان و سوڵح دەناسرێتەوە هیچ گرەوێک لەسەر کڕوزانەوە و عاتیفە و شەرەف و کەرامەت ناکات بەڵکو زیاتر پشت جوڵە و ڕێککەوتنی سیاسیی و سەفەقات و گریمانەی زانستیی دەبەستێت نەک کڕوزانەوە و دنەدانی هەست و عاتیفە.
تەماشاکەن ئێمە زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە حکومەت و پەرلەمان و سەرۆک و دادگامان هەیە، لە سەردەمی 2250 ڕۆشنبیر و 600 داهێنەر و هەناردەکردنی زیاتر لەنیو ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و 80 هەزار بندیوار و 110 پەرلەمانتار و سەرۆکێک و سەرۆک وەزیرانێک و زیاد لە بیست وەزیر و جەیشک لە ڕاوێژکار و 600 وەزیرو بەڕێوەبەری خانەنشین و 40 کاناڵی ئاسمانیی و دەرزەنێک حیزب بە خۆیان و سەرۆک و جێگر و ڕاوێژکارەکانیانەوە، لەسەردەمی بوونی 50 زانکۆو دەیان دامەزراوەی پارەخۆر بەناوی تینک تانک و ناوەندی توێژینەوەوە، لەسەردەمی بوونی ۱۷هەزار هونەرمەند و بەهرەداردا قەدەر و داهاتووی دەیان هەزار کەس بەسترایەوە بە ڕیشێکی سپییەوە و نەیخوارد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هیچ دەرچەیەکەی لەبەردامدا نامێنێتەوە و دەڵێت بیکەن بەخاتری ڕیشی سپی من مەیبڕن کەچی هەر بڕییان.
هەر چەند سەعاتێک دوای ئەو ڕووداوە سەرۆکی "گەورەترین" پارتی سیاسیی کوردستان لە دوای ئەو دۆڕانە دیموکراسییەی زۆرینە ئەمڕۆ فەرزی کرد "کە هەموویان قەبووڵیانە و خۆیان لەکوردستان کاری پێدەکەن"، لە بری بەخۆداچوونەوە دەڵێت کەرامەتی کوردستان و خەڵکەکەی ڕوشاوە وەک ئەوەی باسەکە باسی شەڕی نێوان دوو هۆز بێت نەک مانۆڕێکی سیاسیی سکپڕ بە ئەجێندای سیاسیی.