هاوسەنگییه‌ك بە داشکان بەلای تورکدا

ئەنتۆنی بلینکن.. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌كه‌ی بایدن چى پێیه‌ بۆ كورد ؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.11.26 07:49 PM
694 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

د.ئارام ڕه‌فعه‌ت‌
ئەنتۆنی بلینکن لە ئیدارەی ئۆبامادا جێگری وەزیری دەرەوە بوو و ئێستاش پێدەچێت دەستنیشانکراوی بایدن بێت بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە. پرسیارە سەرەکییەکە بۆ ئێمەی کوردستانی ئەوەیە بلینکن چی پێیە بۆ کورد؟
تێگەییشتن لە هەڵوێستی بلینکنی سەردەمی ئۆباما دەربارەی کورد، واتە کاتێک جێگری وەزیری دەرەوە بوو، رەنگە هاوکار بێت بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە.

بلینکەنی سەردەمی ئۆباما
لەو سەردەمەدا، هەڵوێستەکانی بلینکەن دەرهەق بە کورد تێکەڵەیەک بوو لە لێدانی ناڵ و بزمار لەیەک کاتدا. بۆ نموونە، کاتێک بلینکەن جێگری وەزیری دەرەوە بوو:
ـ ئەمریکا بۆ یەکەم جار لەرووی سەربازییەوە هەماهەنگی لەگەڵ کوردی باشور و رۆژاڤادا کرد لە جەنگ لەدژی داعشدا.
ـ ئەمریکا لە رزگارکردنی کۆبانێدا بەشدار بوو.
ـ ئەمریکا بۆ یەکەم جار بڕیاری دا چەک بۆ رۆژاڤا بنێرێت.
ـ بلینکن پشتیوانی تورک بوو لە پرۆسەی ناوچەی شەهبا. ئەو بەراشکاوی گوتی لایەنگری ئەوەیە تورک شەهبا داگیربکەن نەک بکەوێتە دەست کوردەوە.
ـ بلینکن لایەنگری یەکگرتنی کانتۆنەکانی رۆژاڤا نەبوو.
ـ بلینکن لایەنگری ئەوەبوو لە بری تورکیا، کورد لە پرۆسەی رزگارکردنی رەقەدا بەشدار بێت.
ـ بلینکن دژی هەرجۆرە سەربەخۆییەکی کورد بوو لایەنگری یەکپارچەیی خاکی سوریا و عێڕاق بوو.
ـ بلینکن پەکەکەی بە تیرۆریست دەزانی.

هەڵوێست و روانینی بلینکن بۆ کورد، رەنگدانەوەی هەڵوێستی ئیدارەی ئۆباما و بایدنی جێگری بوو


ـ بلینکن پێداگری لەسەر بەشداری پێشمەرگە دەکرد لە پرۆسەی رزگارکردنی موسڵ لەداعش، بەڵام دژی بەشداری پەکەکە بوو.
ـ بلینکن سەرسامی دیموکراتیەتەکەی تورک و ئەردۆغان بوو،
ـ خۆی بە کەسێکی زۆر نزیک لە تورک وێنا دەکرد. نزیکییەکەی بەرادەیەک بوو کە لە ٦ مانگی پێش کۆتایی ئیدارەی ئۆباما، ٦ جار سەردانی تورکیای کرد.
ـ دوای سەرکەوتنی ترەمپ و نەمانی بلینکن لە پۆستەکەیدا، لە وتارێکیدا کە لە ٣١ی ١ی ٢٠١٧دا بڵاوی کردۆتەوە، داوای پڕ چەک کردنی کوردانی رۆژاڤا دەکات.
بەمجۆرە، هەڵوێست و روانینی بلینکن بۆ کورد، رەنگدانەوەی هەڵوێستی ئیدارەی ئۆباما و بایدنی جێگری بوو. هەڵوێستێک لەسەر جۆرێک لە هاوسەنگی نێوان کورد و تورک دا بوو، هەڵبەت بە داشکان بەلای تورکدا. روونتر بڵێین، بلینکن لایەنگری هاوکاری و مامەڵەی ئەمریکا لەگەڵ کورد بوو، بەڵام تەنها تا ئەو شوێنەی ئەو هاوکاری و مامەڵەیە کاریگەری جدی لەسەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورک نییە.
ئایا بلینکن ئێستاش هەر بەلای تورکدا دایدەشکێنێت؟
تورکیا و ئەردۆغانی سەردەمی ئۆباما لە زۆر ڕووەوە جیاوازە لە تورکیای سەردەمی ترەمپ. ئەمەش لە هەڵوێستەکانی ئێستای بلینکندا بە ئاشکرا رەنگی داوەتەوە.
تازەترین چاوپێکەوتنی بلینکن لە ٩ی تەمووزی ٢٠٢٠ دابووە. لەوێدا لە وەڵامی پرسیارێکدا چەند هێڵێکی سەرەکی دەرهەق بە تورکیا دەکێشێت کە چاوەروان دەکرێت لە ٤ ساڵی داهاتوودا پەیڕەویان بکات. ئەم هێڵانەش ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کورد دەبێت:
هێڵەکان بەم جۆرەن
یەکەم:
لە ڕوانگەی بلینکەنەوە، تورکیا لە جێگە و دۆخێکی پڕ لە ئاڵنگاریدایە.
دووەم:
ئەمریکا کار بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا دەکات. بەڵام دەبێت تورکیاش بەهەمان شێوە کار بکات.

بلینکن لایەنگری هاوکاری ئەمریکا لەگەڵ کورد بوو تا ئەو شوێنەی کاریگەری لەسەر پەیوەندیی ئەمریکا و تورک نه‌بێت


سێیەم:
بلینکەن ئومێدی زۆری بە پەیوەندی لە مێژینەی نێوان بایدن و ئەردۆغانە.
چوارەم:
بلینکەن پێی وایە لە چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ تورکیادا سوریا (تۆ بڵێ رۆژاڤا)، یەکێکە لەو پرسانەی کەدەبێت کاری لەسەر بکرێت.
بە کورتی:
بلینکن، تێگەییشتنێکی بۆ دۆخی کورد هەیە، لەوەش تێگەییشتووە کە تورکیا هەمان تورکیای سەردەمی ئۆباما نییە و هەوڵی ئەوە دەدات پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا بگەڕێنەوە سەردەمی ئۆباما، هەڵبەت بەهەر قیمەتێک نا.
ئەوەشمان لەبیر نەچێت، بلینکن لە فەرەنساش نزیکە. دواجار، سیاسەتی ترەمپ بۆ کورد و تورکیا دەکرێت بخرێتە قاڵبی بێ سیستەمییەوە. دیارە، بۆ دۆخی کورد و رێگری لە فراوانخوازی تورکیا، هەبوونی سیستەمێک، جا باش یان خراپ بێت باشترە لە بێ سیستەمی.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ