مەسرور بارزانی لە دووڕیاندا

قسه‌كانى ئه‌مڕۆی مه‌سرور بارزانى و "با کێک بخۆن"ی ماری ئەنتوانێت

كه‌مال چۆمانی 2020.12.09 03:32 PM
2096 جار خوێندراوەتەوە

كه‌مال چۆمانی

رۆژنامه‌نووس
توێژەر لە (پەیمانگای تەحریر بۆ لێکۆڵینەوە لە سیاسەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست)

جوتیارەکان نانیان نەبو بیخۆن، برسێتیی بو. خێزانی پاشای فەڕەنسا ماری ئەنتوانێت هیچ ئاگاداری دۆخی ژیانی خەڵک نەبو. جۆرێک نانی تایبەتی دەخوارد. وایدەزانی جوتیارانیش وەک ئەو دەتوانن ئەو نانە شاهانەییە بخۆن کە خۆی دەیخوارد. ریکۆردە مێژویییەکان دەڵێن ماری ئەنتوانێت گوتی "با کێک بخۆن."
[ناوی نانەکە بەفەڕەنسیی پێیدەڵێن Brioche، نازانم چۆن دەخوێنرێتەوە، نانێکی شیرینە.]
دواتر ماری ئەنتوانیت  و پاشا لویسی شازدەیەم کە زانیان کارلەکارترازاوە، رایانکرد تا بتوانی دژە-شۆڕش خۆیان رێکبخەنەوە، بەڵام شۆڕشگێڕان دەستگیریان کردن. لە مێژودا "هەڵاتەنەکەی ڤارێنێس" بەناووبانگە. دوای دەستگیرکردنیان، ماری تەمەنی ٣٨ ساڵ بو، بەڵام زو پرچی سپیی بو. لە پزیشکییدا، سیندرۆمی ماری ئەنتوانێت بەناووبانگە، ئەوانەی لە تەمەنی زودا پرچیان سپیی دەبێت.

وێنه‌یه‌كی كێشراوی لویسى شازده‌یه‌م ـ پاشای فه‌ره‌نسا و ماری ئەنوانێتى هاوسه‌ری

شا و شاژن ئاگایان لە ژیانی خەڵک نەبو، لە هێز و توڕەیی جوتیاران و شۆڕشگێڕان نەدەگەییشتن. لە توڕەیی خۆپیشاندەران تێنەدەگەییشتن. برادەرێک ئەمڕۆ نامەیەکی بۆ ناردبوم نوسیبوی: "كەمال، بە شەش مانگ ئینسان دەتوانێت لە زمانی چینیی تێبگات، کەچی ئەو دەستەڵاتەی ئێمە سی ساڵە لە زمانی هەژاران و توڕەیی گەنجان تێناگات."
قسەکانی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی لە وێنەی "با کێک بخۆن"ی ماری ئەنتوانێت دەچن. بارزانی ئاگاداریی دونیا نییە، ئەو ژیانە شاهانەیەی لە سەری رەش لەگەڵ خێزانەکەی بەسەریدەبات، جیاوازە لە ژیانی سەدا نەوەدی خەڵک. بارزانی لە ژیانیدا ئیسکانی نەبینیوە، لە سەهۆڵەکە چای نەخواردۆتەوە. ئەو هێند بەفیز و لەخۆبایییە ناتوانێت راستیی ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابوریی خەڵکی کوردستان ببینێت.
ئەو بێشەرمانە لەبری داوای لێبوردن لە خۆپیشاندەران بکات، پڕۆژەی چاکسازیی رابگەیەنێت و حکومەتەکەی هەڵوەشێنێتەوە، کەچی خۆیی و میدیایەکەی خۆپیشاندەران بە ئاژاوەگێڕ دەبینن.

مه‌سرور بارزانی و حیزبه‌كه‌ی خۆپیشاندەران بە ئاژاوەگێڕ ده‌زانن

مەسرور بارزانی و بنەماڵەکەی و بنەماڵەکانی تر و هێزە سیاسییەکان لەنێوان دوڕیانێکدان:
یان گۆڕانی ریشەیی یان یان گۆڕانی ریشەیی. بەو واتایەی، ئەگەر بشتوانن لەڕێی میلیشیا چەتەکانیانەوە کۆتایی بە خۆپیشاندەران بێنن، ماوە-کورت دەبێت و سبەی رۆژێ هەمان چارەنوس روبەڕویان دەبێتەوە.
هیچ کاتێک درەنگ نییە بۆ گۆڕانی ریشەیی. بارزانییەکان و تاڵەبانییەکان و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی و پارتیی  و حیزبەکانی دیش، دەتوانن خۆیان و خەڵکیش لەو دۆخە رزگاربکەن بە:
- هەڵوەشاندنەوەی حکومەت.
- پێکهێنانی گروپێک کەسانی خاوەنبیر و دڵسۆز و نیشتیماندۆست بۆ پێشخستنی نەخشەڕێگایەک.
- پێکهێنانی حکومەتێکی بێلایەن دور لە بنەماڵە سیاسییەکان.

ئەو ژیانە شاهانەیەی لە سەری رەش لەگەڵ خێزانەکەی بەسەریدەبات، جیاوازە لە ژیانی سەدا نەوەدی خەڵک.

- بەنیشتیمانیکردنی هێزەکان. میلیشیای چەتەی حیزبیی دەبێت کۆتایی پێبهێنرێت.
- بەنیشتیمانیکردنی سەرچاوەکانی داهات.
- دەرکردنی حیزب لە بازاڕ.
- رێککەوتن لەگەڵ بەغداد.
- داخستنی هەمو بارەگا حیزبییەکان لە شار و شارۆچکەکان، دواتریش کەمکردنەوەیان تەنها بۆ یەک بارەگا. گێڕانەوەی بیناکان بۆ گەل.
- داواکردن لە یوئێن بۆ خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنێکی پێشوەخت.
- لەپاڵ ئەوانەشدا، گەل خۆی رێکبخات، هەر گوند، گەڕەک، شار و شارۆچکەیەک نوێنەرایەتیی دیموکراتیکی خۆی دیاریبکات و دواتر هاوپەیمانێتییەکی سەرەکیی دروستبکەن بۆ بەشدارییکردن لە هەڵبژاردن.
ئەمە وەک سەرەتاییترین و خێراترین وەڵامدانەوە بۆ رزگاربون لەو دۆخە بەر لەوەی کوردستان بخزێنێتە ناو شەڕێکی ناوخۆیی یان هەندێک سەرکردە چارەنوسی ماری ئەنتوانێت و شای شازدەیەمی فەڕەنسایان هەبێت.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ