خۆی گیرۆده‌ی قه‌یرانی ئابورییه‌ بۆچی پاره‌ به‌ عێراق ده‌دات ؟

5 ملیار دۆلاره‌كه‌ی تورکیا.. تەڵەیەکی هەنگوینی بۆ عێراق

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.12.29 10:55 AM
939 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

ڕاپۆرتی به‌رهه‌م له‌تیف ـ ڕۆژنیوز

دوای گەڕانەوەی لە ئەنقەرە مستەفا کازمیی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، تورکیا پێنج ملیار دۆلار وەک قەرز دەداتە عێراق، پێشبینی دەکرا سەردانەکەی کازمی بۆ تورکیا مەبەستێکی سەرەکیی بۆ ئەوەبێت کە ئەنقەرە ئەو پێنج ملیار دۆلارە بخاتە پڕۆگرامی وەبەرهێنانی خۆیەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتریش دەوڵەتی تورک چەند جارێک بەڵێنی پێدانی قەرزی بە عێراقداوە بەڵام بەڵێنەکەی جێبەجێ نەکردووە.
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان، تورکیا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ پێدانی پێنج ملیار دۆلار وەک قەرز بە عێراق بەبێ ئەوەی سوودی بچێتە سەر، ئەو قەرزەش لە بواری ژێرخانی ئابووریی عێراق بەگەڕدەخرێت، بەڵام بەمەرجێک ئەو پرۆژانە لەلایەن کۆمپانیاکانی تورکیاوە جێبەجێ بکرێن و دەوڵەتی تورک خۆی سەرپەرشتیی پرۆژەکان بکات.
بە گوێرەی زانیارییەکان سەرەکییترین ئەو پرۆژانەی تورکیا دەیەوێت لە عێراق بەو پارەیە جێبەجێی بکات ئەمانەن:
*  دروستکردنی فڕۆکەخانەی موسڵ و چەندین پرۆژەی دیکەی وەبەرهێنان لە موسڵ.
*  دروستکردنی ھێڵی شەمەندەفەری بەغداد کە عێراق دەبەستێتەوە بە تورکیاوە.
* دروستکردنی ڕێگای دەروازە نوێیەکەی نێوان تورکیا و عێراق کە بە ئۆڤاکۆی ناسراوە و دەگاتە بەندەری فاو.
دڵشاد مەجید، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسیی لە ئەمریکا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرەوە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک تیشکی خستووەتە سەر پرسی ئاو و ڕاگەیاندووە: تورکیا بۆ چۆنییەتی چارەسەرکردنی  کێشەی ئاو پرۆژەیەکی خستووەتە بەردەم عێراق.
بەقسەی ئەو ڕۆژنامەنووسە، تورکیا ئامادەیی دەڕبڕیوە ئاوی پێویست بۆ عێراق دابین بکات، بەمەرجێک عێراق سوود لە ئاوەکە وەربگرێت و تەنها نەچێتە دەریاوە، بەڵکو عێراق تۆرێکی ئاودێری بۆ سوودوەرگرتن لەو ئاوە بۆ کشتوکاڵ و ئاوی خوادنەوە بنیات بنێت.
دڵشاد مەجید ئەوەش دەخاتەڕوو، تورکیا ئامادەیی خۆی نیشانداوە لەو ٥ ملیار دۆلارە کەرەستە و ئامێری تایبەت بە پرۆژەکانی ئاودێری بۆ عێراق دابین بکات و خۆی جێبەجێی بکات.

نازانرێت كازمی له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك 5 ملیار دۆلار له‌ توركیا وه‌رده‌گرێت

ڕۆژێک دوای سەردانەکەی مستەفا کازمی بۆ تورکیا، مەهدی حەمدانی وەزیری سامانی ئاوی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسییدا ناڕاستەوخۆ باسی لەوەکرد، کە عێراق و تورکیا لەبارەی پرسی ئاو نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
حەمدانی باسی لەوەکردووە، بەنداوی ئەلیسۆ کە تورکیا لەسەر ڕووباری دیجلە سەرقاڵی جێبەجێکردنییەتی گرفت بۆ عێراق دروست ناکات، بەوپێیەی بەنداوێکی تایبەتە بە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و بەردەوام ئاو بەردەداتەوە، بەڵام دوو بەنداوی دیکە مەترسییە بۆسەر ئاسایشی ئاوی عێراق کە تورکیا لە ئامەد لەسەر ئاوی دیجلە سەرقاڵی جێبەجێکردنییەتی، ئەوانیش بەنداوەکانی سیلبان و جەزیرەیە.
وەزیری سامانی ئاویی عێراق هیواشی خواستووە لەگەڵ تورکیا لەسەر پرسی ئاو بگەنە ڕێککەوتنێکی شەفاف و ڕوون و بۆ هەموولایەکی ڕابگەیەنن.
تورکیا پێشتر لە پێدانی ئەو پێنج ملیار دۆلارە بە عێراق پەشیمان بووەتەوە، ساڵی ٢٠١٨ لە کۆنگرەیەکی سێ ڕۆژەییدا لە کوێت کە تایبەتبوو بە ئاوەدانکردنەوەی عێراق و ٧٠ وڵات بەشدارییان تێدا کردبوو، تورکیا پێنج ملیار دۆلاری بەشێوەی قەرز و وەبەرھێنان بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق تەرخانکرد.
لە سەردەمی کابینەکەی حەیدەر عەبادییدا، عێراق لە دادگای نێودەوڵەتیی سكاڵایەکی دژی تورکیا جوڵاند لە بەرامبەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەلایەن تورکیاوە بەبێ ڕەزامەندیی بەغدا، بەوهۆیەشەوە تورکیا پەشیمان بووەوە لە بەڵێنی پێدانی ئەو پێنج ملیارە دۆلارە بە بەغدا.
بەڵام لە سەردەمی کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی تورکیا داوای لە عێراق کرد ئەو سکاڵایە بۆ ماوەی پێنج تا ١٠ ساڵ ڕابگرن کە عێراق داوای ٢٧ ملیار دۆلار قەرەبووی کردبوو لە تورکیا، لە بەرامبەریشدا تورکیا ئەو پێنج ملیار دۆلارە بەشێوەی قەرزی بێ سوو دەدات بە عێراق، ئەوەبوو عادل عەبدولمەھدی سکاڵاکەی عێراقی لەسەر تورکیا ڕاگرت.

عه‌بدولمه‌هدی ئه‌و سكاڵایه‌ی راگرت عه‌بادی دژی توركیا تۆماری كردبوو


ئێستا بەقسەی مستەفا کازمیی تورکیا بڕیاریداوە ئەمساڵ ئەو قەرزە بداتە عێراق و بەشێک لەو پرۆژانەشی باسکراون لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراقدا هێمایان بۆ کراوە، بەڵام نازاندرێت ئاخۆ بۆچی لەمکاتەدا تورکیا بەڵێنی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیەی بە عێراق داوە، لەکاتێکدا تورکیا خۆی گیرۆدەی قەیرانێکی سەختی ئابوورییە و بەهای لیرەی تورکیش ڕۆژ بەڕۆژ لە دابەزیندایە.
ڕۆژنامەنووس دڵشاد مەجید پێیوایە، سەرگرتن و سەرنەگرتنی ئەمجۆرە ڕێککەوتنانە تاڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە ھاوکاریی و ھەماھەنگی “ئەمنیی و ئاسایشی” نێوان ھەردوو وڵات.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش زانیاریی لەبارەی ئەو مەلەفە لا نییە، ڕۆژنیوز پەیوەندیی بە چەندین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە کرد بەڵام کەسیان ئاگاداری وردەکارییەکانی پێدانی ئەو قەرزە نین و نازان تورکیا لەبەرامبەر چیدا ئەو پارەیە دەداتە عێراق، لەو بارەیەشەوە هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمەی پشت ڕاستکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەوان بەهیچ شێوەیەک ئاگادارنین، نازان تورکیا لەبەرامبەر چیدا ئەو پارەیە دەداتە عێراق و بە چ مەرج و شێوازێک قەرزەکە دەدرێت.
شارەزایانی ئابووریش جەختدەکەنەوە کە قەرزە پێنج ملیارەکەی تورکیا، تەڵەیەکی هەنگوینییە بۆ عێراق.
پێدانی ئەو پارەیە لەلایەن تورکیا بە عێراق لەکاتێکدایە، عێراق لە پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١دا نزیکەی ٥٦ ملیار دۆلار کورتهێنانی هەیە، ئەو کورتهێنانەش دوورنییە وڵات دووچاری قەیرانی دارایی بکات، بۆیە کازمیی دەست بۆ کارتەکانی بەردەمی دەبات بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە زەبەلاحە.
زانیارییە ڕۆژنامەوانییەکان بەو ئاراستەیەن کە پێدەچێت کازمی سەردانی بەشێک  لەو وڵاتانە بکات، کە لە کۆنگرەی کوێت پارەیان بۆ ئاوادانکردنەوەی عێراق تەرخانکردبوو، دیارترین ئەو وڵاتانەش کوێت، سعودییە و ئیماراتن کە سەرجەمیان بە چوار ملیار دۆلار بەشدارییان کردبوو لە ئاوەدانکردنەوەی عێراق.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ