"شه‌ڕ له‌گه‌ڵ به‌غدا ئازارمان ده‌دات و هیچ پاساوێكی نییه‌"

چاوپێكه‌وتنێكی مه‌لا مسته‌فای بارزانى له‌ ساڵی 1966

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.01.06 09:03 AM
1785 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

رادیۆی خۆجێی بەغدا، لە کاتژمێر ١٧٠٠ بەکاتی گرنیچ، لە رۆژی ١١ی جوڵای ١٩٦٦دا، بەزمانی عەرەبیی، چاوپیکەوتنێکی مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقیدا(INA) بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت:
"لەیەکەمین چاوپێکەوتن لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقییدا(INA)، مەلا مستەفا داخی خۆی سەبارەت بەو شەڕە لە باکوری وڵات دەربڕی. ئەو وتی : ئەم شەڕە ئازاری داین و هیچ پاساوێکی بەڕەهایی نییە.
پەیامنێری ئاژانسەکە کە دیداری لەگەڵ بارزانی کردبوو، هەواڵیدا کە بەراستیی ئاشتیی بۆ باکور گەڕاوەتەوە. مەلا مستەفا پێی وتووە کە تەلەگرافی بۆ شوێنکەوتووانی ناردووە و داوای لێکردوون کە ئامادەکاریی بکەن بۆ ڕادەستکردنەوەی چەکە قورسەکان بە دەسەڵاتداران لە چوارچێوەی ئەو بەرنامە ١٢ خاڵییەی حکومەتدا. 
هەروەها بارزانی داوایکردووە کە گیراوەکان بەربدەن و شوێنكەوتووانیشی لە چاککردنەوەی ڕێگا و پردەکاندا دەستێوەردان ناکەن. هەروەها ئەو جەختییکردۆتەوە کە پێویستە خۆ لە بارگرژیی و پێکدادان لە نێوان شوێنكه‌تووانی (پێشمەرگە) و هێزە حکومییەکاندا ببوێردرێت. لە رەواندوز کۆمیتەیەکی باڵا دەستیکردووە بە سەرپەرشتییکردن و جێبەجێکردنی بەرنامەکەی حکومەت سەبارەت بە باکور.
پەیامنێری ئاژانسەکە هەواڵیدا: باکور ژیانی ئاسایی تێیدا دەستیپیکردۆتەوە، پاشئەوەی بۆ ماوەی پینج ساڵ لێی بێبەشبوو. کوردان لە تەواوی ئەو گوندانەی کە بەدرێژایی ڕێگاکە بڵاوبوونەتەوە، هەر لە گوندی جابینیانەوە لە بەرامبەری مەڵبەندی رەواندوز، هەتاوەکو گوندی خەلان، کە دیدارەکەی تێدا ئەنجامدراوە، ژیانیان بەشێوەیەکی سروشتیی بەڕیوەدەچێت. قاوەخانەکان پڕن لەو مشتەرییانەی گوێ لە رادیۆی بەغدا دەگرن بەزمانی کوردیی. فرۆشیاران بە ئازادیی دێن و دەچن، منداڵان لە نزیک کانیاوەکانەوە یاریی دەکەن. 

مه‌لا مسته‌فا بارزانى 1903 بارزان ـ 1979 واشنتۆن

پەیامنێری ئاژانسەکە وتی: لە ماوەی ئەو دوو ڕۆژەی لەوێ بەسەرمبرد، ئاسەوارەکانی شەڕم بینی، هەروەها هەستمکرد کە هەموو کەسێک خوازیارە کە کۆتایی بەم شەڕە بێت و تەواو بروایان وایە کە ناگاتە هیچ شتێک. هەموویان سەبارەت بە بەیانەکەی حکومەت لەبارەی باکورەوە دڵخۆشبوون. من هەستم بە هیچ بێزارییەک نەکردووە وەک ئاکامێکی سروشتیی ناکۆکییەکە. بەپێچەوانەوە، هەستم بە جەختکردنەوە لە دۆستایەتیی و برایەتیی کرد.
پەیامنێرەکە ئەوە زێدەکرد: دیارەکە لە دووەم ڕۆژدا ڕوویدا پاش گەیشتنم. لە سەعات ٢٠٠٠ چاوپێکەوتنەکە روویدا و لە کاتژمێر ٢٤٠٠ کۆتاییهات (واتە ٨ بۆ ١٢ی شەو). بۆ چوار کاتژمێری تەواو قسەوباسێکی درێژو راشکاوانە لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانییدا روویدا، ئەو وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دامەوە. لە سەرەتای چاوپێکەتنەوکەدا، ئەو بە درێژیی قسەی لەسەر دەستپێکردنی جوڵانەوەکەی کرد، چۆن بەردەوامبوو، چۆنیش هەوڵەکان بۆ کۆتاییهینانی دراون. هەروەها ئەو سەبارەت بە جیاوازیی و ناکۆکییەکان لەگەڵ هەندێک لە شوێنکەوتووانی (باڵی مه‌كته‌بی سیاسیى) دوا.

مه‌لا مسته‌فاى بارزانـى: ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە ڕێگە لە خوێنڕشتن بگیرێت و دۆستایەتیی و ئارامیی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە

پێموت : تۆ داوای جیابوونەوە دەکەیت.
مه‌لا مسته‌فا وەڵامیدایەوە: من داوای جیابوونەوەم نەکردووەو نایکەم، ئەوە تۆمەتبارکردنێکە لە لایەن ئەوانەوە کە نایانەوێت ئاشتیی ببینن بەرقەراربێت و هەروەها ئەوانەشی کە بەرژەوەندییان لە بەردەوامی شەڕدایە. بارزانی بەردەوامبوو لە قسەکردن: بە بەردەوامی لەسەر ئەمە بۆ بەرپرسان جەختمکردۆتەوە.
لێم پرسی: ئەگەر ئەمە ڕاستە چی ڕێکەوتنی دواخستووە؟
مه‌لا مسته‌فا وتی: ئەوانەی لە دەسەڵاتدابوون متمانەیان کەمبوو، هەروەها بەشێوەیەک هەڵئەسوڕان کە تێگەیشتنێکی واقعییان سەبارەت بەگرفتەکانی وڵاتەکە هەبێت بەگشتیی، سەبارەت بە باکوریش بەتایبەتیی. ئەوانە زیاتر لەژێر کاریگەری دروشمدابوون تاوەکو زانیاریی سەبارەت بە ڕەوشی ڕاستیینەی وڵاتەکە. 
وتم: بڕوات وایە ئەم حکومەتی ئێستا لەو هەڵانە بەئاگابێت کە لە رابردوودا ئەنجامدراون. هەروەها ئەو بەرنامەیەی بەو دواییە هەیەتی درک بە ئامانجی ئەو جوڵانەوەیە دەکات کە هیوای پێیەتی؟
مه‌لا مسته‌فا وتی: ئێمە هەستمانکردووە کە حکومەت تێگەیشتنێکی واقعبینانەی سەبارەت بە گرفتەکانی وڵاتەکە هەیە. هەروەها هەستمان بە ویستێکی دڵسۆزانە بۆ کۆتاییهینان بە گرفتەکانی باکور کردووە. بڕوامان بەخودا گەورەیە، ئێمە شتەکان لەبەر تیشکی ئەزمونەکانی پێشوومان دەنرخێنین.

مه‌لا مسته‌فا: به‌رده‌وام بۆ به‌رپرسانی به‌غدا جه‌ختمكردۆته‌وه‌ داوای جیابوونه‌وه‌ ناكه‌م

رێکەوتنەکان نرخێکیان نییە ئەگەر تەنیا وەک مەرەکەبی سەر کاغەز بمێننەوە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئەوان پێویستە بخرێنە بواری کردارەوە. ئەگەر ئەم بەرنامەیە بەتەواویی جێبەجێ بکرێت، ئەوا ئامانجەکانی جوڵانەوەکەمان دێنێتەدی. ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە کە رێگە لە خوێنڕشتن بگیرێت و دۆستایەتیی و ئارامیی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.
وتم: دۆخی جەنگ بۆتەهۆی دوژمنایەتییەکی خوێناویی لە نێوان خودی ئێوە و خێڵە کوردییەکانی دیکەدا، چۆن ئاشتیی و ئارامیی لە ناوچەکەدا دەگەرێتەوە؟
مه‌لا مسته‌فا وەڵامیدایەوە: ڕێگایەکی لۆژیکیی و گونجاو هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ شتەکان. شتی بنەڕەتیی ئەوەیە کە حیکمەت و هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی هەبێت، ئێمە دوژمنایەتیی خوێناویی ناخولقێنین. نەهێشتنی ئەو کێشانە ئەرکی حکومەتە. بنەمای سەروەریی یاسا بە شێوەیەکی بەهێز و چەسپاو جێبەجێ بکرێت. هەروەها دەبێت وریایی جەختی لێبکرێتەوە دژی ئەوانەی خوازیارن پشێوی بنێنەوە. ئەمانە نەهێشتنی دوژمنایەتیی خوێناوی مسۆگەر دەکەن. تێکدەران نایانەوێ کۆتایی شەڕکردن ببینن. ئەوان دەیانەوێ هۆکارەکان بۆ شەڕکردن بدۆزنەوە و دەبێت ئێمە ئامادە و وریا و بەئاگابین. 
پاشان بارزانی سەبارەت بە پەرەپێدانی باکور قسەیکرد و وتی: ئاسەواری وێڕانییەکان روونن، ئەرک داوای گەشەپێدانی خێرای باکورمان لێدەکات، باکور جوان و خۆشە. ئەو هاوشێوەی جوانترین هاوینەهەوارەکانە لە جیهاندا، بۆ ئێمە تاوانە کە سوودی لێ نەبینین.

 

وتم: ئایا هیچ پرەپۆزەڵیکتان هەیە بۆ گەشەپێدانی باکور؟
ئەو وتی: هیچ پرەپۆزەڵێکی تایبەتم نییە، بەڵام ئەمە دەبێت بخرێتە دەستی خەڵکانێکی دڵسۆزو بەرپرسیارو راستگۆ. ئامانجەکە دەبێت خزمەتی راستیینە بێت نەک بەرژەوەندیی شەخسیی.
پەیامنێرەکە ئەوەی زێدەکرد کە ویستویەتی دیدی بارزانی سەبارەت بە چەندین گرفتی عێراق و وڵاتانی عەرەب و وڵاتانی دیکەی جیهان بزانێت. پەیامنێرەکە پرسیاریکرد: زۆربەی وڵاتانی ئەمڕۆ روویان لە سۆشیالیزم کردووە، ئێوە چۆن تەماشای دەکەن وەک بنەمایەکی ئابووری کە دادپەروەریی لە لەدەرفەتی یەکسانی تێدا بۆ تەواوی هاولاتیان بەدیدێت؟
ئەو وەڵامیدایەوە: ئەمە لەبنەرەتدا پشت دەبەستێت بە گەل، ئێمە هەموو کات ئەوەمان پەسەندە کە گەل پەسەندێتی. ئەگەر خەڵک سۆشیالیزمیان لە هەر فۆرمێکدا بوێت، ئەوا پێویستە ئێمەش پشتگیریی لە سۆشیالیزم بکەین.
ئەو وتی مەسەلەی سیستمی سیاسی بە نزیکیی پەیوەستە بەژیانی دیموکراتییەوە. ئێمە هەوڵدەدەین ژیانیکی فول دیموکراتی و حوکمی پارلەمانیی دابمەزرێنین، کە تێیدا گەل بەتەواوی پیکهاتە نەتەوەیی و رەگەزییەکانییەوە نوێنەرایەتیی بکرێن. ژیانی دیموکراتی بۆ عیراق ژیانێکی سەلامەتترە. ئێمە بروای تەواومان بەگەل هەیە. گەل پیویستیی بە ئارامیی و ئاشتیی و کارهەیە، ئێمە لە دروشم و بەیاننامەکان بێزاربووین. ئەوەی کە نوقسانە کردارە. هەموو ئێمە، بە عەرەب و کوردەوە، ئەم وڵاتەمان خۆش دەوێت، ئێمە تەنیا هەوڵی خێرو چاکەی بۆ دەدەین. ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە لەنێو رۆڵەکانی ئەم وڵاتە، کەسانێک هەن کە خاوەن بەهای باڵان، ئەوانە ئەوەن کەتێدەکۆشن برایەتیی و دۆستایەتیی و هاوڕێیەتیی و دادپەروەریی دابمەزرێنن.
پرسیارم لەبارزانی کرد کە هەڵوێستیان چییە سەبارەت بە بانگەشە بۆ یەکێتی عەرەب؟
ئەو وتی: یەکێتی عەرەبیی بەهیچ جۆرێک لەگەڵ بەرژەوەندیی کوردان ناکۆک نییە. لەقاتی قسەکردن سەبارەت بەو هەوڵی کودەتایەی ئەم دواییە، بارزانی بە کارێکی منداڵانەو نالۆژیکیی ناویبرد. سەرکردەکان هەوڵیانداوە دەسەڵات بگرنەدەست، ئەوان تانکیان بەکارهێنا، ئەوان بەهێوابوون کورسی دەسەڵات بەدەستبێنن. ئەوان دروشمگەلێکیان بەکارهێنا، ئەوە جوڵانەوەیەکی بێئامانج بوو تەنیا هەوڵی بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات بوو.
پەیامنێری ئاژانسەکە بەردەوامدەبێت و دەڵێت: لەماوەی ئەم گفتوگۆ درێژە لەگەل مەلامستەفا بارزانییدا، هەستم بەخولیایەکی چەسپاوکرد بۆ گێڕانەوەی ئاشتی بۆناوچەکە و بۆئەوەی بە خۆشەویستیی و دۆستایەتیی لەگەڵ هەموو کەسدا بژی. برا هاونیشتیمانەکانمان لەجەنگ بێزاربوون.     
"

پرۆفیسۆر د.یاسین سه‌رده‌شتى
مامۆستای زانكۆی سلێمانى ـ مێژوو


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ