فشاری ئابوریی و جیۆپۆلەتیک لەسەر ئێران بۆ ساڵی ٢٠٢١ بەردەوام دەبێت، ئەمە وادەکات ئەو وڵاتە لە ناوەوەی خۆیدا دووچاری داخورانی سیاسی ببێتەوە، لە دەرەوەش هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا زیاتر دەکات؛ بەتایبەتریش لە عێراق، سوریا و لوبنان. بەڵام ناگات بە قۆناغی هەڵگیرسانی شەڕی مەیدانی و لەناوچوونی ڕژێمی ئێران.
تورکیا لەم قۆناغی پەلهاویشتن و فراوانکردنی قەڵەمڕەوی سیاسی و سەربازی خۆیدا بۆ سەر ناوچەکە و دراوسێکانی دەوەستێت، ئەمەش بەهۆی ئەو دۆخە ئابورییەی کە دووچاری دەبێتەوە.
هەروەها ناشتوانێت لە یەک کاتدا بەرگەی فشارەکانی ئەمریکا، ئەوروپا و روسیا بگرێت، بۆیە زیاتر سەرقاڵ دەبێت بە ڕێکخستنەوەی دۆخی ئابوریی ناوخۆیی خۆی.
عەرەب چاوەڕوانی زۆر بەرزیان لەسەر دروستکردنی ئاشتی و پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەڵچنیووە، بەڵام ئیسرائیل ناتوانێت هەموو ئەو چاوەڕوانیانە بهێنێتە دی، ئەوەی دەمێنێتەوە پێشگیریی و بەرەنگاربوونەوەی ئێرانە کە دەبێتە جەوهەری ئەو هاوپەیمانێتی و لێکنزیکبوونەوەیەی عەرەب (سوننە) و ئیسرائیل.
هەروەک چۆن وڵاتانی وەک سعودیە، پێویستی زۆریان بە توانایی تەکنەلۆژیی ئیسرائیل هەیە لە ڕووی ئەمنی و سەربازییەوە، ئەمەش بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی خۆیان و روبەروبوونەوەی ناڕەزایی و ئەگەرەکانی بەهێزبوونی ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتەکانیان.
هەرێمی کوردستان پێویستە لەگەڵ ئێران و تورکیا لەسەر هەردوو ئاستی سیاسی و ئابوریی پەرە بە پەیوەندییەکانی خۆی بدات و رەچاوی بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات. نەبێتە لایەنگر لە هیچ کام لەمانە؛ شەڕی سوننە و شیعە، ململانێی عەرەب و ئێران، ململانێی ئێران و ئیسرائیل.
هەبوونی باشترین پەیوەندی لەگەڵ هەمووان، بەهێزکردنی بونیادی حوکـمڕانی لەسەر بنەمای رۆڵی یاسا و دامودەزگای بیرۆکراسی مۆدێرن و پێشکەوتوو؛ ئەمانەش وەک بنەمایەک بۆ دامەزراندن و بەهێزکردنی ئابوریی و سەربەخۆیی ئابوریی.
رابهر تهلعهت