لە شەڕ و جینۆسایدەوە گه‌یشتووه‌ به‌ كوێ ؟

ڕواندا.. یه‌كه‌می بێ ڕكابه‌ری كیشوه‌ری ئه‌فریقا

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.01.17 03:36 PM
2044 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

هه‌ردى عه‌باس
ڕواندا یەکێک لە پەنجاوچوار وڵاتەکەی کیشوەری ئەفەریقایە، وڵاتێکی بچوکی داخراو(بێ دەریاو بەندەر) هاوشێوەی زۆربەی وڵاتانی ئەفەریقا خاوەن چیرۆک و مێژووی پڕ لە ناسۆر و هەڵبەزودابەز.
هەر بە باسکردنی وڵاتە ئەفریقیەکان مرۆ هەمیشە پرسیارێکی بە ئاوەزدا دێت، کە بۆچی دەبێ هێند بەدبەخت و بێ حاڵوماڵ بن!؟ پارچەیەک خاکە کە دایمودرهەم لەناو پێکدادان و کشتوبڕدایە، وەنەبێ حاڵی شوێنی تر بە نمونە (ڕۆژهەڵاتی ناوین) باش بێت، ئەوەی لەوێ هەیە سەرباری نائارامی، برسێتی و پەتا و شەڕی دوانەهاتوشی دەبێت بخەیتە سەر، هەڵبەت هەموو ئەمانەش لە تاریکیەکی تەواودا ڕو دەدەن، کە زۆرینەی جیهانیان ئاگایان لێ نیە.
چیرۆکی "ڕواندا"ش لێرەوە، لە داستانی شەڕ و جینۆسایدەوە دەست پێئەکات، وڵاتەکە بەهۆی کشتوبڕێکی خوێناوی وەحشیگەرانە، پیش بیستوپێنج ساڵ توشی یەکێک لە گەورەترین جینۆسایدەکانی مێژوو دەبێتەوە، ئەوەش لە ئەنجامی هەڵگیرسانی شەڕێکی ئەهلی گەورە لە نێوان نەژاد و ئەتنیکە جوداکانیدا، شەڕەکە لەنێوان هەردوو نەژادی "توتسو" لەگەڵ"هاتو" لە دوای کوشتنی سەرۆککۆماری پێشو کە لە خێڵی "هاتو"ە ڕودەدات، کە لە ماوەی کەمتر لە تەنها "١٠٠"سەد  ڕۆژدا نزیکەی "٨٠٠٠٠٠" هەشت سەد هەزار کەس لە نەژادی"توتسو" کە دەکاتە ۷٥٪ی هەموو نەژادەکە، بە دڕندانەترین شێوە قەتڵوعام دەکرێن و لە ئەنجامدا وڵاتەکە دەبێتە جەهەندمێکی وێرانە.
ئەوەی مایەی تێڕامان و سەرنجپێدانە، چیرۆکی هەڵسانەوەیە لە دوای تراژیدیا و داڕمانی تەواوەتی کۆمەڵگای ڕواندی، کە چۆن وڵاتێک، بە خەڵک و ڕابەرەکانیان، بڕیار دەدەن سەرپێ بکەون و ئومێدی گەورەیان بۆ دروست ئەبێت!؟

به‌هۆی شه‌ڕی خێڵه‌كانى ڕوانداوه‌ له ‌ماوه‌ی 100 رۆژدا له‌ ساڵی 1995 نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن كه‌س كوژران و ئاواره‌بوون

لە دوای کارەساتە خوێناویەکەی ساڵی نەودوچوار و هاتنە سەر حوکمی حیزبی نیشتمانی بە ڕابەرایەتی سەرۆک (کاگاما)، وڵات ئاهێکی بە بەردا دێت و ئیدی لێرەوە قوڵنگی بنیادنانەوەو بەرەوپێشچوون دەدرێت لە زەوی، یەکەم هەنگاویش ئاشتکردنەوە و هیوادارکردنی هەموو ڕوانداییەکان دەبێت.
لە ئێستادا دنیا وەک نمونەیەکی دانسقە و سەرنجڕاکێش لە ڕواندا دەڕوانێت، ئەو وڵاتە لە زۆربەی پێنوێنەکانی ئابوری و خۆشگوزەرانیدا هەر دێ بە خێرایی بۆ پلەکانی سەرەوە دەکشێت.
هەڵبەت ئەبێ لەبیرمان بێت باس لە وڵاتێکی بچوکی بێ هیچ سەرچاوەیەکی سروشتی دەکەین، کە هێشتا کاریگەریەکانی خاپوربونی لەسەرە و بۆخۆی دەکەوێتە جوگرافیایەکی قەیراناویەوە، بۆیە ناکرێت بەراود بە سەرکەوتنەکانی وڵاتێکی ئەوروپی یا میرنشێنی یەکگرتووی عەرەبی بکەین.
ئێستا پایتەختی وڵاتەکە "کاگالی" پاکترین شاری ئەفەریقا و یەکێکە لە یەکەمەکانی جیهان، هەموو یەکشەممانێکی کۆتایی مانگ کەمپەینی پاککردنەوەی گەورە لە لایەن خەڵکەوە بەڕێوە ئەبرێت و حکومەت بەکارهێنانی قاپوقاچاخی پلاستیکی یاساغ کردوە.
دەوڵەت زۆرترین تیشکی لەسەر وەبەرهێنانە لە بواری پەروەردە و پێگەیاندنی توانای مرۆییدا، کە نزیکەی هەموو دانیشتوان دەرفەتی خوێندنی باشیان هەیە.
لە ماوەی تەنها بیست ساڵدا ناوەندی ڕێژەی تەمەنی ڕواندیەکان لە   ٤۲ ساڵەوە هەڵکشاوە بۆ ٦۷ ساڵ.
سەبارەت بە گەندەڵی! کە یەکێکە لە کاریگەرترین پێنوێنەکانی گەشەسەندن و سەرکەوتن لە جیهاندا، ڕواندا لە پلەی هەرەنایابی ٥۰ پاکترین وڵاتی بێ گەندەڵیدایە لە کۆی ۱۹٥ وڵات!
ڕواندا ئێستا خاوەنی یەکەمین لە ئەفریقا و پانزەیەمین ئابوری گەشەسەندویە لە دنیادا کە ڕێژەکەی ٨٪دایە. بیستونۆیەمین سیستەمی بانکداری سەرکەوتوی هەیە. زۆرترین بودجە بۆ ڕێگاوبان و پرۆژەی زانستی خەرج ئەکات، تا دەگاتە ئەوەی یەکەم فڕۆکەخانەی ئەهلی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی (درۆن)ی لە دنیادا بنیاد ناوە.
سێکتەری کشتوکاڵ زیاد لە ٦٠٪ی بودجەی گشتی وڵات پێکدەهێنێت، لە ئاسانکاری بۆ کاروباری بازرگانیدا پلەی ٤٦ی هەیە لە ئاستی دنیادا و بە تەنیا لە ماوەیەکی کورتی دو ڕۆژەدا هەموو کەسێک ئەتوانێت کۆمپانیای خۆی دابمەزرێنێت.
زیاتر لە ٩٠٪ی ڕواندیەکان لە ژێر چەتری بیمەی تەندروستی دەوڵەتدان، فڕۆکەخانەی کاگالی و هێڵی ئاسمانی "ڕواندێر" بۆ زۆرترین شار و ناوەندە بازرگانیەکانی دنیا گەشتیان هەیە.
ئەمانە و چەندین ژمارە و ڕیکۆردی گەورە کە جێی دڵخۆشی ڕواندیەکان و چاولێکەری و سەرنجی ئەوانی ترن.
ڕاستە ڕواندا هێشتا خاوەن کێشەی گەورە و ڕێژەیەکی زۆر خەڵکە کە لە ژێر هێڵی هەژاریەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە دوای ئەو هەموو بێدادیەی کە باسمان کرد وڵاتەکە لە پلان و جوڵەدایە بۆ پێشەوە و ڕوئیای کورت مەودا و درێژمەودای پێشوەچونیان هەیە.

پایته‌ختی ڕواندا

گەرچی لە ڕوی بارودۆخی ئازادی سیاسی و میدیاوە وەک پێویست نین و لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە جێی ڕەخنەو گازەندەن، بە تایبەت کە سەرۆک "کاگاما" لە سێیەمین خولی سەرۆکایەتی خۆیدایە، لە بەرامەریشدا دەسەڵاتی ئەو وڵاتە دۆخی نەشیاو و تایبەتی ڕواندا وەک بیانو باس دەکەن.
بەڵام ئەوەی لە سەر ئەرزی واقیع و زمانی ژمارەکان پێمان دەڵێن، ڕواندا و خەڵکەکەی نمرەی دەرچوون لە تاقیکردنەوەی دوای شکستدا وەردەگرن.
کە ئاوڕ دەدەیتەوە لە ئەزمونی وڵاتێکی وەک ڕواندا و وڵاتەکەی ئێمە کە خاوەن پۆتانسیەل و توانای گەورەین بۆ گەشەسەندن و بون بە ژمارەیەکی گەورەی سیاسی و ئابوری لە ناوچەکەدا، ئیدی بیانوە درۆینەکانی دەسەڵاتی ئێرە و ناچالاکی خەڵکەکەمان بۆ ڕون دەبێتەوە. لە کۆتاییدا بۆ تێگەیشتن و بەرواردی زیاتر دەتوانین تیشک بخەینە سەر وتەکانی سەرۆکی ڕواندا کە لە بەردەم خوێندکارانی زانستگایەکی ئامریکاییدا پێشکەشی کرد.
- ئێمە دەبێ دان بە هەڵە و کەموکورتیەکانی ڕابردودا بنێن ئەوسا دەتوانین چارەیان بکەین(ئەوانەی خۆمان خەریکی تەقدیسکردن و بە شانوباڵداهاتنی ڕابردوی پڕ کەموکوڕی خۆیانن)
-وەبەرهێنان لە سەرمایە و توانای مرۆییدا لە هەمو بوارەکانی تر گرنگترە(ئەوانەی خۆمان ئەوەی گرنگ بێت بە لایانەوە قاچاخی و دزی و ڕاوڕوتە، زۆرینەی توانا و گەنجەکانی ئەم وڵاتەیان نائومێد کردوە و لە ڕێی ستەمکاریەوە هەستی هاونیشتمانیبوونیان لای خەڵک لاواز کرد )
-هەوڵی ئەوە ئەدەین پێویستیمان بە یارمەتی دەرەکی نەمێنێت(لێرە سەرەڕای سەرمایەی زۆری ناوخۆ هەر خەریکی سواڵکردنین لە ڕێکخرا و وڵاتانی دەرەوە)
-بۆ ئەوەی پێش بکەوین دەبێت دژایەتی گەندەڵی و ڕۆتینات بکەین(بۆ ئەمەیان من هیچ نایەژم!).


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ