سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندی كه‌سیى

بــایــدن.. دۆستە كۆنەكەی كورد

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.01.21 10:09 AM
967 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

د.یادگار عه‌لى ـ مامۆستای زانكۆ
لەسەردەمی ئیدارەی ئەمەریكا (دۆناڵد ترەمپ)، پرسی كورد لەبارێكی ئێجگار خراپ بو. لەعێراق؛ بەپاساوی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، (26) ساڵ بۆ دواوە گەڕێنرایەوە، ڕێگەدرا سوپای عێراق بەچەك و دەبابەی ئەمەریكی و پلان و بەرنامە و چەكداری ئێرانی سەركوتی كورد و داگیركردنی زیاد لەنیوەی خاكەكەی بكات. هێڵی (36)ـی ئەنجومەنی ئاسایش زیندوكرایەوە، هەرێمی كوردستان لەكۆنفیدراڵییەوە گەڕێنرایەوە بۆ حوكمی زاتی- ئەو مافەی كەدەیانساڵ پێش ئێستا ڕێمی بەعسی عێراقی ئامادەبوە بەكورد ـی بدات. لەسوریاش؛ ئەمەریكیەكان لەناوچەكوردییەكان كشانەوە و بەڕێككەوتنی گوماناوی و هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بۆ (ئەردۆگان)، زۆربەی خاكی ڕۆژئاوای كوردستان بەزەبری چەكی ئەمەریكی و ئەوروپی و بەهاوكاری گروپە تیرۆریستیەكان داگیر و وێران كرا، تائێستاش؛ سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی لەناوچە كوردییەكان و بێبەشكردنیان لەكەمترین مافە سەرەتاییەكانیان لەداهاتووی سوریا جێبەجێ دەكرێت. (جۆن بۆڵتن): (ترەمپ حەزی بەكورد نیە، متمانەشیان پێناكات). لەناوخۆی توركیاش؛ زۆرترین كاری نادیموكراسی بەرامبەر بەهەدەپە و هاوسەرۆك و پەرلەمانتار و بەرپرسەكانیان ئەنجامدرا. لەئێرانیش؛ كورد لەگشت كاتێك زیاتر باجی سیاسەتی ئەمەریكایان بەرامبەر ئێران دا، سەرباری سەختی سزا ئابورییەكان لەسەریان، وەك هاوڵاتیەكی ئێرانی، ئەو ئیدارەیە هیچ بەرنامە و ستراتیژێكیشی بەرامبەر دۆزی كورد لەو وڵاتە نەبو.

جۆ بایدن به‌رده‌وام دژایه‌تی سه‌دامی كردووه‌ و هاوسۆزی گه‌لی كورد بووه‌

ئەمڕۆ گەلانی ئەمەریكا پاداشتی ترەمپ و ئیدارەكەیان دایەوە. ئیتر لەتویتەر قسە دووبارە، پڕ لەڕق و دەمارگیری، دوور لەدیپلۆماسییەكانیمان بەرچاو ناكەوێت. (جۆ بایدن) كاری گرتە دەست. خەڵكێكی زۆر بەو كەسەی دەناسن هاوسۆزی پرسی كوردە.
• لەساڵی (1988) كاتێك ڕژێمی عێراق پرۆسەی ئەنفال ـی بەرامبەر بەكورد ئەنجامدا، (جۆ بایدن) سیناتۆر لەئەنجومەنی پیران و ئەندامی لیژنەی پەیوەندیەكانی دەرەوە بو، داوای لە جۆرج بووشی باوك كرد، (سەدام حسەین) لەدەسەڵات دووربخاتەوە، ڕێگەدان بە(سەدام حسەین) بۆ گێڕانەوە ئەو ناوچانەی كە زۆرینەیان عەرەبی سووننە نین، دەبێتە مایەی خوڵقاندنی قەسابخانەیەك هەزاران كورد و شیعەی تێدا سەردەبڕدرێت.
• پشتگیری هەموو ئەو بڕیارانەی كردووە بۆ كشانەوەی توركیا لەكوردستانی عێراق هەبوون، لەحەفتاكانی سەدەی ڕابردوەوە، لەگەڵ چارەسەری كێشەی نێوان توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان ـە.
• (جۆ بایدن) خاوەنی قسەی (پشتگیری ئۆپۆزسیۆن بۆ ڕووخاندنی ئەردۆگان دەكەین)ـە.

په‌یوه‌ندییه‌كی تایبه‌ت و به‌هێزی له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی هه‌بووه‌

• (جۆ بایدن) هەمیشە لەگەڵ (نوری مالیكی) ناكۆك بوە، پەیوەندی بەهێزی بیست ساڵەی لەگەڵ (مام جەلال) هەبوە، لەگەڵ كاك (مەسعود بارزانی) پەیوەندی باش بوە، بارزانی بە (دۆستێكی باش بۆ كورد) وەسفیكردوە.
• ساڵی (2002) ھاتوەتە پەرلەمانی كوردستان: (پشتیوانی لەدۆزی كورد دەكەم، كوردستانی عێراق، پۆڵەندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ـە)، (ئیدی تەنها چیاكان دۆستی ئێوە نین). لەبارەی سەردانەكە (جاك هیگڵ – سیناتۆری كۆمارییەكان) كە لەگەڵ (بایدن) بوە: (پێموایە ئێمە تەنها كەسی بیانین، داواكرا بێینە پەرلەمان و قسەبكەین).
• لەساڵی (2006)، (جۆ بایدن)، وتارێكی بەناونیشانی: (ستراتیژییەتی دەرچوون) لەڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) بڵاوكردەوە، پێشنیازی پیادەكردنی لامەركەزیەتی بۆ عێراق كرد، بەمشێوەیە: (وەك ئەوەی لە بۆسنە هەیە، پارێزگاری لەعێراقی یەكگرتوو لەڕێگەی لامەركەزییەتەوە بكرێت، ڕێگە بدرێتە هەر كۆمەڵە ئاینزا و نەژادی – كورد، عەرەبی سوونە و عەرەبی شیعە خۆیان كاروباری خۆیان بەڕێوەبەرن، حكومەتی ناوەندی تەنها ئیدارەی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان بدات). (بایدن ) لەچەند كات و بۆنەیەكی تریش پێیوابوە (هەر هەوڵێك بۆ پێكەوەلكاندنی عێراق، دەبێتە مایەی دابەشبوون). ئەو پێشنیازەی بایدن هەر ئەوكات لەلایەن كورد بەگەرمی پێشوازی لێكرا و عەرەبە شیعیەكانیش بەتوندی ڕەتیانكردەوە و عەرەبە سوونەكانیش پشتگیرییان نەكرد، بەڵام لەمساڵانە دواییەدا؛ دەیانجار داوای هەرێمی سووننیان لەعێراق كردووە. كاك(مەسعود بارزانی)ـش لەكتێبی (بۆ مێژوو) باسی لەوەكردووە، (بایدن) پێی گوتوە: (لەتەمەنی خۆماندا، دەوڵەتی كوردی دەبینین).

بارزانی: بایدن پێیوتم من و تۆ ده‌وڵه‌تی كوردیى ده‌بینین

• بەپێی گێڕانەوەیەكی (عیماد ئەحمەد) كە جێگری سەرۆكوەزیران بوە، (جۆ بایدن) ئامۆژگاری سەركردەكانی یەكێتی و پارتی كردووە: (كەركوك بەپایتەختی دەوڵەتی كوردستان دیاری مەكەن، توركیا بەحەساسییەت وەریدەگرێت..)، ئەمە ئەوكاتە بوە یەكێتی و پارتی سەرقاڵی نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستور بوون، دەیانویست ئەو شارە بەپایتەخت دیاریبكەن.
• كاتێك (ئیدارەی ترەمپ) پشتی لەكوردەكانی سوریا كرد، بەتەنها بۆ سوپای توركیا و تیرۆریستان جێیهێشتن، (جۆ بایدن) نیگەرانی پیشاندا، بڕیارەكەی بە (خیانەت لەكورد) وەسفكرد، هێزەكانی سوریای دیموكراتی بەهێزێكی دۆستی وڵاتەكەی زانی بەتایبەت لەپاككردنەوەی ڕەققەی سوریا لەداعش.
پێدەچێت سیاسەتی ئیدارەی ئەمەریكا لەسەردەمی (جۆ بایدن) بەرامبەر عێراق پشتگیریكردن بێت لە (لامەركەزییەت)، ڕوو لەبەهێزكردنی هەرێمی كوردستان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ دروستكردنی هەرێمی سوونەكان بێت.
چاوەڕێناكرێت سیاسەتی (جۆ بایدن) بەرامبەر توركیا هەمان سیاسەتی (دۆناڵد ترەمپ) بێت، پێشبینی دەكرێت جیاواز بێت، توركیا هەست بەوەدەكات. ئەوەتا بەپەلە شاندەكانی دەگەنە هەولێر و بەغداد، لەڕۆژئاوای كوردستانیش گێچەڵەكانی بەكوردەكان زیاتر دەكات.

كۆبوونه‌وه‌ی بایدن له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی كه‌ركوك ـ 2009.1.13

نابێت ئەو حەقیقەتە لەبەرچاونەگرین كەئەوروپا و زۆرێك لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقاش دژ بەسیاسەتی دەرەوەی توركیان لەبەرامبەر سوریا، لیبیا، قوبرس، یۆنان، ئازەربیجان و عێراق، ئەوە بێجگە لەڕەفتارەكانی ئەردۆگان و حیزبەكەی بەرامبەر بەئۆپۆزسیۆن لەوڵاتەکەیان و كۆتوبەندكردنی دیموكراسیەت و ئازادییەكان.
دوورنیە ئەمەریكا بەكەمكردنەوەی هەیمەنەی توركیا لەهەرێمی كوردستان كەشێكی گونجاو بۆ پێداچوونەوە بەگرێبەستەكانی نەوت و ووزەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا و ڕێككەوتنی تەواوەتی لەگەڵ عێراق بھێنێتەكایەوە.
ئەمەریكا لە( 2002) گەورەترین كونسوڵخانە لەهەولێر دەكاتەوە، دەستبەرداری هەرێمی كوردستان نابێت و دەكرێت چاوەڕێی پێشهاتی نوێی نێوان ئیدارەی بایدن لەگەڵ كورد و پەیوەندیدار بە توركیا، عێراق و ئێران بین.
بەپێی وتەی نووسەر (بن روودس) لەكتێبی (جیهان بەو شێوەیەی هەیە.. لەكۆشكی سپی سەردەمی ئۆباما): (بایدن لەو كەسانەیە، سیاسەتی دەرەكی لەسەر بنەمای پەیوەندی كەسی بنیات دەنێت).


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ