باڵادەستی هۆز و غیابی عه‌قڵیه‌تی حوكمڕانیى

به‌رهه‌می هۆز و عه‌شیره‌ت.. له‌ شۆڕشی شێخ مه‌حموده‌وه‌ تا كابینه‌ی نۆیه‌م

ڕەزوان یاڵانپێی 2021.01.26 12:46 PM
1471 جار خوێندراوەتەوە

ڕەزوان یاڵانپێی

نوسه‌ر و توێژه‌ر
مامۆستای زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌
ماسته‌ر له‌ مێژووی نوێ و هاوچه‌رخ

خوێندكاری دكتۆرا ـ مێژوو

تێبینی مێژووی هاوچەرخی شۆڕشە کوردیەکان بکەن، هەر لە شۆڕشی شێخ مەحمودەوە تا میرنشینی بارزانی ئێستا سادە و ساکار، ڕون و ئاشکرا، دەردەکەوێت عەشیرەت و هۆز، میر و ئاغا، شێخ و سادات ڕێبەری جوڵانەوەی شۆڕشێکی لۆکاڵیان کردووە، بە دیدێکی زاڵبوی ئایینی و ناوچەیی پێشبینی ڕوداو پێشهاتە سیاسیەکانیان کردووە.

باڵادەستی هۆز و غیابی ڕۆشنبیر:
ئاشکرایە شێخ مەحمودی حەفید پاش جەنگی یەکەمی جیهانی و هاتنی زلهێزەکان بۆ ناوچەکە، ڕونتر لە جەنگی نێوانی دەوڵەتی عسمانی و سوپای ئینگلیز بە تێڕوانینێکی مەزهەبی خۆی خزاندە باوەشی عوسمانیەکانەوە و دژ ئینگلیزەکان وەستایەوە، بێ ئاگا لەوە کە دەوڵەتی عوسمانی هۆکاری نابودکردنی کوردستان و  ڕوخانی زۆربەی میرنشینە کوردیەکان بووە، هەر ئەمەش بوە بەڵگەیەکی ئەرێنی بەدەست ئینگلیزەوە دواتر دژ بە شۆڕشەکەی شێخ مەحمود بوەستێتەوە.
ناوچەکانی خوی و سەڵماس و ئەشنەویە و شکاک و چەند ناوچەیەکی تر مەیدانی هەڵگیرسانی شۆڕشەکەی اسماعیل ئاغای شکاک بوون، عەشیرەتەکانی مامەش و زەرزا و مەنگۆڕ  پشتگیری شۆڕشەکەیان کرد، لێرەدا سمکۆی شکاک نەیتوانی پشتگیری دەوڵەتەکانی سۆڤیەت و ئینگلیز بەدەست بهێنێت و خەریکی کۆکردنەوەی عەشیرەتەکان بوو، لەو لاوە ڕەزا شای پەهلەوی پیاوی ڕاستەوخۆی ئینگلیز و بە هاوکاری ئەوان هەر زوو توانیان شۆڕشەکە دابمرکێننەوە.

قازی محه‌مه‌د حكومه‌تێكی له‌ سه‌رۆك خێڵ و عه‌شیره‌ته‌كان دروستكرد

کۆمارەکەی قازی محەمەدیش بە هەمان ڕێچکە و شێوە بوو، لەبری سودبینین لە گەنجان و بیرفکرەکان خەریکی ڕازی کردنی عەشایر و سەرۆک هۆزەکان بوو، هێندە بەوان پرس و ڕای دەگۆڕیەوە، نەیتوانی سود لە گەنجە خوێنگەرمەکانی ئەوکاتی ژێکاف کە لە دەوریدا سوڕیان دەخوارد ببینێت، هەر ئەمەش هۆکارێک بو بۆ ڕوخانی کۆمارەکە، مێشکی خاڵی لە دوربینی سیاسی و نەیانتوانی دڵی سۆڤیەت بۆ خۆیان ڕاکێشن، لە نەبونی دیدێکی عاقڵانی و هۆشێکی ژیرانە و تێڕوانینێکی دوربینانە، ڕوخان چاوەڕێت دەکات.
حیزبی کوردی و شۆڕشەکانیان چاویان لە عەشیرەتە، ئەمەش بۆتە کولتورێکی سیاسی بۆگەن بۆ پارتی کوردی، کاتێک حیزب پشت بە ڕۆشنبیر و نوسەرەکان نەبەستێت بۆگەن دەکات. نوسەر و بیرمەندێکی گەورەی کورد هێندەی سەرۆک عەشرەتێک گرنگ نییە بۆ حیزب، هەر بۆیە حیزبەکان کڵوڵ و داما و بۆگەنن.
 وەختێک پارتی دیموکرات دادەمەزرێت مەلایەک سەرۆک و ئاغایەک و شێخێک بونە جێگر، ئەمانە هەمویان پشتگیری عەشیرەتیان هەبوو، هەوڵەکانیان بۆ ئەوە بوو کە تا سەرۆک عەشیرەتێک و بەگی گوندێک لەگەڵیان بێت پارتەکەیان قەرەباڵغ و شلۆغتر دەبێت، ئەمەش کاریگەری سلبی لە سەر ئەم پارتە و شۆڕشی ئەیلول کرد دواتر، قەبوڵ نەکردنی ڕاکانی یەکتری و خۆبەزلزانینی سەرانی پارتەکە، ناکۆکی خستە نێو سکرتێر و ئەندامەکانی ترەوە.

شکستی شۆڕشی ئه‌یلول به‌هۆی بێ ئاگایی و دواکەوتوویی سەرکردەکانییه‌وه‌ بوو


لەوە گەڕێن، شکستی شۆڕشی کوردی پاش ڕێکەوتنی جەزائیری ساڵی 1975 بە دیوە فەلسەفیەکەیدا بێ ئاگایی و دواکەوتویی سەرکردەکانی شۆڕش بوو، سەدام و شای ئێران ڕێکەوتبون شۆڕش کوردی دابمرکێننەوە، سیاسیەکانی شۆڕش لە دید و ڕوئیای عەشایری خۆیاندا دەوڵەتێکی گەورەیان بۆ خۆیان وێنا دەکرد.
قیادەی موەقەتە و بەرپرسانی پارتی لە ڕێگەی عەشیرەتەکانی هەکاری و برادۆست پۆلێک پێشمەرگەی کوردیان شەهید کرد، ئەوەی بەعس پێی نەدەکرا پارتی لە ڕێگەی عەشیرەتەکانیەوە کاری خۆی کرد، لێرەوە دەرکەوت مێشکی عەشیرەتگەری و هۆزگەرایی ژەنگ و بۆگەنی کردوە و دەبێتە هۆکاری ڕوخانی شۆڕشەکان.
حزبی کوردی لە بری پەروەردەی خەڵک و ڕاهێنانی گەنج و گەشەپێدانی لایەنی نوسین و سیاسەت و عەلاقەی نێودەوڵەتی هات عەشیرەتی دەوڵەمەند کرد، بنەماڵەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، بەگ و ئاغاکانی دەوڵەمەند کرد، تەڕاتێنیان کرد، بۆ ئەوەی هەر کامیان دەنگ و نفوزێکی زیاتری هەبێت، نەیتوانی کۆمەڵێک قسەکەر و دیپلۆماتکار لە سەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی و نێو دەوڵەتی دروست بکات.

ریفراندۆمه‌كه‌ی بارزانیش هه‌ر پێوه‌ری خێڵ و عه‌شیره‌تی له‌ پشته‌وه‌ بوو

جاران لە گوندەکاندا بەگ و میر هەر بڕیارێکیان دابێت، هۆزەکەی بەبێ گەڕانەوە بۆ عەقڵ و ڕاستی چونەتە ژێر باری قسەی ئاغا و بەگەکان، جا ڕیفراندۆمەکەی ئەمان ڕێک دەچێتە ئەم خانەیەوە، یەک وڵاتی ئەم گۆی زەوییە لە گەڵیدا نەبوو، بەڵام بیری عەشیرەیی و کورتبینی و ئاغاچیەتی خۆیان زاڵ بوو،سواری قسەی خۆیان بون و میللەتێکیان خنکاند.
ئەم کابینە شکستخواردوەی ئێستاش لەسەر هەمان سکە بەردەوامە و پشتی بە نەخوێندەوار و عەشیرەت و بەگ و شێخ و ئاغا و میر بەستوە، ڕۆژ بە ڕۆژ پەکی دەکەوێت و ئیفلیج دەبێت، هیچ ڕوئیایەکی سەلیم بونی نیە، وەگەرنا حکومەتەکە و خاوەنەکانی دەمێکە مردوون.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ