جیاوازییه‌كانی بۆ كورد چییه‌ ؟

شکۆی کورد.. لە نێوان فیلمەکەی قاسم سوله‌یمانی و فیلمەکەی هیلاری کلینتۆن

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.01.26 07:49 PM
1868 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

د.ئارام ڕه‌فعه‌ت

لەم هەفتەیەدا کورد پاڵەوانی دوو فیلمە، یەکیان شەرم ئامێز و ئەوی تریان شکۆمەند. یەکەمییان لە لایەن ئێرانییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە و ئەویتریش لە لایەن ئەمریکییەکانەوە پرۆژەیە بۆ بڵاو کردنەوە. هەردوو فیلمەکە گێڕانەوەی دوو ڕوداوی یەک سەردەمن کە لە ٢٠١٤ ڕوویانداوە، یەکیان لە هەولێر و ئەوی تریش لە کۆبانێ. پاڵەوانە سەرەکییەکانی فیلمە ئێرانییەکە بارزانی، قاسم سلێمانی و داعشن، هی زنجیرە فیلمە ئەمریکییەکەش ژنە شەڕڤانان و داعشن.

با لە شکۆمەندەکەوە دەستپێبکەین
ـ فیلمە ئەمریکییەکە زنجیرەیەکی تەلەفیزیۆنی فیلم/دۆکومێنتاری دەبێت لەسەر رۆڵی ئەفسانەیی ژنە شەڕڤانەکانی رۆژاڤا لە جەنگی بەرخۆدانی کۆبانێدا. فیلمەکە پرۆژەی خانەوادەی بیل کلینتۆنە. دایک و کچ، هیلاری کلینتۆن و چێلسی کلینتۆن، کە خاوەنی کۆمپانییای هایدن لایت پرۆدەکشن"ن ئیمتیازی تەلەفزیۆنیان بۆ ئەم فیلمە بەدەست هێناوە. 
ـ ڕوداوەکانی ناو فیلمەکە ڕوداوی ڕاستەقینەن و لە بنەڕەتدا ئەو روداوانەن کە لە کتێبەکەی گایلا تزیماک لیمۆن دا دۆکومێنت کراون. 
ناونیشانی فیلمەکەش هەمان ناونیشانی کتێبەکە دەبێت، واتە ناونیشانی فیلمەکە: کچانی کۆبانێ: چیرۆکی بەرخۆدان، ئازایەتی و دادپەروەری"ە
The Daughters of Kobani: A Story of Rebellion, Courage, and Justice
ـ کتێبەکە لەسەر بنەمای سەدان کاتژمێر چاوپێکەوتنی مەیدانی لەگەڵ ژنە شەرڤانانی بەشداری بەرخۆدانی کۆبانێ وە سەدان راپۆرتی مەیدانی لە کاتی بەرخۆدانەکەدا نوسراوە. 

ئەم فیلمە تاڕادەیەکی باش ڕیسی تورکەکان دەکاتەوە خوری

 

ـ وەک ڕاگەیاندنە ئەمریکییەکان ئاماژەی پێدەدەن، چاوەڕوان دەکرێت کتێبەکە یەکێک لە پڕفرۆشترین کتێبەکان بێت، بڕیارە لە ٦ی شوباتی ئەمساڵ لە لایەن دەزگای پەنگوین بڵاوبکرێتەوە. 
ـ زنجیرە فیلمی کچانی کۆبانێ مانا و مەغزای گەورە و پڕ بایەخ و مێژوویی بۆ کورد و دۆزە رەواکەی هەیە، چونکە:
ـ خانەوادەی بیل کلینتۆن، هیلاری و چێلسی، خاوەنی پرۆژەی فیلمەکەن. هیلاری هەشت ساڵی خانمی یەکەمی ئەمریکا و دواتریش وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکی وڵات لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦دا، بەواتایەکی تر، خانەوادەیەک خاوەنی پرۆژەکەن کە نزیکن لە بڕیاری سیاسی وڵات و بەتایبەتیش لە ئێستادا کە دیموکراتەکان لە حوکمدان، ئەمەش چاوەڕوان دەکرێت ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر تێڕوانینی ئیدارەی ئەمریکی و ڕایگشتی وڵاتەکە هەبێت.
ـ چاوەڕوان دەکرێت هەم کتێبەکە پڕفرۆش بێت و هەم فیلمەکەش پڕ بینەر. ئەمەش دۆزی کورد لە ئاستێکی باڵا و فراواندا و لە جوانترین دەروازەیدا، دەروازەی بەرخۆدانی ژنانی کورد دژ بە داعش، بە ڕایگشتی ئەمریکا و دونیا دەناسێنێت.
ـ کوردانی رۆژاڤا کەمترین کاری لۆبییان هەیە و کەمترین خەرجی بۆ لۆبی دەکەن، لە بەرامبەردا، لۆبی تورکی سەدان ملیۆن دۆلار بۆ بە تیرۆریست نیشاندانی شەڕڤانان و بە دێوەزمەکردنی کورد سەرف دەکات، ئەم فیلمە تاڕادەیەکی باش ڕیسی تورکەکان دەکاتەوە خوری. 
ـ ئەم کارەی کۆمپانیای خانەوادەکەی کلینتۆن لە بواری دۆکومێنتاری و فلیمسازیدا سەرەتایە، لۆژیکیش وایە کە هەموو کۆمپانییایەیەکی لەو جۆرەش بە بەهێزترین کار دەست پێدەکات، هەڵبژاردنی کچانی کۆبانێ ئاماژەیە بۆ بەهێزی و ڕاستەقینەیی و ڕەوایی بەرخۆدانی ژنە شەڕڤانان.

دەربارەی فیلمە شەرمئامێزەکە...
ـ فیلمەکە لە لایەن ڕژێمی داگیرکەری ئێرانەوە و بەهاوکاری هەندێک کوردەبۆرەی سەر بە ڕژێم بە ئامانجی لێدان لە شکۆی کورد و لاواز و بێ چارە و دەسەڵات نیشاندانی کورد بڵاوکراوەتەوە.

زانیارییەکانی ناو فیلمەکە پێشتر لە دیدارەکانی بارزانیدا تەئکیدییان لەسەر کراوەتەوە

ـ فیلمەکە کورتە و تەنها ١٠ دەقەیە و پێشتر بە ئەنیمەیشن و بە ڤێرژنێکی هاوشێوە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام سەرەرای ئەوە، تاڕادەیەکی زۆر ئامانجەکەی پێکاوە، کە سوکایەتی و بێ بەرنامە و پلانی و پاشکۆیی پیشاندانی سەرکردایەتی باشورە.
ـ فیلمەکە گێڕانەوەی ڕوداوێکە کە تێیدا قاسم سوله‌یمانی وەک فریادرەس و پارێزەری بارزانی و هەولێر نماییش دەکات و موبالەغە و زێدەڕۆیی زۆری تێدایە.
ـ بەشێک لە زانیارییەکانی ناو فیلمەکە، ئەوانەی پەیوەستن بە دەستەوەستان و بێچارەیی کورد، پێشتر لە دیدارەکانی مەسعود بارزانیدا تەئکیدییان لەسەر کراوەتەوە.
ـ ئەوەی جورئەتی بە ڕژێمی ئاخوندەکان داوە ڕوداوەکەی نزیکبوونەوەی داعش لە هەولێر بکەنە بنەمای فیلمێکی سوکایەتی ئامێزی لەو جۆرە، هەر بەتەنها هاواری بارزانی نەبوو بۆ قاسم سلێمانی، بەڵکو ڕوداوەکانی پێش و دوای ڕوداوەکەی هەولێر بوون. لەوانەش؛ بە گورگان خواردووکردنی شەنگال و تەسلیمکردنی مەخمور بە داعش و دواتریش لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا تەسلیمکردنەوەی نیوەی کوردستان بە حەشدی شیعی.
ـ ئەوەی کارەکتەرەکانی ئەم دوو فیلمە لەیەک جیادەکاتەوە بوونی دۆز (قەزیەیە).
 لە ڕۆژاڤا شەرڤانان خاوەنی دۆزێکی ڕوان و بە خوێنی خۆیان بەرخۆدان دەکەن. 
لە باشور، دەمێکە بنەماڵە و حیزبە حاکمەکان دۆزە ڕواکەی کوردیان کردۆتە کاڵایەکی بازرگانی و لە بەغدا و دیمەشق و ئەنقەرە و تاران سات و سەودای پێدەکەن.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ