بۆچی ئێرانییه‌كان ئه‌مجاره‌ پشتیوانی ناكه‌ن ؟

بەرهەم ساڵح.. ئایا دەبێتەوە بە سەرۆک کۆمار ؟

توانا عوسمان 2021.05.01 03:24 PM
1766 جار خوێندراوەتەوە

توانا عوسمان

رۆژنامه‌نووس

(خوێندنەوەیەکی شیکاری لەسەر ئەگەر و نەگەری بونەوەی بەرهەم ساڵح بەسەرۆک کۆماری عێراق).
بەرهەم ساڵح "61ساڵ" سەرۆک کۆماری عێراق دەیەوێت بۆ خولێکی چوار ساڵی تر ببێتەوە بەسەرۆک کۆماری عێراق، پێشتر تەنها مام جەلال توانی دوو خول لەسەریەک سەرۆک کۆماری عێراق بێت، دوای ئەو فوئاد مەعسوم نەیتوانی لەخولی دووەمدا ببێتەوە بە سەرۆک کۆمار.  

بەرهەم ساڵح چۆن بو بە سەرۆک کۆمار ؟
بەرهەم ساڵح ساڵی 2018 بەعەمەلیاتێکی قەیسەری بوو بەسەرۆک کۆمار، ئەو تەنها هەفتەیەک بوو گەڕابۆوە ناو حیزبەکەی "یەکێتی نیشتمانی کوردستان" لەناو ناکۆکیەکی ئاشکرادا یەکێتی کاندیدی کرد بۆ سەرۆک کۆمار.
بنەماڵەی تاڵەبانی کەتا ئەو کاتە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد "73ساڵ" نوێنەرایەتی ئەکرد، دژی کاندیدکردنی بەرهەم ساڵح بوو، بەڵگەش بۆ ئەوە هەردوو زاواکەی "لەتیف رەشیدو محەمەد سابیر" وەک ڕکابەر بەرامبەر بەرهەم ساڵح خۆیان کاندید کرد.
ئەو کات جگە لەباڵی کۆسرەت رەسوڵ کەپشتیوانی ئاشکرای کاندیدبوونی بەرهەم ساڵح بوو، تەنها لاهور شێخ جەنگی برازای مام جەلال لەبنەماڵەی تاڵەبانی پشتیوانی بەهێزی بەرهەم ساڵح بوو، ئەگینا کوڕەکانی مام جەلال وەک پشتیوانی ئاشکرا دەرنەکەوتن، بافڵ تاڵەبانی پشتیوانیەکی دیاریکراوی نیشاندا و قوباد تاڵەبانیش بێدەنگی هەڵبژارد.

یەکێتی بۆ لە 2028 دا بەرهەم ساڵحی کرد بە سەرۆک ؟
ئەوکات یەکێتی لەسەروبەندی سوڵحێکی ناوخۆیدا بوو بۆ کۆنگرە، دەیوست هاوسەنگیەکی بێ سەریەشە لەنێوان باڵەکانی ئەو سەردەمە دروست بکات و بەشە دەستەڵات لەناوەوە سەرلەنوێ دابەشبکاتەوە.
لەهەمانکاتدا یەکێتی نەیدەویست کادرێکی پێشکەوتو و هەڵکەوتوی وەک بەرهەم ساڵح لەدەرەوەی حیزبەکەی بمێنێتەوە.

جاری پێشوو پشتیوانی لاهور شێخ جه‌نگی به‌رهه‌م ساڵحی برده‌ كۆشكی سه‌لام


پارتیش لەو سەردەمەدا زۆر باکی بەوە نەبوو یەکێتی کێ دەکات بەسەرۆک کۆمار، هەرچەندە لەساتەکاتی کۆتایدا دەنگداندا فوئاد حوسێنی وەک رکابەری خۆی دژ بە بەرهەم ساڵح پێشکەش کرد، بەڵام لەو قۆناغەدا ئەولەویەتی راستەقینەی پارتی جێگیرکردنی نێچیرڤان بارزانی بوو وەک سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کەهەردوکیان یەکەمجاریان بوو پڕۆڤەی ئەو دوو پۆستە بکەن.

ئایا سەرۆکایەتی بەرهەم ساڵح کاریگەربوو لەسەر دۆزی کورد؟
بەرهەم ساڵح وەک چاوەرێدەکرا، لەسەر ئاستی کەسێتی لیاقەیەکی سیاسی و دیبلۆماسی بەرزی نیشاندا، بەو پێیەی خاوەنی ئەزمونێکی زۆری کاری سیاسی و دیبلۆماسی بوو جگە لەشارەزایی زمانەوانی، بەڵام بەوپێیەی کە لانی کەمی کۆدەنگی سیاسی و جەماوەری کوردستانی لەسەرنەبوو، لەهەمانکاتدا یەکلابونەوەی دەستبەکاربونی دەرهاویشتەی هاوکێشەی ژوورە داخراوەکان بوو، بۆیە لەبەغداوە نەیتوانی سەرەداوی رووداوە گرنگەکانی هەرێم بگرێت و مەکۆی بڕیاردانی فایلی کوردی بێت.
بەرهەم ساڵح دوای بوون بەسەرۆک کۆمار، لەکۆنگرەی یەکێتیدا بوار نەدرا ببێت بەسکرتێری گشتی وەک خۆی دەیوست، نێوانیشی لەگەڵ پارتیدا سارد بۆوە بەهۆی کێبرکێی توندی لەگەڵ کاندیدەکەی بارزانیدا، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنەکانی تری هەرێمشدا دورکەوتنەوەیەکی عەمەلەی رویدا، ئەمە جگە لەوەی پەلە پەلی وازهێنانی لەحیزبەکەی پێشتری خۆی و گەڕانەوەی دراماتیکی بۆ ناو یەکێتی، لەئاستی ڕای گشتیدا متمانەی لەقکرد.

کۆسپەکانی بەردەمی خولی دوەمی سەرۆکایەتی بەرهەم ساڵح چین؟
کۆسپی ئـێرانی:
ئێرانیەکان نیگەرانی جدیان لەسەر بەرهەم ساڵح هەیە، ئەگەرچی بەگشتی بەنزیکی دەزانن لە سەربازگەی ئەمەریکی و خۆرئاواوە، بەڵام بەدیاریکراوی پێیان وایە لەدوو تاقیکردنەوەی ئێرانیدا دەرنەچوە:
یەکەم: بەرهەم ساڵح لەکۆتایی 2019 دا ئامادەنەبوو پارێزگاری بەسرە ئەسعەد عیدانی "کە کاندیدی حەشدی شەعبی بوو" رابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراقی دوای ئەوەی پەرلەمان رەزامەندی لەسەر پیشاندابووْ، ئەمەش گورزێک بوو لە ویستی ئێران لەهاوکێشەی عێراقیدا.
دووەم: کەمتەرخەمی و مامەڵەی عێراق لەمەلەفی کوشتنی قاسمی سلێمانی و لێکەوتەکانی دوای نەمانی قاسمی سلێمانی تا دەگاتە راسپاردنی موستەفا کازمی "نزیک لەئەمەریکیەکان" لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی عێراق.

به‌رهه‌م ساڵح له‌ دوو تاقیكردنه‌وه‌ی ئێرانییه‌كان ڕاسب بوو


ئەمە جگەلەوەی ئێران وەک مەدرەسەیەکی پراگماتی سیاسی، مامەڵەیەکی تری لەگەڵ بەرهەم ساڵح ئەکرد ئەگەر بهاتایەو ببوایە بە سکرتێری گشتی یەکێتی، بەڵام مانەوەی بەرهەم ساڵح لەناو یەکێتیدا وەک ئەندامی سەرکردایەتی حیزبەکەی، وایکردوە ئێران لەزاویەی بەرهەم ساڵحەوە تەماشای پەیوەندی ستراتیجی خۆی و یەکێتی نەکات.
کۆسپی یەکێتی:
لەخولی یەکەمدا کۆسرەت ڕەسوڵ و لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بەدەرەجات پشتیوانی حیزبیانەی بەرهەم ساڵحیان کرد، بەڵام ئایا ئەمجارە هەرسێکیان ئامادەی ئەو پشتیوانیەن؟
بافڵ تاڵەبانی کەئێستا هاوسەرۆکی یەکێتیە، لەدواساتەکانی کاندیدکردنی بەرهەم ساڵح لەوتووێژی ژوورە داخراوەکاندا، ئامادەبوو دەستبەرداری پۆستی سەرۆک کۆمار بێت، بەرامبەر بەگورزەیەک ئیمتیازات لەناویاندا سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی بۆ یەکێتی بۆ دووساڵ.
کۆسرەت ڕەسوڵ کەئێستا سەرۆکی ئەنجومەنێکی باڵای سیاسیە و دەستەڵاتەکانی ڕوون و دیارنیە، لەچوارساڵی ڕابردوودا پەیوەندی لەگەڵ بەرهەم ساڵح بەچەند قۆناغێکی ساردی و دابڕان و مجامەلەدا ڕۆیشتوە کەپێدەچێت پەیوەندیەکەی لەئێستادا بایی ئەوە نەبێت شەڕی بۆ بکاتەوە.
ماوەتەوە لاهور شێخ جەنگی کەلەئێستادا هاوسەرۆکی یەکێتیەو بەهێزترین پشتیوانی بەرهەم ساڵحە و بەسەر مەلەفی یەکێتیدا لەبەغدا باڵادەستە.
ئەوەی ڕووننیە ئەوەیە ئایا لاهور شێخ جەنگی بەرژەوەندی یەکێتی لەوەدا دەبینێتەوە کەجارێکی تر شەڕ لەسەر بەرهەم ساڵح بکاتەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار؟
وەڵامی ئەم پرسیارە تائێستا ڕووننیە.

پارتی ئەمجارە ئەهێڵێت بەرهەم ساڵح ببێتەوە بە سەرۆک کۆمار؟
لەئەیلولی ٢٠١٨ دا وەختێک پارتی فوئاد حوسێنی بەرامبەر بەبەرهەم ساڵح کاندیدکرد، یەکەمجار بوو پارتی چالێنجی لەو شێوەیە بەرامبەر بەیەکێتی بکات دوای ئەوەی لە٢٠٠٥ وە لەگەڵ مام جەلال رێککەتبون کە یەکێتی مەلەفی بەغدا و پارتی مەلەفی هەرێمی لابێت.
ئەوەی پارتی کردی مانای وابوو دوای نەمانی مام جەلال پارتی چیتر پابەند نیە بەو رێککەوتنانەوە کەپێشتر لەگەڵ یەکێتی کردویەتی، ئەگەرچی کاندیدەکەی پارتی زۆر بەهێز نەبوو بەڵام پارتی ویستێکی بەهێزی بۆ دانانی نیشاندا.
لەکاتی خۆیدا وترا کەوەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پۆمپیۆ ئامادەیی پیشاندابوو بۆ پشتیوانی کاندیدی پارتی بۆ سەرۆک کۆمار ئەگەر نێجیرڤان بارزانی بوایە، ئەمەش دەرگا لەسەر ئەو ئەگەرە ئەکاتەوە ئەمجارە ئەگەر نێچیرڤان کاندیدبکرێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق چانسی زۆر بەهێز ئەبێت بەتایبەت کەپەیوەندیەکی دێرینیشی لەگەڵ ئێرانیەکان هەیە و نزیکیش بوو لەقاسمی سولەیمانیەوە.

به‌رهه‌م ساڵح به‌رامبه‌ر پشتیوانی بارزانی ئاماده‌یه‌ وه‌ره‌قه‌ی سپی بۆ پارتی ئیمزا بكات


ئەمجارە پارتی خەمی جێگیرکردنی مەسرور بارزانیشی نەماوە، ئەو تازە هاتە دیمەنەکەوەو قایمبوو، ئەمجارە پارتی کاتی زیاتری مانۆری هەیە بۆ رکابەریکردنی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و وەک جاری پێشوو لەکاتی زیادەی یاریەکەدا نایەت، تەنانەت چەند مانگێکە باس لەهەندێک لێکتێگەیشتن و تەنانەت رێککەوتنامەکە دەکەن کەپارتی لەگەڵ لایەنی شیعی و سەدری هەیەتی.

چ سەرۆک کۆمارێک بۆ کورد بەهێز دەبێت ؟
ئەگەر سەرۆک کۆمارێک تائێستا بۆ کورد بەهێز بوبێت، مام جەلال بوو لەخولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا، بۆ؟
ئەگەر واز لەفاکتەری شەخسی مام جەلال بهێنین کەکەسایەتیەکی بەهێز و کاراکتەرێکی سیاسی مێژوویی بوو، دەبێت لەسەر فاکتەری مەوزوعی بوەستین:
٭مام جەلال پشتیوانی مەسعود بارزانی هەبوو، کەئەویش وەک مام جەلال زەعیمی موکەڕەری مێژوویی کوردە.
٭مام جەلال پشتیوانی نەوشیروان موستەفا و کۆی سەرکردایەتی حیزبەکەی هەبوو، جگە لەوەی دۆستایەتی و پشتگیری هەموو سەرکردەی حیزبە کوردستانیەکانی هەبوو.
٭مام جەلال شەخسی یەکەمی حیزبەکەی بوو، پێگەیەکی جەماوەری زۆریشی لەکوردستان هەبوو.
سەرۆک کۆمارێک بەهێز ئەبێت کەلانی کەمی قبوڵی سیاسی پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکانی کوردستانی هەبێت.
پێگەی جەماوەری هەبێت و پێگەی حیزبی لەناو پارتەکەی خۆیدا زۆر بەهێز بێت.

سەرۆک کۆماری بەهێز لە بەغدا چی پێئەکرێت؟
سەرۆک کۆماریی وەک ئەزمونی خولی یەکەمی سەرۆکایەتی مام جەلال، ئەتوانێت مەرجەعی فراکسیۆنە کوردیەکان بێت لەبەغدا، لایەنە شیعی و سونیەکان وەک مەکۆی بڕیاری سیاسی کورد لەبەغدا سەیری بکەن، دەبێت قوڵایی پەرلەمانی هەبێت و چوارچێوە تەشریعیە گشتیەکەی کورد بگەڕێتەوە لای ئەو.
سەرۆک کۆمار ئەگەر بەو پرۆسیجەرە هەڵبژێردرێت و ئەو مەرجانەی تیابێت، دەتوانێت جگە لەئەرکە یاساییەکەی خۆی، نوێنەرایەتی پێکهاتەی کوردی بکات و ئەڵقەی لێکتێگەیشتنی هەرێم و بەغدا بێت.

ئەی ئێستا چانسی بەرهەم ساڵح چەندە؟
بەرهەم ساڵح چانسی نیواونیوە تا ئەو کاتەی پارتی کاندیدێکی وەک نێچیرڤانی نەبێت.
بەرهەم ساڵح پشتیوانی ئێرانی نیە، لەیەکێتیدا شەخسی یەکەم و دووەم و سێهەم نیە.
مەسڵەحەتی یەکێتی لەناو هەرێمدا وا ئەخوازێت کەبێتەوە پێگەی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم ئەگەر بۆ دوو ساڵیش بێت.
سەرباری ئەوەش ئەگەر یەکێتی هەر سوربێت لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، بەدڵنیاییەوە لەبەرهەم ئەحمەد ساڵح بەهێزتر و گونجاوتری نیە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ