چرکەساتی قاسم موسڵیح و گۆڕانى هاوکێشە سیاسییه‌كان

عێراق و کوردستان.. دوو هەفتەی سەختیان بەڕێکرد

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.06.06 02:10 PM
293 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

د.عادل باخەوان
لە نێوان ٢٦ ی پێنج و ٥ی شەش دا، عێراق دوو هەفتەی سەختی بەڕێکرد، دوو هەفتە کە چەندین ئەکتەر لە تاقیکردنەوەی سەختدابوون و ڕوداوەکانی ئەو دوو هەفتەیە بەدڵنیاییەوە دەستکاری گرنگی سروشتی پەیوەندیەکانیان کرد و هەوڵدەدەم لەم خاڵانەی خوارەوەدا بە کورتی و بەناڕاستەوخۆ ئاماژە بە هەندێکیان بدەم.
1. سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەمەی ٢٦ی پێنج، هێزێکی تایبەتی عێراقی، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی بەڕێز کازمی، لە ناوچەی دورە، باشوری ڕۆژوئاوای پایتەخت، پەلاماری قاسم موسلیح دەدەن و دەیگرن. قاسم بەرپرسی ئۆپراسیۆنەکانی ئەنبار و بەرپرسی دەروازەی بوکەمالە کە عێراق بە سوریای ئەسەدەوە دەبەستێتەوە. قاسم یەکێکە لەو کەسایەتیە هەرە گرنگانەی کە سوپای پاسداران گرەوی لەسەر دەکات.
2. چەند کاتژمێرێک دواتر شەش هەزار چەکداری حەشدی شەعبی بەسەرکردایەتی ئەبو فەدەک، پەلاماری ناوچەی سەوزدەدەن و تەواوی دەزگاکانی دەوڵەت گەمارۆدەدەن و لەژێر فشارێکی چڕدا، بەڕێز سەرۆک وەزیران ناچاردەکەن کە قاسم ڕادەستی فالح فەیاز بکات، هەڕچەند خودی كازمى تائێستاش ئەم هەواڵە ڕەددەکاتەوە، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە قاسم لای فالحە، نەک لە هیچ شوێنێکی تر.

3. بەپێی هەموو ئاماژەکان بەڕێز کازمی وەک پێویست هەڵسەنگاندنی بۆ ئەم بڕیارەی نەکردوە و کارایی ئەو نوخبە ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیرەی بەسەرەوەیە کە زیاتر لەژێر کاریگەری سۆز و هەستدا بڕیاردەدەن تا عەقڵ و بەهەند وەرگرتنی پەیوەندیەکانی هێز.

ئه‌بوفه‌دك محه‌مه‌داوی پیاوه‌ به‌هێزه‌كه‌ی عێراق


4. لە چرکەساتی قاسم موسلیحدا پرسی متمانە لە نێوان بەڕێز کازمی و چەند هاوپەیمانێکدا کاڵبوەوە، چونکە کازمی بەهیچ شێوەیەک نە پرسی پێکردبوون نە ئاگاداریشی کردبونەوە.
5. یەکێک لەوانە موقتەدا سەدر کە لە میدیاکانەوە هەواڵەکەی بیستبوو. هەر ئەمەش وایکرد کە هەڵوێستی سەدر لەسەر ئەو ڕوداوە، تەواوی دەوربەری سەرۆک وەزیران توشی شۆک بکات، تا ئەو ڕادەیەی هەست بەوە بکەن، وەک یەکێک لە هەرە نزیکەکانی جەنابی کازمی پێیگوتم،  وەک حوسەین لە دەشتی کەربەلادا بەتەنها جێی هێشتون !
6. هەروەها کارایی دانا بەسەر پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کازمیشەوە، چونکە هەرێمیش هەر تەنها لە میدیاکانەوە هەواڵەکەی بیست و هیچ جۆرە ڕاوێژکردنێکی لەگەڵ هەرێمدا نەکردوە. هەرێمیش کە لەیەککاتدا دەبێ پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیران و حەشدی شەعبی و سەدر و مەرجەعیەتدا بە هەند وەربگرێت، هیچ هەڵوێستێکی نە بە سەلبی و نەبە ئیجابی لەسەر ئەو ڕوداوە دەرنەبڕی. ئەمەش بەشێکی زۆری لە دوەربەری هەرە نزیکی بەڕێز کازمی توشی شۆک کرد.
7. من پێموایە هەموو ئەو تێزانەی کە پێیان وایە حەشد بریتیە لە چرکەساتی نادەوڵەت، چرکەساتی دەوڵەتی قوڵ، دەستی سێهەم، .....، تەواو دروست نین. لە عێراقدا حەشد خودی دەوڵەتە، حەشدی دەوڵەتە، حەشد هەموو سەرچاوەکانی دەوڵەتی لەبەردەستدایە و بەبێ حەشد هیچ خوێندنەوەیەکی دەوڵەت لە عێراقی ئێستادا دروست دەرناچێت.
8. بێگومان ئەمە مانای ئەوە نییە کە حەشد یەکەیەکی گونجاو و هاوئایدۆلۆژیا و هاوستراتیژ و یەک ڕەنگ و یەک دەنگە. هەروەها مانای ئەوە نییە کە ئەکتەری دیکە لە عێراقدا نییە و مەیدانەکە تەواو یەکلاییبوەتەوە بۆ حەشد. بەپێچەوانەوە، چەندین ئەکتەری جیاواز لە ئارادان و لە چرکەساتی بەریەککەوتندان، بەڵام لە هەمویان بەهێزتر و کاراتر حەشدە و بێ هیچ دوودڵیەک ئەبوفەدەک لە جومعە عناد بەهێزترە.

نیگه‌رانییه‌كانی پارتی به‌رامبه‌ر په‌كه‌كه‌ توندتر بووه‌


9. هەروەها لە هەرێمیش پەیوەندیەکانی نێوان پەکەکە و کەی ئار جی و تورکیا گرژەیەکی توند بەخۆیەوە دەبینێت و پێنج پێشمەرگە شەهید دەبن و کەمپی مەخموریش بەدرۆن بۆردومان دەکرێت.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە لە ڕابوردودا دوو پۆل بەرامبەر یەک لە عێراقدا ئامادەبوون: پۆلی  کازمی و حکومەتی هەرێم و ئەردۆگان لە لایەک و پۆلی پەکەکە و حەشد و ئێران لە لایەکی ترەوە. ئەم دوو پۆلە لە چەندین بواردا و لەسەر خاکی عێراقدا لە ململانێدا بوون و هەر لە سنورەکانی سوریاوە تا دەگاتە سنجار و قەندیل خاکی بەریەککەوتنی جیۆپۆلیتیکیان بووە. 
10. ئایا چرکەساتی قاسم موسلیح هاوکێشەی ئەم پۆلانە تێکدەدات ؟ ئایا هەلومەرجی بابەتی ڕێگا دەدات بەوەی کە جەنابی موستەفا کازمی پشت بکاتە سەدر و هەرێم ؟ ئایا بەبێ ئەم دووانە دەتوانێت ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران؟ ئایا هێزێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە لەیەکاتدا دەکرێت دۆستی کازمی و هەرێمیش بێت و گرفتی لەگەڵ سەدریشدا نەبێ، دەتوانێ هەموو ئەمانە پێکەوە کۆبکاتەوە و لەو تونێلە تاریکەی عێراقدا، هاوکاریی عێراقیيەکان بکات بۆئەوەی مۆمێک داگیرسێنن ؟


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ