بۆچی به‌هێزترین ڕۆحانییه‌ بۆ جێگرتنه‌وه‌ی خامنه‌یی ؟

ئیبراهیم ڕه‌ئیسی.. زینكردنی ئه‌سپه‌كه‌ی بۆ سه‌رۆك كۆمار

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.06.18 01:59 PM
1146 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

سەید ئیبراهیم ڕەئیسی ساداتی لە 1960/12/14 شاری مەشهەد لە دایکبووە. سیاسەتمەداری کۆنەپارێز، ئەندامی لیژنەی مردن کە بە [کۆمیسیۆنی مردن] ناوبانگی دەرکردبوو، ئەندامی شورای ناوەندی [کۆمەڵگەی ڕۆحانیەتی جەنگاوەر]، جێگری سەرۆکی یەکەمی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕابەر و سەرۆکی دادگای ئیسلامی ئێرانە کە پاش سادق لاریجانی لە 2019/3/7 لە لایەن عەلی خامنەیی ئەو پۆستەی پێسپێردراوە.
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2017دا توانی زیاتر لە 16ملیۆن دەنگ (38.3%) بەدەستبهێنێت و لە بەرامبەر حەسەن ڕۆحانیدا (57% دەنگەکانی بەدەستهێنا) شکستی هێنا.
پاش مردنی ڕۆحانییە بەهێزەکانی وەک ئەکبەر هاشمی ڕەفسنجانی، مەحمود هاشمی شاهرودی، محەمەد یەزدی، محەمەد تەقی مصباح یەزدی و محەمەد ڕەزا مەهدەوی لە ساڵانی 2010_2020، ئەوا  ڕەئیسی بە چەند هۆکارێک تاکە کەسێکە هێزەکانی پاراستن، سوپا، ڕۆحانییەکانی قوم و کۆمەڵێک لە ڕیفۆرمخوازان دەتوانن بگەنە ڕێککەوتن لەسەری بۆ لە ئەستۆگرتنی ئەرکی ڕابەرایەتی و سەرۆککۆماری، هۆکارەکانیش خۆیان دەبیننەوە لە:
یەکەم/ ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ ماوەی دووساڵ پۆستی سەرۆکی دادگای لە ئەستۆیە و کورسی سەرۆککۆماری ئەم کەسایەتییەی هەنگاوێک بۆ سەرۆکایەتی نزیک کردووەتەوە. 

ئیبراهیم ره‌ئیسی (لای چه‌پ) له‌سه‌ر گۆری عه‌لی شه‌ریعه‌تی ـ ساڵانی هه‌شتاكان

 

دووەم/ لەنێو ئەو ڕۆحانیانەی کە لە سیستمی حکومڕانی ئێران لە ئاستێکی باڵای حکومەتدان، ئەوا ئیبراهیم ڕەئیسی وەک ئەندامی لیژنەی مردن بەشداری کارای هەبووە لە سەرکوتی ناڕەزاییەکانی چل ساڵەی گەلی ئێران.
سێیەم/ چەند ساڵێکە دامەزراوەی بانگەشە و ڕاگەیاندنی ڕژێمی ئێران، تاکێکی دژەگەندەڵی لە ڕەئیسی دروستکردووە.

چوارەم/ ڕەئیسی سەیدە و ئەمەش واتە باشتر دەتوانرێت بە عەمامەی ڕەشەوە وەک نەوەی پێغەمبەر  (د.خ) و نوێنەر و جێگری ئیمام زەمان لەنێو خەڵکیدا نفوزی هەبێت.
پێنجەم/ ڕەئیسی کەسێکی نە تەمەن مامناوەندی 52 ساڵەیە کە وەک موجتەبا خامنەیی کە گروپێک پەیڕەوی نەکەن و نە پیرە پیاوێکی 80 ساڵەیە کە ڕژێم نەتوانێت لەسەر ڕێبەری سی ساڵەی ئەژمار بکات.

ئیبراهیم ره‌ئیسی تاكه‌ رۆحانی متمانه‌پێكراوی خامنه‌ییه‌

بوونی ئیبراهیمی ڕەئیسی بە تاکە بەربژێری دیاری کۆنەپارێزەکان دەگەڕێتەوە بۆ:
- کارنامەی ئیبراهیمی ڕەئیسی لە سەرۆکایەتی دادگا و سڕینەوەی پاڵپشتی و هاوکارییە دارییەکان و لاوازکردنی لایەنگرانی ڕکابەرە سیاسییەکانی.
- بەردەوامی سیاسەتەکانی ئاسایشی ڕژێمی ئێران و شوێنکەوتنی ئیبراهیمی ڕەئیسی لە داخوازی سوپا و ئەندامانی ئاسایش.
- زینکردنی ئەسپی سەرۆکایەتی بۆ کەسێک کە ڕۆڵی ئامێری واژۆکردنی ڕژاندنی خوێنی هەزاران کەسی لە بەندینخانەکانی ئەو وڵاتەدا گێڕاوە.
- دادگا و سیستمی دادوەری ئێران بە سەرۆکایەتی ڕەئیسی لە خزمەتی سوپادا بووە.

ئه‌مڕۆ ئیبراهیم ره‌ئیسی له‌ مزگه‌وتی شاری ڕه‌ی له‌ باشوری تاران ده‌نگیدا

 

وێڕای ئەوەی هەر لەو پۆستەیدا لەژێر ناونیشانی [ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی] لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا دژایەتی چەند کەسێکی کردووە کە دەتوانرا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا خۆیان بەربژێر بکەن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری و ئاڵنگاری پۆستی ئیبراهیم ڕەئیسی بکەن لەوانەش: سادق لاریجانی (دۆسیەی ئەکبەر تەبەری و هاوکارەکانی) تا کوڕانی بەرپرسانی پێشووی دادگاکانی وەک (دەری نەجەف ئابادی و موقتەدایی)، هەروەها حەسەن ڕۆحانی (دابینکەرانی خەرجیی سەرۆکایەتییەکەی و براکەی) و سەرەڕای دەستبەسەرکردنی هاوکارەکانی وەک (مەهدی جەهانگیری).....
کەواتە بۆچی لەنێو گەندەڵکارە سیاسیی، ئابووریی و داراییەکان، لەسەر ئەم کەسانە جەخت کراوەتەوە؟ گەر بۆ ڕەتکردنەوەی داواکاری خۆبەربژێرکردنیان نەبێت! 
لە کۆتاییشدا ئیبراهیم ڕەئیسی بەربژێرێکی دیاری هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئەمساڵە و کەسێکی نزیکە لە ڕابەر (عەلی خامنەیی)ەوە و هەردەم پاڵپشتی کار و پڕۆژەکانی کردووە و پێشبینی دەکرێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. وێڕای ئەوەی هەندێک کات وەک [توندڕەوێکی کۆنەپارێز] وەسف دەکرێت. ئەمە سەرباری ئەوەی بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن یەکێتی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە سزا دراوە.
سەرباز حەمەکەریم مستەفا


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ