ده‌رباره‌ی ئیخوان و كوده‌تاكه‌ی تونس

تونس.. دواهەمین بزمار لە تابوتی بەهاری عەرەبیی

ره‌نج نه‌وزاد 2021.07.26 02:32 PM
991 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

دوای شکستی بەهاری عەرەبی لە زۆربەی وڵاتەکان، تونس وەک تاکە نموونە بوو کە تا ڕادەیەک بەهاری عەرەبی تیا سەرکەوتوو بوو، ئەمڕۆ ئەو نموونەیەش تا ڕادەیەکی زۆر بە فەرمی شکستی خۆی ڕاگەیاند.
دوای خۆپێشاندانی بەشێک لە خەڵکی تونس بۆ هەڵەوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمان وهێرش کردنە سەر بەشێک لە بارەگاکانی پارتی نەهزەی ئیخوانی، ئێواره‌ی یه‌كشه‌ممه‌  سەرۆکی تونس (قیس سعید) بڕیاریدا بە سڕ کردنی پەرلەمان و لابردنی سەرۆک وەزیران (هشام المشیشی).
 هەندێک ئەم هەنگاوەی سەرۆکی تونس وەک کودەتایەک بەسەر حکومەت و پەرلەمان و ئیخوانیەکاندا تەماشا دەکەن. هەندێکی تر وەک هەنگاوێکی پێویست وبۆ بەرژەوەندی گشتی دەیبینن.
لە تونس ساڵانێکە ناڕەزایەتییەکی جەماوەری گەورە هەیە دژ بە حکومەت وپەرلەمان بە هۆی خەراپی دۆخی ئابووری و گوزەرانی خەڵک و بێ کاری وهەژاری، ئەم نا ڕەزایەتیە گەیشتە لوتکە لە کاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە وڵاتەکە بە تایبەت کە هەنگاوەکانی حکومەت و پەرلەمان بەرامبەر کۆرۆنا، بە لاواز و کەمتەرخەم وەسف دەکرێت. 

خۆپیشاندان دژی حكومه‌ت و په‌رله‌مان

جارێ ڕووداوەکان خێران و ڕوون نین. بە گشتی ئیماڕات وسعوودیە و میسر، ئەگەر دەستیان نەبێت لە ڕووداوەکانی ئەمڕۆ، ئەوا ئاسوودەن بەو ڕووداوانە.  ئیماڕات زۆر کات تۆمەتبار کراوە بە دەستتێوەردان لە تونس بۆ لاوازکردنی ئیخوانیەکان. ئەگەر هەیە فەڕەنسا پشتگیری سەرۆکی تونسی کردبێت بۆ ئەو هەنگاوانە.

هەڵەی گەورەی ئیخوانەکان ئەوە بوو وایانزانی پشتگیرس جەماوەریى و گڵۆپی سەوزی ئەمریکای سەردەمی ئۆباما و پشتگیریى ئه‌ردۆغانی درۆزن و کەناڵی جەزیرەی قەتەڕی بەسە بۆ ئەوەی دەسەڵات بگرنە دەست و ئەم ناوچە ئاڵۆزە بەڕێوە ببەن


تورکیا و قەتەر نیگەرانن لەوەی لە تونس ڕوویدا. ئەمریکا پێشتر سیاسەتی تا ڕادەیەک دژە فەرەنسا بوو لە تونس، ئەگەر هەیە نیگەران یا دوو دڵ بێت لە ڕووداوەکەی ئەمڕۆ. 


ئەوەی ڕوونە، بەهاری عەرەبی بە تەواوەتی شکستی هێنا، ئیخوانیەکان تووشی دۆڕانێکی گەورە هاتن، لە کاتێکدا بەهاری عەرەبی هەلێکی زێڕین بوو بۆ ئەوان، لە مێژووی ئیخوان هەلی وایان بۆ نەڕەخسابوو.
هەڵەی گەورەی ئیخوانییەکان ئەوە بوو کە هێز و سیاسەتی ئیماڕات و سعوودیەیان زۆر بە هەند وەرنەگرت. وایانزانی پشتگیری جەماوەری و گڵۆپی سەوزی ئەمریکای سەردەمی ئۆباما و پشتگیری ئۆردۆگانی درۆزن و کەناڵی جەزیرەی قەتەڕی بەسە بۆ ئەوەی دەسەڵات بگرنە دەست و ئەم ناوچە ئاڵۆزە بەڕێوە ببەن، بێ ئاگا لەوەی ئیماڕات و سعوودیە چ پلان و پیلان و سیاسەتێکیان ئامادە کردوە بۆ ڕێگرتن لە تەوژمی بەهاری عەرەبی، ئیماڕات وسعوودییە، وەک شەڕی مان و نەمان سەیری بەهاری عەرەبیان دەکرد، ئێستاش کە هەندێ کێشە کەوتووەتە نێوان هەردوو دەوڵەت، بەڵام هێشتا بۆ پرسی دژایەتی کردنی پاشماوە ولێکەوتەکانی بەهاری عەرەبی هاوپەیمان و هاوفکرن.

 


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ