ئه‌و كاتانه‌ی یه‌كێتی خاوه‌ن گه‌وره‌ و په‌روه‌رده‌ی حزبیى بوو

نە گۆچانەکەی مام جەلال ماوه‌ نە قسە سوێرەکانی نەوشیروان مسته‌فا

ڕەزوان یاڵانپێی 2021.08.04 04:33 PM
2912 جار خوێندراوەتەوە

ڕەزوان یاڵانپێی

نوسه‌ر و توێژه‌ر
مامۆستای زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌
ماسته‌ر له‌ مێژووی نوێ و هاوچه‌رخ

خوێندكاری دكتۆرا ـ مێژوو

د. فایق گوڵپی پزیشک و نوسەر لە کتێبی (کە لێرەوە سەیری ژیانی خۆم دەکەم) دەگێڕێتەوە و دەڵێت: چوینە شاخ، گەشتینە بارەگا کاتیەکەی مام جەلال خەریك بوو شەو دادەهات، بارەگا زۆر قەرەباڵغ بوو، شوێنی خەوتنم نەبوو، بە سکرتێرەکەی مام جەلالم وت: بەڵکو ئەمشەو شوێنێکی نوستنم بۆ دابین بکەیت، چاوەڕوانی ئەوەم دەکرد سکرتێر بانگم کات و بڵێت فەرموو لەو شوێنە بخەوە، تا درەنگانی شەو هیچ دیار نەبوو، کەوتمە گەڕان بە شوێن سکرتێردا، هێندە تاریک بوو، چاو چاوی نەدەبینی، گەشتمە قەرەباڵغیەک گوێم لە قسەی سکرتێرەکەی مام جەلال گرت، جنێوی بە من دەدا، دەیوت نازانم چی لەو دکتۆرە بێ قیمەتە بکەم و ئەویش داوای نوستم لێ دەکات، هەر کە قسەکەی تەواو بوو چومە سەری.

پێمگوت عەیب ناکەیت قسە بە من دەڵێیت، ئێستە دەچم لای مام جەلال سکاڵا دەکەم، کابرای سکرتێر دەستی بە پاڕانەوە کرد و وتی:  دەبێت بمبوری زۆر ماندووم داوات لێدەکەم نەچیت بۆ لای مام جەلال، هەر ئێستە جێگای نوستنت بۆ پەیدا دەکەم، ئەو  شەوە لەگەڵ سکرتێرە جنێوفرۆشەکە ڕێککەوتین جنێوەکانی بۆ مام جەلال نەگێڕمەوە، بەرامبەر ئەو بێدەنگییەی من، جێگەیەکی گەرمی بۆ حازر کردم، ئەگەر بڕۆشتمایە بۆ لای مام جەلال، بە دڵنیایەوە گۆچانێکی تێدا دەشکاند.

به‌رگی كتێبی بیره‌وه‌رییه‌كانی د.فایه‌ق گوڵپی

ئەو کاتانە دادگا و سزا و پەروەردەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەرامبەر بەو کەسانەی سەرپێچیان دەکرد، گۆچانەکەی مام جەلال و قسە سوێرەکانی نەوشیروان مستەفا بوون.
بارودۆخ لە شاردا وەک بارودۆخی شاخ نەمایەوە، ڕاوڕوت و فەسادی و بەرژەوندچیەتی دەستی پێکرد، حزب دەستی خستە نێو تەواوی سێکتەرەکانی ژیانەوە، بە تایبەت دادگاکان، بە ئەمری حزب و بەرپرسە سیاسیەکان خەڵک دەگیریت، دەکوژرێت، زیندان دەکرێت، بەر دەدرێت، ئەوەی ماف و قانون بێت لەم وڵاتەدا کاری پێناکرت، سیاسی چی ویست دادگا و حاکم بۆی جێبەجێ دەکەن، لە کورترین پێناسەدا (دادگاکان قورمیشکراوی پارتە دەسەڵاتدارەکانن).

مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ سه‌رده‌می شاخ

دادگای حزب نەوشیروان مستەفای بە لە سێدارەدان حوکم دا، هەر هەمان دادگا کۆمەڵێک مامۆستا و ڕۆژنامەنوسی دەڤەری بادینانی بێ تاوان دیل کردون، بەدەل بەرواری لە سەر داواکردنی موچە لە سوچێکی زینداندایە، دوو ڕۆژێکی تریش ڕوون دەبێتەوە بزانین دەستگیر کردنەکەی لاهوری شێخ جەنگی بە بڕیاری دادگا چلۆن دەبێت.
گەر دادگا سەربەخۆ بێت، بەرپرس نییە لەم وڵاتەدا لە سەر گەندەڵی، دزی، بەهەردەر دانی سامانی گشتی، کوشتن، فەسادی، لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکرێت، زۆربەی زۆریان یا دەبێت لە سێدارە بدرێن، یا دەبێت تەواوی ژیانیان لە زینداندا بن، چی بکەی ئێستا ئەم دز و جەردانە لە یاسا و دادگا گەورەترن و قانون لە ژێر پێیاندایە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ