له‌سه‌ر داوای په‌كه‌كه‌ مه‌لا به‌ختیار سه‌ردانی بارزانی كردووه‌

گه‌له‌كۆمه‌كیه‌كی گه‌وره‌ دژی كۆمه‌ڵه‌ و دیموكرات و په‌كه‌كه‌ به‌ڕێوه‌یه‌

ئەنوەر حسێن (بازگر) 2021.09.01 04:53 PM
1840 جار خوێندراوەتەوە

ئەنوەر حسێن (بازگر)

نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس
لێپرسراوی دەزگای ئایدیا
جێگری نەقیبی ڕۆژنامەنوسانی کوردستان

فشارەكانى ئێران و توركیا بۆ دەركردنى ئۆپۆزیسیۆنى كوردى وڵاتەكانیان لە هەرێمى كوردستان و عێراق و داخستنى بارەگاكانیان، تا دێت زیاتر دەبێت و پێدەچێت حكومەتى عێراق، ملى بۆ ئەو داواكارییە دابێت و هەرێمیش لەژێر فشاردا بێت.  
 هەرێمى كوردستان سێ ئۆپۆزیسیۆنى پارچەكانى كوردستانى تێدایە، (هى باكور پەكەكە [كە لە زۆنى زەرد و سەوزن]، هى ڕۆژهەڵات دیموكرات، كۆمەڵە و پژاك [یەكەم و دووهەمیان لە زۆنى سەوز و زەرد هەن، پژاك و كۆدار و باڵە سەربازییەكەشیان (YRK - یەرەكە) تەنها لە سنورى زۆنى سەوزن]، هى ڕۆژئاواش باڵەكەى سەر بە پەكەكە [لە زۆنى سەوز و باڵەكەى سەر بە پارتیش (ئەنەكەسە) لە زۆنى زەردن]، جگە لە (یەبەشە) كە لە شەنگال و مەخموور)ن. 
لە كۆى ئەم گروپانە، (پەكەكە) لە زۆرترین سنورى جوگرافیاى هەرێمى كوردستان بڵاوبوونەتەوە، لە نزیكەى (1140) گوندى سنورى زۆنى زەرد و سەوز بارەگایان هەیە و وجودیان هەیە و زۆرجار تووشى شەڕ و بەریەككەوتن دەبن لەگەڵ هێزەكانى پێشمەرگە. 
بەڵام پێدەچێت فشارەكانى ئێران و توركیا بۆ دەركردنى (پەكەكە) و (كۆمەڵە و دیموكرات) لە كوردستان، وردە وردە بچێتە بوارى جێبەجێكردنەوە، تەنها لە سنورى پەلامار، بۆردومان، هێرشى فرۆكەى بێ فرۆكەوان و تیرۆر نەمێنێتەوە.

فشاره‌كان له‌سه‌ر حزبه‌ كوردیه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی قورستر ده‌بن

توركیا بە تەنها لە (15/8/2018) تا كۆتایى (ئابى 2021)، (10) لێپرسراوى گەورەى سەربازى و سیاسى پەكەكەى لە هەرێمى كوردستان تیرۆر كردوە، دووجاریش لە سەرەتا و ناوەڕاستى (2017) هەوڵى تیرۆركردنى قەرەیەڵان و ڕفاندنى جەمیل بایكى داوە، دوایین هێرشى چڕ و پڕ و ئۆپەڕاسیۆنى فرۆكەكانى توركیا بۆ سەر بنكەكانى (پەكەكە و پژاك)، لە ڕۆژى (24/8/2021)، كە (20) فرۆكەى جەنگى بە چاودێرى ڕاستەوخۆى خۆلیسى ئاكار وەزیرى بەرگرى لە هێرش بۆ سەر ناوچەكانى شارباژێر و پێنجوێن بە قوڵایى (300كم)، هەڕەشەیەكى جددى و مەترسیدارە، كە نە حكومەتى هەرێم، نە یەكێتى هیچ وەڵامێكیان نەبوە و پرۆتستۆیان نەكردوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بێ دەنگى بە تایبەتى كە گەریلاكانى (پەكەكە و پژاك) لە سنورى زۆنى سەوز، فشارێكى زۆریان دروستكردوە و بەپێى سەرچاوەكان نزیكەى (1260) گەریلایان هێناوەتە ئەو ناوچانە و بەرپرسە ئیدارییەكانى ناوچەكەش دەڵێن "نائارامییان دروستكردوە و باج و گومرگ لە كاسبكاران وەردەگرن". 
پارتیش لاى خۆییەوە، نەك هەر نیگەرانە لە مامەڵە و ڕەفتارى گەریلاكانى پەكەكە لە بادینان، بەڵكو لەوەش زۆرتر وجوودى هێزەكانى (یەبەشە)یە لە شەنگال و مەخموور، كە بەردەوام توركیا بۆردومانیان دەكات، ڕۆژانە وەكو خۆیان دەڵێن "سەرئێشە بۆ پارتى دروستدەكەن و حەشدى شەعبى هاوكارییان دەكات". 
قسەكانى (جومعە عیناد)ى وەزیرى بەرگرى عێراقیش ڕۆژى (31ى ئابى 2021) ئاماژەن بۆ هەماهەنگى لەگەڵ توركیا بۆ لێدانى (پەكەكە)، پێشتریش سەردانى ڕۆژى (11/6/2020)ى (هاكان فیدان) سەرۆكى دەزگاى میت بۆ عێراق و دواتریش سەردانى كازمى لە (17/12/2020)، بەشێكى زۆرى ئەو دوو سەردانە پەیوەندى بە (پەكەكە)ەوە هەبوە، بە تایبەتى كە كازمى لەو بارەیەوە ملى بۆ هەموو داواكانى توركیا داوە و ناردنى پۆلیسى فیدڕاڵى و هێز بۆ شەنگال، هەر لەو چوارچێوەیەدایە، بۆ فشار خستنە سەر (پەكەكە) و داخستنى بارەگاكانى (یەبەشە). 

هه‌ژمونی په‌كه‌كه‌ له‌ بادینان و شنگال هه‌ماهه‌نگى توركیا و پارتی به‌هێز كردووه‌

سەبارەت بە ئۆپۆزیسیۆنى ڕۆژهەڵاتى كوردستانیش (كۆمەڵە، دیموكرات و پژاك)، ئێرانیش جیا لەوەى ڕۆژى (8/9/2018) بۆردومانى بارەگاكانى (حدك)ى كرد لە كۆیە، (16) كادر و ئەندامى كۆمیتەى ناوەندى شەهید كرد و بەردەوامیش نیگەرانى خۆى لە جموجوڵى ئەو هێزانە لە سنورەكان دەربڕیوە، هەوڵى تریشى داوە، بەڵام دوایین سەردانى وەفدى پارتى لە (29/6/2021)، كە پێكهاتبوون لە: (فازڵ میرانى، هۆشیار زێبارى، پشتیوان سادق) بۆ تاران، یەكێك لە فایلە گەرمەكان، نیگەرانى ئێران بوە، لە بوونى چوار هێزى كوردى ئێران (حدك، حدكا، كۆمەڵەى شۆڕشگێڕ و كۆمەڵەى زەحمەتكێشان) لە ناوچەكانى ژێر دەسەڵاتى پارتى و ناوچەكانى هەڵگورد و لەسەر سنور و چوونى پێشمەرگەكانى ئەو هێزانە بۆ ناوەوە، بۆیە پاش گەڕانەوەى وەفدەكە، بەو هێزانەیان ڕایگەیاندوە، كە لەو ناوچانە پاشەكشە بكەن و فشاریان لەسەر دروستكردوون.  
حەشدى شەعبیش بە جددى كار بۆ ئەوە فایلە دەكات، كە لە ڕێگاى حكومەتى عێراقییەوە، كۆتایى بە بوونى بارەگاكانى (كۆمەڵە و دیموكرات) بهێنن، وەكو چۆن لە (10/9/2016) دوایین كادرى سازمانى موجاهیدنى خەڵقیان لە كامپى ئەلبەرتى لە عێراق دەركرد، ژمارەیەكییان لێ كوژرا و دواتر گواسترانەوە بۆ ئەلبانیا. 

مه‌لا به‌ختیار هۆشداری داوه‌ته‌ په‌كه‌كه‌ و بارزانییه‌كان له‌ مه‌ترسی شه‌ڕی كورد و كورد

وجوودى ئۆپۆزیسیۆنى توركیا و ئێران، هەرچەندە فشارى زۆرى بۆ هەرێم هێناوە لەلایەن ئەو دوو وڵاتەوە، بەڵام پارادۆكسێكى تێدایە، كە (پەكەكە) هێشتا لە پێگە و هەژموونى ئێراندا، بە تایبەتى لە شەنگال و شەڕى نێوان (پەكەكە و پارتى) یەكێكە لە ئەگەرەكان، هەرچەندە ئەمساڵ چەندین پێكدادان و ڕووبەڕووبوونەوەى پچڕ پچڕ هەبوون، كە تێیدا هەردوولا شەهیدیان داوە، بەڵام هەوڵى كۆنتڕۆڵكردنى دراوە، بەڵام پارتى دەڵێت "چى تر تەحەموولى ئەو ڕەفتارانەى پەكەكە ناكرێت"، تا ئەو ڕادەیەى لە سەرەتاى تەمموزى ئەمساڵدا (پەكەكە) داوا لە (مەلا بەختیار) دەكەن، هەوڵەكانى خۆى بەكاربهێنێت بۆ ڕێگرى لە ئەگەرى شەڕى نێوانیان و سەردانەكەى (مەلا بەختیار) و بینینى مەسعود بارزانى و سەرۆكى هەرێم، سەرۆكى حكومەت و جێگرى سەرۆكى حكومەتیش هەر لەو پەیوەندییەدا بوە و ئاكامى هەوڵەكانیش ئیجابى بووە، بەڵام ئایا بەریەككەوتنى بەردەوامى ئەو دوو هێزە، مەترسى شەڕى لێناكرێت؟ 
بەڵام جیا لەوانە هەست بە بوونى سیناریۆ و تارماییەك دەكرێت لە ناوچەكەدا، كە ڕەنگە هێزەكانى ئۆپۆزیسیۆنى كوردى ئێران و توركیا تێیدا زەرەرمەند بن و تووشى گرفت ببن. 
- كە پێناچێت حكومەتى هەرێمى كوردستان، یەكێتى و پارتى سەرەڕاى پێناخۆشبوونیان، یان ناڕازیبوونیان، دەرەقەتى ئەو گەلە كۆمەكێیە بێن-


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ