یادى 76 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی كۆماری مه‌هاباد

کورد.. دۆڕاوی ناو گەمە گەورەکان

هونەر تۆفیق 2022.01.21 10:42 PM
458 جار خوێندراوەتەوە

لە یادی ٧٦ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری مەهاباددا (1946.1.22)، پێویستمان بە گێڕانەوەی دامەزراندن و لاواندنەوەی قازی محەمەد و ئەو پیرۆزیانە نییە کە دەیان کتێب و باسی تایبەتی لێوە نووسراوە. بەڵکە پێویستمان بە وروژاندنی ئەو پرسیارانەیە کە بەهۆی پیرۆزکردنەوە ناکرێن و خۆمانی لێ غافڵ دەکەین.
لە بچوکترین پرسیارەوە لەو مێژووەوە کە بۆچی قازی لەسێدارەدرا؟ بەڵام سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی و ئەنجومەنی وەزیرانی کۆمارەکە (حاجی بابە شێخ) و کەسانی تر کە پلەی باڵایان هەبوو ئازادکران؟
ئەو وەڵامە سادەیە بەس نییە کە دەگوترێت گوایە حاجی بابە شێخ پیاوێکی ئایینی ناودار بوو بۆیە محەمەد ڕەزاشا نەیتوانیووە عەزیەتی بدات!! چونکە ناوداریەکەی حاجی بابە شێخ زیاتر نەبوو لە ناوبانگی قازی محەمەد.
گەورەتریش بپرسین، ئەوەیە بۆچی ئەو کۆمارە لەو کاتەدا دامەزرا؟ زەمینەی پێشتر لەبارتربوو کەچی ڕانەگەیەندرا؟ بۆچی وەک هەر ئەزموونێکی سیاسی تری کورد لە ناو گەمە گەورەکاندا کورد بە دۆڕاوی دێتە دەرەوە؟ 

گەمە گەورەکه‌..
هەر لەو کاتەوەی بەریتانییەکان (سەدەی هەژدەهەم) گەیشتن بە هیند و چین، گەورەترین ترسیان لە ڕوسەکان بوو، شوێنیان بگرنەوە. ڕوسەکانیش بەدرێژایی سنووری باشووریان ترسیان لە هەڵکشانی بەریتانییەکان بوو بەرەو باکووری چین و هیندستان. 
ئێران یەکێک بوو لەو جیوگرافیایانەی ڕوسەکان بە دوو هۆکار بە مەڵبەندێکی ستراتیژیی و بەشێک لە ئەمنی قەومی خۆیان زانیووە.

به‌یه‌كگه‌یشتنی چه‌رچڵ و رۆزڤێڵت و ستالین ـ تاران ـ 1943

یەکەمیان خاڵی لاوازی ڕوسیا کە قەفقازە و دووەم گەیشتنی بە ئاوی گەرم ( دەریاکانی باشوور) بۆ بەهێزکردنی ئابووری. بەدرێژایی سێ سەد ساڵی ڕابردوو بۆ ڕوسیا لە هەمەدان بۆسەرەوە بەهێڵی سوور دانراوە ناهێڵێت هیچ هێزێکی جیهانی تر ئەو هێڵە سوورەی نزیکە لە قەفقازەوە ببەزێنێت. ناوچە کوردنشینەکانی ئێرانیش دەکەونە ناو ئەو هێڵەوە. 
لە سەرەتای جەنگی جیهانی دووەمەوە ١٩٣٨، ڕەزاشای ئێران ڕایگەیاند شانشینەکەی بێلان دەبن لەو جەنگەدا. بەڵام ڕاستی نەدەکرد. پەیوەندیەکی تایبەتی بە نازییەکانەوە ( ئەڵمانیا) هەبوو. هەندێک پێیانوایە گۆڕینی ناوی وڵاتەکەش لە فارسەوە بۆ ئێران لە ساڵی ١٩٣٦ دا بەهۆی سەرسامی بووە بە فیکری نازییەکان. 
هیتلەر لە ئەزموونی شکستی ئەڵمانەکان لە جەنگی جیهانی یەکەمەوە لەوە تێگەیشتبوو بەهۆی نەبوونی نەوت وەک سەرچاوی وزە، ئەڵمانەکان پەکیان کەوت و شکان. بۆیە هەر لەسەرەتای جەنگەکەیەوە هێرشی کردە سەر سەرچاوەکانی نەوت و سوپاکەی لە ئۆکرانیاوە بەرەو قەفقاز و باکۆ جوڵاند، لە هەمان کاتدا ڕێگای لە بەریتانیەکانیش گرت نەوتیان پێبگات لە لیبیا و میسرەوە (عەلەمەین) پەیوەندیەکی باشیشی بە ڕەزاشاوە لە ئێران هەبوو کە بەناوی بێلایەنیەوە نەوت و ڕێگای گواستنەوە لە سۆڤیەت و بەریتانیەکان بگرێت.
لە عێراقیش لایەنگرەکانی (ڕەشید عالی گەیلانی و موفتی قودس)ی هاندا لە دژی حکومەتە لایەنگرەکەی بەریتانیا ساڵی ١٩٤١ کودەتا بکەن.

راگه‌یاندنی كۆماری مه‌هاباد

ئەو پەلهاوێشتن و سەرکەوتنانەی هیتلەر هیچ ڕێگایەکی بۆ ستالین و چەرچڵ نەهێشتەوە جگە لە ئێران تاوەکو هاوکاریەکانیان بەیەکتر بگەیەنن. متمانەشیان بە ڕەزاشا نەمابوو بەهۆی زیادکردنی ڕاوێژکار و پسپۆڕە ئەڵمانەکان لە ئێراندا کە بەناوی دپلۆماتکارەوە گەشتبوون بە هەزاران ئەڵمان و نەوت و هێڵی شەمەندەفەر و بەندەرەکانی ئێرانیان ئاڕاستە دەکرد.
لە پاش کودەتاکەی نازییەکان لە عێراق، سۆڤیەت و بەریتانییەکان پێکەوە بڕیاریاندا هێرش بکەنە سەر ڕەزاشا. چونکە هەردوو کودەتاچیەکەش (ڕەشیدعالی گەیلانی و موفتی قودس ) لەپاش ڕاونانیان، لە ئێرانەوە خۆیان گەیاند بە ئەڵمانیا بۆلای هیتلەر. 
بەریتانییەکان لە بەسرە و خانەقینەوە، سۆڤیەتیەکانیش لە ماکۆ و قەزوینەوە هێرشیان کردە سەر ئێران و هەردوو سوپاکە لە سنەدا (ئەیلولی ١٩٤١) یەکیانگرتەوە.
لە باکوورەوە تا هەمەدان کەوتە دەست ستالین و لە باشوورەوە تا هەمەدان بۆ چەرچڵ، پێکەوە ڕەزاشایان گرت و بەدیلی ناردیان بۆ باشووری ئەفریقا. محەمەد ڕەزاشای کوڕیان لە شوێنی دانا. لە ڕێگای مەجلیسەوە ئەو مەرجانەیان بەسەر ئێراندا سەپاند کە قبوڵی بکات تا شەش مانگ لە دوای کۆتایی جەنگ ئەو دوو دەوڵەتە بە هاوکاری ئەمریکا ئێرانیان بەدەستەوەبێت. ئەڵمانەکانی ئێرانیشیان دەستگیرکرد. تەنیا پۆلیس و کاورباری ناوخۆی ئێران بە لاوازی بە دەست محەمەد ڕەزاشاوە مایەوە. 
لەو بۆشاییە ئەمنیەی دەوڵەتدا ئازەرییەکان بە تەواوی ناوچەکانی خۆیان لە دەستەڵاتی تاران دابڕی. کاتێک جەنگەکە کۆتاییهات، نە چەرچل متمانەی بە ستالین هەبوو نە ستالینیش خۆشی بە چەرچڵ و بەریتانییەکان دەهات. ئینجا کێشە ناوخۆییەکانی نێوان براوەکان (سۆڤیەت و بەریتانیا و ئەمریکا) دەرکەوتن.

سنوری كۆماری مه‌هاباد

ستالین تاوەکو دڵنیا نەبووایە لە کشانەوەی هێزەکانی ئەوان لە نزیک سنوورەکانی سۆڤیەت ئامادەی کشانەوە نەبوو. ئەوەی لە خۆرهەڵاتی ئەوروپا و ناو ئەڵمانیادا ڕوویدا لە دابەشکاری نێوان براوەکان، لە فۆرمێکی بچوکتردا لە ئێرانیش بەهەمان شێوە بوو. بۆیە ئەو پەیمانی کشانەوەیەی هێزەکانیان کە به‌ محەمەد ڕەزاشایان دابوو نزیکەی ساڵێک دواکەوت بۆ کۆتایی ١٩٤٦. 
کوردەکان بەچاولێکەری ئازەرییەکان (بەڵام درەنگوەخت) لەو ساڵەدا کە دەستەڵاتی دەوڵەت بوونێکی ئەوتۆی نەبوو، بڕیاریاندا دەوڵەتێکی ئۆتۆنۆمی لایەنگر بە سۆڤیەت ڕابگەیەنن. سۆڤیەتیش چ ئازەری و چ کوردەکانی بەستبوویەوە بەو فشارەی لە بەریتانیەکانی دەکرد بۆئەوەی لە باشوورەوە لە ئێران بکشێنەوە ئینجا کە ستالین سوپاکەی لە باکوورەوە دەکشێنێتەوە. ئەگەرنا لە سنووری سوپاکەی ئەودا دوو دەوڵەتی کوردی و ئازەری لە باکوورەوە دەبێتە ئەمرواقیع لە ئێراندا هاوشێوەی دەوڵەتە موالیەکانی لەبەلقان و لەبەتیک لە ناو ئەڵمانیادا كه‌ لە کۆتایی جەنگەکەدا بەپشتیوانی سۆڤیەت دامەزران.
بەریتانییەکان لە پێناو ڕوونەدانی ئەو ئەمرواقیعەدا و مەترسی لەسەر بوونی لە هیند و عێراق و شێوەدورگەی عارەبی بە مەرجەکەی ستالین ڕازی بوون. 
هەردوولاشیان لە بێ متمانەیی بە یەکتر، محەمەد ڕەزاشا و سوپاکەیان بەهێز و دەستکراوە کرد کە ئێران بەو سنوور و جیوگرافیاوەی کە هەیە بکاتەوە بەیەک. کۆتایی بە هەردوو دەوڵەتە ئۆتۆنۆمییە کورد و ئازەریەکەش بهێنێت.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ