ئه‌ڵمانیا له‌ چوار ڕیانێكی فره‌ترافیكدا

ئه‌ڵمانیا.. هه‌ڵوێستێكی جیاواز له‌ ناتۆ به‌رامبه‌ر ڕوسیا

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2022.02.16 12:04 AM
826 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

ئێستاش جووتیارە ئەڵمانیەکان لە بەرزاییەکانی ناوچەی سیلۆ، کاتێک زەویە کشتوکاڵیەکانیان ئەکێڵن، زۆر جار هەوجاڕی گاسنەکانیان ئێسک و پروسکی سەربازە ڕوسیەکان لە ژێر خاکدا ئەشێوێنن.
بەهاری ساڵی ١٩٤٥، هیتلەر لە ژێرزەمینێکی شاری بەرلیندا خۆی حەشار دابوو، دوای ئەوەی کە سوپاکەی لەبەرەکانی شەڕ لەگەڵ ڕوسیەکان تێکشکا و پاشەکشەیان کرد، سوپای یەکێتی سۆڤیەت و هاوپەیمانان ویستیان بەرەو بەرلین پێشڕەوی بکەن، بەڵام پاشماوەی سوپا بەزیوەکەی نازیەکان لە گوندی سیلۆی سەر سنوری ئەڵمانیا و پۆڵەندا یەکیان گرتەوە و بەسەرپەرشتی جەنەڕاڵ سیۆدۆر بوسی بۆ پاراستنی بەرلین لە بەرزاییەکانی سیلۆ جێگیر بوون.
 نازییەکان زۆر شارەزایانە بەرزاییەکانی سیلۆیان وەک کۆتا هێڵی بەرگری لە شاری بەرلین هەڵبژارد.
دوای شکانی نازیەکان لە ڕوسیا، ستالین پێی باش نەبوو خێرا پەلاماری بەرلین بدات، بۆیە ئەڵمانیەکان کاتی زۆریان لە بەردەستدا بوو تا دیراسەی دامەزاندنی هێڵێکی بەرگری بەهێز بکەن، بۆیە توانیان لە بەرزاییەکانی سیلۆ بە باشی خۆیان قایم بکەن.
 گرنگی بەرزاییەکانی سیلۆ لەوەدابوو کە لەشێوەی تەپۆڵکەی ئیسفنجیدا بوو، کە بەتێکڕا ٣٠بۆ ٦٠ مەتر بەرزتر بوو لە چاو ئەودەشتە بەرینەی کە سوپای سۆڤیەتی لێوە ئەهات بەرەو سنوری ئەڵمانیا.
 نازیەکانیش بەئاسانی مەدفەع و کاتۆشاکانیان بردبووە سەر تەپۆڵکە بەرزەکان
گرفتی سوپای سۆڤیەتیش لەوەدابوو کە پێشتر لە جەنگی نازیەکاندا ژمارەیەکی بێشومار سەربازی کارامەیان لێ کوژرابوو، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورت هێنانە زۆرە، ستالین بڕیاریدا تا گەنج و لاوەکانی ڕوسیا بە کەمترین ڕاهێنانی سەربازییەوە بخاتە نێو ڕیزەکانی سوپاوە، زۆربەی هەرە زۆری ئەو سەربازە ڕوسیانەی کە بەشداری جەنگی سیلۆیان کرد، یەکەم جاریان بوو بەشداری جەنگی جەبهەیی بکەن.
 لە ڕۆژی ٩ی مانگی ٤ی ساڵی ١٩٤٥ نزیکەی ٨٠٠٫٠٠٠ سەربازی ڕوسی لە قۆڵی بێلاڕوسەوە لەگەڵ ٧٨٫٥٥٦ سەربازی تر کە لە پۆڵۆنیای کۆمۆنیستیەوە هاتبوون بەسەرپەشتی مارشاڵ جۆرج ژوکۆڤی ڕوسی بەرەو بەرزاییەکانی سیلۆ هێرشیان دەستپێکرد، لە هەمان کاتدا مارشاڵ ئیڤان کۆنیڤی ڕوسی بەسەرپەرشتی زیاتر لە ٢٠٠٫٠٠٠ سەربازی تر لە قۆڵی ئۆکرانیاوە بەرەو بەرلین کەوتنە جوڵە، بە تێکڕا ژمارەی سەربازەکانی سوپای یەکێتی سۆڤیەت و هاوپەیمانان لە هەردوو قۆڵەوە نزیکەی ٢٫٥٠٠٠٠٠ سەرباز ئەبوو.
ژمارەی ئالیاتی جەنگی سوپای یەکێتی سۆڤێت بەم شێوە بوو؛ ٦٢٥٠ دەبابەی ڕوسی، ٧٥٠٠ تەیارەی جەنگی، ٤١٦٠٠ تۆپی دوورهاوێژ٫ ٣٣٥٠ لۆری کاتیۆشا هەڵگر٫ ٩٥٫٣٧٣ ئۆتۆمبێلی عەسکەری.
سوپای نازیەکانیش لە سەر ١٤ گردۆڵکەی ناوچەکە بە باشترین شێوە جێگیر کرابوون، کە ژمارەیان نزیکەی ١١٠٫٠٠٠ سەرباز ئەبوون. بەگشتی ئالیاتی جەنگی نازیەکان لە سیلۆ بریتی بوو لە ٥٨٧ دەبابەی ئەڵمانی،  ٢٦٢٥ تۆپی دورهاوێژ، لەگەڵ ٦٩٥ ساروخی دژە فڕۆکە و
هەزاران دژە تەنک و ڕەشاش و دۆشکە.

سوپای سۆڤیه‌ت به‌رزاییه‌كانی سیلۆی به‌زاند ـ 1945

لە بەرەبەیانی ڕۆژی ١٦ی ٤ی ١٩٤٥جەنگ لە نێوان سوپای سۆڤێت و نازییەکان دەستی پێکرد، بۆ ماوەی سێ ڕۆژی ڕەبەق بێ ووچان شەڕ بوو، تەنها چرکەیەک نەبوو دەنگی تۆپ و تەیارە و هاوەن و ڕەشاش نەبیسترێت، بەشەودا ئاسمانی سیلۆ یەکپارچە ئەبوو بە ئاگر باران.
لەبەر زۆری ژمارەی سەربازە ڕوسیەکان و یارمەتی هاوپەیمانان، سوپای سۆڤیەت دواجار توانی لە ڕۆژی ١٩ی ٤ی ١٩٤٥ هێڵی بەرگری نازیەکان لە بەرزاییەکانی سیلۆ بەتەواوی تێک بشکێنێت، ئیتر بێ هیچ بەرگریەکی تر لە هەمان ڕۆژدا ڕوس و هاوپەیمانان گەشتنە شاری بەرلین، بەڵام باجی ڕوسیەکان لەو جەنگەدا زۆر جەرگ بڕ بوو، زیاتر لە ٣٠٫٠٠٠ سەربازی سۆڤیەت تەنها لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژەی جەنگی سیلۆدا کوژران، لە هەمان کاتدا ١٢٫٠٠٠ سەربازی نازیەکان و ٥٠٠٠ لە هاوپەیمانان لە هەمان جەنگدا بوون بە قوربانی.
دوای کەوتنی شاری بەرلین و پاکسازی نازیەکان لە لایەن ڕوسیا و هاوپەیمانانەوە، لاشەی زۆربەی سەربازەکان لە ناو قوڕو لیتەی دەشتی سیلۆدا سەرنگوم بوون، بۆیە لەبەر ڕێزی قوربانیەکانی جەنگی سیلۆ بە ڕوسی و هاوپەیمانیەکان و ئەڵمانیەکانیشەوە، مۆنۆمێنتێکی هاوبەشیان هەر لە سیلۆ دروست کرد، ئێستاش ساڵانە کەس و کاری سەربازە ڕوسیەکان سەردانی گۆڕستان و مۆنۆمێنتی سیلۆ ئەکەن لە ئەڵمانیا، لەگەڵ خۆیاندا ئاڵای ڕوسیا ئەهێنن و بەدەم وتنەوەی سرودی نیشتیمانیەوە، ئاڵاکانیان ڕائەوەشێنن..
دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندی نێوان سۆڤێت و ئەمریکا دەستی پێکرد، ڕوسیا ئەیویست زیاترین وڵاتی ناوچەکە لە چوارچێوەی یەکێتی سۆڤیەتدا کۆبکاتەوە، لە لایەکی ترەوە ئەمریکا و ئەوروپا هەمیشە لە هەوڵدابوون تا سنوری پەیمانی ئەتڵەنتیکی باکور (ناتۆ) فراوان بکەن، ئەم دوو جیهانبینیە جیاوازەی ڕوسیا و ئەمریکا واقیعێکی ناشیرینی لەسەر خاکی ئەڵمانیای دوای ڕوخانی هیتلەر دروست کرد، جەنگی ساردی نێوان ڕوسیا و ئەمریکا دەستی پێکرد، ئەو جەنگە تەنها دیواری ئایدۆلۆجی لە فیکری خەڵکی ئەڵمانیا دروست نەکرد، بەڵکو  بوو بەهۆی هەڵچنینی دیوارێکی کۆنکرێتی بەرزیش کە ناو دڵی بەرلینی بۆ ٣٠ ساڵی ڕەبەق دوو لەت کرد.
چەپکە گوڵی جەنگی ساردی نێوان سۆڤێت و ئەمریکا دیوارێک بو کە جەستە و ڕۆحی ئەڵمیانیەکانی بەدرێژای ٤٠ کیلۆمەتر لەیەک جودا کردەوە.
 ڕۆژهەڵاتی دیواری بەرلین لە ژێر فەرمانڕەوایی سۆسیالیستەکانی سەربە بلۆکی سۆڤێتدا بوو، لای ڕۆژئاوای دیوارەکەش لایەنگرانی ئەمریکا و سستەمی دیموکراتی ئەوروپا دەسەڵاتدار بوون تێیدا.
هەرچەندە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا لە ساڵی ١٩٥٥ بوو بە ئەندامی ناتۆ، بەڵام پێش ڕوخانی دیواری بەرلین لە ساڵی ١٩٨٩  ئەمریکا داوای لە ڕوسیا کرد بۆ لابردنی دیوارەکە و یەکگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیا هەتا پێکەوە ببن بە یەک وڵاتی بەهێز لە پەیمانی ناتۆ، یەکێک لە مەرجەکانی ڕازیبوونی ڕوسیا بە داواکەی ئەمریکا ئەوە بوو کە نابێت ئەمریکا چی تر هەوڵ بدات لە داهاتوودا وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بکات بە ئەندام لە پەیمانی ناتۆ.

ڕوخاندی دیواری به‌رلین ـ 1989

لە دانیشتنە بەناوبانگەکەی نێوان میخائیل گۆرباچۆڤی سەرۆکی ڕوسیا و جەمیس بەیکری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە لە ساڵی ١٩٩٠ سازکرا، جەمیس بەیکری بە گۆرباچۆڤی ڕاگەیاند و پەیمانی پێدا کە دوای ئەڵمانیای شەرقی ئیتر ئەمریکا (یەک بست لە خاکی ئەوروپای شەرقی ناکات بە ئەندام لە پەیمانی ناتۆ) ئەوەی ناو کەوانەکە قسەی جەیمس بەیکری بوو، بەڵام دواتر لەگەڵ پەیمانەکەیان ڕاستگۆ نەبوون، هەر لە دوای ڕوخانی دیواری بەرلین و بە ئەندام بونی ئەڵمانیای شەرقی لە ساڵی ١٩٩٠، ئەمریکا سنورەکانی پەیمانی ناتۆی زیاتر فراوانکرد، پۆڵۆنیا و لاتیڤیا و ئیستۆنیا و لیتوانیاش بوون بە ئەندامی پەیمانی ناتۆ. ئێستاش ئەمریکا هەر بەردەوامە لە فراوانکردنی سنورەکانی پەیمانی ناتۆ لەسەر حیسابی سنورەکانی ڕوسیا، ئەیانەوێ ئوکرانیا و جۆرجیای دراوسێی ڕوسیاش ببن بە ئەندامی ناتۆ.
پەیوەدیەکانی ڕوسیا و ئەڵمانیاش دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەنجلا مێرکڵ لەساڵی ٢٠٠٥ بەرەو پێش چونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، ئاخر لە ساڵی ٢٠٠٢ ئەو کاتەی کە مێرکڵ ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی ئەڵمانیا بوو وەک سەرۆکی پارتی مەسیحی دیموکراتی، سەردانی کریملنی پایتەختی ڕوسیای کرد، دوای کۆبونەوەی لەگەڵ پۆتین، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا، مێرکڵ بە سوعبەتەوە بە ڕۆژنامەنوسانی ووت من لە ژێر تاقیکردنەوەی دەزگای موخابەراتی سۆڤێت KBG دەرچووم بۆ ئەوەی مەلەفی گازی ڕوسیا لە ئەوروپا وەربگرم.
مێرکڵ خۆی لە ڕوسیا زانکۆی خوێندوە لە بەشی بیرکاری و ژمێریاریدا، زمانی ڕوسیش بەباشی ئەزانێت، دوای بوون بەڕاوێژکاری ئەڵمانیاش هەروا دەرچوو، پۆتینی سەرۆکی ڕوسیا مەلەفی گازی ئەوروپای لە ڕێگەی کۆمپانیای گازپرۆمی سەر بەدەوڵەتی ڕوسیاوە دا بە دەست ئەنجیلا مێرکڵی ڕاوێژکاری ئەڵمانیاوە، بە دروستکردنی بۆری گازی دەریایی (نۆرد ستریمی یەک) کە ساڵی ٢٠١٢ گازی سروشتی لە ڕوسیاوە بەناو دەریای بەڵتیقدا ڕاستەوخۆ گەیاندە خاکی ئەڵمانیا و لە وێشەوە بۆ هەموو ئەورووپا، داهاتی نۆرد ستریمی یەک بۆ ئەڵمانیا ساڵانە نزیکەی ٨ بلیۆن دۆلارە.

میركڵ په‌یوه‌ندیه‌كی تایبه‌تی و به‌هێزی له‌گه‌ڵ پۆتین هه‌بوو


پەیوەندیەکانی پۆتین و مێرکڵ زیاتر گەرم بوو بەهۆی ڕاکێشانی بۆری دووەمی گاز هەر لە ڕێگای دەریای بەڵتیقەوە کە پێی ئەوترێت (نۆرد ستریمی دوو) لە ساڵی ٢٠٢٠ پڕۆسەی دروستکردنی ئەم بۆریە گەشتۆتە خاڵی کۆتایی.
هەرچەندە بۆری غازی (نۆرد ستریمی دوو) بەهۆی ناڕەزایەتیەکانی ئەمریکا و ئەوروپا و ئۆکرانیان و پۆڵەنداوە هێشتا گازی ڕوسی پێدا نەهاتوە بۆ ئەڵمانیا، بەڵام چاوەڕوان ئەکرا (نۆرد ستریمی دوو) هەموو پێداویستیە گازیەکانی ئەوروپا دابین بکات و نرخی سووتەمەنی گاز بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزێت لە ئەوروپا.
لە ئێستادا بێجگە لە وڵاتی ئەڵمانیا، هەموو ئەندامانی تری پەیمانی ناتۆ لەگەڵ ئەمریکان و خۆشحاڵنین بەڕاکێشانی بۆری (نۆرد ستریمی یەک و دوو)
چونکە هەندێکیان پێیان وایە هەیمەنەی ڕوسیا لە ئەوروپا بەهۆی بۆری گازی دەریایی (نۆرد ستریمی یەک و دوو) زیاتر ئەبێت، وەک وڵاتی بەریتانیا و فەرەنسا...هتد
ئەو بۆریە غازەی ڕوسیا کە بەناو وڵاتی ئۆکرانیا دێت بۆ ئەوروپا، بەهۆی پڕۆژەی (نۆرد ستریمی دووەم) ڕاگیراوە، ئیتر ڕوسیا پێویستی بەخاکی ئۆکرانیا نابێت هەتا غازەکەی پێدا بنێرێت بۆ ئەوروپا، بەمەش ئۆکرانیا داهاتی ساڵانەی ئەو بۆریەی کە ١ بلیۆن و نیو دۆلار بوو لەدەست ئەدات،  و پۆڵەنداش بەهەمان شێوەی ئۆکرانیا زیانی بەر ئەکەوێت، چونکە چەندین بۆری غازی ڕوسی بەخاکی پۆڵەندا تێپەڕ ئەبێت بۆ ئەڵمانیا، کە هەمویان بە هۆی بۆری گازی دەریایی (نۆرد ستریمی یەک و دوو)وەوە ڕوسیا بێ نیاز بووە پێیان.
گەورەترین دەست کەوتی مێرکڵ بۆ حەڵکی ئەڵمانیا ڕاکێشانی بۆری گازی دەریایی (نۆرد ستریمی یەک و دوو) بوو.
 بەڵام لە ئێستادا ئەڵمانیا لەسەر چوار ڕیانێکی فرە ترافیک وەستاوە، بە هەرلایەکدا بڕوات پێویستە حیساب بۆ لاکانی تریش بکات، وەک ئەندامی پەیمانی ناتۆ ئەڵمانیا پێویستە هاوکار بێت لەگەڵ ئەندامانی تری ناتۆ هەتا لەهەر مەترسیەکی ئەمنی ئەکتری بپارێزن، لە لایەکی ترەوە ئەڵمانیا پەیوەندی لە مێژینەی خوێن و ئێسقانی لەگەڵ ڕوسیا هەیە، لەم ساڵانەی دوایشدا بەرژەوەندی ئابوری ئەڵمانیا بەهۆی بۆری غازی دەریایی (نۆرد ستریمی یەک و دوو) لەگەڵ ڕوسیا گەشتە لوتکە.

نه‌خشه‌ی هێڵی غازی نۆرد ستریم

هەرچەندە ڕاوێژکاری نوێی ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز ڕایگەیاند کە ئەڵمانیا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئەمێنێتەوە و لە ئەگەری داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە، ئەڵمانیا لای خۆیەوە ئابڵوقەی وەرگرتنی گازی ڕوسی ئەخاتە سەر هەردوو بۆری غازی دەریایی (نۆرد ستریمی یەک و دوو).
 ئۆلاف وتی بەهۆی ئەو جەنگە تراژیدیانەی کە لە ڕابردوودا لە نێوان ئەڵمانیا و ڕوسیا ڕویانداوە، نایانەوەێت جارێکی تر ئەڵمانیا بکەوێتە ئەو هەڵە مێژویانەوە، بۆیە ناردنی چەک بۆ ناوچە ئاڵۆزەکانی جەنگ لەئەڵمانیا یاساخ کراوە، تەنها لە یەک حاڵەتی ئیستیسنائی ئەڵمانیا چەکی بۆ ناوچە ئاڵۆزەکانی جەنگ ناردووە کە ئەویش لەشەڕی دژ بەداعش بوو، ئەڵمانیا چەکی دژەتەنکی نارد بۆ هێزی پێشمەرگە.
 بەشداری ئەڵمانیا لە جەنگی کوێت و ئەفغانیستان و بەڵکان تەنها لە چوارچێوەی لۆجستی و ڕاهێنانی سەربازی و تەندروستیدا بووە، ئەڵمانیا هەزگیز هێزی شەڕکەری وەک ئەمریکا و بەریتانیا نەبووە.
ئۆلاف پێی وایە نادردی چەک بۆ بەرەکانی جەنگ هەرگیز ئۆپشنێکی باش نەبووە، بگرە ناردنی چەک قەیرانەکان ئاڵۆتر ئەکات.
لە ئێستادا هەناردەی گازی ڕوسی بۆ ئەوروپا لەڕێگەی ئۆکرانیا و پۆڵەنداوە لە لایەن ڕوسیاوە ڕاگیراوە، ئەگەر ئەمریکا و ناتۆش ئابڵوقە لەسەر  بۆری غازی دەریایی (نۆرد ستریمی یەک و دوو) دابنێن لە ئەڵمانیا، ئەوا گازی نەرویج هەرگیز ناتوانێت دیماندی هەموو ئەوروپا پڕبکاتەوە و ببێتە جێگرەوەی گازی ڕوسیا، ئەوکاتە کورت هێنانێکی ئێجگار زۆر لە مارکێتی گازی ئەوروپا ڕوو ئەدات، کە ڕەنگە کارەساتی مرۆیی بەهۆی نەبوونی گازەوە ڕووبدات.
سەرهەڵدانی ئەم قەیرانانە هەمووی پەوەندی بە ئەندام بونی ئۆکرانیاوە هەیە لە ناتۆ بەڵام بە دنەی ئەمریکا.
لە ئێستادا باشترین چارەسەر بۆ کێشەی ئۆکرانیا مۆدێلی فینلاندە، کە بەهۆی نزیکی لە سنورەکانی ڕوسیاوە بەشداری ئەمنی و سەربازی لەگەڵ پەیمانی ئتڵەنتیکی باکور ناتۆ ناکات...

دڵشاد موانی
خوێندكاری دكتۆرا ـ به‌ریتانیا


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ