ئایا یه‌كێتی و حسك به‌رپرسن له‌ كیمیابارانی شاره‌كه‌ ؟

عه‌مه‌لیاتی فه‌جری 10.. چۆنیەتی گرتنی هەڵەبجە

هونەر تۆفیق 2022.03.16 08:53 PM
1361 جار خوێندراوەتەوە

سوپای ئێران لە پاش گرتنی فاو 1986 وە، لە زۆربەی بەرەکانەوە زۆری بۆ سوپای عێراق هێنابوو، هێرشە بەردەوامەکانی بە ناوی فەجر و فەتح و کەربەلاوە ناونابوو کە زنجیرەیەک بوون لەو هێرشانەی ناویان نابوو دیفاعی مقەدەس.
هێرشی گرتنی هەڵەبجە سەر بە زنجیرە هێرشەکانی فه‌جر بوو بە ناوی فەتحی 10، لە 13ی ئازاری 1988 بەهاوبەشی سوپا و پاسداران و پێشمەرگە کوردەکانی دژ بە عێراق دەستپێکراوە.
پلانە سەربازییەکە (کەماشە) یی بۆ ئابڵۆقەدانی سوپای عێراق بووە لە سێ لاوە  ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باشور)ی هەڵەبجە بە دەشتی شارەزوورەوە، دواتر لە باکورەوە لە عەرەبەت هەرسێ سوپاکە یەکبگرنەوە و بەرەو سلێمانی هێرش دەست پێبکەنەوە. ئەگەر ئەو پلانە بە تەواوی سەریبگرتایە، سوپای ئێران دەربەندیخان و کەلاریشی دەخستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، بەهۆی دابڕینی سلێمانی لە سێ لاوە هەمان ئابڵۆقەدانی سەربازی (کەماشە) ی دووبارە دەکردەوە و بە ئاسانی سلێمانیشی داگیردەکرد.

نه‌خشه‌ی سه‌ربازیی ئێرانییه‌كان بۆ گرتنی هه‌ڵه‌بجه‌

هێڵی بەرگریی سوپای عێراق بریتی بوو لە دوو فیرقەی 42 لە ناو هەڵەبجە و 36 لە دەربەندیخان.
فیرقەی 42 بە سەرلەشکری عەمید ڕوکن عەلی حسێن عەلگاویی، لیواکانی 607، 602، 434 ی بەدرێژایی سنوری عێراق - ئێران لە شاخى سورێنەوە تا هەورامان و شنروێ و باڵانبۆی پشت هه‌ڵه‌بجه‌ لەژێر دەستدابوو.
فیرقەی 36یش کە سەرلەشکرکەی عەمید فەرحان جاسم عەباد بوو، بە دوو لیوای 506، 66 ئەرکی پاراستنی خۆرئاوای ڕووباری سیروان و دەریاچەی دەربەندیخانی لە ئەستۆ بوو.
ئێرانییەکان لە 13ی ئازاردا لەگەڵ پیشمەرگەدا لە چیای شنروێوە دەستیان بە هێرشەکە کرد، لە هەمان شەودا پێشمەرگە دەچنە ناو شاری هەڵەبجەوە و سوپای عێراق بەخۆیانەوە سەرقاڵ دەکەن.

ته‌سلیمبوونی سه‌ربازه‌ عێراقییه‌كان

فیرقەی فەتحی سوپای ئێران لە ڕووباری سیروان و چیای باڵانبۆوە هێرشە سەرەکییەکەیان دەستپێدەکەن، بە خێرایی دەپەڕێنەوە بەرەو ناوچەی زەڵم و یەکگرتنەوە لەگەڵ هێزی پاسداراندا کە لە هەورامان و خورماڵەوە هێرشیان دەستپێکردبوو و لە نێوان سەیدسادق و زەڵمدا یەکدەگرنەوە، پێکەوە پێشڕەویی دەکەن بەرەو سەیدسادق.
بەشێک لە فیرقەی فەتحیش هێرش دەکەنە سەر لیواکانی 506 و 66 بەڵام لیوای 66 بەرگرییەکی سەخت دەکەن، کە فه‌رمانده‌كه‌ی مقەدەم فەرید حەمودەی بەڕەگەز فەڵەستینی بوو.
کاتێک فیرقەی 42 لە ڕۆژی 14ی ئازاردا بۆیان دەردەکەوێت ئابڵۆقەدراون و هیچ دەرچەیەکیان لە بەردەمدا نەماوە، هەموو ڕێگاکانی بەهاناوە چوونیان لێگیراوە، داوای هێزی دابەزینی ئاسمانی دەکەن.

هێزی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی و حسك رۆڵی سه‌ره‌كیان هه‌بوو له‌ گرتنی هه‌ڵه‌بجه‌

سوپای عێراق هێزێکی مغاویریان بە هالیکۆپتەر لە چیای باڵانبۆ بۆ یارمەتیدانیان دەنێرێت بەڵام هیچیان پێ ناکرێت.
لە 15ی ئازاردا فیرقەی 42 تەسلیم بە ئێرانییەکان دەبن، سەرلەشکرەکەیان لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەمن و ئیستخباراتەکانی هەڵەبجە دەیانەوێت بە پیادە لە ڕووباری سیروان بپەڕنەوە و خۆیان دەرباز بکەن به‌ڵام زۆرینەیان لە ڕووبارەکەدا خنکاون.
عەمید عەلی حسێن عەلگاویش لە ناو ڕووبارەکەدا فیشەکێک بەخۆیەوە دەنێت و خۆی دەکوژێت.
لە ڕۆژی 16ی ئازارى 1988، سەدام حسێن فەرمان دەکات تەڕ و وشک لە هەڵەبجەدا پێکەوە بسوتێنن و شارەکە بە چەکی کیمیایی بۆردمان دەکات.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ