تایبه‌ت ـ ماڵپه‌ڕی پۆله‌تیك
هه‌موو ئه‌و زانیاریانه‌ی له دوو ڕۆژی ڕابردوودا میدیا كوردییه‌كان بڵاویانكرده‌وه ده‌رباره‌ی سه‌ردانی وه‌فده‌كه‌ی ئێران به سه‌رۆكایه‌تی حه‌سه‌ن دانایی فه‌ڕ بۆ هه‌ولێر و كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ پارتی و لایه‌نه‌كان، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسوخواسی سه‌ردانه‌كه نه‌بوون و ئه‌وه‌ی باسیان كرد هه‌رگیز له كۆبوونه‌وه‌كاندا ئه‌و مه‌سه‌لانه قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كراوه.
حه‌سه‌ن دانایی فه‌ڕ (1960 له نه‌جه‌ف له‌دایكبووه) پێشتر باڵوێزی ئێران بوو له به‌غدا، ئێستا یاریده‌ده‌ری ئیسماعیل قائانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسه بۆ مه‌له‌فی عێراق.
به‌پێی زانیارییه‌كانی (ماڵپه‌ری پۆله‌تیك)، ئامانجی سه‌ردانی ئێرانییه‌كان بۆ هه‌ولێر و كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی و دوو بارزانییهكهی تر، به پله‌ی یه‌كه‌م بۆ مه‌سه‌له‌یه‌كی ئه‌منی بووه و ئێرانییه‌كان بێ پێچوپه‌نا ماوه‌ی سێ مانگ مۆڵه‌تیان داوه‌ته پارتی تاوه‌كو بنكه‌ی سه‌ربازیی هه‌ریر دابخات له پارێزگای هه‌ولێر.
بنكه‌ی سه‌ربازیی هه‌ریر، ده‌كه‌وێته 75 كیلۆمه‌تری رۆژهه‌ڵاتی هه‌ولێر و وه‌ك ئێرانییه‌كان ده‌ڵێن: نزیكترین بنكه‌ی سه‌ربازیی سه‌ر به ئه‌مریكایه له سنوری ئێرانه‌وه كه 115 كیلۆمه‌تر دووره.
ئێرانییه‌كان وتویانه بنكه‌ی هه‌ریر له لایه‌ن ئه‌مریكا و ئیسرائیله‌وه كۆنترۆڵكراوه و بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی دوژمنایه‌تیكردنی ئێران و ڕادار و فرۆكه‌ی پێشكه‌وتووی لێێه و سیخوری به‌سه‌ر دامه‌زراوه سه‌ربازیی و ئه‌تۆمییه‌كانی ئێرانه‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش هه‌رگیز جێگه‌ی قبوڵكردن نییه.
(ماڵپه‌ری پۆله‌تیك) زانیویه‌تی له به‌رامبه‌ردا، مه‌سعود بارزانی پێیوتوون بنكه‌كه سه‌ر به حكومه‌تی عێراقه و به‌غدا ده‌توانێ بڕیاری له‌سه‌ر بدات، ئێرانییه‌كانیش پێیانوتووه كه‌واته ده‌گه‌ڕێنه‌وه به‌غدا و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌منی عێراق مه‌سه‌له‌كه یه‌كلاده‌كه‌نه‌وه.
هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و زانیاریانه‌ی باسكران گوایه ئێران داوای له پارتی كردووه له هاوپه‌یمانی سه‌در بكشێته‌وه له به‌رانبه‌ردا بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی ڕاده‌گرن دوورن له ڕاستییه‌وه و ئێرانییه‌كان هیچ پێشنیازێكی وه‌هایان نه‌بووه.
هه‌ر به‌پێی زانیارییه تایبه‌ته‌كه‌ی (ماڵپه‌ری پۆله‌تیك) سه‌باره‌ت به پۆستی سه‌رۆك كۆمار، ئێرانییه‌كان به پارتیان وتووه كه ئه‌وان به‌رهه‌م ساڵح به باشترین كاندیدی كورد ده‌زانن بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆسته‌كه و پێیان باش بووه له‌وباره‌یه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بگه‌نه ڕێكه‌وتن و ئه‌وانیش هاوكاریان ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ك ده‌نگۆی ئه‌وه‌ش كه گوایه ئێرانییه‌كان پێشنیازی گۆڕینی به‌رهه‌م ساڵحیان كردووه دووره له ڕاستییه‌وه.
سه‌باره‌ت به سه‌ردانی وه‌فده‌كه‌ی ئێرانیش بۆ لای یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو، ته‌نها ئه‌وه بووه كه سوپاسیان كردوون به‌رامبه‌ر به‌شدارینه‌كردنیان له كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار له ڕۆژی 26ی مانگی ڕابردوو، پێیانوتوون تاران ئه‌م مهوقیفهیان له‌بیرناكات و له داهاتووشدا له به‌رچاوی ده‌بێت، كه بووه هۆی ته‌واونه‌كردنی نیساب و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار په‌كیكه‌وت.