له‌ مامۆستایه‌كى زانكۆی بێلایه‌نه‌وه‌ بۆ دیكتاتۆرێكی سیاسی

قه‌یس سعه‌ید.. ده‌ستوره‌ عه‌لمانیه‌كه‌ی چه‌سپاند و ئیخوانه‌كانی لول كرد

ره‌نج نه‌وزاد 2022.07.27 08:18 PM
975 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

ساڵی پار دوای خۆپێشاندانی بەشێک لە خەڵکی تونس بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمان وهێرش کردنە سەر بەشێک لە بارەگاکانی پارتی نەهزەی ئیخوانی، سەرۆکی تونس (قیس سعه‌ید) بڕیاری سڕکردنی پەرلەمان و لابردنی سەرۆک وەزیران وهەڵوەشاندنەوەی حکومەتی دا، هەموو دەسەڵاتەکانی وڵاتی گرتە دەست، پاشان بڕیاری نووسینەوەی دەستورێکی نوێی دا بە ئامانجی دامەزراندنی کۆمارێکی نوێ.
 دوێنێ ریفراندۆم ئەنجامدرا بۆ دەنگدان لەسەر دەستووری نوێ و دەنگی بەڵێ زۆرینەی بەدەست هێنا، بەوەش پرۆژەکەی قیس سعید سەرکەوتوو بوو.
کۆمەڵگە و پارتە سیاسی و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی تونس، بە گشتی دابەشبوونەتە سەر دوو بەرە، بەرەیەکی ئەم هەنگاوانەی سەرۆکی تونس بە کودەتا بەسەر حکومەت و پەرلەمان و دیموکراسی و بەهاری عەرەبی لە تونس تەماشا دەکەن، بەرەیەکی تر، پشگتیری هەنگاوەکانی سعه‌ید دەکەن.
 لە تونس ساڵانێکە ناڕەزایەتییەکی جەماوەری گەورە هەیە دژ بە حکومەت و پەرلەمان بەهۆی خەراپی دۆخی ئابووری و گوزەرانی خەڵک و بێ کاری وهەژاری، ئەم ناڕەزایەتیە گەیشتە لوتکە لە کاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە وڵاتەکە بە تایبەت کە هەنگاوەکانی حکومەت و پەرلەمان بەرامبەر کۆرۆنا، بە لاواز و کەمتەرخەم وەسف دەکرا. سعه‌ید پشتگیری لەو ناڕەزایەتیە جەماوەریانە دەکرد، بەشێکی زۆری ئەو خەڵکە ناڕازییەش پشتگیری سعه‌ید دەکەن.
ئەوەی مایەیی سەرنجە، کەسایەتی و پێگە و فکری چۆنیەتی دەسەڵات گرتنە دەستی قەیس سعه‌یدە. 

سعه‌ید به‌سه‌ر پشتی ئیخوانه‌كان بووه‌ سه‌رۆك به‌ڵام لێیان هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌


پێش ئەوەی ببێتە سەرۆک، مامۆستای زانکۆ و پسپۆرێکی ناسراوی یاسای دەستووری بوو. ساڵی ٢٠١٩ وەک کاندیدێکی سەربەخۆ بۆ سەرۆکایەتی خۆی کاندید کرد، نە حیزب نە ڕێکخراو و گروپێکی بەهێزی لەپشت بوو، نە خاوەن سامان و سەرمایەیەکی گەورە بوو، لە کاتی بانگەشەی دەنگدان زیاتر خوێندکارەکانی بانگەشەیان بۆ دەکرد و کەمپینی دەنگدانیان بۆ بەڕێوە دەبرد. ناوبانگ و مێژووەکەی کە تا ئەمرۆش تۆمەتی گەندەڵی و درۆکردن و مەلەفی ئەخلاقی لەسەر نییە، هەروەها شێوازی قسەکردن و دەڕبڕینی، کە باوەربەخۆ و وردە و هەمیشە بە زمانی عەرەبی فەرمی گوتارەکانی پێشکەش دەکات، نەک بە شێوەزاری تونسی، کە زیاتر وەک مامۆستایەک لە ناو هۆڵی وانە وتنەوە دەردەکەوێت. ئەمانە وایان لێکرد وەک سیاسیەکی کاریگەر دەربکەوێت و پشتگیری بەشێک لە خەڵکی تونس بەدەست بهێنێت.
سەرەتا کە کاندید بوو بۆ سەرۆکایەتی، ئیخوانەکانی تونس، حیزبی نەهزە، لەگەڵ ئەوەی خۆیان کاندیدیان هەبوو، بەڵام وەک نەیارێک سەیری سعه‌یدیان نه‌ده‌كرد، پاشان پشتگیریان کرد. ئەوەش لەبەر دوو هۆکار بوو، حیزبی نەهزە ئەو کات دەنگەکانی کەمی کردبوو و دەیویست کەسێک ببێتە سەرۆک کە دژیان نەبێت، سعه‌ید موسوڵمانێکە ئاین پەیرەو دەکات لە ژیانی خۆی. هەرچەن ئیخوانی نەبوو، بەڵام لای نەهزە ئەو شیاوتر بوو لە عەلمانیەکانی تونس. هۆکاری دووەم ئەوە بوو نەهزە پێیوابوو سەعید سەرۆکێکی لاواز دەبێت، چونکە ئەزموونی سیاسی نییە و خاوەن حیزب و گرووپی سیاسی نییە، بۆیە دەکرێت ئاسان ڕام بکرێت. 
 پاش چەن ساڵێکی کەم، دەرکەوت ئیخوانەکان زۆر هەڵە بوون، قەیس زۆر دژی ئیخوانەکانە و هەروەها سەرۆکێکی بەهێزە و کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نییە. هەر بۆیە لە ئێستادا نەهزە دەناڵێنن بە دەستیه‌وە. ئەوانەی لە تەمەنێکی گەنجیەوە سعه‌ید دەناسن، باس لەوە دەکەن کە خاوەنی کەسایەتیەکی زۆر هێمن و کەلەڕەقە، تەنیا ئەوە دەکات و ئەوە بە ڕاست دەزانێت، کە خۆی دەیەوێت و لای خۆی ڕاستە. 
سعه‌ید پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکیش، چەندین جار ئاماژەی بەوە کردوە کە سیستەمی سیاسی تونسی بە دڵ نییە، دەستووری ٢٠١٤ی لا پەسەند نییە، کە بووە سەرۆکیش هەمان گوتار و کرداری جێبەجێ کرد. 

سعه‌ید هه‌میشه‌ خه‌ونی به‌ گۆرینی ده‌ستوری تونسه‌وه‌ ده‌بینی

قەیس بەوە بەناوبانگە، گوێ لە ڕاوێژی کەس ناگرێت، بیروبۆچوونی خۆی ناگۆرێت. لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک، قەیس کەسێک بە ناوی (نادیه‌ عکاشە) دەکاتە بەڕێوبەر دیوانی سەرۆکایەتی تونس و ڕاوێژکاری سەرەکی سەرۆکی تونس.
ئەو ئافرەتە لە تونس، بە سندوقە ڕەشەکەی قەیس ناوبانگی دەرکردوە، لە زۆربەی سەفەر و دانیشتنەکانی سەرۆک ئامادە بوو، لە ڕاگەیاندنەکاندا وا باس دەکرا، کە قەیس تەنیا لە ژێرکاریگەری ئەو ئافرەتەیە و بە گوێی ئەو دەکات، گوایە نادیە هاوڕێی خێزانەکەی قەیسە بەڵام دەرکەوت، سروشتی قەیس سعه‌ید نەگۆڕە و ئامادە نییە گوێ لە کەس بگرێت، هەر بۆیە چەن مانگێ پێش ئێستا، نادیە عکاشە دەستی لەکارکێشایەوە، دەوترێت قەیس دەریکردوە. بەپێی لێدوانی نادیە بەهۆی بیروباوەڕی جیاوازەوە دەستی لەکارکێشاوە، وا دیارە نەهزە لێکدانەوە و خوێندنەوەیان هەڵە بووە بۆ کەسایەتی و کەلە رەقی قەیس سعه‌ید.
قەیس کە بڕیاری نووسینەوەی دەستورێکی نوێ دەدات، لیژنەیەک بۆ نووسینەوەی دەستوور دادەنێت بە سەرپەڕشتیاری پسپۆرێکی یاسای دەستووری بە ناوی (الصادق بلعید)، کاتێک پرۆژەی دەستوورەکە دەنووسنەوە و ڕەوانەی سەرۆکی دەکەن، پاش چەن رۆژێک قەیس فەرمان دەکات بە بڵاوکردنەوەی دەستوورەکە بۆ ڕایگشتی، دەردەکەوێت ئەو دەستوورەی لیژنەکە و (بلعید) نووسیویانە، ئەوە نییە کە قەیس بڵاویکردوەتەوە.
 وا دیارە قەیس تەواوی بەندەکانی ئەو دەستوورەی بە دڵ نەبووە کە لیژنەکە نووسیویانەتەوە. بۆیە دەستکاری دەکات و پاشان بڵاویدەکاتەوە و هەر ئەو دەستوورەی خۆشی خستە بەردەم ریفراندۆم.
 جگە لەوەی پێش مانگێ، بەهۆی ناڕەزایەتی هەندێک دادوەر و یاساناسی دادگاکانی تونس دژ بەو هەنگاوانەی سەرۆک، قەیس فەرمانی لابردنی ٥٣ دادوەری دا.
قەیس لەبەرئەوەی شارەزایەکی گەورەی یاسای دەستوورییە، تەفسیر و تێگەیشتنەکانی خۆی بۆ دەستور و یاسا پەیرەو دەکات، کاتێک بەشێکی زۆری دادوەر و حیزب و ڕێکخراوەکان دەڵێن هەنگاوەکانی سەرۆک نا دەستووری و نا یاساییە، قەیس هەمیشە دەڵێت تێگەیشتنی ئەوان بۆ یاسا هەڵەیە و خۆم پسپۆری یاسای دەستووریم و دەزانم چی دەستووریە و چی دەستووری نییە.

حزبی نه‌هزه‌ی ئیخوانی گورزێكی قورسی به‌ركه‌وت

دوو گۆڕانکاری لە دەستورە نوێیەکەی سعه‌ید هەیە کە ناڕەزایەتی گەورەی درووستکردوە لە تونس، یەکەمیان بریتییە لەوەی سیستەمی سیاسی تونس لە سیستەمێکی نیمچە پەرلەمانیەوە کردە سەرۆکایەتی. بەپێی ئەم دەستوورە، دەسەڵاتی سەرەکی لای سەرۆک کۆمارە، هیچ دەزگایەک ناتوانێت لێ پرسینەوەی لەگەڵ بکات. سەرۆک کۆمار زاڵە بەسەر پەرلەمان و هەموو دەزگاکانی تری دەوڵەت.
 دووەمیان پرسی ئیسلامە لە دەستوور، لەم دەستوورە نا ڕوونیەک هەیە لەو بارەیەوە. دەستوورەکە ئاماژە بەوە ناکات کە یەکێک لە سەرچاوەکانی یاسا، ئاینی ئیسلامە. بەڵکو ئاماژە بەوە دەکرێت کە تونس بەشێکە لە جیهانی ئیسلامی، هەروەها بە شێوەیەک لە شێوەکان، ئاین خراوەتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و، دەوڵەت زاڵە بەسەر تەفسیرکردن و پەیرەوکردنی ئیسلام.
 لەگەڵ هەندێ ڕەخنەی لاوەکی تر لەم دەستوورە هەیە وەک پشتگوێ خستنی لایەنی ئابووری کە سەرەکیترین کێشەی تونسە لە ئیستادا، دەستکاریکردنی کار و وەزیفەی پەرلەمان و حکومەت و دادوەری... 
نەیارەکانی قەیس ویستیان بە هاندانی خەڵک بایکۆتی ریفراندۆم بکەن یا دەنگی دژ بدەن، پرۆژەکەی قەیس پوچەڵ بکەنەوە، بەڵام قەیس لەوان زیرەکتر بوو، بڕیاریدا کە ڕێژەیەکی دیاریکراو دەستنیشان نەکرێت بۆ رێژەی بەشداربوون لە ڕیفراندۆمەکە بۆ ئەوەی ئەو ریفراندۆمە سەرکەوتوو بێت یا نا، بۆ نموونە ئەگەر سەدا یەکی دەنگدەرانی تونس بەشدار بن، ئەوا ئەگەر زۆرینەی ئەو سەدا یەکە دەنگ بە بەڵێ بدەن، ئەوا دەستوورەکە دەبێتە دەستووری تونس. هەر بۆیە دەوترێت ڕێژەی بەشداری ٢٥٪ بووە، بەڵام پڕۆسەکە سەرکەوتوو بوو و دەنگی بەڵێ سەرکەوت.
ترسی بەشێک لە چاودێرکان لەم دەستوورە، زیاتر بۆ ئایندەیە و بۆ دوای قۆناغی قەیسە، هەرچەن هەنگاو و ڕەفتار و کەسایەتی قەیس، زیاتر لە سیاسییەکی دیکتاتۆر دەچێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، مەترسی ئەوەی کە قەیس ببێتە سەرۆکێکی ستەمکار و تاوانبار و ترسناک، کەمە. چونکە بەشێک پێیانووایە لە دڵسۆزییەوە ئەو ڕەفتار و هەنگاوە توندانەی ئەنجامداوە. بەڵام لە دوای نەمانی قەیس سعه‌ید، دەکرێت سەرۆکێکی تر بێت، هەمان نموونەی پێش ٢٠١١ و خەراپتریش دووبارە بکاتەوە.
ئەم هەنگاوانەی قەیس گورزێکی بەهێزی تر بوو لە ئیخوانەکان. تورکیا و قەتەر دژی ئەو هەنگاوانەن، کەناڵی ئەلجەزیرە هەوڵێکی زۆریدا بۆ درووستکردنی کاریگەری لەسەر خەڵکی تونس دژ بە ریفراندۆم و پڕۆژەکانی قەیس، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
 کەناڵی ئەلجەزیرە خۆی کردوە بە پۆلیسی پاراستنی دیموکراسی لە وڵاتانی عەرەبی، لە کاتێکدا لە وڵاتەکەی خۆیان، لە قەتەر، حیزب و دەنگدان قەدەغەیە. 
میسر و ئیماڕات و سعودییە، بەرەی دژە ئیخوانەکان، خۆشحاڵن بە هەنگاوەکانی قەیس.

دوا قه‌ڵای ئیخوانه‌كان به‌ پیلانی سعودیه‌ و ئیمارات و میسر ڕوخێنرا


هەرچەن فکر و کەسایەتی قەیس، لەگەڵ ئەوەدا ناگونجێت کە بە هاوکاری و بە فشاری ئیماڕات و سعودییە ئەو کارانە بکات، چونکە ئەو هەوڵدەدات تونس بەهێز و سەقامگیر بکات، خۆشی دەسەڵاتی تەواوی هەبێت. بەڵام ڕاپۆرت و دەنگۆ هەیە کە ئیماڕات لە ڕێگەی پارە بەخشینەوە، دژایەتیەکی گەورەی حیزبی نەهزەی کردوە لە ناو تونس.
ئەوەی ڕوونە، بەهاری عەرەبی بە تەواوەتی شکستیهێنا، ئیخوانیەکان تووشی دۆڕانێکی گەورە هاتن، لە کاتێکدا بەهاری عەرەبی هەلێکی زێڕین بوو بۆ ئەوان، لە مێژووی ئیخوان هەلی وایان بۆ نەڕەخسابوو. 
هەڵەی گەورەی ئیخوانییەکان ئەوە بوو کە هێز و سیاسەتی ئیماڕات و سعودیەیان زۆر بەهەند وەرنەگرت، وایانزانی پشتگیری جەماوەری و گڵۆپی سەوزی ئەمریکای سەردەمی ئۆباما و پشتگیری ئەردۆگانی درۆزن و کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەڕی بەسە بۆ ئەوەی دەسەڵات بگرنە دەست و ئەم ناوچە ئاڵۆزە بەڕێوە ببەن، بێ ئاگا لەوەی ئیماڕات و سعودیە چ پلان و پیلان و سیاسەتێکیان ئامادە کردوە بۆ ڕێگرتن لە تەوژمی بەهاری عەرەبی. 
ئیماڕات وسعودییە، وەک شەڕی مان و نەمان سەیری بەهاری عەرەبیان دەکرد، ئێستاش کە هەندێ کێشە کەوتووەتە نێوان هەردوو دەوڵەت، بەڵام هێشتا بۆ پرسی دژایەتی کردنی پاشماوە و لێکەوتەکانی بەهاری عەرەبی هاوپەیمان و هاوفکرن..


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ