كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مرۆی وه‌فدی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له شاری هه‌ولێر به‌بێ ئه‌نجام كۆتاییهاتووه، چونكه پارتی ئاماده نه‌بووه ده‌ستبه‌رداری 4 پۆسته سیادییه‌كه بێت و له‌به‌رامبه‌ریشدا وه‌فدی یه‌كێتی پێیان وتوون ئه‌وان دابه‌شكردنی پۆسته‌كان به‌وشێوه‌یه‌ی ئێوه پێداگری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن ره‌تیده‌كه‌نه‌وه و به‌وشێوه‌یه ناچنه ناو كابینه‌ی نۆیه‌مه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌فدی یه‌كێتی پاكێچێكی هه‌بووه بۆ دابه‌شكردنی وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و سامانه سروشتییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه، كه چوار پۆستی سیادی حكومه‌تن و چه‌ندین ساڵه به‌ده‌ست پارتییهوهن.
وه‌فده‌كه‌ی یه‌كێتی به وه‌فدی پارتیان وتووه، پێشنیازی یه‌كێتی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و چوار پۆسته له نێوان پارتی و یه‌كێتی به‌شێوه‌یه‌ك دابه‌ش بكرێن، كه وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌رامبه‌ر ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانیش به‌رامبه‌ر فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه بێت، واته پارتی سه‌رپشك ده‌كه‌ن له نێوان هه‌ڵبژاردنی ئه‌و دوو به‌شه‌دا، جگه له پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت كه هه‌ردووكیان پشكی یه‌كێتین.
هه‌رچی وه‌فدی پارتیشه كه نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كردن، پێشنیازه‌كه‌ی یه‌كێتیان ره‌تكردووه‌ته‌وه و وتویانه ناتوانن ده‌ستبه‌رداری ئه‌و پۆستانه ببن به‌تایبه‌ت سامانه سروشتییه‌كان و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه.
وه‌فدی پارتی وتویانه یه‌كێتی ده‌بێت داوای ئه‌و 4 پۆسته نه‌كات، هه‌روه‌ها داوای ئه‌و پۆستانه‌ش نه‌كات كه پارتی بۆ گۆرانی داناوه، وتویانه رێكه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆران بۆ به‌شدارییان له حكومه‌ت وه‌ك خۆی جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
به‌پێی زانیارییه‌كانی (ماڵپه‌ری پۆله‌تیك) له‌كاتێكدا و له میانی گفتوگۆكاندا كه پارتی پێداگیرییان له‌سه‌ر 4 پۆسته‌كه كردووه‌ته‌وه، لاهور شێخ جه‌نگی ئه‌ندامی وه‌فده‌كه‌ی یه‌كێتی به وه‌فدی پارتی وتووه، "پێویسته ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی له 4ی ئازار له نێوان پارتی و یه‌كێتی ئیمزا كراوه وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت كه جه‌وهه‌ری رێكه‌وتنه‌كه بریتییه له شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ی یه‌كێتی له حكومه‌تدا و راگرتنی باڵانسی پۆسته‌كان له نێوانیاندا به ره‌چاوكردنی ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردنیش، بۆیه لادان له‌و رێكه‌وتنه بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان بۆ یه‌كێتی قبوڵ نه‌كراوه".
لاهور شێخ جه‌نگی ئه‌وه‌شی وتووه، "ئه‌وان وه‌ك خێر و سه‌ده‌قه سه‌یری به‌شداریكردنیان ناكه‌ن له حكومه‌تی نوێ‌دا و به‌وشێوه‌یه له یه‌كێتی بێنه پێشه‌وه بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان، ئه‌وا ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ريش پێكهێنانی حكومه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بێت كه پارتی ده‌یه‌وێت هه‌موو پۆسته سیادییه‌كان ببات ئه‌وا یه‌كێتی رازیی نابێت و به‌وشێوه‌یه ناچێته ناو حكومه‌ته‌وه".
به‌مشێوه‌یه كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مرۆی نێوان پارتی و یه‌كێتی كه بریار بوو تێیدا له‌سه‌ر دابه‌شكردنی پۆسته‌كان رێكبكه‌ون به‌بێ ئه‌نجام كۆتایهاتووه، هاوكاتیش هیچ واده‌یه‌كی بۆ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی نێوان پارتی و یه‌كێتی دیاری نه‌كراوه.
له كۆبوونه‌وه‌كی ئه‌مرۆدا وه‌فدی پارتی پێكهاتبوون له: نێچیرڤان بارزانی، مه‌سرور بارزانی، فازڵ میرانی، رۆژ نوری شاوێس، هۆشیار زێباریی، مه‌حمود محه‌مه‌د، جه‌عفه‌ر ئیمنیكی، دڵشاد شه‌هاب، وه‌فدی یه‌كێتیش پێكهاتبوون له: كۆسره‌ت ره‌سوڵ، لاهور شێخ جه‌نگی، قادر حه‌مه‌جان، عومه‌ر فه‌تاح، عیماد ئه‌حمه‌د، شۆرش ئیسماعیل، شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ، رزگار عه‌لی، سه‌عدی پیره.
رۆژی 4ی ئه‌م مانگه پارتی و یه‌كێتی رێكه‌وتنی سیاسیی نێوان بۆ ماوه‌ی 4 ساڵ ئیمزا كرد له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت و پرسی پارێزگاری كه‌ركوك و به‌غداد به‌بێ ئه‌وه‌ی بچنه ناو وورده‌كاریی ئه‌و مهلهفانهوه.