"گوێ بۆ جەستەت بگرە"

چۆن پارێزگاری لە جومگە و ماسولکەکان بکەین لەکاتی وەرزشدا ؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2019.09.26 02:55 PM
886 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

د ۰ هه‌ڤین که‌مال شاهـ محەمەد
لەوانەیە زۆربەی کەس بۆ یەکەمجار کە بڕیار دەدات بڕوات بۆ جێم و دەست بکات بە وەرزش، بڕیاڕێکی قورس و پڕ لە دڵەڕاوکێ بێت بۆی، بەڵام ئەو ئاسودەیی و ئارامییەی کە وەرزش پێت دەبەخشێت ھەموو بێزارییەک و دڵەڕاوکێیەک دەڕەوێنێتەوە.

گرنگە ئەو کەسەی بۆ یەکەم جار دەست بە وەرزش دەکات بەڕێگەیەکی ڕاست و تەندروست دەست پێبکات بێ ئەوەی ئازار بە جومگە و ماسولکەکانی بگەیەنێت.
بۆیە چەند ڕێگایەکی ئاسان ھەیە کە دەتوانیت پێکان و ئازاری کاتی وەرزش کەم کەیتەوە پێی، بەڵام لە پێش ھەموو شتێک چەند ڕوڵێکی گشتی ھەیە دەبێت پابەند بین پێوەی پێش دەستپێکردنی ھەر پرۆگرامێکی وەرزش، دەشبێت ئەو پڕۆگرامە بەپێی ڕەگەز، تەمەن  باری تەندروستی بێت و گونجاو بێت.

لێرەدا، باسی ئەو ڕێگایانە دەکەین کە دوورت دەخەنەوە لە پێکان و لە ئازار لەکاتی وەرزشدا:
١- تکایە گوێ بۆ جەستەت بگرە، بیر لەو وەرزشانە بکەرەوە کە دەتەوێت دەستی پێبکەیت، ھەر کامێکیان ھەستت کرد ناڕەحەتت دەکات دەتوانیت بیوەستێنی و جۆرێکی تر تاقی کەیتەوە یاخود ڕای ڕاھێنەرەکەت وەرگرە، وا باشترە یەکەمجار کە دەچیت بۆ وەرزش کردن لە جێم، ڕاھێنەرێکی پرۆفیشناڵت ھەبێت، کە ڕێنماییت کات بۆ وەرزشەکان.

پێویستە پێش وەرزشکردن جەستەت گەرم بکەیت


٢- ئیحما کردن و خۆ گەرمکردن پێش وەرزش و ساردکردنەوە دوای وەرزش: ھەوڵ بدە لەپێشدا دەست بکەیت بەھەندێ وەرزشی سترێچینگ و ڕاکێشانی ماسولکەکان بۆ گەرمکردن و ئامادەکردنی جومگە و ماسولکەکان بۆ وەرزشی قورستر، لەدوایی کۆتایی ھاتنی ھەموو وەرزشێک دەست بکە بەساردکردنەوەی ماسولکە و جومگەکان ئەویش بەوەی دەتوانیت جووڵەی سادە و کشان بە ماسولکەکان بکەیت، یاخود بەپێ ڕۆشتن بۆ ماوەی نیو کاژێر.

٣- پشوو بە خۆت بدە: ئەگەر لەو کەسانەی کە وەرزش کردن بووە بە ڕۆتینێکی ژیانت و ھەموو ڕۆژێک ئەنجامی دەدەیت، پشووت پێویستە یەک ڕۆژ لە حەفتەیەکدا بە لایەنی کەمەوە، وەھەر کاتێک ھەستت بە ئازار کرد، دەبێت لە وەرزش کردن بوەستیت ھەتا ئازارت نامێنێ.

٤- وەرزشی جیاواز بکە: باشتر وایە وەرزشی جۆراو جۆر تاقی بکەیتەوە و یەک جۆر نەکەیت بە ڕۆتین و ھەمیشە ئەو جۆرە بکەیت، چونکە دووبارە کردنەوەی یەک جۆر وەرزش لەوانەیە ببێتە ھۆی دروست بوونی ئازار لە ھەندێ ماسولکە و جومگەدا بەھۆی زۆر بەکارھێنان و خراپ بەکارھێنانیانەوە.

باشتر وایە وەرزشی جۆراو جۆر تاقی بکەیتەوە و یەک جۆر نەکەیت


٥- بەکارھێنانی کیف یاخود برەیس یاخود باندج بۆ ئەو جومگانەی کە لەوانەیە ئازاریان پێ بگات یاخود تووشی پێکان بن لە کاتی وەرزشدا، ھەروەھا باشترە ئەگەر پێشتر پێکانێکت ھەبوو بێت، ڕای یەکێکی پڕۆفیشناڵ وەرگریت لە بواری چارەسەری فیزیاوی یاخود ڕاھێنەرێکی پڕۆفیشناڵ، وەبەپێی ڕێنمایەکانیان باندج و بەستن بەکاربهێنیت.

٦- مەھێڵە ووشک بیتەوە: لەکاتی ئەنجامدانی وەرزش بۆ ماوەی سەعاتێک ڕێژەیی لیترێک بۆ لیتر و نیوێک ئاو وون دەکەیت و لە جەستەت سەرف دەبێت بۆیە گرنگە کەپێش وەرزشکردن ئاوێکی زۆر بخۆیتەوە و بەھەمان شێوەش دوای وەرزش کردنیش.

٧- کات و کاژێر و جۆری جلوبەرگت لەکاتی وەرزش کرندا بەپێی گۆڕانی وەرزەکان ڕێک بخە، بۆ نموونە لەوەرزی ھاویندا دەتوانیت جلێکی کەمتر لەبەربکەیت و لەبەر بەرزی پلەی گەرمی کات و شوێنی وەرزشەکەت گونجاو بێت، دەتوانیت دژە خۆر بەکاربھێنت ئەگەر شوێنی وەرزشەکەت لە شوێنێکی کراوە بوو.

ڕێنماییەکانی ڕاهێنەرەکەت فەرامۆش مەکە


٨- بەشێوەیەکی ڕاست دەست پێبکە و لەژێر ڕێنمایی ڕاھێنەرەکەتدا، ھەر لەسەرەتاوە باشترە تەکنیکی ڕاست بەکاربێنە بۆ ئەوەی دڵنیا بیت لە بەکارھێنانی ماسوولکەکانت بەشێوەیەکی گونجاو.

٩- ھەمیشە ئەو کەلوپەل و جلوبەرگانەی بەکاریدێنیت لەکاتی وەرزشدا باگونجاو تەندروست و سەلامەت بن، ھەروەھا ھەوڵ بدە ئەو پێڵاوە یان کالەیەی بەکاری دێنیت مریح و تەندروست بێت.

١٠- ئەگەر بڕیارت دا وەرزش لە شەودا بکەیت، یاخود بتەوێت بەشەو پیاسە بەسەگەکەت بکەیت لەشەقام دا، یاخود لەگەڵ ھاوڕێیەکت، باشتر وایە جلێک بپۆشیت کە دیار و ھەست پێکراو بێت، لەلایەن شۆفێرەکانەوە ببینرێت بۆ ئەوەی دووربیت لە ڕووداوی نەخوازراو.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ