بۆچی کلکداری بۆریسۆڤ بە گەنجینەیەکی گرنگ دادەنرێت ؟

تەنێکی ئاسمانی کە لە ئەستێرەیەکی ترەوە هاتووە و میوانی کۆمەڵەی خۆرە!

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2019.10.13 10:12 AM
679 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

لوقمان حەوێز / تێکساس
لەبەرواری 30 ئابی ئەمساڵ 2019 ئارەزومەندێکی گەردوونناسی بە تەلەسکۆپەکەی خۆی لە دورگەی کرایمیای ڕووسی بەناوی گێنادی بۆریسۆڤ کلکدارێکی نامۆی دۆزیەوە لەنێو کۆمەڵەی خۆر کە بۆیەکەم جاربوو ببینرێت، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە لەلایەن کۆمەڵێکی زۆر لەگەردوونناسان لە ئەوروپا و ئەمەریکا چاودێری و لێکۆڵینەوە لەسەر خێرایی و ڕێڕەوی ئەم کلکدارە دەستی پێکرد، دەرکەوت کە لەدەرەوەی کۆمەڵەی خۆرەوە هاتووە، ئێستا کلکدارەکە هەر بەناوی ئەو ئارەزوومەندەوە ناو نراوە و پێی دەووترێت کلکداری بۆریسۆڤ، ناوە زانستیەکەشی بریتیە لە C/2019 Q4...

کلکداری بۆریسۆڤ لە ئێستادا لەلایەن گەردوونناسانەوە بە گەنجینەیەکی گرنگ دادەنرێت، لە ڕۆژی 8 ی ئەم مانگەشەوە ئاژانسی ناسا لەڕێگەی تەلەسکۆپی هابڵەوە دەستی کردووە بەچاودێریکردنی وردی ئەم کلکدارە، لەبەر ئەوەی ئەو کاتەی کە دۆزرایەوە لەخۆر نزیک دەبۆوە و لەوپەڕی نزیکی نەبوو لەخۆر بۆیە کاتێکی باشمان هەیە لێکۆڵینەوەیەکی وردی لەسەر بکەین، ئەوەی گرنگ دەبێت ئەوەیە بزانین ئایا پێکهاتەکەی وەکو کلکدارەکانی نێو کۆمەڵەی خۆری ئێمەیە یان جیاوازە، لەبەرواری 8 ی مانگی دوانزەی ئەمساڵیش ئەوپەڕی نزیک دەبێتەوە لەخۆر، ئەو کاتە بە وردی کاری چاودێری و لێکۆڵینەوە لەسەر کلکەکەی دەکرێت بۆ ئەوەی پێکهاتە کیمیاییەکەی بزانین.

وێنەی ڕاستەقینەیی کلکداری بۆریسۆڤ

 

لە نوێترین لێکۆڵینەوە و زانیاریش کە دوێنێ بڵاوبۆوە لەسەر ئەم کلکدارە دەردەکەوێت لە سیستەمی ئەستێرەی دووانە Kruger60 هاتووە بەرەو کۆمەڵەی خۆری ئێمە، ئەو دوو ئەستێرەیە کە لەجۆری قەزەمی سورن و بەیەکەوەن بەدەوری یەکتردا دەسوڕێنەوە لە یەک سیستەمدا، دووریان لە ئێمە نزیکەی 13 ساڵی تیشکیە، لەو لێکۆڵینەوانە دەرکەوتووە کە ئەم کلکدارە بەر لە پتر لە یەک ملیۆن ساڵ دوریەکەی لەو دوو ئەستێرەیە لەنێوان 5 بۆ 6 ساڵی تیشكی بووە، زانیاریەکان لە ئێستادا پێمان دەڵێن کە کلکدارەکە سەر بەو سیستەمە بووە و بەهۆی کاریگەریەکەوە دەرپەڕیوە بەرەو خۆری ئێمە، هەروەها خێراییەکەشی پێمان دەڵێت ئەو کلکدارە لەمەودوا بەند دەبێت بەکۆمەڵەی خۆری ئێمەوە و ئەو هێز و توانایەی نابێت جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ سیستەمە خۆریەکەی خۆی بەهۆی زۆری هێزی کێشکردنی خۆر.

نەخشەکە ڕێڕەوی کلکدارەکە نیشان دەدات بەشێوەی هێڵێکی زەرد، هێڵە سورەکەش ڕێرەوی تەنی ئومواوایە



ئەم کلکدارە دووەم تەنە کە دڵنیا بین لەدەرەوەی کۆمەڵەی خۆری ئێمەوە هاتبێت بۆلامان، لەساڵی 2017، هەسارۆکەی ئومواموا زۆر بەخێرایی و شێتانە لە دەرەوەی کۆمەڵی خۆری ئێمەوە لەشوێنێکی نادیارەوە هاتە نێو کۆمەڵەی خۆر و یەکجار بەدەوری خۆر سوڕایەوە، دوایی زۆر بەخێراییش کۆمەڵەی خۆری جێهێشت، لەبەر ئەوەی دوای دورکەوتنەوەی لەخۆر ئینجا ئێمە پێمان زانی بۆیە کاتی پێویستمان نەبوو لێکۆڵینەوەی وردی لەسەر بکەین، تاوەکو ئێستاش ئومواموا جێگای مشتومڕە لەنێو گەردوونناسان لێرە لە ئەمەریکا، سێ لەهەرە فیزیاناس و گەردوونناسی بەناوبانگ لە زانکۆی هارڤەرد لێرە ئەو کاتە بەدووریان نەزانی کە کەشتیەکی ئاسمانی بونەوەرێکی تر بووبێت و بۆ وەرگرتنی وزەی پێویست لەخۆر نزیک بووبێتەوە و دوایی ڕۆیشتبێت، بەڵام هیچ بەڵگەیەکمان نیە لەسەر ئەم لێکدانەوە و بۆچوونە، ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە لە ئێستا دەزانین و دڵنیاین کە تەنی نامۆ وەکو کلکدار و هەسارۆکەکان ناوە ناوە لەدەرەوەی کۆمەڵەی خۆر دێنە نێو کۆمەڵەی خۆرەکەمان، ئەمەش هێزێک دەدات بەو بۆچوونەی کە دەڵێت دوور نیە تۆوی ژیانیش لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر هاتبێت بۆ نێو کۆمەڵەی خۆر و سەر ڕووی گۆی زەوی و دوایی لێرە پەرەی سەندبێت...

 تەنی ئومواوا


تەنی ئومواوا بەر لە دوو ساڵ هات و ڕۆیشت، سەرنجی ڕێرەوەکەی بدەن چەندە هێلکەییە، خێراییەکەشی زۆر زۆر زیاتر بوو لە کلکداری بۆریسۆڤ.

https://physicsworld.com/a/interstellar-comet-2i-borisov-c…/

 


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ