مامەڵەی تورک لەگەڵ میرنشینە کوردییەکانی سەدەی ١٩دا چۆن بوو ؟

بۆچى تره‌مپ باسى شەڕی ٢٠٠ ساڵەی تورك و كورد ده‌كات ؟

به‌كر شوانی 2019.10.24 12:40 PM
1644 جار خوێندراوەتەوە

به‌كر شوانی

نوسه‌ر

ترامپ لەم ماوەیەدا چەند جارێک باسی ئەوەی کرد کە شەڕی کورد و تورک ٢٠٠ ساڵە درێژەی هەیە و وەک شەڕێکی بێ واتا وەسفی کرد. ئەو لە دەستنیشانکردنی ماوەی شەڕەکەدا ڕاست دەکات و دیارە ڕاوێژکارەکانی ئەوەیان بۆ ڕوون کردووەتەوە، بەڵام لەوەی کە وەک شەڕێکی "بێ واتا" وەسفی کردووە، ناماقوڵییەکی گەورەی کردووە، چونکە ٢٠٠ ساڵە تورک شەڕی قڕکردنی کورد و کوردیش شەڕی مانەوە لە ژیاندا دەکەن.

سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان کورد و تورک (دەوڵەتی عوسمانی) دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم کاتێک عوسمانییەکان ڕوویان لە ڕۆژهەڵات کرد و لە شەڕێکی ٣٠ ساڵەدا (١٨١٧-١٨٤٧) کۆتاییان بە هەموو ئەو میرنشینە کوردییانە هێنا کە ماوەی ٣٠٠ ساڵ بوو فۆرمێکی نیمچە سەربەخۆیان هەبوو و پەیوەندییان بە دەوڵەتی عوسمانییەوە تەنیا ناردنی باج بوو بۆ دەرسەعادەت (ئیستانبوڵ).

بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە هۆکاری شەڕی ٢٠٠ ساڵەی تورک لە دژی کورد، لای خوارەوە بەشێک لە کتێبی "کورد و ڕاپەڕینەکانی لە بەڵگەنامەکانی ئەرشیڤی عوسمانیدا (١٨١٧ – ١٨٦٧)" دادەنێم. خوێندنەوەی هەموو کتێبەکە تابلۆیەکی ڕوونی سەدەی نۆزدەیەم دەخاتە بەرچاو کە بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندیی کورد-تورک لەم سەردەمەشدا زۆر گەنگە. کتێبی ئاماژە بۆ کراو (وێنەی هاوپێچ) ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن ئەکادیمیای کوردییەوە چاپ کراوە و نازانم داخۆ ئێستا لە کتێبخانەکان دەست دەکەوێت یان نا؟
لە کتێبەکەوە:

کتێبی کورد و ڕاپەڕینەکانی لە بەڵگەنامەکانی ئەرشیڤی عوسمانیدا (١٨١٧ – ١٨٦٧)



دەوڵەتی عوسمانی پاش فەتحکردنی ئیستانبوڵ ڕووی خۆی بەرەو ڕۆژهەڵات وەرگێڕایەوە و بەوەیش شەڕەکانی عوسمانی-ئێران گڕیان گرت و هاوکات پەیوەندیی عوسمانی-کورد پێی نایە قۆناغێکی نوێ و پێشهاتی گرنگی تۆمار کرد. هەبوونی کوردەکان هەمیشە یەکێك بووە لە فاکتەرە گرنگەکانی سیاسەتی عوسمانی و ئێران لەبەرامبەر یەکدی و لە سیاسەتیاندا بەڕووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە سەردەمی درێژخایەنی شەڕی چڕ و پڕەوە کە لە دەورانی یاوز سوڵتان سەلیمەوە تا واژۆکردنی پەیماننامەی قەسری شیرین لە ١٦٣٩دا درێژەی کێشا، زۆربەی میرەکانی کورد، جگە لە چەند هەڵاوێردەیەک، لە ڕیزی دەوڵەتی عوسمانیدا بوون. دەکرێت هۆکارگەلێکی زۆری کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری بدۆزرێتەوە بۆ نەبوونی توانای میرەکانی کورد بۆ دانەمەزراندنی یەکیەتی لە نێوان خۆیاندا و پاڵدانیان بە دەوڵەتی عوسمانییەوە.

لەو سەردەمەدا ئیدریسی بتلیسی ڕۆڵێکی گرینگی گێڕا و لە ماوەی فەرمانڕەوایی یاوز سوڵتان سەلیم و سوڵتان سلێمانی قانوونیدا سەربەخۆییی میرەکانی کوردستان لە هەرێمەکانی خۆیاندا لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە مسۆگەر کرابوو. نزیکەی ٣٠ میرنشینی کورد بەناوی موڵکداری (یورتلوک) و میراتگری (ئۆجاکلک) لە هەرێمەکانی خۆیان لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە بەفەرمی ناسرابوون و بە دەرکردنی فەرمان خرابوونە قاڵبی فەرمیبوونەوە. لەبەرامبەر ئەوەیشدا، میرنشینەکانی کورد ددانیان بە دەسەڵاتی عوسمانیدا نابوو و بەتایبەتیش ڕۆڵێکی زۆر گەورەیان لە شەڕە گەرمەکانی عوسمانی-ئێراندا گێڕا. میرەکانی کورد سەردەمێکی درێژ ڕۆڵی هەرێمێکی دابڕاو و پارێزگاریکار لە دەوڵەتی عوسمانیان گێڕا.

نەخشەی دەوڵەتی عوسمانی



مەیلی میرەکانی کورد بەلای دەوڵەتی عوسمانیدا لە کاتی ململانێکانی عوسمانی-ئێراندا بابەتێکی بەردەوامە و هێشتا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. ئاڕاستەی ڕووی دەوڵەتی عوسمانی لە ڕۆژئاوا، سیستەمەکەی و پێشکەوتنی لە بواری دامەزراوەییدا، ڕۆڵی لە سیاسەتی ئەوروپا و جیهاندا، هێزی سەربازی و ئابووری، دانەمەزراندنی سیستەمێکی پتەو لە پەیوەندییەکانی کورد-ئێراندا و هۆکاری مەزهەب مەیلی خستبووە بەر کوردەکان تا لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانیدا پەیمان ببەستن. بێگومان پێداویستیی دەوڵەتی عوسمانی بە کوردستان و کورد وەك بەربەستێك لەبەرامبەر باندۆری مەزهەبی و کاریگەری سیاسیی ئێراندا تا ڕادەیەکی زۆر کاریگەریی بەسەر ئەو سەردەمەوە هەبوو.

لەم ڕووەوە، دەوڵەتی عوسمانی پێویست بوو ئەو نیشتمانەی بە کوردستان دەناسرێت، پەسەند بکات. گەڕیدەی ناسراوی تورك ئەولیا چەلەبی تێروتەسەلترین زانیاریی سەبارەت بە نیشتمانی کوردستانی سەردەمی عوسمانیمان پێ دەگەیەنێت. چەلەبی زۆر جار هەلی گەڕان بە هەرێمەکەدای بۆ ڕێك کەوتووە و لە گەشتنامەی بەناوبانگی خۆیدا سنوورەکانی هەرێمەکانی کوردستان بەمشێوەیە دەناسێنێت:

"لە باکورەوە تا دەگاتە ئەرزەرووم، وان، هەکاری، جزیرە، ئامێدی، موسڵ، شارەزوور، هەریر، ئەردەڵان، بەغداد، دەرنە، دەرتەنك، یان بەسرە حەفتا قۆناغ بە کوردستان دادەنرێت و لە چیا و ناوچەکانی نێوان عێراقی عەرەب و نیشتمانی گەرمیانیدا شەش هەزار عەشیرەت و هۆزی کورد هەن. پانتاییی کوردستان هێندەی درێژییەکەی فراوان نییە. لەلای ڕۆژهەڵاتەوە، لە هەریر و ئەردەڵانی سەر سنووری ئێرانەوە تا خاکی شام و حەڵەب مەودایەکی ٢٠-٢٥ قۆناغی و هەرە کەمیش پازدە قۆناغییە. لەو هەموو وڵاتەدا ٥٠٠ ھەزار تفەنگ هەڵگر هەن و هەر هەموویان سەر بە مەزهەبی شافیعین. سەرجەم ٧٧٦ قەڵای تێدایە و هەر هەمووشیان ئاوەدانن."

نەخشەی کوردستانی گەورە



ئەم سنوورە جوگرافیانەی کە چەلەبی (١٦١١-١٦٨٤) دەستنیشانی کردوون، دیارە لە سەردەمەکانی دواتریشدا مایەی پەسەندکردن بوون. وەك دواتریش بۆمان ڕوون دەبێتەوە، ئەم سنورانە سەرەداوی خاڵی سەرهەڵدانی کێشەکانی عوسمانی-ئێران-کوردیش دەخەنە بەردەستمان، چونکە وەك ئەوەی لەو پێناسەیەشدا دەردەکەوێت، سنوورە فەرمییەکانی عوسمانی-ئێران لەگەڵ سنوورەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی کوردەکاندا ناگونجێن. هەبوونی کورد لە هەردوو دیوی ئەو سنوورە سیاسییانەی بەپێی پەیماننامەی قەسری شیرین داڕێژرابوون و پەیوەندیی چڕی کۆمەڵایەتی و ئابووریی کوردەکان لە ئەنجامی خزمایەتی و کولتووری کۆچبەریدا بووە بەهۆی زۆر کێشەی تری نوێ لە نێوان دەوڵەتی عوسمانی-ئێراندا. هەرچەندە لەگەڵ پەیماننامەی قەسری شیریندا شەڕی گەرم لە نێوان سوپاکانی عوسمانی-ئێراندا بەکۆتایی گەیشت، بەڵام کێشە و شەڕە ناوچەیییەکانی سەر سنوور بەهیچ جۆرێك نەبڕانەوە.

دەبینرێت پەیوەندیی دەوڵەتی عوسمانی لەگەڵ میرەکانی کوردستاندا لە پاش پەیماننامەی قەسری شیرین پێی ناوەتە قۆناغی سڕبوون. ناوەندە گەورە گشتییەکانی لێ دەربچێت، تاکە نیشانەی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی لە ناوچە دوورەدەستەکانی کوردستان ئەو باجانە بووە کە میرەکان داویانە بە دەوڵەت. ئەو سەردەمە تا سەدەی نۆزدەیەمی خایەند و دەوڵەتی عوسمانی لەو ماوەیەدا کوردستانی لە دوو ناوەندی گەورەی وەك سیواس لە باکور و بەغداد لە باشوورەوە بەڕێوە بردووە. ویلایەتەکانی سیواس و بەغداد بوون بە دەرگای کراوەی دەوڵەتی عوسمانی بە ڕووی کوردستاندا. دەسەڵاتی ئەرزەڕوومی سەر بە سیواس و بەشێك لە پاشایەتییەکانی دیاربەکر و هەرێمەکانی باکوری هێڵی جزیرە-هەکاری لەژێر دەستی ویلایەتی سیواسدا بوون. لە باشووریش ویلایەتی بەغداد پاشایەتیی موسڵ و باشووری هێڵی جزیرە-هەکاری لەژێر دەستدا بوو. لێپرسراوانی دەوڵەتی عوسمانی دەستیان لە پێکهاتەی گشتیی میرنشینەکانی کورد نەداوە و لە کاتی پێویستدا ناسناوی پاشایەتییان داوە بە هەندێك لە خێزانی میرە کوردەکان. لە باکور میرەکانی کورد لە بایەزید و مووش، لە باشووریش میرەکانی بابان، سۆران و ئامێدی وەك میرەکانی تری کورد ماوەیەکی دوورودرێژ بە سەربەخۆیی ماونەتەوە و ناوونیشانی پاشایەتییان لە عوسمانییەکان وەرگرتووە و گەشەی زیاتریان بە حکوومەتەکانیان لە هەرێمەکانی خۆیان داوە. دەوڵەتی عوسمانی ئامانجی ئەوە بووە لەو ڕێگەیەوە بەستنەوەی میرەکانی کورد بە دەوڵەتەوە بەهێزتر بکات.

قۆناغی پەیوەندییەکانی کورد-عوسمانی لە سەردەمی یاوز سوڵتان سەلیمەوە تا ساڵی ١٨١٧ لە چوارچێوەی بابەتی ئەم کتێبەدا نییە. بەڵام کاتێك دەگەینە ساڵانی سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم، پێویست دەکات ئاماژە بکرێت بۆ چۆنیەتیی گەیشتن بە ساڵەکانی گڕگرتن و ئەو ڕاپەڕینانەی کە بناغەی قۆناغی نوێی پەیوەندییەکانی کورد-عوسمانییان داڕشت. ئەگەر شەڕی چاڵدێران وەك سەرەتا پەسەند بکرێت، ناتوانرێت بگوترێت میرەکانی کورد لە قۆناغی ١٥١٤-١٨١٧ سوودی زۆریان لە سیاسەتی دەوڵەتی عوسمانی لە هەرێمەکە وەرگرتووە. میرەکانی کورد بەردەوام لە نێوان خۆیاندا لە ناکۆکیدا بوون و لەو سۆنگەیەشەوە نەیانتوانیوە یەکگرتنێکی گەورە پێكبهێنن. شەڕی میرەکانی کوردیش لەسەر ئاستی سەرانسەری کوردستان کاریگەریی ئەوەی نەبووە سەرجەم میرەکانی کوردستان لەژێر یەك چەتردا کۆ بکاتەوە و ببێت بەهۆی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی کوردیی بەهێز. هەرچەندە میرەکانی کورد دەیانتوانی بەپێی پەیماننامەکانی سەردەمی دەسەڵاتی یاوز و قانوونی زۆرێك لە کێشەکانیان لە نێوان خۆیاندا چارەسەر بکەن، کەچی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان خۆیانیان گواستووەتەوە بۆ دەرسەعادەت. ئەم هەڵوێستەی میرەکانی کورد بووە بە تەگەرەی بەردەم بەدەستهێنانی ئیمتیاز و مافی زیاتر لە دەوڵەتی عوسمانی.

ژمارەیەک هاوڵاتی کورد لە سەرەتای سەدەی ١٩ دا



لەگەڵ سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمدا گۆڕانکاریی گەورە بەسەر سیاسەتی سەرانسەری جیهاندا هات و پێ نرایە سەردەمێك کە بناغەی هاوکێشەی نوێی لە جیهاندا چەقاند. کاتێك پێ نرایە ئەو سەردەمە نوێیە، گرنگترین میرنشینەکانی کورد لە باشوورەوە بۆ باکور بریتی بوون لە؛ میرنشینی بابان لە سلێمانی ، میرنشینی سۆران لە ڕەواندووز ، میرنشینی بادینان لە ئامێدی ، میرنشینی هەکاری لە چوێلەمەریك و بەگایەتییەکانی جزیرە-بۆتان، گارزان و شیرڤان . هەرچەندە دەیان میرنشینی لە مێژینەی کوردی وەك بتلیس، مەحموودی و هیزان درێژەیان هەبوو، بەڵام لە دۆخێکی دوور لە ڕەوش و هێزی ڕابردوویان کەوتوونەتە بەرچاو. مویکویسی مەڵبەندی بەگایەتیی مەحموود خانیش پاش دەسەڵاتێکی نزیکەی ١٥٠ ساڵی بەسەر هەکارییەوە گەیشتە دۆخێك وەك یەکێك لە قەزا باوەکانی هەکاری پەسەند بکرێت. لە ئەنجامی بزووتنەوەی سەربەخۆییدا کە لەسەر دەستی ئەیوبخان بەگی باپیری مەحموود خان و عەبدی بەگی باوکیدا دەستی پێکرد، بەگەکانی مویکویس سەرلەنوێ جێی خۆیان لە مێژوودا گرت.

سەدەی نۆزدەیەم سەدەیەکی پڕ لە جۆش و جووڵە بوو و بناغەی کۆمەڵگەی پیشەسازی و جیهانێکی نوێی لەسەر بنەمای ئەوروپا تێدا هاتە داڕشتن. کاریگەریی ئەو سەردەمە دەوڵەتی عوسمانی و هەرێمی کوردستانی (کوردستانی عوسمانی)یشی داوەتە بەر و دەوڵەتی عوسمانی نەیتوانی کارێکی وا بکات بای ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانە بیگرێتەوە. ئازارەکانی گۆڕانکارییە جیهانییەکانی سەرچاوەگرتوو لە ئەوروپاوە لەپاڵ فاکتەری ناوخۆیی و هەرێمیی چەندین وڵاتدا لە ساڵانی ١٨١٧-١٨٥٦دا بوون بە هۆکاری چەندین شەڕی گەرم لە هەرێمی کوردستان (کوردستانی عوسمانی). کوردستانی ئەو سەردەمە بوو بە مەیدانی شەڕی کورد-عوسمانی، کورد-کورد، کوردی سوونی-کوردی ئێزیدی و کورد-ئاشووری و هێرشی هاوبەشی عوسمانی و کوردی سوونی بۆ سەر ئێزیدییەکان. لە ئەنجامی ئەو پێکادان و شەڕانەدا هەزاران کەس کوژران و چەندین ڕووداوی نەرێنیی کۆمەڵایەتی و سیاسی قەومان کە تا ئەم سەردەمەیش کاریگەرییان بەردەوامە.

فەرمانی ‘‌تەنزیمات‌‌ کە دەوڵەتی عوسمانی پاش دۆڕاندنی شەڕی نیزیپ (بەلقیس) لە دژی محەمەد عەلی پاشای میسر و لەژێر کاریگەریی ئەوروپایشدا ڕایگەیاند، یەکێك بوو لە وەرچەرخانە گرنگەکانی ئەو سەردەمە. لەگەڵ فەرمانی ‘‌تەنزیمات‌‌دا کاریگەریی دەوڵەتانی ئەوروپایی و کرستیانی وەك بەریتانیا و فەرەنسا بەسەر ناموسڵمانەکانەوە لە کوردستانیش کاردانەوەی هەبووە و بە تێپەڕبوونی کات جیاوازییە ئاینییەکانی کوردستان بوو بەهۆی زیاتر تاودانی شەڕی نێوان گەلان. ئەو شەڕانە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کوردستانیان تا ڕادەیەکی زۆر بریندار کرد و شەڕی کوردە موسڵمانەکان لە دژی کوردی ئێزیدی و ئاشووری (نەستوورییەکان)، بوو بەهۆی ئەوەی کوردەکان لە ڕاپەڕینیاندا لە دژی دەوڵەتی عوسمانی لە پشتیوانیی نێودەوڵەتی بێبەش بن. وەك دواتر بۆمان ڕوون دەبێتەوە، هەڵوێستی هەندێك لە میرە کوردەکان لە نموونەی بەدرخان بەگی جزیرەیی لە دژی نەستوورییەکان کە گەیشتووەتە ئاستی کۆمەڵکوژی، دامەزرێنەرانی نەزمی نوێی جیهانی کردووە بە دوژمنی ئەمان. لە ئەنجامی ئەوەدا میرەکانی کورد لە دوایین ڕاپەڕینەکانی خۆیاندا ناچار بوون نەك تەنیا لە دژی خەلیفەی ئیسلام، بەڵکو لە دژی ئەوروپای کرستیانیش شەڕ بکەن. بەمجۆرە میرەکانی کورد نەیانتوانی پێ بنێنە ئەو سەردەمە جیهانییەی کە لەگەڵ سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمدا دەستی پێکرد. دوایین میرەکانی کورد دووربین نەبوون و نەیانتوانی لێکی بدەنەوە کە ئیدی ئەوروپای کرستیانیش لەپاڵ فاکتەری باوی ئێراندا کاراکتەرێکی گرنگە لە پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانیدا و لەبەرئەوە سەرەڕای هەموو هەوڵ و تێکۆشانێك، سەرکەوتوو نەبوون.

بەتایبەتیش لەگەڵ شەڕە گەرمەکانی عوسمانی-کورد لە ساڵانی ١٨٣٤-١٨٤٧دا لە کوردستان کۆتایی بە سیستەمی میرایەتی هات و لەگەڵ دوورخستنەوەی دوایین میرەکاندا لە هەرێمەکە چەندین بوومەلەرزەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری ڕوویاندا کە کاریگەرییان تا ئەم سەردەمەیش بەردەوامە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ