ئاهه‌نگی تاوانه‌كانی ئه‌ردۆغان

توركیا و كورد.. کۆنۆڵیاڵکردن هێشتا بەردەوامە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2019.11.22 10:46 PM
866 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

نوسینی لەتیف تاس
وەرگێڕانی لە ئینگلیزیيەوە شاڵاو یاسین

لە دوای چەمکی تیرۆریزم، ئێستا ستراتیژێکی نوێ شێوە بە ڕوخسار و خولیای دەوڵەتە فراوانخوازە کۆڵۆنیاڵیستەکان و کردە نا یاساییەکانی نێوەدەوڵەتی ئەدات ئەمە لە ژێر پەردەی"ناوچەی ئارام یان ناوچەی ئەمنیدا بەیاندەکرێت. ئێمە چاودێری سێ دەیەی ئەم دوایانەیمان کردووە کە چۆن چەمکی تیرۆریزم بە شێوەیەکی کامڵ بۆ دەوڵەت نەتەوەکان و یان زۆربەی دەوڵەت نەتەوە بەهێز و گەورەکان ئیشی کردووە. و سوود و قازانجیان لێوەرگرتووە. ئەم ستراتیژە نوێیە شتێکی پێشبینیکراوە کە خزمەت بە بیانوی هاوشێوە ئەکات. 
ئێستا هەر دەوڵەت نەتەوەیەکی گەورە و بەهێز، وەک دەوڵەت نەتەوەی ئەمریکا دژ بە مەکسئک، هیند دژ بە کشمیر، ئەوروپا دژ بە باکوری ئەفریکا، سعودیەی عەرەبی دژ بە یەمەن، ڕوسیا دژ بە ئۆکرانیا هەروەها چین دژ بە هۆنگ کۆنگ هەمان ڕێگەیان گرتۆتە بەر و بەرژەوەندی و دەسەڵاتەکانیان لە سەر حسابی ئەوانی تر فراوان دەکەن و بەرەوپێشی دەبەن. هەر لەم ڕێگەشەوە تورکیا بەم دوایانە کردەوە شەڕەنگێزەکانی دژ بە کوردەکان لە سوریا و شوێنەکانی تر جێ بەجێ دەکات. ئەم ستراتیژە تازە دۆزراوەیە کە ناوی "زۆنی ئارام"ە ناوێکی نوێیە بۆ شێوازە کۆنەکەی کۆڵۆنیاڵیزم، کە تاکو هەنووکە بەردەوامە و توانا و ئیمتیازی مۆنۆپۆڵکاری ئەبەخشێت بە هەندێک گروپی ئیتنیکی و ئاینی لە سەر حسابی هەندێکی دیکەیان.


کردە شەرخوازیەکانی سەدەی بیست هێشتا بەردەوامە
سەدەی بیست بریتی بوو لە سەدەی جینۆسایدەکان. زنجیرە تاوانێکی زۆر دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامدرا. تورکیا بە تەنیا، بە لایەنی کەمەوە دوجار، ئەم کردە جینۆسایتکردنەی دژ بە دوو نەتەوەی جیاواز ئەنجامدا، جارێکیان دژ بە ئەرمینیا(١٩١٥) هەروەها جارێکی دیکەش دژ بە عەلەویەکان و کوردەکان(١٩٣٧-٣٨).  لە گەڵ ئەوەشدا تاوان دژ بە کەرتە کۆمەڵایەتیە بچوک و لاوازەکان و کۆڵۆنیاڵیکردن و داگیرکاریەکانیان تاکو هەنووکە کۆتایی نەهاتووە. ڕژێمە شەڕخوازەکان و  بیرکردنەوە نامۆڕاڵیەکانیان، میتۆدەکانیان، بەڕێوەبردنی حوکمەت و ئیدارەکانیان چەندین شێوەی جیاوازی هاوشێوەی بە خۆیەوە بینیوە. لە بەرئەوەی هەندێک لە سیاسی و چالاکەوان و زانا کۆمەڵایەتیە نا تێگەشتووەکان هێشتا قسە لە سەر پۆست کۆڵۆنیاڵیزم دەکەن ئەمە مانای ئەوە نادات کە ئێمە گەشتبین بە ناوەڕاستی کۆڵۆنیاڵیکردن. بەشیکی زۆری زانا  کۆمەڵایەتیەکان کە ئیش لە سەر ئەم بابەتە دەکەن بە زۆری و هەمیشە خۆیان بە ئیمپریالیزم و کۆڵۆنیزکردنی خۆرئاواوە سنوردار دەکەن و گرێ دەدەن، بەڵام کوێرانە فرامۆشی ڕاوکەرە لۆکاڵیە دڕندەکان دەکەن و بە دەگمەن سەرەنجی دەدەن، لە کاتیکدا زۆر زیاترلە پراکتیکی وڵاتە خۆرئاواییەکان وێرانکەرتر بوون. کۆڵەنیە لۆکاڵەکان زۆر زیرەکانەتر ئەم کردەیانەیان ئەنجامداوە، لە ژێر ناو و فۆرمی ئێجگار قێزەوەندا. کۆڵۆنیەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و کردە و ئەکتی بە کۆیلەکردن زۆر بەربڵاو بوون و کاری کردبووە سەر چەندین کەمە نەتەوایەتی جیاواز لە سێ کیشوەری جیاوازدا. تورکیا ئەم شێوازەی وەک بۆماوە بۆ بە جیماوە و دەستی پێوە گرتووە تاکو ئێستا. ئەوان بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەک دەستیان  بە سەر خەڵک و خاکی کورددا گرت هەر وەک چۆن دەستیان بە سەر نیوەی قوبرزدا گرت لە ساڵی ١٩٧٤دا. لە ژێر ناوی" ئۆپراسیۆنی ئاشتی" و "بە تورکیکردن"دا. ئەوان لەو کاتەوە حوکمی ئەو ناوچانە دەکەن و هیچ کەسیکیش نەیوێراوە لەو شوێنانە دەریان بکات و بیانکاتە دەرەوە. باکوری قوبرز بوەتە پەناگەیەکی ڕەشی ئابوری بۆ تورکیا. هەر وەک تورکیا، بەشێکی زۆری دەوڵەتە مشەخۆرەکانی دیکە بۆ ڕزگاربوون و دابینکردنی سامان پشت بە بردن و تاڵانکردنی سەرچاوەو و ژیانی خەڵکی وڵاتی تر دەبەستن، ئەمەش لە ڕێگەی بە کۆڵۆنیکردنەوە ئەنجامدەدەن. گەشت و بازنەی بە کۆڵەنیکردن و داگیرکردن تاکو هەنووکە بەردەوامە و هەروەها سامانی گروپێکی دیاریکراو لە سەر نرخ و بەهای مردن و سامانی گروپێکی دیکەوە دێت. 

تورکیا، داعش و کوردەکان
لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٦ تورکیا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ  یارمەتی داعش و گروپە جیهادیەکانی دیکەیدا لە شەڕکردنیاندا دژ بە کوردەکان، هەروەها پیترۆڵی هەرزانبەهای لێیان دەکڕی و لە بەرامبەردا ئەوانیش کەرەستەی سەربازی پێ ئەدان. هاوڵاتیە کوردەکانی عەفرین، جارێکی دیکەش لە ژێر ناوی" ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتوون"دا کەوتنە بەر هێرش و پەلامار و بە شێوەیەکی دڕندانە دەکوژران، لە گەڵ ئەوەشدا لە بەراییەکانی ٢٠١٨ سامان و سەروەتەکانیان بە تاڵان برا. ئەوە بە تەنها کورد نەبوو کە بە شێوەی ئابوری و فیزیکی لە ناودەبرا و خاکەکەیانیش وێران دەکرا، بەڵکو ملیۆنان درەختی زەیتوون دەبڕا و دەردەهێران پاشان دەفرۆشران لە پێناوی سود و قازانجی تورکیادا.  کێڵگە و خاکە بە پیتەکەیان بە شێوەیەکی ڕەها وەرگۆڕا بۆ بیابان. کۆڵۆنیاڵیزەکردن بە تەنها مانای وێرانکردنی ژیانی مرۆڤ ناگەیانێت بەڵکو هەروەها مانای وێرانکردن و تێکدانی دانیشتووی ڕەسەن و سروشتی شوێنێک دەگەینێت. گەر جارێک کۆڵۆنیکار(داگیرکار) تامی سود و قازانجەکانی کرد و جیهانیش بەردەوام بێت و بە جۆرێک یارمەتی دەربێت بۆ ئەو کردەیە بە جۆرێک تەنها تەماشاکاری ڕودانی بێت، ئەو کات ئەو کردەی وێرانکاری و خاپورکاریە دەبێت بە خوو، خووش نۆرماڵیزە و ئاسایی دەبێتەوە. کێشەی کۆڵۆڵۆنیکردن بریتیە لە دروستکردنی نەتەوەی تەمەڵ و مشەخۆر هەروەها وادەکات پشت بە سامان و نانی ئەوانی دیکە ببەستێت. ئەمەش بەردەوام دەبێت تەنها لە پێناو ئەوەی نەتەوە داگیرکارەکان بپارێزرێن و بەردەوام بن لە سەر کردەوەکانیان. تەنها دوای ساڵێک یانی پێش دوو ساڵ بەر لە ئیستا، تورکیا دەیەویست سنورەکانی فراوان بکاتەوە ئەمەش لە سەر حسابی کوردەکان، لە پێناو ئەکتیڤکردنی ئابوریە ئیفلیجبووەکەی و وروژاندنی هەستی نەتەوایەتی خەڵکەکەی. ناوێکی دیکەی"ئاشتیخوازیان" بۆ داگیرکردنەکەیان هەڵبژراد کە بریتی بوو لە "بەهاری ئاشتی". هەروەها ئەم ناوەیان هەر وەکو کردە و ناوە ئاشتیخوازەکەی پێشوتریان تەنها و تەنها مەرگ، خوێن و پەژارەی بۆ کورد بە دیاری هێنا. هەروەها جارێکی دیکەش هاندان و گوڕێکی هەنووکەیی تری بۆ ئابوری تورکیا و خەڵکەکەی دروستکرد، هەروەکو ڕەفتار و ئەتواری دزێک، بێتوانا بوو لەوەی کە ویستی دزیکردنی لەوانی دیکە هەبێت. سەدان خەڵکی بێتاوان مردن و لە ناوچوون، هەروەها سەدان هەزار دیکەش خاک و نیشتمانی خۆیان لە دەستدا، لە کاتێکدا ئەم ژمارانە تەنها خۆشی و شادی بۆ زۆرینەی گەلی تورکیا هێنا. سەرباری هەموو ئەوانەش، زیاتر لە پەنجا هەزار لە خەڵکی کورد لە ساڵانی ١٩٨٤ ژیانیان لە دەستدا، هەروەها ملیۆنانیش ناچاربوون خاکی خۆیان بە جێبێڵن تەنها لە پێناو ئەو شتەی کە پێی دەوترێت "ئۆپراسیۆنی ئاشتی" و  چەمکی ئاسایشیی دەوڵەت نەتەوە. 

داگیركاریی توركیا بۆ سه‌ر رۆژاڤای كوردستان ـ2019.10.11

 

هەروەکو تایپە دێرینەکەی کۆڵۆنیاڵیزم، تایپە کۆنەکەی بە کرێگیراوانیش بەردەوامە. تورکیا بۆ ماوەی دە ساڵ پاسەوانە کوردە دێنیشینەکانی بەکاردەهێنا دژ بە کورد خۆی لە تورکیادا. لەو کاتەوەی جەنگی سوریا دەستی پێکرد، تورکیا هەستا بە مەشق و ڕاهێنانی ئەندامانی گروپی ئەل قاعیدە، داعش، سەلەفیستەکان، تاڵانکارەکان، شڕەخۆرەکان و هەموو جۆرە جیهادیستە بە کرێگیراوەکان. بەشێکی زۆری ئەوانە لە پەنابەرانی سوریا هەڵبژێردران کە بە زۆر ناچار دەکران بۆ ئەوەی پەیوەندی بە دەوڵەتی تورکیاوە بکەن، ئەمەش تەنها لە پێناو شەڕە داگیرکاریە هەنووکەییەکانی لە سەر خاکی کورد، و دژ بە خەڵکی بێتاوانی کورد.
تەنانەت ئەوە شتێکی شاراوە نیە کە دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکی ئەم داگیرکاریەی بە بەرچاوی تەواوی دونیا ئەنجام بدات. هەر ئێستا سوریەکان لە پێناو تورکیادا سوریەکانی دیکە دەکوژن هەر وەک چۆن هەندیک پاسەوانی گوندە کوردیەکان لە پێناو تورکیادا کوردەکانی دیکە دەکوژن. هەروەها ناتوانین بڵێین ئەمە داهێنانێکی نوێیە. لە مێژوودا ئەم جۆرە تاوانانە چەندین جار دووبارە بونەتەوە، بۆ نمونە، ئیمپراتۆریەتی عوسمانی سوپا و هێزگەلێکی دڕندە و دڵڕەقیان لە چەندین گروپی کەمینەدا دروست کرد لە جانیساریسەکان، بە تایەبەتی هەڵدەستان بە ڕفاندنی لاوە مەسیحیەکان و بەزۆر دەیانکردن بە هێزی چەکدار. خانەوادەی ئەم ڕفێنراوانە بە شێوەیەکی دڕندانە دەکوژران، خاکەکەیان داگیردەکرا، کوڕە لاوەکانیان بە زۆر دەکران بە ئیسلام، هەروەها کچە لاوەکانیانیش بە زۆر دەکران بە بەشێک لە حەریمی هەندیک لە جێنەڕاڵ و سوڵتاننشینەکان. دوا بەدوای ئەوەی کوڕە لاوەکان مەشق و ڕاهێنانێکی سەربازی درێژیان پێدەکردن دەبوون بە بکوژی ترسناک و دڕندە، پاشان دەنێردران بۆ سنورەکانی دەوڵەتی عوسمانی وەک پاسەوان بۆ ئەوەی هەرکاتێک پێویستبوو خزم و کەسەکانی خۆیان پێ قەڵاچۆبکەن و لە ناوببەن لە پێناو دەوڵەتی عوسمانیدا. ئەو هێزە چەکدارە مەشقپێکراوەی کە ئێستا پێی دەوترێت"سوپای سوریای ئازاد" یان بەم تازەییە بە ناوی"سوپای نەتەوەیی سوریا" دەرکەوتن جیاوازیەکی ئەوتۆی نیە لە گەڵ جانیساریسەکانی سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی. هەردوو هێزەکە دەنێردرێن بۆ ئەوەی دەرودراوسێ و کەسەنزیکەکانی خۆیان بکوژن لە ژێر ناوی جیهاددا. بەڵام لە ڕاستیدا، ئەم جیهادە خزمەتی هیچ کەسێک ناکات جگە لە تورکیا. ئۆردۆگان بە زمانی عەرەبی لە میانی ئۆپراسیۆنەکەی دژ بە کورددا لە تویتەر بەم شێوەیە جریواندی "من ماچی نێوچاوانی هەموو ئەو ئەندامە قارەمانانەی سوپای موحەمەد دەکەم" کە داخڵی سوریا دەبن و خاکی کوردان داگیردەکات.

دابەشکردن و داگیرکردن
دەوڵەتە بەهێزەکان هەرگیز سەرچاوە و خەڵکەکەی خۆیان لە جەنگەکاندا بە کارناهێنن دژ بە ئەوانی تر. بەریتانیا هیندیەکانی دژ بە هیندیەکانی دیکە بە کاردەهێنا، عەرەب دژ بە عەرەبەکانی دیکە، ئەفریکیە باشوریەکانی دژ بە ئەفریکیە باشوریەکانی دیکە بە کاردەهێنا. فەرەنسا هەمان کاری ئەنجامدەدا لە باکوری ئەفریکا. ئیسپانیا و پورتوگال بە هەمان تاکتیک ئیمپراتۆریەتیان دروستکرد و حوکمی بەشێکی گەورەی زەویان دەکرد و سەرچاوە و گەنجینەی نەتەوەکانی دیکەیان دەدزی. هەمان میتۆد لەمڕۆدا بەردەوامی هەیە. سعودیە بەشێکی یەمەنیەکان بەکاردێنێت دژ بە بەشەکەی دیکە لە پێناو بەرژەوەندی خۆیدا. لە لایەکی دیکەوە ئێران هەمان تاکتیک و میتۆدی گرتۆتە بەر، وای لە هەندیک لە یەمەنیەکان کردووە دژ بە هەندیکی تریان بجەنگن ئەمەش دیسان لە پێناو بەرژەوەنی خۆیدا. ئەفگانیەکان لە ساڵانی ١٩٨٠دا لە پێناو ڕوسیادا ئەفگانیەکانی دیکەیان دەکوشت، لەم دەیەی دوایشدا لە پێناو ئەمریکادا بەشێکیان بەشیکی تریانی دەکوشت.

تورکیا بەرگی پاشماوە بە جێماوەکانی ئەندامانی داعشی گۆڕی و تێکەڵیکردن لە گەڵ هەندێک لە سوریەکانی دیکە و تورکە بکوژەکاندا، هەروەها ناوی گۆڕین بە"سوپای سوریای ئازاد" و سەرلەنوێ بە کاریهێنانەوە دژ بە کورد.

لیبیەکان لە پێناو ئەوانی تردا لیبیەکان قەتڵ و عام دەکەن. گەلی ئێرلەندا پەرتەوازە و دابەشبوون و بۆ ماوەی سەد ساڵ شەڕی یەکدیان کرد و کوشت، تەنها و تەنها لە پێناو قازانجی بەریتانیادا. تەنانەت ئەمڕۆ، بە شێوەیەکی سیاسی شەڕی یەکدی دەکەن لە پێناو بەرژەوەندی بەریتانیا لە میانی چیرۆکی کۆنی برێکزتدا. تورکیا سەرەتا داعشی بەکارهێنا دژ بە کورد. پاشان خودی داعش لە لایەن کوردەوە لە ناوبرا و بەزێنرا، ئینجا تورکیا بەرگی پاشماوە بە جێماوەکانی ئەندامانی داعشی گۆڕی و تێکەڵیکردن لە گەڵ هەندێک لە سوریەکانی دیکە و تورکە بکوژەکاندا، هەروەها ناوی گۆڕین بە"سوپای سوریای ئازاد" و سەرلەنوێ بە کاریهێنانەوە دژ بە کورد.
لە جیهانی ئاژەڵاندا، ئاژەڵە بچوکەکان دەبن بە ژەمە خۆراکێکی سوکی ئاژەڵە گەورە و بەهێزەکان. ئاژەڵەکان بە هەمان شێوە داگیرکاریان تیایە، مشەخۆری شەڕەنگێزیان تیایە، بۆ نمونە باڵندەی کوکو، هێلانەی باڵندەکانی دیکە بەکاردەهێنێت بۆ دانانی هێلکە هاوشێوەکانی خۆی تێیدا، ئەم باڵندەیە کاتێک هێلکەکانی دەتروکێت تەواوی جوجەڵەی باڵندەکەی تر دەکوژێت. ئەم لاسایکردنەوە نادیار و شاراوەیە، بێ ڕوخسار نیە، هەر وەک داگیرکاری ستەمکارەکان کە ئەنجامی دەدەن. هەرچەندە ئەمە زۆر جیاواز و نامۆ نیە بە دونیای مرۆڤ. هەروەها ئەم جۆرە کردارانە بە تەنها لە نێوان دەوڵەتەکاندا ڕوونادات، بەڵکو لە نێو دامەزراوەی دەوڵەت و دزگا و هەتا تاکەکانیشدا ڕوودەدات. زۆرێک لە گۆشەی خۆیەوە دەتوانێت هەر وەک داگیرکارێک کاری دڕندانە و کێویانە بەرامبەر ئەوانی تر ئەنجام بدات. ئەمە بە تەنها کێشەی ڕاستەڕەوە توندڕەوەکان و خەڵکە ئاینیە فەندامەنتالیستەکان و سیاسەتە وێرانکار و دوبەرەکیەکانیان نیە لە دونیای مۆدێرندا. بەڵکو زۆرێک لە چەپ و سۆسیالیستەکانیش خۆیان وەک سوپایەکی ستەمکار دەبینین و پێکدەهێنن، هەروەک لە بابەتی وەک ستالین و ماودا دەیزانین و بینیمان. هەموو ئەمانە چەندین تاوانی لە بیرنەکراویان دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامدا، چەندین جۆری جینۆسایدی وەکو هەردوو نازییەکان و سەدامیستەکان ئەنجامیاندا دژ بە دوو گەلی جیاواز، هەموو ئەوانەش بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە کە سۆسیالیستن
.
دەمەلاسکێی ڕۆشنبیری 
بەشێکی زۆری گروپی چەپڕەوەکان، ڕۆشنبیر و ڕۆژنامە تورکیەکان، کەسە ئەکادیمیستەکان ئەوانەی کە قسە و هەڵوێستیان لە سەر کێشەی کورد لە ناوەوەی تورکیا و دەرەوەی تورکیادا هەبوو، بە ڕوونی پشتگیری کردەی داگیرکاری ئۆردۆگان بوون بۆ سەر خاکی کورد لە سوریادا و خاپورکردنی شار و شارۆچکە کوردیەکان لە تورکیادا. ململانیکردن و پێکدادانەکان بریتین لەو چرکەساتەی کە تێیدا چۆن ماسکەکان لە سەر ڕوخسار دەخزێن و دەکەونە خوارەوە، کە چۆن دەسەڵاتی ڕژێم بەرپرسیار دەبێت لە شێواندنی حەقیقەت، هەروەها لەم چرکەساتەدا دەتوانیت درکی  ئەوە بکەیت کە هەر بە ڕاستی کێن ئەوانەی ڕۆشنبیری ڕاستەقینەن.هەر لە میانی ئەم جۆرە چرکەساتەدا ئەم وێنە موزەیەفەی مەعریفە و گەواهی ساختەیە زۆر گرنگ دەبێت لە هەندیک فاکتدا، ڕەسەنێتی و مەعریفەی ڕەخنەیی. ئەم ڕۆشنبیرە موزەیەفانە لە جیاتی ئەوەی هەست بە شەرمەزاربوون بکەن دەربارەی ئەوەی کە لە وڵاتەکەی خۆیان و لە سەر دەستی ڕژێمێکی سەرکوتکاردا دەگوزەرێت، بەڵکو هەندێک لەو بە ناو ڕۆشنبیرانە تەنانەت گوێیان بەوە نەدا کە هیچ نەبێت پاساوو بیانوویەک بۆ کردە بەد و بانگەشە ساختە ستەمکارەکەیان بدۆزنەوە. ئەوان تەنها وەک دەوڵەت و لە پێناو دەوڵەتدا بیردەکەنەوە و دەجوڵێنەوە.
ئەنتۆنیۆ دی لاوری لە وتارێکیدا لە سەر "مەعریفەی بوژوازی" چۆن ڕۆشنبیر شێوە و بیچم بە بیرۆکراتەکانی دەوڵەت دەدەن. دەڵێت لە سەردەمی زۆرترین ئاژەوە و پاشاگەردانیدا  بێدەنگیەکانی ڕۆشنبیر پشتگیریەکی ڕەمزیە بۆ لایەنێکی دڕندە  و ستەمکار. "ڕۆشنبیر" نابێت لە پێناو کەسێکدا بەکاربهێنرێت کە لایەنی ستەمکارەکان دەگرێت، ئەم جۆرە ڕۆشنبیرانە هەست بە شەرمەزاری ناکەن بەرامبەر بە تاڵانی و ڕاووڕوتەکانی حوکمەتەکەیان دژ بەوانی تر. بۆ نمونە، عەزیز سانکار وەرگری خەڵاتی نۆبڵ چەندین جار خۆشەویستی و پشتگیری خۆی بۆ ئەردۆگان پیشاندا، هیچ یەکێکیش لە میدیا جیهانیەکان ڕەخنەی هەوڵوێستیان نەکرد و تەنانەت هیچ سەرسام نەبوون بە پشتگیریکردنەکەی بۆ ئۆردۆگان. بەڵام پاراستنی ئەو نازناوە و لایەنگیریکردنی دیکتاتۆرەکان دەبێت بە نمونەیەکی بەد و ناشرین بۆ نەوەکانی داهاتوو. عەزیز سانکار بە تەنها نیە. ئەمە لە ڕابردوودا ڕویدا و تاکو ئێستاش هەر بەردەوامە. زۆرێک لە ئەکادیمیستە بە ناوبانگەکان و بەشێک لە ڕۆشنبیرەکانیش بە ئاشکرا پشتگیری و سەپۆرتی ئەردۆگانیان کرد- هەندێکیشیان چەند ڕەخنەیەکی نەرمیان ئاراستەی ڕژێمی ئۆتۆکراتی تورکیان کرد ئەمەش بۆ ئەوە بوو تاکو پێگەیەک لە دەرەوەی تورکیا بە دەستبێنن هەروەها وەک کەرەستەیەکی یاریکردن تاکو بڵێن دیموکراتن و ڕێگەیەک لە بەردەم خۆیان بکەنەوە تاکو بەشداری ڕانکە ڕۆشنبیریەکانی خۆرئاوا بکەن و بەشداربن تێیدا. 
بۆ ئەوەی ببیت بە ڕۆشنبیر دەبێت ڕیسک بکەیت، هەروەها بۆ ئەوەی ڕەخنەگربیت و شەڕ لە پێناو بەها ڕاستەقینەکان بکەیت، دەبێت ڕیسک  ئەنجام بدەیت، تەنانەت گەر ڕوبەڕوی ڕەخنەیەکی سەختیش ببیتەوە، و پێگە و ئومێد و چاوەڕوانیەکانت دژ بە ستەمکارەکان و هەرچی و پەرچیەکانیان لە دەست بدەیت دەبێت بوێر بیت و ڕسیک بکەیت. ئەم کردەیەش بە تەنها وا لە ژیان دەکات کە شایەنی ژین بێت. هەروەک نیتچە بە دروستی گوزارشتی لێکردووە و دەڵێت، ویستی حەقیقەت پێویستی بە توانای ڕەخنەگرتن هەیە. لە کاتێکدا کردار و هەڵوێستتان بە ئەندازەیەکی زۆر کاریگەریەکی زیانبار لە سەر ژیانی ئەوانی تر دادەنێت، تاکە بەدیل بریتیە لە ژیانیکی بەتاڵ و بێمانا بۆ ڕۆشنبیرەکان.

دەربارەی "زۆنی ئارام"
لەوکاتەوەی کە پێکدادانە سەربازیەکانی سوریا دەستی پێکرد کۆمەڵی کوردی کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری خاکەکەیان کرد. ئەوان ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمیان دروستکرد تێیدا فەزایەکی یەکسانیان بۆ ئیتنیکە(نەتەوە)جیاوازەکان و کەمایەتیە ئاینیەکانی دیکە دەستەبەرکرد. هەروەها ئیشیان بۆ یەکسانی جێندەری دەکرد، ئەمەش لە ڕیگەی هاوسەرۆکایەتییەوە، واتا یەک پیا و یەک ژن، سەرباری ئەوەش ئەم شێوە لە هاوسەرۆکایەتیکردنە لە بەشێکی زۆری دەزگاکاندا پراکتیزە و جێبەجێدەکرا. کوردەکان یاسا یان کۆدیکی ئەڵتەرناتیڤیان دروست کردبوو بۆ دادپەروەری کە تێیدا خزمەتی تەواوی خەڵکی دەکرد، بە پێچەوانەی سیستەمەی دادوەری دەوڵەتێکی گەندەڵ کە تێیدا تەنها خزمەتی بەشێکی بچوکی دەوڵەمەند دەکات کە دەتوانن پارێزەر بە پارەیەکی زۆر گران بە کرێ بگرن بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات لە دادگادا بێتاوان دەرکەون، ئەمە لە کاتێکدا لە ڕاستیدا تاوانباریشن. لەوانەیە کوردەکانی سوریا تاکە تاوانیان کە ئەنجامیان دابێت ئەوە بێت کە بۆ یەکەم جارە بە شێوەیەکی ئازاد منداڵەکانیان بە زمانی دایکیان فێردەکەن و پەروەردە دەکەن، یاخود بە زمانی "کوردی" خۆیان قسەدەکەن لە سەر شەقامەکان و مێژووی خۆیان فێری منداڵەکانیان دەکەن، نەوەکو مێژویەکی دروووستکراوی دەوڵەت. لە گەڵ ئەوەشژا ئەوان شوێن میتۆدە فیکریەکانی مورەی بوکچینی فەیلەسوف کەوتون، و گەشە بە هەندێک سیاسەت و پراکتیک دەدان کە فۆکەس لە سەر لایەنەکانی ئیکۆلۆژیای ژیان دەکاتەوە، نەوەک بە تەنها کاپیتاڵیزمی کۆنترۆڵنەکراو. 

میلیشیا سورییه‌كانی سه‌ر به‌ توركیا كه‌ دژی كورد به‌كاریان ده‌هێنن

 

بۆیە ئەمە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ هەردوو، دەوڵەتی تورکیا و ئۆردۆگان دروستکردووە. لە کاتێکدا ٢٠ ملیۆن کورد لە تورکیادا بە شێوەیەکی تەواو" پێرفێکت" بێدەنگ و سەرکوتکراون و بە لایەنی کەمەوە بە هەر ئامرازێکی قانوونی ددانیان پێنەنراوە، جا چۆن دەتوانن لە هەر شوێنێکی نزیکی وادا بە ئازادانە بە زمانی دایکیان قسەبکەن هەروەها حوکمەتێکی بەدیل بۆ خۆیان دروستبکەن؟ ئەمە دەبێت بە نمونەیەکی خراپ بۆ کوردە سەرکوتکراوەکان لە تورکیادا. بە پێچەوانەشەوە، دەوڵەتی تورکی هەزاران کوردی لە ناوبرد و قەڵاچۆکرد، هەروەها هەزارانی لە  سیاسیە کوردەکان و چالەکەوان و ئەکادیمیستەکانی لە زیندانەکاندا بەند کرد و هەر دەنگی جیاوازی سڕییەوە و لە ناوبرد. نەتەوەی تورک بە بێ ئەوەی ڕێگەبدات بە هەر کوردێک بوێرێت بە زمانی ڕەسەنی خۆیان لە سەر شەقامەکان هەتا لە نەخۆشخانەکاندا بئاخڤن سزا دەدات. بە دوای ئەوەشدا کوردەکانی دیکە کە ناتوانن لە سنورەکانی تورکیادا بژێن دەبێت سزا بدرێن و شوینی یاسا و کۆدەکانی دەوڵتی تورکیا بکەون. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە چاودێر و بینەری"ناوچەی ئارام"ێکی دڕندە و بێ بەزەین کە پاکتاوی ڕەگەزی تێیدا ئەنجامدەدرێت، بەڵام هیچ کەسێک نەیپرسی بۆ؟ گەر تۆ کێشەیەکت لە گەڵ کورددا هەیە، باشە بۆ ناوچەیەکی ئارام لە خاکی خۆتدا دروست ناکەیت و دیوارێکی بەرزی ئەستور چێناکەیت؟ هیچ کەسێک نەیپرسی و هیچ کەسێکیش نەیوەستاندیت. هیچ کەسێک نەیوێرا گومان و پرسیار لە نەتەوە و سەرۆکێکی وێرانکەر و شەڕانی بکای.

کوردەکانی سوریا و خەیانەتکردن لە کورد 
کوردەکانی سوریا پێویست بوو بجەنگن و دەیان هەزاریان دژ بە دڕندەیی داعش ژیانیان بدۆڕێننن لە پێناو "تۆرێکی ئارام"  و سیاسەتێکی ئەڵەرناتیڤ بۆ خەڵکە بێبەشەکەیان. کوردەکان پێش هەر گروپ و ئۆپۆزسیۆنێکی تر لە سوریادا یەکەم گروپی ئۆپۆزسیۆن بوون کە بەرنگاری و خەباتیان دژ بە ڕژێمەکەی ئەسەد دەستپێکرد. ئەوان لە ڕابردوودا و لە ئێستاشدا، لە خراپترین دۆخدا ژیاوان بەراورد بە تەواوی ٤٠ ملیۆنە کوردەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە  دابەشی  چوار وڵاتی وەک، تورکیا، ئێران، سوریا و عێراقدا کراون. سەدان هەزار کورد لە سوریا تەنانەت تاوەکو ٢٠١١ مافی هاوڵاتی بوونیان نەبوو، تاوەکو دۆخی سوریا تەقییەوە. لە ساڵی ١٩٦١دا لە لایەن ڕژێمی سوریا مافی هاوڵستیبوونیان لێسەنرایەوە و تەنانەت نە پاسپۆرتیشان هەبوو، نە دەیانتوانی خانوویەک بکڕن، نە دەیاتوانی ئاهەنگی هاوسەرگیری فەرمیان هەبێت. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یاسای نێودەوڵەتی گوێیان نەدەدا یان چاوپۆشیان لە هەر دەرفەتێک دەکرد بۆ دروستبوونی بێدەوڵەتیی کورد و بێبەشێتیان لە هاوڵاتیبوون لە هەر شوێنیکی دونیادا. کوردانی سوریا دۆستایەتی و پەیوەندیەکی نزیکیان بە کوردانی تورکیاوە هەیە. هەندێک لە کوردانی تورکیا کاتێک پاشا دڕندەکانی عوسمانی تاوانی جینۆسایدیان دژ بە ئەرمەنیەکان لە ١٩١٥دا ئەنجامدا، و کاتێک حوکمەتی سەرکەوتووی تورکیا هەمان کردار و ڕەفتاریان بەرامبەر بە کوردەکان و شیعە عەلەویەکان لە ١٩٣٧-٣٨ دووبارە کردەوە دەبوو کوردەکان بەرەو سوریا هەڵبێن. کوردەکان خەڵکی ڕەسەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. بۆ هەزاران ساڵ دەبێت نیشتەجێی ئەم خاکەن و تێیدا دەژین، پێش ئەوەی تورک و سوری و عێراقی و ئێرانیەکان دەرکەون. ئەنجامدانی کردەوەی دڕندانە دژ بە کورد و خەیانەتکردن لێیان شتێکی نوێ و ئێستایی نیە. بەڵکو بۆ سەدەیەک زیاتر دەبێت ئەم کردەی خەیانەتکردنە ڕودەدات و بەشیکی زۆری دەوڵەتانی خۆرئاوا لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا بە لایەنی کەمەوە یەک جار خەیانتیان لە کورد کردووە. ئەم کردەی شەڕنگێزانەیە بەرامبەر بە کورد لە کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم دەبێت بە کردەیەکی ئاشکرا و بەردەوامیشە تاکو هەنووکە. لە ماوەی جەنگی خوێناوی دووەمدا "لە پێناو ئاشتی جیهانیدا" سەرۆکی ئەمریکا ویڵسن، لە سەرەتای ساڵی ١٩١٨دا چواردە بەندی دامەزراند کە تێیدا ئازادی ڕەها، دیموکراسی و مافی چارەی خۆنوسینی لە خۆگرتبوو بۆ کەمە نەتەوەییەکان، لە ناویشیاندا کورد. ویڵسن هەروەها بەڵێنیدابوو هێزەکانی جیهان هەوڵی پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی و قەوارە و ڕووبەری ئیقلیمیی کەمایەتیەکان و دەوڵەتە بچووکەکان بدات. دوازدە بنەماکەی ویڵسن بە دیاریکراوی دەربارەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، تورک و کورد بوو. لە بەندەکانیدا ئەوەی بەیانکردووە: کە میراتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی تورکیای ئێستا دەبێت زامن بکرێت بە سەروەرێتیەکی پارێزراو، بەڵام نەتەوەکانی دیکەش کە ئێستا لە ژێر حوکمی تورکیادان دەبێت ژیانیان پارێزراو بێت و سەلامەتی و ئاسایشی ژیانیان بە بێ هیچ قەیت و شەرتێک پارێزراو بێت، هەروەها هەل و دەرفەتی ئۆتۆنۆمبونیان بە شێوەیەکی ڕەها زامنبکرێت. دوابەدوای ئەم بەندانەی ویڵسن، هێزەکانی خۆرئاوا لە ساڵی ١٩٢٠دا بەڵێنی کوردستانێکی سەربەخۆیاندا بە کورد. هەرچەندە، دەستبەجێ لە دوای ساڵی ١٩٢٣وە، کورد لە لایەن لۆرد کۆرزۆنی بەریتانیا و نوێنەری فەرەنسا، ئەمریکا، ڕوسیا، لە ماوەی بەستنی پەیمانی لۆزاندا لە گەڵ تورکیادا لە پێناو گەڕانەوەیان بۆ نەوتی کەرکوک و موسڵ، فرۆشران. دیپلۆماتە تورکەکان هێزەکانی خۆرئاوایان بەوە دەترساند و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد گەر بێتوو داوا و ئارەزووەکانی تورکیا قەبووڵ نەکرێت و دەستبەرداری مافی کورد نەبن بۆ دەوڵەت ئەوە دەچنە سەر ئایدۆلۆژیای لینین و پەیڕەوەی لەو ئایدۆلۆژیایە دەکەن. ئەوان هەروەکوو ئەمڕۆ سەرکەوتوو بوون. بۆیە لەو کاتەوە تاکو ئێستا هیچ شتێکی ئەوتۆ نەگۆڕاوە و دەتوانی بە خۆت ئەوە بیبینیت. دواتر، بلۆکی سۆڤیەت بەڵێنێکی تری بە کوردانی ئێران بەخشی  لە پێناو کۆماری کوردیی مەهابات لە ساڵی ١٩٤٦دا، بەڵام ساڵێک دواتر بە بێ پاراستنیان لە دەست ڕژێمی ئێران کۆمارەکە ڕوخێنرا و ڕوسیاش کوردی بە جێهێشت. لە ساڵی ١٩٧٠دا، ئێران بەڵێنی بە کوردی عێراقدا کە سەپۆرت و پشتیوانی سەربەخۆییان بێت، بەڵام دواتر جارێکی تر پشتگوێخران و ڕێگا درا بە هەزاران کورد بکوژرێت لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە. سەدام بەردەوام لە ئەنجامدانی تاوەنەکانی دژ بە کورد، لە ساڵی ١٩٨٨دا چەکی کیمیایی خۆرئاوای بە کارهێنا دژ بە کورد، لە ئەنجامدا هەزاران کورردی بێتاوان لە هەڵەبجەدا بوون بە قوربانی. دوای چەند ساڵێکی کەم، لە ساڵی ١٩٩١دا، ئەمریکا لە جەنگی دژ بە سەدام حسێندا داوای یارمەتی لە کورد کرد، لە ئەنجامدا پشتیوانیانی بە دەست هێنا. دوای مودەیەکی کەم، جۆرج دەڵبیو بۆشی باوک، کوردەکانی لە ژێر ڕەحمەتی سەدام حسێندا بە جێهێشت و بۆیە جارێکی تر دەبوو کورد باجێکی قورس بدەن. تەنها لە دوای ٢٠٠٣دا کوردی عراق هەندێک ئاستی ئۆتۆنۆمبوونیان بە دەست هێناوە، کە ئەمە لە کاتێکدایە هەمیشە لە ژێر هەڕەشە و هێرشی هەر سێ  دەوڵەتی عێراق و ئێران و تورکیادا بووە.

کوردەکانی سوریا لە ڕابردوودا و لە ئێستاشدا، لە خراپترین دۆخدا ژیاوان بەراورد بە تەواوی ٤٠ ملیۆنە کوردەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

زامنکردن و پاراستنی نەوت و سەرچاوەکانی دیکە هەمیشە لە پێش کەمایەتیە نەتەوەییەکاندا و ماف و ژیانیاندا بووە. ڕەنگە سەخت بێت نەتەوەیەکی تر بدۆزیتەوە هاوشێوەی نەتەوەی کورد هێندە ڕوبەڕووی نادادپەروەری بەردەوام و هەمیشەییدا بووبێتەوە و ئارامبگرێت و بمێنێتەوە. کورد بۆ ماوەی سەدەیەک لە ژێر ترسی ئابوری و ئەمنی و سیاسیدا بووە. ئەوان خاوەنی هیچ مافێکی بنەڕەتی یەکسانیان بۆ ژیان نەبووە، کە ئەمەش بۆ خۆی دژ بە دروشمە بنەڕەتیەکانی شۆڕشی فەرەنسی(١٧٨٩) و بەیاننامەی هێڵسنگی(١٩٧٥) و ڕێککەوتننامەی ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی(١٩٤٨) بووە. 

خەڵک ئاسانکاريی بۆ بەدکاريی دەکات
کاتێک حوکمەت یان وڵاتێک هیچ دەنگێکی ڕەخنەیی تێدا نەبێت، ئەو کات ئەمە دەبێتە فاکتەرێکی سەرەکی بۆ سڕینەوەی هەموو جۆرە جیاوازەکانی ڕەخنە و کۆکردنەوەی تەواوی کۆمەڵگا لە ژێر چەتری ڕژێمێکی ناسیۆنالیستی یان فەنتامەنتالیزمی ئاینیی، ئەم جۆرە کۆمەڵگایە دەبێتە هۆی دروستبونی دڕندەیەک لە شێوەی دوووپشک لە جۆرە هەرە کوشندەکەی، سەرەتا ئەم فۆرمە لە دەوڵەت کەمایەتییەکان لاواز دەکات و پاشان دواتر بە ناو جەستەی دەوڵەت خۆی و هەموو دانیشتوان بڵاو دەبێتەوە. گەر هەر ئۆپۆزیسیۆنێکی گشتی دروستبت پێش ئەوەی جینۆسایدەکانی وەک ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای تورکیا، ئاوشفیتز، هەڵەبجە، بۆسنە، ڕەواندا، کێڵگەی کوشتنی کەمبودیەکان، خاکی تامیل و شاخی شەنگال ڕوبدات، ئەوە ئەو کات ئێمە قسەمان لە سەر ئەم زنجیرە تاوانانەی دژ بە مرۆڤایەتی نەدەکرد، و سەدەی بیست و بیست و یەکمان ناونەدەنا بە سەدەی جینۆسایدەکان.
هەمیشە خەڵک و فەزای گشتی دروستکەری ئەم جۆرە ستەمکارە ترسناکانەن، هەرچەند هەندێک لە توێژینەوەکان ئەم قسەیە بە پێچەوانەوە دەبینین. زانستنی کۆمەڵایەتی شکستی هێناوە لەوەی بتوانێت مامەڵەی کێشەی گەندەڵبوونی فەزای گشتی بکات کە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ بەرپرسیارە لە پێدانی دەسەڵات بە ستەمکارەکان. بەشێکی زۆر لە خەڵکی سوودمەندە لەم جۆرە ستەمکاریە کە دژ بە خەڵکی بێتاوان ئەنجام دەدرێت. لە جیاتی ئەوەی خەڵکی ببن بە ڕزگارکەر کە چی لایەنی دەسەڵات دەگرن و دەبن بە هاوڵی دەسەڵاتی ستەمکار و سودمەند دەبن لەو جۆرە تاوانانەی کە دژ بە خەڵکی ئەنجام دەدرت.
 سودەمەندووبن هەمیشە بە شێوەی مادی و ماتریاڵی وەرناگیرێت، بەڵکو بۆ ئەوەی ببیت بە ئەندامێک دەبێت گرنگی زاتی هەبێت و پاشان گرنگی و سوودی بۆ نەوەی داهاتووت هەبێت. گەر دژ بە کردەیەکی زیانبەخشی ئەخلاقی نەوەستیتەوە ئەوە بە ئاسانی دەتوانێت ببێت بە هەلێک بۆ دروستبوونی ستەمکارێکی دیکە و دەست بە سەر دەسەڵاتدا بگرێت. زیادبوون و دوبارەبوونەوەی بەدکاری هەر وەک کاریگەری تۆپەڵە بەفر وایە. هەر وەک هانا ئارێنت بە درێژی لە چەندین کاری گرنگی خۆیدا باسی کردوو، بە تایبەتی لە کتێبی ئایخمان لە ئۆرشەلیم-ڕاپۆرتێک لە سەر گەمژەیی بەدکار، ئێمە پێوەرێکی کەممان هەیە کە بتوانێت هەردوو بەدکاری زل و گەمژەیی ڕووتی خەڵکی کە هەمیشە تەرەفی بەدکار دەگرێت و ئەو هەڵدەبژێرێت پێکەوە کۆبکاتەوە. تاکو ئێستا ئەم تاوانانە پێکەوە ئەنجام دەدەن. زۆربەی خەڵکی ئاسایی کە پشتگیری ستەمکار دەکەن هەمیشە ئامادەن کارێک ئەنجام بدەن تەنها بۆ ئەوەی ببن بە بەشێک لە ڕژێم، هەروەها بۆ ئەوەی سودمەند بن لە تاوانەکانی ڕژێمدا. 
ئاستی ڕەگەزپەرەستی کۆمەڵایەتی لە تورکیادا، لەوانەیە تورکیای کردبێت بە یەکێک لە گەورەترین وڵاتە ڕەگەزپەرستەکان لە جیهاندا، سەرباری ئەوەش، ئەم کردەی ڕەگەز پەرەستیە لەم ساڵانەی دوییدا گەشت بە ئاستی هەر بەرزی خۆی. خەڵکی تەنانەت ئەو خەڵکە خوێنەوارەی کە بڕوانامەی دۆکتۆرای لە یەکێک لە زانکۆکانی خۆرئاوادا بە دەست هێناوە، هێرش دەکەنە سەر هەر کەسێک گەر ڕەخنە لە ئەم ڕژێمە دڕندەیە بگرێت. ئەمەش لە بەرئەوەیە کە ئەم کەسە ڕاستەوخۆ سودمەندی ئەم ڕژێمەیە، لەوانەشە کەسانێکبن یارمەتی خوێندنیان(سکۆلارشیپ) لە ڕژێمەکە وەرگرتبێت و بەڵێنی ئەوەیان پێدرا بێت کە پێگەیان لە حووکمەت یان کاریان لە لاین حوکمەتەوە پێبدرێت هەروەها لە گەڵ یارمەتی دیکەش. ئەم دیاردەیە دیاردەیەکی نوێ نیە، بەڵکو لە ڕابردووشدا هەبووە، و کردارگەلێکی دووبارەن و هەر ئەم جۆرە کارانەشن کە ئەم دۆخەی ئیستایان دروستکردووە. دەوڵەت و سیستەمی پەروەردە لە سەر بنەمایەکی بەهێز و وێرانکاری ناسیۆنالیزم و فەندامەنتالیزمی ئاینی دامەزراوە، کە ڕێگای خۆشکردووە بۆ خەڵکی گەندەڵ و سەرۆکێکی وەک ئەردۆگان پێگە گرنگەکانی دەسەڵات داگیربکەن. 

گەلە تاوانبارەکان
هاوکاری فەزای گشتی پاڵنەرێکی سەرەکییە بۆ سەروەری ئەردۆگان و شێوازی حوکمڕانیەکەی، ئەمەش هەڕەشەیەکی مەزنی دروستکردوووە بۆ سەقامگیری و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا. لە ئێستا بە زەحمەت دەتوانی گروپێک یاخود تاکێک یان کەسێکی ناسراو بدۆزیتەوە لە تورکیادا بتوانێت بە ئاشکرا ڕەخنەی ئەو دۆخە بگرێت کە دەگوزەرێت. تەنانەت تاکە نەناسراوەکانیش کە تویت یان پریامی ڕەخنەیی فەیسبووک دەنێرن دەستبەجێ دەستگیر دەکرێن و لە لایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە بە شێوەیەکی توند ئازار دەدرێن. ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر بێت و سەرتا لە لایەن دەر و دراوسێکانیەوە سزا نەدرێت و نەدۆزرێتەوە. 
میدیا بە تەنها بێدەنگ نیە، بەڵکو بە ئاسوودەیەکی زۆرەوە بەشدار دەبێت لە جەنگ، بە خۆشحاڵیەوە بەشداری ئاهەنگی تاوانەکانی حوکمەت دەکات. بە زەحمەت دەتوانیت گفتوگۆ یان ڕوانگە و دیدگای ئۆپۆزیسیۆن بوونی هەبێت. حیکایەتی پاڵەوانە شکستخواردووەکان بە تەواوی هەمو میدیا دادەپۆشێت و لە شێوەی هەواڵ یان بەشێک لە هەندیک زنجیرە و  بەرنامەی تەلەفزیۆنیدا پەخشدەکرێت. تاقە مەعریفەی ئەم ڕوداوانە ئەوەیە کە بەشێکی زۆری گەلی تورکیا لە ژێر کاریگەری ئەم بەرنامە سادە، عاتفی، و مێشک شۆردنەوەدا دەجوڵێنەوە. خەڵکێکی زۆر تەنها لە یەک ڕۆژدا بۆ چەندین کاتژمێر تەماشای ئەم جۆرە بەرنامە ناسیۆنالیست، ڕیگەزپەرەست، خوێن دۆستیە دەکەن و بە سەر دەبەن، ئەتوانین بڵێین تاکە سەرچاوەی خۆراکی ڕۆحیانە. 

دوای داگیركارییه‌كه‌ی بۆ سه‌ر رۆژاڤا ئه‌ردۆغان وه‌ك تاوانباری جه‌نگ ناوده‌برێت


بە گشتیش بە زحمەت دەتوانیت فۆرمێکی بەرنگاری لە فەزای گشتی تورکیادا بدۆزیتەوە یان بوونی هەبێت. بە شێوەیەکی نەرێنی یان بە شێوەیەکی چالاکانە، هەر وەک فۆکۆ لە یەکێکی لە وانە وتارەکانیدا لە کۆلێژی دوفرانس دەریدەبڕێت، خەڵکی هەمیشە لە ناو دەسەڵات دەتوێنەوە و چالاکانە لایەنگری سەروەری دەسەڵات دەکەن، بە وردی ناتوانن لە دەرەوەی دەسەڵات بیربکەنەوە.. گەر هەر فۆرمێک لە بەرنگاریی بچوک لە لایەن لیبراڵەکانەوە ببیسترێت، یان هەر گروپێک لە ئەکادیمیستەکان بە تایبەت نوێنەرە کوردە سیاسیەکان، دەمودەست پەلکێشی زیندانەکان دەکرێن، یان لە ئیش دەکرێنە دەرەوە، سنوردار دەکرێن لە هەر ئەگەرێک وەک سەفەرکردن و ئیشکردن.
 لە هەمان کاتدا، دەزگا حوکمی و مەدەنیەکان، ئێن جی ئۆ، خەڵکی کاسباکار، کارمەندی گەلەری و دەیان ئەکادیمیستی تورکی و هەروەها هەموو پارتە سیاسیەکانی تورکیا بە تایبەت پارتی ئۆپۆزیسیۆن بە ئاشکرا لە هەمان ڕیزی ئۆردۆگان وەستاون بۆ ئەو تاوانەی ڕژێم دژ بە کوردەکان.
هەروەها ئەم خەڵکە بەرپرسیاری پلە یەک نین بۆ ئەم جۆرە تاوانانە کە لە ڕابردوودا ئەنجام دەدرا لە لایەن سەرۆکەکان و نەوەکانی ڕابردوەوە، ئەگەر گەندەڵی و کەسە خراپەکارەکان بەشدار نەبن لە تاوان دژ بە مرۆڤایەتی، ئەگەر خەڵک بە بەها مرۆییەکان پەروەردە نەکرێت، کە وایان لێبکات هەست بە شەرم لەم جۆرە تاوانانە بکەن کە ئەنجام دەدرێت لە لایەن کۆمەڵگاکەیانەوە لە ڕابرد و داهاتوودا، ئەگەر کۆمەڵگای تاوانبار ناچارنەکرێن قەرەبوویەکی قورسی ئەم جۆرە تاوانەن بدەنەوە ئەوکات ئێمە ڕووبەڕووی هەمان تاوان لە داهاتودا دەبینەوە وەک کە ڕویدا لە ڕابردوودا و ڕوودەدات لە داهاتوودا. 
بۆ نمونە، هیچ جۆرە لێبوردنێک، دانپێدانانێک یان قەرەبووکردنەوەیەک بوونی نیە بۆ ئەو تاوانانەی کە لە لایەن عوسمانیەکانەوە دژ بە ئەرمەنیەکان ئەنجام درا، یان فەرەنسیەکان دژ بە جەزائیریەکان، بریتانیا دژ بە کینیا، ئەمریکا دژ بە ڤێتنام، و تورک دژ بە کوردەکان، تەنانەت چەندین بەڵگەی نکۆڵیلێنەکراوی زۆر هەیە کە تورکەکان دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامیان داوە هەروەها چەندین بەڵگەش پیشانی دەدات کە ژمارەیەکی ئێجگار خەڵکی مەدەنیان کوشتووە. گەلی تورک شانازی بە هەر کردەیەکی عوسمانی و حوکمەتی تورکی دەکەن کە دژ بە ئەوانی دیکە ئەنجامیان داوە، کە ئەمەش ڕێگا دەکاتەوە بۆ هەمان شتی هاوشێوە بۆ هەمیشە دوبارە ببێتەوە.
ئێمە پێویستمان بە دانپێدانی ئەو حەقیقەتە هەیە کە ڕۆڵی سەرەکی خەڵک لە تورکیای ئەمڕۆدا بێهاوتا نیە. ئەوە تەنها یەک نمونەیە لە ڕژێمە سەرکوتکەر و ئۆتۆکراتیەکاندا. گەر ئێمە دان بە کردە شەڕەنگێزیەکانی ڕابردوودا نەنێین و نەیناسینەوە، گەر ئێمە ئەوان ببورین و لە بیریان بکەین ئەوکات دەسەڵاتی ڕەها بەو جۆرە ڕژێمانە دەبەخشین و ڕێگا بۆ داهاتوویەکی کارەساتبار دەکەینەوە.
بۆ ئەوەی کردە بەدکار و خراپەکارەن فێربین و بیاناسینەوە لە ڕاستیتدا پێویستە و زۆر گرنگترە لەوەی دەربارەی سەرکەوتنەکانی جەنگ بزانین و فێربین. حەقیقەت ئەوەیە، کە بزانیت هەرگیز جەنگەکان سەرکەوتن و خۆشی ناهێنن، جگە لە کارەسات. تاکە جەنگ کە زەروور بێت ئەو جەنگەیە کە ڕێگا لە شەڕ و خراپەکاری دەگرێت و هەندێک سەرکەوتن و خۆشی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی دەهینێت. بێدەنگیەکی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی هەبوو دژ بە هاتنە سەر دەسەڵاتی هیتلەر پێش ئەوەی کات درەنگ بکات. میلۆسۆڤیچ نزیکەی یەک ملیۆن خەڵکی بۆسنەی قەتڵوعام کرد و لە ناوبرد پێش ئەوەی جیهان بێتە دەنگ و وەڵامیان هەبێت. سەدام چەندین تاوانی ئەنجامدا، لەوانەش ئەنجامدانی جینۆساید دژ بە کوردەکان، کە لە بەرچاوی تەواوی کۆمەڵگاکانی جیهاندا هاوکات پشتگیریەکی زۆری خەڵکی هەبوو. بە هەمان شێوە تازە درەنگە کە بتوانیت کارەکانی ئەم دیکتاتۆرە بوەستێنیت.

بەرپرسیارێتی بۆ پاراستن، و ماف بۆ دەست تێوەردان
هەندێک لە خراپترین ستەمکارەکان پیشەی سیاسی خۆیان بەو جۆرەیە کە هەمیشە بانگەشەی کۆتایهێنانی کۆڵۆناڵیکردن، کۆیلەیەتی، جیاوازی ڕەگەزیی، نایەکسانی ئابوری و کۆمەڵایەتی دەکەن، بانگەشەی کۆمەڵگایەکی دادپەروەر و یەکسان بۆ هەموان دەکەن. دواتر، کاتێک دەگەن بەوەی کە بڵاو کردنەوەی ئەم هەموو بەڵێنانە پێویستی بە ئەرک و کارێکی قورس و ڕیسکێکی گەورەی هەیە کە ناتوانرێت گەرانتی بکرێت و بهێنرێتە دی، بە دوای ڕێگایەکی ئاسان دەگەڕێن بۆ ئەوەی ئەم هەموو بەڵێنانە لە بیر خەڵکی ببنەوە و دەستەبەرداری بن- یان بە جۆریکی تر هەموو شتێک لە خەڵک دەبەن و هیچ شتیکیانیش پێ نابەخشن و ناگەڕێننەوە، جا هەرچیەکیان هەبێت. ئەوەی بە خەڵکی دەبەخشن بریتیە لە فەندامەنتاڵیزمێکی ئاینی و ناسیۆنالیزمێکی پەتی و هەرزان. داوای ئەوان لە خەڵکی ئەوەیە کە بۆ ئامانجە سیاسیەکانی دەسەڵات بمرن گەر دەیانەوێت دەوڵەمەند بن و ژیانیان خۆشبێت بۆیە ملیۆنان خەڵکی شوێن ئەم جۆرە سەرکردانە دەکەون و خۆیان لە پێناویاندا بە کوشت دەدەن. لە هەمان کاتدا، ئەم جۆرە سەرکردانە سامانی خۆیان زیاد دەکەن و بازنەیەکی نوخبەوی دروست دەژەن، لەولاشەوە ملیۆنان لە خەڵک لە نێو ژیانێکی پڕ چەرمەسەری و  هەژاریدا بە جێدەهێڵن. ملیۆنان خەڵکی لێیانەوە نزیک دەبنەوە کاتێک ئەو دۆخە دروست دەبێت ئەمش بە یاوەری سیستەمی حیزبی چاودێر، لە کۆتاییدا پارتێکی بەهێزی دیاریکراو و هۆگری ئایدۆلۆژی دروست دەبێت.
تورکیای ئۆردۆگان گەشت بە خاڵێک کە لەوێدا پێویستبوو بوەستێنرێت پێش ئەوەی درەنگ بێت. هەموو مرۆڤێک بەرپرسیارە لە پاراستنی ئەوانی تر تەنانەت ئەگەر ئەم ئەوانی ترە ١٥ هەزار کیلۆمەتر لە تۆوە دور بن. کۆمەڵگای وڵاتانی جیهان لە گەڵ دەسەڵاتداراندا پێویستە هەوڵوێست بنوێنن و دەستتێوەردان بکەن کاتێک ئیمکانی ئەوە لە ئارادا بێت ڕێگری لە کردەی شەڕخوازی بگرن. گەر توانا و قوودرەت هەبێت بەڵام شکست بێنیت لە هەڵووێست نواندن، ئەوە دەبێت بە یەکێکی لەوانەی کە پێی دەوترێت پشتیوانی بێدنگ لە پێاو کردارە بەدکار و تاوانبارەکاندا، هەر وەک چۆن جیهان بەرپرسیار بوو لە کردارە شەڕنگێزەکانی هیتلەر لە ١٩٤٠دا،  نەک بە تەنها خەڵکی ئەڵمان بەڵکوو هەمان جیهان بەرپرسیار بوو. ڕۆبێرت میستەر لە کارەکەی خۆیدا بە ناوی "پاش بەدکار، مافە سیاسیەکانی مرۆڤ" ئەوەمان بە بیر دەهینێتەوە کە ڕابردووی بەدکار هەرگیز ناتوانێت دوبارە بێتەوە مەگەر لە بیر بکرێت- هەر شتیکی جیاواز کە لە داهاتوودا ڕووبدات ئەوە مەگەر ئەوە بێت ئێمە ڕابردوومان لە بیرکردبێت و ڕوومان لێوەرگێڕا بێت. ڕەنگە کەسێک بپرسێت چ کەسیک بوەستێنرێت سەرتا لە کاتێکدا بۆ هەر شوینێک ڕوو وەردەگێڕین پڕە لە سەرکردەی ترسناکی ئۆتۆکرات و سیاسەتە پوچەکانیان، لە کۆریای باکورەوە بۆ هەنگاریا، لە بەڕازیلەوە بۆ فلیپین، لە ئێرانەوە بۆ سوریا، هەمووی یەک فۆرمی سیاسی بە کەمێک جیاوازیەوە لە ئارادان. لە گەڵ ئەوەشدا ئەم ڕژێمە ئۆتۆکراتانە، تاکتیکەکانیان و سیاسەتە وێرانکارەکانیان هەمیشەیی و ئەبەدی نین. ئەم پیشە و حەزە داگیرکاری و ئیمپریالیستیانە لەو نمونانەوە کە پێشوەختە دەیزانین، ئاسزار بە خۆیان دەگەیەنێت لە کۆتاییدا. هەر لە دەوڵەتی عوسمانی و نازیەکان کامل پاشا و چاوچیسکۆی ڕۆمانی و میلۆسۆڤیچی سڕبی و سەدامی عێڕاق هەموو نمونەن بۆ دۆخەی کە باسمان کرد.
دۆخی مرۆیی زۆر نەگۆڕاوە لە بەر ئەوەی تاکەکان شوین بژاردەی ژیانێکی سادەی هاوشێوە کەوتوون. ئاین و ناسیۆنالیزم، دەست بە دەست، ڕۆح و مێشکی بەشێکی زۆری ئەو جۆرە کۆمەڵگایانەی داگیرکردووە. خەڵکی هەژار و چینی ناوەڕاست بە تایبەتی هیوا بڕاوانە دەیانەوێت گوێبیستی ئومێدێک بن بەڵام ڕووبەڕووی حەقیقەت نەبنەوە. هەندێک دەوڵەمەند و زەنگینی چڵێس دەیانەوێت خەڵکی شوێن هەر دۆگمایەک بکەون کە سامانی زیاتر دەهێنێت بۆیان. کاتێک سەرکردە تاکڕەوەکان دەسەڵاتیان دەگات بە ئاستێکی پیرۆز و خودائاسایانە کاتیکی زۆر نابات کە بەشێکی زۆری شوێنکەوتووەکانیان لە پێناو خۆشبەختی خۆیان ژیانی ئەوانی تر وێران دەکەن. گرنگ نیە ئەم هیوا و درۆیانە چەند بەتاڵن، خەڵک زۆر گرنگی بەوە نادات و بیری لێناکاتەوە. ئەو چرکەساتەی کە حەقیقەت و ڕاستیەکان دەناسرێنرنەوە و دەردەکەون ئەو چرکەساتەیە کە خۆشەویستانیان دەبن بە قوربانی کاتێک کات درەنگ دەکات. ڕەنگە هێشتا نەیانەوێت ڕووبەڕووی ڕاستی ببنەوە، و هەوڵی دۆزینەوەی هەندیک بیانوو و پاساو بدەن بۆ ئەوەی سەرزنشتی هەموو کەسێک بکەن، بەڵام پۆپۆلیستە ستەمکارە ڕاستەقینەکان هەرگیز خۆیان ناخەنە نێو ئەو دۆخەوە.
ئاڵا
لە گەڵ زیادبوونی جوڵەی ناسیۆنالیزم و پۆپۆلییستە درۆزنەکاندا چی دی ئێمە پێویستمان بە کڵێسا و مزگەوت نیە، بۆ ئەوەی خەڵکی ڕازیبکەن و گوێڕایەڵ بن و تێکستە ئاینییەکان بخوێننەوە. ئێستا، تۆ پێویست نیە کتێبەکان بخوێنیتەوە. تەنها سەیرێکی ئاڵاکانی دەوروبەرت بکە. تۆ ناتوانیت لەم ئاڵایانە هەڵبێیت، ئەوان ناونوست دەکەن و دەتکەن بە ئەندامێکی بەهێزی حەشامات بە بێ ئەوەی هیچ کۆششێکی بۆ بدەیت. ئاڵاکان لە هەموو شوێنێک دەبینیت لە وێستگەی میترۆکاندا، نەک بە تەنها لە سەر شەقامە گرنگەکان، بە زۆری لە هەر سوچێک و سەر هەر ڕێگایەک، لە ماڵەکان و سەر بیناکان، لە سەر شاشەی تیڤیەکان، لە سەر شانی کەسەکان، لە هەر ئاهەنگ و چالاکیەکی وەرزشی، لە ئاسمان، لە سەر دەریاکاندا، لە پشتی ئەو پاسانەی کە تۆ دوای دەکەویت، لە سەرئەو ئەمبولانسەی دێت تۆ ڕزگار دەکات، لە دوکانەکاندا، لە سەرتاشخانەکاندا. لە هەموو شووێنێک ئاڵا ڕەنگاو ڕەنگەکان دەبینیت، تەنانەت مزگەوت و کڵێساکان ئەو دەسەڵاتەی ئاڵایان نیە. ئەم پارچە قوماشە سادەیە زۆر زیاتر لە کتێبی خودا بە دەسەڵاتر و بەهێزترە. گەر بێتوو سوکایەتی پێبکەیت و ڕایوەشێنیت دەکرێت بکوژرێیت، و ئەو کات خەڵکی ئاهەنگ بۆ کوشتنت دەگێڕن و دەستخۆشیش لەو کەسە دەکەن کە دەتکوژێت. ئەم دەسەڵاتە نوێیە زۆر بەهێزترە لە بەڵێندان بە دابینکردنی نان، کەرە، کارەبا، تەکنەلۆژیا، زانست، و تەنانەت لە فەراهەمکردنی سیستەمی ژینگە و ژیانێکی درێژ. نازی و ڕژێمە ئەپارتایدەکان، تەنانەت داعشیش بۆ ئەوە دروستبوون کەسێک یان گروپێک مەحروم بکەن لە ماف و ئازدایەکانی بۆ ئەوەی نایەکسانی دروستبکەن. لەم جۆرە ڕژێمانەدا کۆنترۆڵی گروپێک یان هەندێک دەنگی ڕەخنەیی و خەڵکی سەربەخۆیان لە پێناو ئەوەی گۆشگیر بن و بە زۆر ناچار بکرێن ملکەچی ڕژێم بن وەک لە تورکیای ئەمڕۆدا دەیبینین. دیکتاتۆرەکان پێشبڕکێ لە گەڵ هیچ کەسیکدا ناکەن، بەڵکو یاساکانیان ئەوە دەکەن کە دەیانەوێت. هەروەها ئەمە دەبێت بە نەزمی هەموو ڕۆژێکی پۆلیسە شوێنەکەوتووەکانیان. ئەم نەزمەش دەبێت بە گریمانە و هەڵسوکەوتی بەشێکی زۆری دەوڵەتەکان و لە سەدەی بیست و یەکیش ئێمە گەواهی دەرکەوتنی ئەم جۆرە نەزمانەین. کە نا دادپەروەری بۆ ئاستی هەرە خراپی خۆی هەڵکشا و چوار چێوەیەکی سنوردار وەربگرێت ئەو کات خەڵکی بە زۆر لە زیندانەکاندا بەنددەکرێن و  ناچار دەکرێن و دەکوژرێن.

کێ دیموکراتە و کێ تیرۆریستە؟ 
سەختە بیر لە هەموو ئەو ئەم بابەتانە بکەیتەوە و لە سەری بنوسیت، بەڵام حەقیقەت پێویستە بخرێتە ڕوو گەر سروشت و مرۆڤیایەتی لە لێواری داڕماندا بن. ڕاستە تا ئەندازەیەک مەحاڵە کە بتوانی مافی یەکسان و فەزایەکی دادپەروەرانە بە هەموو ئەو گەلانەی کە لە ژێر بەشێکی ڕژێمی دەوڵەت نەتەوەکاندا هەیە دابینبکرێت. بەشی زۆرینەی ئەم کۆمەڵگایانە و سیاسیە وێرانکارەکانی زۆرجار بە خۆیان دەڵێن دیموکراتەکان و ئەوانی تریش بە تیرۆریست ناوزەد دەکەن، ئیمکانی ئەمە لە کوێدایە؟

کوردەکان هەرگیز ڕاستەوخۆ پەلاماری هاوڵاتی مەدەنی و شوێنەکانی نیشتەجێبوونیان نەداوە لە تورکیادا. ئەوان شەڕی داعش و گروپە تیرۆریستە هاوشێوەکانیان کرد. چەندین ئەندامی خۆیانیان لە دەستدا. شار و شەقام و بەشێکی زۆری ڕوبەری ناوچە کوردیەکان بەردەوام لە ژێر هێرشی سەخت و تۆپبارانی سەختدا بوون، هەروەها خەڵکەکەشیان بە شێوەیەکی دڕندانە دەکوژران  و بە تایبەتیش منداڵ و پیرەکانیان. 

هێزه‌كانی سوریای دیموكرات به‌هۆی خیانه‌تی ئه‌مریكاوه‌ به‌ر شاڵاوی توركیا كه‌وتن

 

بۆیە چۆن دەتوانرێت بە کورد بوترێت تیرۆریست و بەوانی دیکەش بوترێت دیموکرات و ئاشتی پارێز. سیاسەتمەداری پێشووی تورک تونا بێکلیڤ بێدەنگیەکەی خۆی لە سەر ئەو حەقیقەتەدا شکاند و ڕاستینەی ئەو دۆخەی بەیانکرد، و ڕەخنەی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپی گرت بەوەی چۆن دەکرێت بەراورد لە نێوان هێزە کوردیەکان و داعشدا بکات سەبارەت بەوەی هەردو وەک یەک ترسناک و جێی مەترسین. تونا بێکلیڤ لە واشنتۆن پۆستدا، ئەوەی ڕوونکردەوە و وتی" من تورکم لە شاری ئەدەرنە نیشتەجێم. ژیانی سیاسی خۆم بۆ وڵاتەکەم تەرخانکرد. بۆ چەندین ساڵ، لە حوکمەتەکەی ئۆردۆگاندا خزمەتم کردووە.. ئەردۆگان دەسەڵاتی خۆی لە ڕێگەی توندوتیژی و سەرکوتکردنەوە بەهێزکرد و لە سەر حسابی خەڵکی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی خۆی پەرەپێدا، ترمپ وتی پەکەکە لە داعش خراپترە، منیش پێی دەڵێم تۆ هەڵەیت...من تورکم و بەرپرسێکی پێشووی حوکمەتی تورکیام، باوەڕم بەوە هەیە کە پەکەکە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نیە. 

ئەم بەرپرسەی پێشووی حوکمەتی تورکیا ڕاست دەکات. پەکەکە و کوردەکان ناکرێت بەراوردی بکەین بە داعش و ئەل قاعیدە و گروپە تیرۆریستەکانی دیکە. هەرگیز هێڕشیان نەکردۆتە سەر کەس و ترس و توندوتیژی ڕاستەوخۆیان بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل بە کارنەهێناوە لە پێناو ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری دەستخەن. تێرمی"جەنگی تیرۆر" بۆ یەکەمجار لە ٩،١١دا، جۆرج بوش بە کاریهێنا هەرگیز ئەم تێرمە هیچ گروپێکی کوردی نەگردۆتە خۆی و مەبەستی هیچ گروپێک یان هێزێکی کوردی نەبووە کە بەرگری لە مافە بنەڕەتیەکانی خۆیان دەکەن. لە گەڵ ئەوەشدا تورکیا و بەشێکی زۆری وڵاتانی تر چەمکەکەی جۆرج بوشیان قەرزکرد و بەکارهێنا یان بە جۆرێک لە جۆرەکان وەک هەلێک بە کاریان هێنا دژ بە کورد و کەمایەتیە لاوازەکانی دیکە ئەمە لە کاتێکدا جگە لە مافی یەکسان داوای هیچی دیکەیان نەکردووە. 
کورد پێویستە لەوەدا لۆمەی خۆی بکات کە نەیتوانیەوە ڕووبەڕووی ئەو دۆخە تراژیدیە دوبارەیە ببێتەوە. سەرەتا کورد نەیتوانیەوە یەکڕیزی و یەکێتیەکی بەهێز لە نێو خۆیاندا دروستبکەن، پێویستە هەموو کورد پشتیوانی کێشەکەی خۆیان بن پێکەوە، لە بری دروستکردنی چەندین گروپی بێهێزی بچوک کە هەر یەکێکیان ڕێککەوتنی خۆی هەیە لە گەڵ دوژمن و نەیاری جیاواز جیاواز، دواجار ڕێککەوتنەکەش دژ بە یەکتری بە کاری دەهێنن. دوەمیش، کورد سەرۆکێکی نیە کە بتوانێت هەموو کورد یەکبخات و لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە پشتیوانی و بە خێرهاتنیان بکرێت. سێیەمیش، کێشەکەیان وا پیشان نەداوە یان ڕووننەکردۆتەوە کە لەلایەن جیهانەوە بناسرێت، وەک ڕونکردنەوەی مەعاناتی سیاسی بنەڕەتی، یاخود نەبوونی توانا بۆ قسەکردن و فێربوونی زمانی خۆیان بە شێوەیەکی ئازادانە، یان نەبوونی ناسنامە لە هەندێک شوێندا هەموو ئەمانە کێشەی گەورەن. چوارەم، کورد نەیتوانیەوە دیپلۆماتی کارامە و لێهاتوو بەرهەمبێنێت و دروستبکات کە بتوانێت باڵانسی سیاسی نێونەتەوەیی لە نێو هاوپەیمانە جێ متمانەکان بچێنێت. سوتاندنی تایەر لە سەر شەقامەکانی وڵاتانی خۆرئاوا و شکاندنی پەنجەرەکان هەرگیز یارمەتی کێشەی سەرەکی کورد نادات. ئەمە تەنها دەوڵەتی تورکیا و سەرکردە ئۆتۆکراتەکانیان ئاگر تێبەر ئەدات. باڵیۆزخانەکانی دەوڵەتی تورکیا لە سەرانسەری دونیادا هەمیشە هەوڵی ڕێکخستنی ئەوەن کە چەند ئاژاوەگێڕێک بنێرێنە نێو هەر خۆپیشاندانێکی کورد، بە تایبەت لە وڵاتانی خۆرئاوادا، بۆ شێواندن و بە لاڕێدا بردنی ئاراستەی خۆپیشاندانەکان، ئەمەش لە پێناو ئەوەی هەواڵەکان، کورد وەک شەڕکەری توڕەی سەر شەقام و ئاژاوەگێڕ بناسینێت و پیشان بدات. لە گەڵ ئەوەشدا سەرکەوتوو بوون لەو پلانەکەیان. چاودێری چەندین نمونەی بێشومار بووم، لە ماوەی توێژینەوە مەیدانیەکانم لە ئەڵمانیا، بەریتانیا، بەم دواییانەش نیۆرک. بۆ نمونە چەند گەنجکی تورکی سەرو ناسیۆنالیست دەنێردرێنە نێو خۆپیشاندانەکانی کورد لە گۆڕەپانی یەکیتی لە نیۆرک(١٢ ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٩). بەڵام دڵخۆشم بەوەی هەندێک لە خەڵکی کورد دەبینیم فێربوون و کاردانەوەی خراپیان بۆ ئەم وروژادن و توڕەکردنە نیە. لە گەڵ ئەوەشدا هەموو ئەمانە چەند ئەنارشی و فەوزەویەکن کە بە زۆری ئەوە دەبەخشن بە باڵیۆزخانەی تورکیا کە دەیانەوێت. لە کۆتاییدا، پێویستە کورد بە هەموو شێوەیەک چی دی متمانە بە ئەوانی دی نەکات، جگە لە کورد خۆی نەبێت.

ڕژێمە مردووەکان
زۆرێک ناتوانن بە پێی پێویست پشتگیریت بکەن گەر نەبیت بە سەربازی دەوڵەت یان گروپێکی ستەمکار و بەشداری نەکەیت لە داگیرکاریەکانی. لە گەڵ ئەوەشدا، دەبێت ئەوە بزانین کە زۆربەی ڕژێمەکان کە مەبەست ئەو ڕژێمە مردوو یان لە ناوچوانەیە، هەمیشە لە لایەن خەڵکەوە تێکدەشکێنرێن لە ناودەبرێن، ئەو خەڵکەی کە باوەڕیان بە یەکسانی و دادپەروەری هەیە. مێژوو ئەوەی پیشانداوین کە، ئەگەر بوون بە کۆیلەی هەندێک لەو سیستەمانە ڕەتبکەیتەوە ئەوە ئەو کات تاکو کۆتای بۆ دادپەروەری و حەقیقەت و یەکسانی ودیموکراسی دەجەنگیت، هەروەها زۆرجار دروستکردنی دەزگا و کۆمەڵگاکان لە سەر بنەمای بەها یەکسانیەکان وەستاوە، وەک لە دوای بەزاندنی ڕژێمی نازای و ئەپارتاید، یان وەک لە ڕژێمی سەدام و میلۆسۆڤیچدا بینیمان. هەندێک لە پەرلەمانتارەکان داوای هەڵواسینی ماندێلایان دەکرد لە گۆڕەپانی ترافالگاردا، هەر وەک سەرۆک وەزیرانی پێشوو داڤید کامیرۆن دانیپێدانا، بەڵام هەر هەمان خەڵک لە کۆتاییدا پەیکەری ماندێلایان لە هەمان گۆڕەپاندا دروستکرد و، لە بری تیرۆریست وەک پاڵاوان وەسفیان دەکرد. نەتەوە دوژمنکارەکان و سەرۆکەکانیان هەمیشە مردنی خۆیان لە کۆتاییدا ئامادە دەکەن. سعودیەی دەوڵەمەند و بەهێز باوەڕی وایە کە یەمەنی هەژار ئامانج و تارگێتێکی باش و ئاسانە بۆیان. بۆ چەندین ساڵە لە شەڕێکی بێ ئاماندان بەڵام ئێستا لە لایەن هاوڕێ دەوڵەمەندەکانیانەوە یارمەتی دەدرێن. سەرەڕای ئەوەش، لە ئێستادا خەسارەتێکی گەورە و ترسناکیان تووشبووە و دەیانەوێت لەو شەڕە بێنە دەرێ بەڵام ناتوانن. ئەم جۆرە جەنگانە چەند دەرئەنجامێکی پێشبینی نەکراویان هەیە. ئەمریکای بەهێز جەنگی دژ بە ئەفغانستانی هەژار دەستپێکرد بەڵام لە ئێستادا دەیەوێت ڕێککەوتنی ئاشتی لە گەڵ تاڵیباندا مۆر بکات و لە هەمان کاتدا ناتوانێت بەو ڕێککەوتنە بگات. تورکیا لە ئێستادا لە سوریا خوێنێکی زۆر دەڕێژێت، بەڵام ڕۆژێک دێت کە پەشیمان بێتەوە لەوەی کە دەستیپێکردووە. ڕەنگە کەسێک بتوانێت جەنگێک هەڵگیرسێنێت بە خۆشی و ئاهەنگێڕانەوە، بەڵام ئەمە دڵنیای ناکاتەوە لەوەی بەرهەم و دەرئەنجامەکانی کە ئاهەنگێڕەکان هەوڵیان بۆ ئەدا و شادیان دەگێڕا بە ئاسانی دەستیان بکەوێت.

سەرچاوە: 
https://www.opendemocracy.net/en/can-europe-make-it/regimes-evil-colonization-continues/

 


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ