نەخۆشیە مورەکەبییەکەی ئەردۆغان چییه‌ ؟

توركیا و ئه‌مریكا.. ده‌سپێكی سه‌رده‌می دوژمنایه‌تی

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2019.11.26 04:55 PM
415 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

د.ئارام ره‌فعه‌ت
دوێنێ ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩ دوو رووداوی جیاواز پەیوەست بە پەیوەندی نێوان تورک و هاوپەیمانان، بەتایبەتیش ئەمریکا روویاندا، هەردوو رووداوەکە رەنگە ببنە هۆی فراوانترکردنی درز و لێکترازانی نێوان تورک و ئەمریکا و بەریەککەوتنی زیاتری بەرژەوەندییەکان.

رووداوی یەکەم
دوێنێ دەوڵەتی تورک سیستەمی بەرگری ئێس-٤٠٠ی روسی لەسەر فرۆکەی ئێف١٦ی ئەمریکی تاقیکردەوە، تاقیکردنەوەکە بەم جۆرە بوو، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، ئەو رادارانەی کە بەشێکن لە سیستەمی بەرگری ئێس-٤٠٠ و تایبەتە بە لێدانی فرۆکەی ئەمریکی و ناتۆ تاقیکردەوە. بۆ تاقیکردنەوەکە دەبوایە فرۆکەی ئێف -١٦ی ئەمریکی، هەم لە بەرزی و هەم لە نزمیدا بفرن و سیستەمی بەرگری ئێس-٤٠٠یش کەشفی ئەو فرۆکانە بکات.

ئەمە بەمانای چی دێت ؟
یەکەم؛ هەرچەندە تا نیسانی ٢٠٢٠ ئەم سیستەمە بەرگرییە چالاک ناکرێت و ناکەوێتە بواری کارکردن، بەڵام ئەم تاقیکردنەوەیە، بەمانای هەنگاوێک کە تارادەیەک گەڕانەوە بۆ دواوە (واتە ئیلغاکردنەوەی گرێبەستەکە) ئەستەم دەکات، ئیتر دەکرێت بگوترێت تورکیا خاوەنی سیستەمی بەرگری ئێس-٤٠٠.

دووەم؛ بوونە خاوەنی سیستەمی ئێس-٤٠٠ پێش هەموو شتێک لادانی تورکە بە پابەندییەکانی بە یاسا و رێساکانی ناتۆ، کە نابێت لەیەک کاتدا ئەندامێکی ناتۆ سیستەمی بەرگری ناتۆ و روسیی بەکار بێنێت.

سێیەم، ئەم تاقیکردنەوەیە، ئیحراجییەکی گەورەیە بۆ دۆناڵد ترەمپ و لە ئێستاوە ترەمپ دەستودەمی دەبەسترێت بەرامبەر کۆنگرێس و رایگشتی ئەمریکا، ئەوەی تورک و ئەردۆغانی لە توڕەیی ئەمریکییەکان بە گشتی و کۆنگرێس بەتایبەتی پاراستووە، ترەمپ بووە، ترەمپ وەک پارێزبەندێکی ئەردۆغان وابووە و نەیهێشتوە ئەمریکییەکان سزای بدەن.

داگرتنی هه‌ندێك له‌ پارچه‌كانی ئێس -٤٠٠ لەسه‌ر خاكی توركیا ـ  2019.7.12

 

ترەمپ لەو باوەڕە دابوو کە ئەردۆغان سیستەمی بەرگری ئێس-٤٠٠ دەست لێنادات و بە لۆککراوی دەیهێڵێتەوە و دواجاریش ئیلغای دەکاتەوە، ئێستا رەنگە ترەمپ لەوە تێبگات کە ئەو کورتبینانە و هەڵە مامەڵەی لەگەڵ ئەردۆغاندا کردووە. بەواتایەکی تر، چیتر ترەمپ ناتوانێت رۆڵی پارێزبەند و بەرگریکاری ئەردۆغان لە هەمبەر سزاکانی ئەمریکادا ببینێت.

چوارەم؛ هێزی ئاسمانی ئەمریکا و ناتۆ چیتر ناتوانێت وەک دەوڵەتێکی هاوپەیمان متمانە بە دەوڵەتی تورک بکات و وەک جاران ئاسمانی ئەو وڵاتە بە کار بێنێت.

ئەگەر ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک سوربن لەسەر هەنگاوەکانی تریش، کە پێدەچێت سووربن لەبەر هۆکارێکی سادە، ئەویش گرفتاری ئەردۆغانە بە نەخۆشییەکی مورەکەب کە دەکرێت بە نەخۆشی وەهم و فۆبیا ناوبنرێت.

وەهمی بوون بە سوڵتان و رابەرایەتی کردنی وڵاتە ئیسلامییەکان، ئەمەش پێویستی بە دوو سیستەمی بەرگری هەیە، روسیی و ئەمریکیی، بۆئەوەی بتوانێت لە بەرامبەر هەردوو سیستەمەکەدا بەرگریی بکات. فۆبیاکەشی هی مەترسی کودەتایە و بەکارهێنانی فرۆکەی ئێف -١٦ی ئەمریکییە لەو کودەتایەدا و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بە ئێس-٤٠٠ی روسیی هەیە بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە ئەگه‌ری بەکارهێنانی فرۆکەی ئێف -١٦ لەهەر کودەتایەکی داهاتوودا.

جگە لە هۆکاری نەخۆشیە مورەکەبییەکەی ئەردۆغان، کاڵفامییە ئەگەر ترەمپ پێی وابووە، تورک سیستەمێک ئیلغا دەکەنەوە یان کاری پێناکەن کە زیاتر لە دوو ملیار و نیو دۆلارییان تێدا خەرج کردووە.

رووداوەی دووەم
دوێنێ لەهەنگاوێکی بێ پێشینەدا، چەند فرۆکەیەکی نادیار هێرشییان کردە سەر ئەو هێزە جیهادییە سورییانەی کە سەر بە تورکیان و لە ناوچەی جەرابلوسی هەرێمی شەهبای داگیرکراودا بارەگایان هەیە و بەشێک بوون لە و ئۆپەراسیۆنەی کە تورک ناوی نابوو قەڵغانی فورات، ئەگەرێکی زۆر هەیە ئەو فرۆکانە هی هاوپەیمانان (ئەمریکیی) بووبن. 

هەرچەند روانگەی سوری مافەکانی مرۆڤ دەڵیت ئەم لێدانە بەتەنسیق لەگەڵ تورکیا دا بووە، بەڵام هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت کە:
- لێدانی هێزەکانی سەر بە تورکیا لێدانە لە متمانەی نێوان هاوپەیمانان و تورکیا.
- چیتر ئەو هێز و گروپە جیهادییانەی کە تورکیا وەک هاوپەیمان و پرۆکسی بەکارییان دێنێت پارێزراو نین و پارێزبەندی تورک بۆ ئەو هێزانە کۆتاییهات.

دوایین سه‌ردانی ئه‌ردۆغان بۆ واشنتۆن و بینینی تره‌مپ ـ 2019.11.13


- هاوپەیمانان پرۆسە خستنە ناو لیستی تیرۆری هەندێک له‌و گروپانەی سەر بە تورکیان خستە بواری جێبەجێکردنەوە. 
هەر بۆ بیر خستنەوە، ٢٠ی ئەم مانگە، هەر یەک لە ئەمریکا و ٢١ وڵاتی ئەوروپی هەموو پشتیوانییەکی دارایی و سیاسیی و دیپلۆماتی بۆ ئۆپۆزسیۆنی سوری راگرت و لەسەر ئەوەش رێکەوتن کە لە داهاتوودا هەندێک لەو هێزانە بخرێنە لیستی تیرۆرەوە.
- چیتر هێزە سورییەکان، ناتوانن تورکیا وەک پارێزەر و راعی خۆیان ببینن، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانەدا درز و بێ متمانەیەکی زۆر دەکەوێتە نێوان تورک و هێزە جیهادییە سورییەکان.
بەکورتی، تا دێت درز و گرژییەکانی نێوان دەوڵەتی تورک و ئەمریکا فراوانتر دەبن، ئەوەی تا ئێستا تورکەکانی لە سزاکانی ئەمریکا پاراستووە، پەیوەندی تایبەتی ترەمپ و ئەردۆغانە، بەڵام دوای تاقیکردنەوەی رۆکێتی ئێس-٤٠٠، پێناچێت چیتر ترەمپ لەو پێگەیەدا بێت بتوانێت ئەردۆغان بپارێزێت.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ