فیكه‌ی ئایه‌توڵا

دوارۆژی کورد لە عێراقی سیستانیدا

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2019.12.01 04:32 PM
412 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

د. جەبار قادر
دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق بەرەو سیستەمێکی مەزهەبی تەواو هەنگاو دەنێت، لابردنی عادل عەبدولمەهدیی بە فیکەیەکی سیستانیی جەوهەری ڕاستەقینەی ئەم دەسەڵاتەی بۆ هەموو لایەک دەرخست، ئێستا هەموو کەسێک دەزانێ نە دەستور و نە ئەنجومەنی نوێنەران و نە هەموو دامەزراوەکانی تری دەوڵەتی عێراق بەرگەی یەک قسەی سیستانی ناگرن.
گروپە سیاسییەکانی شیعەی عێراق لە یەکەم ڕۆژەوە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن خەونیان بەم ڕۆژەوە دەبینی، بەڵام دەیانزانی ئامادەیی سوپای ئەمریکا لە عێراق و هەڵوێستی سوننە و کورد کۆسپن لە بەردەم ئەم خەونەیان.
ئەمریکا خوا خوای بوو بکشێتەوە و لە کۆتاییدا سوپاکەی کشانەوە، سوننەش بە هۆی ناواقیعییەتی سیاسیی و توندڕەوی ناسیۆنالیستیی و مەزهەبییانه‌وە شارەکانیان وێران کران و پێگەیان بە تەواوەتی لاواز بووە و ئەمڕۆ کۆمەڵێ هەلپەرست و خۆفرۆش نوێنەراتییان دەکەن.  

هەرچی کوردە خۆی بە هاوپەیمانی شیعەی ستەملێکراو دادەنا، تا کارەساتەکانی ١٦ ئوکتۆبەری ٢٠١٧ قەوما و حەسەن پلایس و ئەبو عیزرائیل و هەموو هاوپیشە دڕندەکانیان هاوپەیمانەکەی دوێنیان هەتک کرد.

ئایه‌توڵا سیستانیی قسه‌ی سه‌ره‌تا و كۆتایی عێراقییه‌كان ده‌كات

 

لە ٢٠٠٣ەوە زۆر جار ئەمەم وتووە، کە گەورەترین هەڵەی سیاسیی بەرپرسانی کورد هاوپەیمانیان بوو لە گەڵ ئیسلامی سیاسیدا، هەمیشە وەڵامیان ئەوە بووە، کە کەس لە گۆڕەپانەکە نەبوو لەوان زیاتر. ئەمە دیوێکی ڕاستییەکانە، دیوەکەی تری ئەوەیە کە ئەوان لە هەڵپەی بەدەستهێنانی دەستکەوتی بەپەلە و کاتیدا لە بەرپێی خۆیان زیاتر هیچیان نەدەبینی، گەلێ جار لە شیعەکان زیاتر بە سیستانی و پیاوانی مەزەبیدا هەڵیاندەدا، تا وای لێهات کەس نەوێرێ ناسکترین ڕەخنە بگرێ لەوەی لە مەرجەعییەتی شیعەوە کردیان بە مەرجەعییەتی ئاینی. تەلەفزیۆنی فەرمی دەوڵەتی "عێراقی فیدیراڵ و پاڕلەمانی" دروشمی "مرجه‌عییەتی نیشتیمان"ی لە سەر شاشەکەی داناوە.

ڕۆژانێکی پڕ لە کێشە و بگرە و بەردە چاوەڕوانی کورد دەکەن لە باشووری کوردستان،

ئەوەی کاربەدەستانی ئاخوندی ئێران لە دەستوردا جێگیریان کردووە و بەسەر خەڵکی ئەو وڵاتەدا سەپاندوویانە، سیستانی و لایەنگرانی دەیانەوێ لە سێبەری دەستورێکی دیموکراتیدا بەسەر گەلانی عێراقدا بیسەپێنن.
ڕێژەی شیعە لە عێراق لە بەرامبەر مەزهەب و ئاینەکانی تر بەو جۆرەی ئێران نییە، بۆیە ئەمان دەیانەوێ لە دەرەوەی ڕێکاری دەستوری ئەو کارە ئەنجام بدەن.

پیاوێكی به‌ساڵاچوو له‌سه‌ر به‌ره‌كه‌یه‌وه‌ چاره‌نووسی وڵاتێك هه‌ڵده‌سورێنێ

 

جێبەجێکردنی خواستەکانی سیستانیی بێ بەرگریی کورد و سوننە وا دەکات دەسەڵاتی مەزهەبی ببێتە دێوەزمەیەک کەس نەتوانێ لە بەرامبەریدا خۆی پێ بگیرێت. چەوسانەوەی نەتەوەیی و مەزهەبی کورد ئەوەندەی تر پەرەدەستێنێ، عەرەبی شیعە لە دژی کورد هەمیشە زمانی هاوبەشیان لە گەڵ عەرەبی سوننەدا هەیە و دەبێ، هەستی توندڕەویی ناسیۆنالیستی بەرامبەر کورد لە لای عەرەبی شیعە هیچی لە عەرەبی سوننە کەمتر نیە، ئەگەر زیاتر نەبێت.
ە کورتی و کوردی ڕۆژانێکی پڕ لە کێشە و بگرە و بەردە چاوەڕوانی کورد دەکەن لە باشووری کوردستان، ئەوەی لە ١٦ ئوکتۆبەر بینیمان شتێکی ئەوتۆ نابێت لە چاویان. دەبێت کورد بەرگریی لە داهاتووی خۆی بکات و شیعەکان لەوە تێبگەیەنێت کە ناکرێت مەرجەعییەتی بەشێک لە دانیشتوان بڕیار لە سەر چارەنووسی هەموو خەڵک بدات و بۆ ئەمەش داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا بکات کە ڕێگری لەم ڕەوتە ترسناکە بکەن.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ